بورهان شێخ رەئوف: دوای چوار ساڵ لەڕاگەیاندنی سەركەوتن، ئایا داعش كۆتایی هاتووە؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لەم رۆژانەدا گەلی عێراق یادی چوار ساڵەی كۆتایی هاتنی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام دەكاتەوە، ئەو كات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەو دەمەی عێراق لە 9- 12- 2017 بانگی سەركەوتنی بە سەر داعشدا ڕاگەیاند. هەموو ناوچەكانی عێراق پاككرایەوە لەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە،كە دواینیان شاری مووسڵ بوو لە دوای سێ‌ ساڵ لە شەڕێكی سەخت.
دوای چوار ساڵ لە ڕاگەیاندنی سەركەوتن بە سەر داعشدا، ئێستا شانە بە خەبەرو نووستووەكانی داعش سەرلەنوێ‌ خۆیان سازو ئامادە كردۆتەوەو پەلاماری لە ناكاو غافڵگیر دەكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە چەكدارەكانی تری عێراق و هێزە ئەمنیەكان بە گشتی. جگە لە تەقینەوەی تیرۆریستی و بە ئەنجامگرتنی خەڵكی سڤیل و هەروەها تیكدان تەقاندنەوەی تەوەرەكانی گواستنەوە كارەبا و دامەزراوە نەوتیەكان.
ئەگەر مووسڵ سیمبووڵی بەهێزی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بووبێت، ئەوا بە ڕزگاربوونی لە بندەستی داعش لەگەڵیدا هەموو خاڵە بەهێزەكانی داعش لە ئەفریقیاو ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شكستی هێنا، بەم شێوە عێراقیەكان بە كوردو عەرەبەوە بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە ئیقلیمیەكانیش توانیان كۆتایی بە دەستەڵاتی بەربەری داعش بهێنن و خاكیان لە بندەستدا نەهێڵن، لەلایەكی ترەوە دەتوانین بێژین ئەم سەركەوتنە هەر سەركەوتنێكی سەربازی نەبوو، بەڵكو سەركەوتنێكی جەماوەری گەورەش بوو بۆ گەلانی عێراق بە سەر توندڕەوی توندوتیژی، چونكە خەڵكێكی زۆر بەشدار و پاڵپشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوون بە پێشمەرگەو سوپاو حەشدی شەعبیشەوە بۆ لە ناوبردنی داعش.
داعش لە سەر بنەمای تیرۆر و ترساندن و تۆقاندن و خوێنڕشتن و سەری هەڵدا و دەستەڵاتەكەی فراوان كرد، كە دەیخواست لە ڕیگەی هێزو زەبرو زەنگەو بیروباوەڕی خۆی بەسەر خەڵكی عێراق و ناوچەكەیشدا بسەپێنێت، كە ئەمەش بۆ جیهانی شارستانی و ئەمڕۆ نزیك بە مەحاڵ.

فاكتەرە سەرەكیەكانی سەرهەڵدانی داعش
1. شكستی ڕەوتی لیبراڵی و دیموكراسی و چەپ و ئەوانی تریش بۆ پیشكەشكردنی ئەڵتەرنەتیف و پڕۆژەیەكی شارستانی بۆ هەڵسانەوە و گەشەكردن و حوكمڕانێكی دادپەروەرو دامەزراوەیی.
2. سیاسەتی پەرواوێزخستنی پێكهاتەكەكانی عێراق لە لایەن پێكهاتەیەكەوە.
3. پابەند نەبوون بە دەستووری عێراقەوە كە لە ساڵی 2005 ەوەو بە ڕاپرسی ڕەزامەندی زۆرینەی گەلی عێراقی بەدەست هێناوە سەرووی 80%.
4. گەندەڵی كارگێڕی و دارایی.
5. نەبوونی شەفافیەت.
6. دابیننەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە.
7. بێكاری و هەژاری نەبوونی بیمە و دڵنییایی تەندروستی.
8. دەستوەردانی دەرەكی و بەتایبەتی ئیقلیمی.
9. بوارنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەڕی داعش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
10. نەبوونی هەماهەنگی پیویست لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم و هێزە فیدراڵیەكانی عێراق وەكو پێویست.
11. لاوازی لایەنی هەواڵگری لە كۆكردنەوەی زانیاری وردو دروست لە سەر جموجووڵەكانی داعش.

جیهانگیری تیرۆر
یەكێكی تر لەو دیاردە سامناكانەی كە ڕەوتە تیرۆریستیەكانی ئەلقاعیدەو دواتر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە گەڵ خۆیدا بڵاوی كردەوە ئەوە بوو دیاردەی تیرۆری كرد بە دیاردەیەكی ئەنتەرناسیونال كە سنوورەكان ببڕێت و لە هەموو وڵاتانی جیهان و گەلانی جیاوازەو كۆببنەوەو، بە هەزاران تیرۆریستی توندئاژۆ لە ژن و پیاو كۆببنەوەولە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق و سوریا،كە ئەمەش هۆكارێكی گەورەبوو بۆ پیشكەوتنی ئامرازو ئامانجەكانیان لە كاری تیرۆریستیدا.

هۆكاری پەلامارەكانی ئەم دواییە
سەرەڕای ئەو فاكتەرانەی كە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە فاكتەرێكی تری گرنگی ئەم پەلامارو هێرشانەی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو كێشەو ململانێیانەیە كەلە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 10/10/2021 ەوە هاتۆتە ئاراوە، جگە لە تێكەڵ كردنی هەموو وەرەقەكان ناردنی مەسجەگەلی جۆراوجۆرە بۆ هەموو لایەنەكان نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ئیقلیمی كە داعش ماوەو وا بە ئاسانی گۆڕەپانەكەتان بۆ چۆڵ ناكات.

شوێنی چەكدارەكانی داعش
سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن كە بەشی زۆر چەكدارەكانی داعش لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكان لەو شوێنانەن كە دەستی دەوڵەتیان پێ ناگات، بە تایبەتی لە ناوچەی جەزیرە لە پارێزگای ئەنبار، هەندێكی تریان لە ناوچەی سنووری عێراق و سوریان، هەندێكی تریان ئێستا لەناوچە شاخاوییەكانی حەمرێن خۆیان مەڵاس داوە كە لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالەوە دەست پێ دەكات تا باكووری پارێزگای سەلاحەدین، هەندێكی تریشیان لە نزیك شاری كەركوكن نزیك لە هەرێمی كوردستان، هەروەها لە چیای قەرەچووخ و و پارێزگای نەینەواو زۆر ناوچەی تر خۆیان حەشارداوە.
لە كۆتاییدا ئەوەی زۆر پێویستەو گرنگە بووترێت داعش و بیری توندڕەوی هەر بە ڕێگەی سەربازیو چارەسەری ئەمنی چارە ناكرێت و كۆتایی نایەت، بەڵكو پێویستی بە ڕیفۆرم و چاكسازی فراوانە لە ڕووی تیوری و فكری و چارەسەر كردنی ئەو یازدە خاڵەی كەلە سەرەوە ڕیزم كردوون.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت