پێشڕەو سەید برایمی: ستەم لە ( زەینەب خان) ئەستەمە، وەڵامێک بۆ مامۆستا سوداد رەسوڵ/ بەشی یەکەم.

مامۆستا سوداد رەسووڵ لە زانکۆی سۆران دوا بەدوای بڵاوبونەوەی دیوانی زەینەب خان ( کچە کورد) بە وتارێکی دوورو درێژ، کە بە دووبەش لە گۆڤاری ( ڕامان – 266، 267 ) وتارێکی رەخنە ئامێزی بڵاوکردۆتەوە. لە وتارەکەیدا هەوڵێکی جدی دەدا بەو پرسیارە، کە ناونیشانی وتارەکەیەتی ( دیوانی زەینەب خان ” کچەکورد” ڕاستییە، یان وەهم) بیسەلمێنێ ناوەڕۆکی دیوانەکەی زێنەب وەهمە! پاساوەکەشی ئەوەیە؛ پێی وایە ئەو ئافرەتە ( کۆمەڵێک شیعری نوێی بە زمانێکی کوردی پاراو و پەتی نووسیوە، کە لەو سەردەمەدا ئەو زمانە پەتییە نە لای شاعیران هەبووە، نە لە هیچ کتێب و گۆڤارو رۆژنامەیەکیش). هاوکات پێی سەیر بووەو بەلایەوە جێگەی تێڕامانە ، کە زەینەب خان لەو سەردەمەدا باسی بابەتی ( مافی ئافرەت، یەکسانی کوڕو کچ، سەربەخۆیی کوردستان، چوارپارچەی کوردستان، ئاڵای کوردستان، یەکی ئایار جەژنی کرێکاران، ئینگگلیزی داگیر کەر و… هتد) کردووە. گومانیش لە رۆشنبیری زەینەب دەکا، کە ( درکی بەم هەموو مەسەلانە کردبێت و بەو جورئەتەوە ڕووبەڕوویان بێتەوە و شیعری لە بارەیانەوە نووسیبێت) سەرنج بدەن نووسەر پەیڤی ( جورئەت) ی عەرەبێ بەکاردێنێ، کەچی پێی ئەستەمە ( بوێری) کوردی بنووسێ! رەخنەش لە زەینەب خان دەگرێ بە کوردی پەتی دەنووسێ!
هەوڵ دەدەم بە ئەسپایی ئەو ( وەهم)ـەی کاک سوداد سەبارەت بە کەسایەتی زەینەب ناوەڕۆکی دیوانەکەی بڕەوێنمەوە و وەلانێم لە ڕاستیی نزیکی کەمەوە.
بۆ مەسەلەی مافی ژن مامۆستا سوداد نوسیوویەتی: ( لەو سەردەمەدا بە دەگمەن، ئەگەر شاعیرێک هەڵکەوتبێت ئاوڕی لە یەکێک لەم بابەتانە دابێتەوەو شیعری لە بارەیانەوە نووسیبێت، چ جای ئەوەی لە کۆمەڵگەی بیستەکاندا ئافرەتێک) هەبووبێت. بۆ بەرچاو ڕوونی حاجی قادری کۆیی ( 1815 – 1897) یەکەمین کەس و شاعیری کورد بووە دژی جیاوازی نێرو مێ تێکۆشاوە، خزمی نزیکی دایکی زەینەب خانیش بووە:
نێرو مێ لەم حەدیسە فەرقی نییە
گەر مەلا نەهی فەرموو دینی نییە
مەلا رەئووفی خادم سوجادەی باوکی زەینەب، دەبێ یەکەم مەلا و کەسایەتی کوردی باشوور بێ، کە کچی خۆی لە کۆیەوە ناردۆتە بەغدا بۆ خوێندن ( 1906-1912). گەر بڕوای بە مافی ژنان و یەکسانیان نەبووایە لەگەڵ پیاوان چۆن مەلایەک کچی خۆی دەنێرێتە بەر خوێندن؟ دوور لە خێزان و لە قوتابخانەی هاوچەرخی ئەو سەردەمە، کە قوتابخانەی ئاینی نەبووە.
مەلای گەورەی کۆیە ( 1876- 1943)، گەر بڕوای بە مافی ژنان نەبوایە، کچی خۆی ( نەجیبە خان 1917-1999) دەبردە بەرخوێندنی حکومی 1924 لە قوتابخانەی کوڕانیش؟!
کەواتە مامۆستا سوداد لەوێ سەردەمێدا کەسانێک هەبوون، دەگمەنیش نەبوون، کە ئاوڕیان لەو بابەتە دا بێتەوە. ئەوانەی باسم کردوون هی کۆیەن، بە مەبەست بە نمونەم هێناونەوە، تا بزانین زەینەب خان لەو کەش و بارە رۆشنبیرییە گەورە بووەو پەروەردەکراوە، کە رێز لە ژن گیراوەو حسابی بۆ کراوە. سەرنج بدە مەلا رەئووف چۆن باسی زەینەبی کچی دەکا:
فێرم کردووی چۆن بفامی و چۆن حەلی مشکل بکەی
کوڕەکانم بە خۆشمەوە، قوربانی گەردی پاتم
درۆ ناکەم بڵێم میسلت پەیدا نابێ، نا، نابێ
مەدح و سەنای زەینەب دەکەم، باوکێکی بێ ریاتم
سایەی هەورە لەسەر سەرم سوڵتانی حوسنت زەینەب
تۆی مەسجد و میحرابی من، سەدای کوردو موناجاتم
زەینەب، ئەی عەقڵ و فەهم و خەنجەری جەوهەرداری من
بڵێ ( رەئوف) چاوت دانێ، بە کەوشەوە وا هاتم
مە لا رەئوفی باوکی بۆ خێزانەکەشی ( زەهوە خان) هەر وا بووە:
پورزای مەحموودی باوکمەو هەم دوو قەندیلەی کۆییانم
ئامۆزای باوکی زەهوەیە، هاوحەیات نوری چاوانم
بۆ پتر حاڵی بوون، پێویست دەکا هەڵوێستێکی جوامێرانەی مەلا رەئووفی باوکی بگێڕینەوە، ئەو کاتەی سەعیدئاغای هەولێری هاتۆتە داخوازی زەینەب. سەرەتا باوکی رازی نەبووە، دوای چەند هەوڵ و سەردانێک تێگەیشتنێک دروست دەبێ، لە کۆیە کۆدەبنەوە، کە چەندین کەسایەتی وەک مەلا فەندی و مەلا محەمەد ئەفەندی موفتی بۆ ئەم مەبەستە هاتبوونە دازوازی . پێش رازی بوون و پێکهاتن مەلا رەئووف دەڵێ: من رازیم، بەڵام دوو مەرجم هەیە: پێم خۆشە بۆتان باس بکەم؛ یەکەم پێویست ناکا هێندە مەدحی کجەم بکەم، بەڵام خۆتان بنەماڵەی ئێمە دەناسن، کە هەردەم حەزیان لە رۆشنبیری و کاری رووناکبیەییە، بۆیە زەینەبی کچم رۆشنبیرە و شیعریش دەنووسی و حەزی لە کاری رۆشنبیرییە دیکەو سەرەدەریی لەگەڵ فکری نەتەوەیی هەیە. حەزی لە خوێندنەوەوو نووسینە و کاتی زۆر بۆ خوێندنەوە تەرخان دەکا. وەک دیارە سەعید ئاغا لە خێزانێکی ئەربیلییە و خاوەن عادەت و تەقالیدی خۆیانن، دەترسم ئەوان رێی لە ئارەزووی کچەکەم بگرن و نەهێڵن بە دوای خوێندنەوە و نووسین بکەوێ و شیعر بنووسێ. ئەمن ئارەزووی کچی خۆم بەلاوە گرنگە. هەرچی دووەمە ئەو کیژەی من ئەو کوڕيی نەدیوە، ئەمن نازانم ئەو ڕای بەرامبەر سەعیدئاغا چییە؟ ناکرێ ڕای کچە بە هەند وەرنەگیرێ. (کەمال غەمبار، ژیننامەی زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، 2021، ل 101- 102)
زەینەب بە شیعرێک هەڵوێستی باوکی بەرامبەر ژنان روون دەکاتەوە:
باوکم پیاوێکی زۆر تێکۆشەر بوو
بۆ حقوقی ژن عەقڵی لەسەر بوو
دەیگوت هەردووکیان بەنی ئادەمن
خاوەن دوو گوێچکەو یەک زارو دەمن
زەینەب پەروەردەی ئەو کەشە پێشکەوتنخوازەیە ، بۆیە ئەو ژنە بوێرە، ئەو کەسایەتییە تێگەیشتووەو ئەو خوێندەوارە گەورەی لێ دەرچووە. سەیر نییە لە بیست و سییەکانی سەدەی رابردوودا ئەو جۆرە هەڵوێستانەی هەبێ. گەر وەستەیەک بکەیت و بە سەرنجەوە تەماشای ئەو سێ چوار وێنەی زەینەب بکەی، کە هی سەردەمی لاویتی بە سەرپۆشەوە نایبینی و ئازادانە و بەوپەڕی لە خۆڕادیتنەوە وەستاوە، تا لەگەڵ پیاوانیش بۆ وێنە گرتن. ئەوجا لەگەڵ هەڵوێستە شیعرەکانی بەراوردی بکەی حاڵی دەبێ، کە خاوەنی چۆن کەسایەتییەک بووە، شانی لە شانی زۆر پیاوان داوە، بێگومان بۆ ئەو سەردەمە بەتایبەتی لە هەولێر کارو رەفتارێکی نامۆ بووە.
ئەو کاتەی زەینەب لە بەغدا بووە بۆ خوێندنی سەرەتایی ( 1906-1912) گەورەترین ململانێ لە نێوان رۆشنفکران بە سەرۆکایەتی جەمیل سیدقی زەهاوی (1863- 1936) و کۆنەپەرستان، کە زۆربەیان مەلا بوون لەوانە مەلا جەوادی ئەلشەبیبی شاعیر(1867 -1943)، ومەلا بەهجەتی ئەلئەسری زمانزان و مێژووناس ( 1904-1996)، و شاعیری میللی مەلا عەبود ئەلکەرخی ( 1861-1946) لەسەر ئازادی ژنان و مافەکانیان لە بەغدا بەرپا بووە، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وتارێکی زەهاوی ( ژن و بەریگریکردن لێی). کە یەکەم جار لە قاهیرە و لە گۆڤاری ( المؤید) بڵاوکرایەوە دوایی لە گۆڤاری ( تەنویر و ئەفکار) ی بەغدادیش (1911) لە رێگای ( نوعمان ئەلئەعزەمی) یەوە، کە بەڕێوەبەری بەرپرس (سەرنووسەر) ی گۆڤارەکە بوو جارێکی دی هاتەوە وەشاندن. زەهاوی جگە لە گفتوگۆکان و دانیشتنە ئەدەبییەکان شیعری بەناوبانگی (اسفري فالحجاب يا ابنة فهر) دەنگو سەدایەکی زۆری نایەوە، کە داوای فڕێدانی لەچک دەکا لە ژنان و هانیان دەدا بەشداری کارو ئەدەب و سیاسەت بکەن. ئەم نووسین و هەڵوێستانەی هەرایەکی گەورەی لێ پەیدا بوو، خەریک بوو سەری تێدا بچێ، چونکە مەلاکان فەتوایان لەسەر دەرکردبوو بە مولحد و لادەر ناسیبوویان، خەڵکێشیان ناردبووە سەر ماڵەکەی. ( رشید خیون، معارك الأدباء والشعراء العراقيين حول تحرير المرأة، ظلالها عادت اليوم إلى الشارع، جریدة الشرق الاوسط ، الاربعـاء 08 ذو الحجـة 1428 هـ 19 ديسمبر 2007 العدد 10613).
لەوانەیە هەبێ بڵێ، جا خوێندکارێک بە بەڵگەنامەی سەرەتایی، چۆن لە توانای دا هەبووە، هەست بە مەسەلەیەکی لەم جۆرە بکا؟ وەڵامەکەی ئاسانە. نەک هەر دەیەکان و بیستەکانی سەدەی رابردوو، بەلکو لە سیی و چلەکانیش ، تا پەنجاکانیش بە بەڵگەنامەی سەرەتایی خوێندنکار دەبوو بە مامۆستا و فێرکارو فەرمانبەر، چونکە خوێندنی ئەوساکە خوێندنی چڕوپڕو پڕ بایەخ و رێک و پێک بوو. خوێندکار، کە خوێنەری بەپەرۆش و زیرەک بوو، کاتێ دەردەچوو دەبووە خاوەنی زانیارییەکی زۆرو توانای راڤەکردن و قسەی ناو کۆڕو دانیشتنەکانی هەبوو. زۆربەی مامۆستایانی ئێمە لە سەرەتایی لەو جۆرانە بوون، کە بە حەق توانیان نەوەیەکی خوێندەوارو زیرەک فێرو پەروەردە بکەن.
زێنەب لە سەرەتایی دا توانیویەتی زمانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزیش فێر بێ، هەر بەو زمانانە کتێبی خوێندۆتەوە. لە کتێبخانەکەیان چەندین کتێب هەن بە مۆری زەینەب خان، کە دوای جەنگی جیهانی دووەم چاپ کراون، ئەوە جگە لە دەستنوسە تورکی و عەرەبیەکان ( لە بەشی دووەمی ئەو وتارە، چەند وێنەیەک لەمەڕ ئەو قسانەمان، وەک بەڵگە بڵاودەکەینەوە).
ئەوەی رووی داوە لە نێوان زەهاوی پێشکەوتنخواز و نەیارە کۆنەپەرستەکانی هەر تەنها ململانێیەکی هزری نەبووە، بەلکو هەرایەکی گەورەی لێ پەیدا بووە، جگە لە حکومەت و دام دەزگاکانی خەڵکیشی تێدا ورووژاوە، گەر کەسایەتی زەهاوی نەباو و تا رادەیەک پاشگەزبوونەوەی نەبا ئەگەر هەبوو ئەنجامەکەی خوێناوی بووبایە. جا ناکرێ لەو رووداوو بویەرە گەورەیە بۆ ئەوە بڕۆین زەینەب ئاگادار نەبووە، بە پێچەوانەوە پێم وایە یەکەم هەستی ستەمی لا دروست بووە، کە بووە بەردی بناغەی هۆشیارییەکی تەواو بۆ ئافرەتیزم و بەریگری و خەبات کردن لە مافەکانیان.
بۆ پتر زانیاری ؛ لە ساڵی 1923 یانەی رابوونی ژنانی لە بەغدا دامەزرا، کە یەکێ لە کەسایەتییەکانی ئاسیای کچی رەزا دیزەلی بووە، ژنی تۆفیق وەهبی. دوای ئەوەی لەلایەن حوسێن ئەلرەحال و هاوکارانی بزووتنەوەیەکی بەرفراوان بۆ رزگاری ژنان لە عێراق سەری هەڵدا
لە ئاداری ساڵی 1945، کاتێ یەکێتی ژنانی عێراق دامەزرا، ئاسیا بووە یەکەمین سەرۆکی ئەو رێکخراوەیە. بێگومان بنەماڵەی خادم سوجادە لەگەڵ تۆفیق وەهبی دۆستایەتیەکی کۆمەڵایەتی و ئەدەبییان هەبووە، بۆیە زۆر لە نزیکەوە زەینەب خان درکی بە مەسەکەی مافی ژنان و رزگارکردنیان کردووە.www.al-monitor.com
زەینەب دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتاییش، سەردانی بەغدای هەر کردووە، هەندێ کتێبی لەوێ کڕیوە، کە شووێن و مێژووەکەی بەغدای لێ نووسراوە، بۆ نمونە: کتێبەکەی میجەرسۆن (Elementary Kurmanji grammar)، کە لەساڵی 1019 لە بەغدا چاپ کراوە هەر هەمان ساڵ زێنەب کڕیویەتی لەسەریشی بە پتیتی لاتینی نووسیووە: Zainab Rauf ,1919. Baghdad. ئەو کتێىە بە نمونە دەهێنمەوە، چونکە میجەرسۆن جگە لەوەی باسی رێزمانی کوردی تێدا نووسووە لە هەمان کاتیشدا فەرهەنگۆکەکی ئینگلیزی کرمانجی ئامادە کردووە. هەندێ وشەی تێدایە، کە لە رەخنەکەی مامۆستا سوداد گوایە ئەو وشنەی زەینەب لە شییعرەکانیدا بەکاری هێناون لەو سەردەمەدا نەبوون، ئەو کتێبە وەڵامێکە بۆ ئەو رەخنەیە!
زەینەب جگە لە سەردانی شارەکانی کوردستان و عێراق سەردانی لوبنان و میسریشی کردووە. لە لوبنان لەگەڵ باوکی و ئاسەف و سەعدی برای بەشداری کۆنگرەی یەکەمی رێكخراوی ( خوییبوون) لە ١٧ی تشرینی یەکەمی 1927 کردووە. سینەم بەردخان لەم بارەیەوە دەبێژێ: لەوباوەڕەدام ئامادەبوونی زەینەب خان لە لوبنان بۆ ئامادەبوونی دامەزراندنی کۆمەڵەی ( خۆییبوون) سەرنجی دایکمی میر رەوشەن خانی راکێشاوە، کە زەینەب خان لەو کچە کوردانە بوو، کە دانسقە بوون لەوانەی لە کۆنگرەی دامەزراندن ئامادە بوون، ( ژیینامەی زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، د، کەمال غەمبار، هەولێر، 2021، ل 17)
لەوەش پتر، کە کەسایەتی هەڵکەوتووی زەینەب مان بۆ وێنا دەکا بەشدار بوونییەتی لە کۆنگرەی ئافرەتانی عەرەبی لە قاهیرە ( 12کانونی یەکەمی 1944) وەک کورد زەینەب خان و رەوشەن بەدرخان بەشداریان تێداکردبوو. زەینەب تاقە نوێنەری کوردی باشوور بووە لەو کۆنگرەیەدا. سانحەی کچی ئەمین زەکی بەگی تێدا بووە، بەڵام وەک نوێنەری وەزرەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق. تەماشای: (المؤتمر_النسائي_ العربي1944 /https://www.marefa.org)بکە. بۆ ئەوەش دەچم بە نهێنی وەک نوێنەری ژنانی حزبی هیوا بەشداری تێدا کردبێ.
بۆ ئەوەی کەسایەتی هۆشیاری ئەو ژنە بزانین دەگەڕێین بەدوای ئەو سەرچاوانەی باسی زەینەبیان کردووە، بە تایبەتی بۆچوونی چەند کەسایەتیەک، کە لە نزیکەوە زەینەب و خانوادەکەیان ناسیوون:
د. ئەحمەد عەزیز شوان لەم بارەیەوە دەڵێ: لەناو خێزانەکەشیان کرانەوە هەبوو. زەینەب خانی کچی مەلا رەئووف، کە لە هەولێر بەسەردان دەهاتەوە کۆیە، تاکە ژنی سەر ڕووت بوو، جلوبەرگی وەکو ژنە بەغدادییەکان بوو، بە تەنیاش سەردانی دەرودراوسێکانی دەکرد- (گۆڤاری رامان ژمارە277/278 مانگی 11و 12ی 2020)
حاکم نازم حەوێزی دەربارەی زەینەب دەبێژێ : لە هەموو بوارێکدا ئافرەتێکی نوێخواز بووە، زۆر هەوڵی بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا داوە. لە مێژووی کۆیە یەکەم ئافرەتی سفووری کۆیە بووە (هەمان سەرچاوەی پێشوو، رامان)
جەمیل تەها ئەسعەد باسی ماڵی زەینەب دەکا و دەڵێ: لە ژوورێکی تایبەتی سەعیدئاغا وزەینەب خان چەند دەلاقەیەکی گەورەی تێدا بوو، ئەو دەلاقانە پڕ پڕ بوون لە کتێب و گۆڤار، هەر لەو ژوورە زەینەب خان مێزێک و کورسییەکی داری هەبوو، سەر مێزەکە پڕ بوو لە کتێب و کاغەز و دەفتەر. خۆم دەمدی یان کتێبی دەخوێندەوە، یان لە دەفتەرەکە شتی دەنووسی ( هەمان سەرچاوە، رامان)
محەمەد عیزەت حەوێز : زەینەب خان ژنێکی زۆر بە شەخسیەت بوو… ژنێکی مەدەنی و پێشکەوتنخواز و زۆربەی جارەکان سەری کۆت بوو. زۆرجاریش کڵاوی کۆیانەی لەسەر بوو یان چەفیەکی سادەی لەسەر بوو، تاکە ژن بوو لەسەر قەڵا بە تەنیا بڕواتە دەرو هەر بە تەنیاش لە قەڵا شۆڕبێتەوەو بچێتە گەڕەکی تەیراوە … ژنێکی زۆر ئازاد بوو لە هەڵسوکەوت و هاتوچۆ بۆ هەر کوێیەک بچووبا دەچوو، ئیدی ئەو رۆژگارە زۆر زەحمەت بوو ژن بێ پەچە و عەبا بێت…. هیوایەتی کتێب خوێندنەوە بوو، دەست و کتێبی شەڕ بوو گۆڤارو کتێبی زۆرباشیان لە ماڵەوە هەبوو. ( هەمان سەرچاوە، رامان)
بەگوێرەی بۆ چوونی ئەم کەسانە زەینەب ( وەهم) نەبووە، بەلکو ( راستی)یەک بووە، ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارەی مامۆستا سوداد دەیکا: ئاخۆ ئەم شاعیرە راستییە ، یان وەهمە؟ ئەو گومانەش دەڕەوێنتەوە، کاتێ لە توێی پرسیارێکی دا بەدەی دەکەین: زەینەب خان خوشکی دڵدار بووەو ئەم هەموو ساڵە بەسەر وەفاتی تێپەڕیوە، شاعیر نەبووە! بۆچی ئەمڕۆ کتوپڕ دیوانێکی گەورەی شیعری بۆ پەیدا بوو؟ ( سوداد رەسوڵ، رامان ، ژ، 266 مانگی 7ی 2019)
باشترە هەڵوێستی خوالێخۆشبوو مام جەلال باس بکەین، چونکە هاوڕێ و هاوخەباتی هەردوو کوڕەکانی زەینەب بوو (فازیل و رەمزی) ئەوەی گرنگ و مەبەستە لەو هەڵوێستەی شاعیرییەتی زەینەبە . مام دەڵێ: (زەینەب خان جگە لەوەی ژنێکی نەناسراو بوو، بەڵام شاعیرێکی نیشتمانپەروەر و ژنێکی وریا و خوێندەوار و چاپووک بوو ، روحی کوردایەتی و نەتەوەپەروەری زۆر بەهێز بوو. ( عەبدولخالق عەلائەدین، رامان، ژ، 273 مانگی شوباتی 2020)
هەرچەند وەڵامی ئەو پرسیارە لە دیوانەکەی باس کراوە، کە لە سەرەتای شەستەکاندا بە دەستنووسی دراوەتە ( گیوی موکریانی) لەگەڵ چەندین دەستنووسی دیکە بە مەبەستی چاپ کردن، کەچی بەداخەوە شوونی نەما، هێشتاشی لەگەڵ دابێ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو ( گیوی موکریانی) وەڵامێکیان پێ نییە. کەواتە گەر هیچ نەبێ پێش کۆچی دوایی زەینەب 1963 دیوانی ئامادەی هەبووە بۆ چاپ کردن. پێش ئەوەش هەموو ئەوانەی ئەویان ناسیووە لە چلەکان و پەنجاکان باسی کەسایەتی ئەدەبی زەینەب دەکەن. گەر تەماویەکیش لە سەر شاعیریەتی ئەو هەبێ، داب و نەریتی کۆنپارێزی ( ئەربیلی) بووە بە دەردی مەلا رەئووفی باوکی دەریبڕیوە، وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا.
ئێستاش چەند بەڵگەیەکی دیکە دەهێنینەوە، کە دەیسەلمێنێ هۆکاری نەناسراوی زەینەب هەر لە سەردەمی گۆڤاری گەلاوێژەوە تا چاپکردنی دیوانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگە خۆپارێزییەکەی هەولێر، یان باشترە بڵێم خودی قەڵات!
محەمەد عیزەت حەوێز دەڵێ: زۆر جار شیعری بە لە قەبی کچە کورد دەنووسی. ساڵی 1962 بوو ئەو کاتەی تەمەنی 62 ساڵ بوو لێم پرسی: مەبەستت لە کچە کورد چییە؟ گوتی: هەم کچێکی کوردم و هەم دەمەوێ دوور بم لە قسەو قسەڵۆکی ئەم و ئەو ناوی هەندێ کەسی هێنا، کە دەبوونە خزم و کەسی سەعید ئاغا هاوسەری، کە من ناتوانم نایان بهێنم، چونکە هیچیان لە ژیاندا نەماون…. دابونەریتی ئەو کاتەی کوردەواریش ژن ئازادی خۆدەرخستنی نەبوو. ( هەمان سەرچاوە)
جەودەت شەفیق سەعید: ژنێکی خاتوون و قسە لە ڕوو بوو خوێندنی لە بەغدا تەواوکردبوو و لە گۆڤاری گەلاوێژ لەو سەردەمەدا شیعرو پەخشانی بڵاوکردبۆوە بە نازناوی ( کچە کورد) شتی دەنووسی. شیعری جوانی دەنووسی، پێموابێ ماڵە خەزوورانی زۆر محافزکار بوون و ئاغای هەولێریان بوون، ئەگەر لە کۆیە مابووایەوە ناوێکی دیاری هەبوایە. ( دەبوایە بنووسرابا؛ ناوێکی دیاری دەبوو. ( هەمان سەرچاوە، رامان)،
ماویەتی