شێرزاد شێخانی: پارتی وەکو حیزبی قائید.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەیرە، پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق بکاتە پێوەرێک بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدا هەموو دونیا وبونیا دەزانن کە ئەم هەڵبژاردنە بە بایکۆتی زیاتر لەدوو ملیۆن دەنگدەری کورد کۆتاییهات.
ئامارەکان پێمان دەڵێن لەکۆی نزیکەی 3.5 سێ ملیۆن ونیو دەنگدەر، دوو ملیۆنیان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووەو، لەوانەی بەشداریش بوون نزیکەی 200 دوو سەد هەزار کەسیان دەنگیان پووچەڵکردۆتەوە، بەمەش رێژەی بایکۆت و پوچەڵکردن 64% بووە. ئینجا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر بەهەر پێوەرێکی دیموکراسی بێت، ئایا ئەم هەڵبژاردنە چ شەرعییەتێکی هەیە کە دوو لەسەر سێی دەنگدەران ناڕازی بن لەم دەسەڵاتە؟. جا هەڵبژاردنێکیش بەم ئاستە نزمەی بەشداریکردن بەڕێوە چووبێت چ سەنگێک ئەدات بە پارتی خۆی بەحیزبی قائید بزانێ و چاو ببڕیتە هەرچی پشکی کوردە لەبەغدا!. هەڵبەت باسی ئەو تەزویراتی هەڵبژاردنەش ناکەین کە کۆمسیۆنی بەغدا بە روونی ئاشکرای کرد کە بارتەقای هەموو پارێزگاکانی عیراق تەنها لەهەولێر لەلایەن پارتییەوە کراوە.
گۆرێنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سووڕبوونی پارتی لەسەر یەک بازنەیی، هەموو ئامانجەکەی خۆ ئامادەکردنە بۆ تەزویراتێکی بەرفراوانی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، مەبەستی سەرەکیشی ئەوەیە کۆمسیۆنێکی سەر بە زۆرینەی پارتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە تەزویراتەکانی داهاتوو بکات و تەسدیقی ئەنجامەکانی بکات بە بێ رەزامەندی لایەنەکانی ترەوە.
ئەگەر مەبەست لەگۆڕینی کۆمسیۆنی هەرێم بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی پارتی نیە، کەواتە بۆچی نابێ هەرێمی کوردستانیش وەکو بەغدا کۆمسیۆنێکی تازە لەکۆمەڵێک دادوەری سەربەخۆ دامەزرێنێ؟. یان هەر نەبێ واز لەم کۆمسیۆنەی ئێستا بێنی تا بزانین لەهەڵبژاتردنی داهاتووی پەرلەماندا نەخشە سیاسییەکە چی بەسەرا دێت.
بە قەناعەتی من هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی بەغدا بەهیچ شێوەیەک نابێتە پێوەر بۆ گۆڕینی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، رەنگە بۆ ئەوەی بەغدا ئاسایی بێ کە پارتی لەوێ هێزی چوارەمی سەر ئاستی عیراقە، بەڵام بۆ هەرێم هێشتا هەڵبژاردنی پەرلەمانمان لەپێشە، ئەو کات دەرئەکەوێ کێ زۆرینەیە و کێ کەمینەیە.
لەلایەکی تریشەوە ئێستا لەچەندین لاوە دەبیستین کەوا پارتی دەیەوێ لەمەسەلەی پۆستی سەرکۆماریشدا سەرپشک بکرێ کێ کاندید دەکات یاخود موبارەکەی کام کاندیدیان دەکات. پارتی ئەگەرچی چاوی لەو پۆستەشە، بەڵام وا دیارە هەلومەرجی سیاسی عیراق و کوردستانیش ئەوە هەڵناگرێ پارتی هەموو پۆستە سیادیەکان بۆ خۆی ببات، بۆیە ئێستا کەوتۆتە خۆی بۆ ئەوەى بە سازان و بە پرسوڕای پارتی کاندیدەکەی یەکێتی موبارەکە بکرێ، واتا پارتی هەر کەسێکی بەدڵ نەبێ و لەژێر هەژموونی خۆیدا نەبێ بە کوردییەکەی ( پڕۆپارتی ) نەبێ قبووڵ ناکات ئەم پۆستە وەربگری، ئەمەش رێک مافی فیتۆیە کە پارتی بە ناهەق ئەیدات بەخۆیەوە. کەواتە نە یەکێتی و نە هیچ حزبێکیتر بۆی نیە بەبێ ڕەزامەندی پارتی کەسێک بکاتە سەرۆک کۆمار ئەوەش مەترسییە گەورەکەیە، چونکە پارتی چ کاندیدی خۆی یان کاندیدێکی تری یەکێتی بە موبارەکەی خۆی نەبێ ناهێلێ ئەم پۆستە وەربگرێ!.
لەهەڵبژاردنەکەی سەرۆک کۆماری عیراق لەساڵی 2018دا یەکێتی بەدەر لەویستی پارتی توانی کاندیدی خۆی بگەیەنێتە پۆستەکە، ئەگەر ئەمجارەش بەهەمانشێوە ئەو کارە نەکات تا هەتا هەتا پارتی ئەبێت بەحیزبی قائیدی کوردستان و کەس ناتوانی بەبێ ئەو هچ جوڵەیەک بکات، بەمەش پارتی هەرچی پۆستی باڵا هەیە هەم لەبەغداو هەم لە کوردستانیش قۆرخی ئەکات و بەشی کەسی لێنادات.
جوڵەکانی پارتی هەمووی بۆ بەقائیدبوونی حزبەکەو مەرجەعبوونی سەرۆکەکەیەتی، ئەگەر یەکێتی بێدەنگی بکات و ئیرادەی سیاسی خۆی نەپارێزێ میللەتەکەشمان زەرەر ئەکات و هیچ مانایەک بۆ پرۆسەی سیاسی ودیموکراسیش نامێنێ، ئیدی دەسەڵاتی پارتی بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاودەنێ. بەمەش چارەنووسی هەرێمەکەمان بەتەواوی رەشترو کارەساتبارتر دەبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت