بەهرۆز جەعفەر: هیچ ڕوونادات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەم ڕۆژگارە بێنەوبەرەو هۆنینەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی مرۆیی تیا ئەچێت؟. ئایا ئەمریکاو چین، ئەمریکاو رووسیا لە ئۆکرانیا، لە دوورگەی کریمیا، لە هەر شوێنێک لە بۆشایی ئاسمان بەیەکدا ئەکێشن؟. ئایا دۆخی عێراق و کوردوستان خراپتر- باشتر ئەبێت؟. ئێران ڕێک ئەکەوێ – ناکەوێت؟. شەڕی عەرەب ئیسرائیل، نرخی تمەن، دۆلار، دینار، ڕیاڵ ئەگات بە کوێ و ناگات بە کوێ!؟. چی ڕووئەدات؟.
باوکم، هەموو جار ئەڵێت: باپیرەت سەردارو دێوەخانی شۆڕشی لە کۆڵ گرتووە، ئەوە خۆشم بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتم، هەروا بوەو هەرواش ئەبێت، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بوە ئێستاش هەروایە:
پڕۆفیسۆر سوسەن کرەین-SUSAN A. CRANE لەزانکۆی ئەریزۆنا سەرەتای ( 2021 ) کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی هیج ڕووی نەدا (نادات)-Nothing Happened. کرەین تێزەکەی لەسەر بناخەی (شتێک نییە-لا شىء-Nothing) داڕشتووە. لە نێوان ئەوەی ئەیبینین و ئەوەی لە کەلتوری هەموو لایەکدا هەیە پێویستمان بە ڕەچەتەیەکی تر هەیە بۆ بینینی مێژوو. هەندێ شت هەیە ئێمە ئەزانین، وە بەردەوام بیری خۆمانی ئەهێنینەوە، ڕابردوو ئەوە بو کە بو. ئەینوسین، دای ئەڕێژینەوە، بەردەوام ئاوڕی لێ ئەدەینەوە، بەڵام ئەوەتا هاتین و هیچیش لە ڕێگەکەدا نەبو…کاتێک شتێک ناگۆڕێت بەڵام ئێمە هەر پێمان وایە ئەبێت بگۆڕێت!. بە نمونە حیکایەتی دادپەروەری و ستەم مێژوویەکی زۆر دوورو درێژی هەیە، جموجوڵ و ڕەوڕەوە هەزاران ساڵییەکان هەر هێناویانە، کاتێک کەس قسە لەسەر کۆتایی ئەم جیهانە ناکات و ناکرێت و ناگونجێت و ناشێت، کەواتە ئێمە هەر بەردەوامین.
شەڕی داعشە!. شەڕی تیرۆرە، تەکنەلۆژیا دونیای گۆڕیوە، کورد هێزەکانی ڕێک نەخستۆتەوە، کورد کەی هێزەکانی ڕێک خستۆتەوە؟. بە پێچەوانەوە ئێستای کوردستان و حکومەتی هەرێم گونجاوترین دۆخ و ڕێکخراوترین هێزی بونی مێژوویی کوردە لە گۆڕەپانەکەدا، وە لە ناوچەکەدا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا جەنگی ساردی سۆڤیەت و ئەمریکا هەبوە، ئێستاش هەر هەیە، لە شەست و حەفتاکاندا جەنگی گەرمی عەرەب- ئیسرائیل هەبوە ئێستا نەماوە یان هەر بونێکی هەڵواسراوە، لە حەفتاکاندا « شا» لە ئێران ئەڕوخێت و گۆڕانکاری ڕووئەدا لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەزم و نەزمی ئێران هەر هەیە. لە حەفتاو هەشتاکان و نەوەتەکانیشدا تورکیا بەهۆی کودەتاو قەیرانی دارایی و گرفتی نێوان ئیسلامی سیاسیی و عیلمانی-ڕەگەزپەرستی-موتوربەکراوی خۆرئاواییەوە ئەیناڵاند، ئێستاش هەر وایە. لە هەموو تەمەنی سەت ساڵەی عێراقدا هەر شەڕو بێدادی و گێرەو بەرە بوە، ئێستاش هەروایە. مەلەکیەت هەر مەلەکیەتە لە سعودیە، ڕیالیزم و نیۆ-ریالیزم و لیبراڵیزم و نیۆ-لیبراڵیزم هەمان ئەو تیۆرانەن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکاو ئەوروپا کاری لەسەر ئەکەن.
ووتەبێژی ووڵاتان، هەموویان ئەڵێن تیرۆر هەڕەشەیەکی گەورەیە، وایە هەڕەشەیەکی گەورەیە، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمیشدا جۆن-کەنەدی-John-F-Kennedy لەناو ئەمریکادا تیرۆرکراوە، لە دوو هەزارەکانیشدا ئەمە هەر هەیە.
قەیرانی داراییە؟. لە کوێ قەیرانی دارایی نییە؟. یۆنان ( 332 ) ملیار یۆرۆ و پرتوگال ( 232 ) ملیار یۆرۆ و تورکیا سەروو ( 400 ) ملیار دۆلار قەرزارە، چاودێران باس لەوە ئەکەن ئەگەر ئەمریکا قەرزەکانی بداتەوە ئەوا پێویستی بە (800 ) هەلیکۆپتەرە بۆ هەڵگرتنی ئەو پارانە!.
چی ڕووئەدا!؟. چی ڕوویداوە؟. پێشمەرگە ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک یان ناگەڕێتەوە؟. پێشمەرگە کەی لە کەرکوکدا بوە، ئێستا ئەوەتا باس لە گەڕانەوەی ئەکەین، کەواتە دۆخەکە تۆزێک باشتر بوە. شەڕ ئەبێت یان نابێت؟. شەڕ هەموو کاتێک ئەبێت، جەنگ و ململانێ لە مێژوو دەربکەیت چی ئەمێنێتەوە؟.شەڕ جەستەی شارستانییەتەکانە. شەڕ ئەبێت و بە دڵنیاییەوە (شەڕ) ئەبێت هەر ببێت، ئاشتی تەنها پشوویەکی کورتی نێوان شەڕەکانە. ئەگەر شەڕ نەبوبێت چۆن کۆڵۆمبیەکان و دۆمینکایی و تشیلی و هیندۆراسیەکان بە زمانی ئیسپانی قسە ئەکەن!. ئەوە ئیسپانیاو ئیمپراتۆریەتەکەیەتی شەڕی کردوە. بۆچی تونسی و ڕوانداو کۆماری کۆنگۆ و بەشێکی زۆری ئەفریکا بە فەڕەنسی قسەئەکەن؟. بۆچی لە سلێمانییەوە لەگەڵ لەندەن و شیکاگۆ و قوبرس ئێمە بە زمانی ئینگلیزی و بە ئۆنلاین گفتوگۆ ئەکەین؟. شەڕ ئەبێت ببێت، ئەبێت هەموکاتێک خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین، ئەی ئەوە نییە لەم کۆتایی ( 2021 ) ەدا ئیمارات بۆندێکی بە بەهای ( 19 ) ملیار دۆلار بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی (ڕافال) لەگەڵ فەڕەنسا واژۆکردوە، ئەمریکاش لەهەمان کاتدا بایی ( 650 ) ملیۆن دۆلاری بە سعودییە فرۆشت. بە نهێنی و بە ئاشکرا خۆیان داعش و گروپە چەکدارەکانی ئەفریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارئەهێنن، بە هەلیکۆپتەر هەرجارەی لەناوچەیەکەوە ئەیانگوێزنەوە بۆ ناوچەیەکی تر.
کەواتە هیچ ڕوونادات.!. هەر شەڕ ڕووئەدات، ئەوەش هەر هەبوە. بۆچی شەڕ ئەبێت؟ چونکە گەلان هەموو کات بۆ پاراستن و فراوانکردنی (ناسنامە-ID)ەکەیان بەڕێگای جۆراوجۆر شەڕ ئەکەن. قەرزارن بەڵام ناسنامەیان هەیە. دۆخەکە هەروایە…وا…کارل پۆپەر لە کتێبی هەژاریی مێژووگەرایی دا ئەڵێت، ئێمە چاوەڕێ ناکەین بەهەشتێک لە گۆی زەوی دروست ببێت، تەنها ئەوەی کە هەیە کەمێک باشتری بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت