دلێر محەمەد نوری: شوکرانەی لافاو.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لافاو وشەیەکی سەیرە، ئەگەر چی وا دەرئەکەوێت کە لێکدراوی دوو وشەی مانادار بێت، لە یەک وشەدا. بەڵام پێکەوە وا تێکەڵ بوون کە پڕاوپڕ مانا دەبەخشنە ئەو تەوژم و ئاوە زۆرەی، کە بێ بەزەیی و بە بێ هیچ یاسا و ڕێسایەک، مناڵ لە باوەشی باوک و دایک ئەڕفێنێ و داپیرە لە کچ زەوت دەکات و ڕۆڵە لە شارەکان ئەخنکێنێ. بۆیە ڕەنگە لافاو هەر ئاو خۆی بێت، بەڵام کۆببێتەوە و لافی هێزی خۆیمان نیشان بدات. بەتایبەتی کاتێ ئۆتۆمبیل ڕائەماڵێ و دیوار ئەڕوخێنێ و یاسا و ڕێسای ژیان تێک دەدات.
هەتا ئەو جێگەیەی ئاسمان بەرپرسە لە لافاو، خەم و خەفەت و توڕەیی خەڵکی بۆ شتێکی دیکە و لە شتێکی دیکەیە. بەڵام کاتێک سروشت هیچ خەتایەک ناکات و خەتا دەستی چاوچنۆکی دەسەڵات و نەزانی و گەندەڵی شارەوانی و کەمتەرخەمی و گەندەڵی کاربەدەستانە، ئیتر لێرەوە خەم و توڕەیی خەڵکی لە ئاسمان و سروشت و خودا نیە. بەڵکو لێرەوە گلەیی و توڕەیی لە خودا و ئاسمانەکانی سەرزەوییە.
ئاخر بە ڕیشی کێ ڕەوایە باران بە یەکسانی لە شارێکی وەکو هەولێر ببارێ، کەچی عەرزی هەندێ گەرەکی هەولێر‌ بە حاڵ تەڕ بێ و هەندێ گەڕەکیش فریای دەربازکردنی گیانی جگەرگۆشە و کەسەکانی خۆیان نەکەون؟ بۆ ئەم پرسیارەش‌ پێویستم بە وەڵامی هیچ ئاسمانێکی کاربەدەستی هەولێر و کوردستان نیە، چونکە ڕوون و ئاشکرا، هەمووان وەڵامان لایە.
جا لافاو هەم جۆری زۆرە و هەم ڕەنگ. ڕەنگە هیچ میللەتێک هێندەی کورد جۆر و ڕەنگی لافاوی نەدیبێ لە مێژوودا. زوو بەر لە لافاوەکەی ڕاپەڕین کە دواتر دێمە سەری، ئێمە لافاوێکی بەعسیمان بینی بە ناوی ئەنفال. ئەگەر چی ئەم لافاوە چەند جارێک لە زەمانی خۆی ڕوویان دابوو. بەڵام هیچیان بەم دڕەندەییەی لافاوەکەی ئەنفالی 88 نەبوون. ئاخر بە دەم ئاسانە لە ماوەی چەند مانگێک، 182 هەزار کەس لافاوێک بە زیندوویی بیبات لە ژێر ناوی تەوەکەلنا علی اللە و زیندە بە چاڵیان بکات لەو باشورەدا، بە لم بیانخنکێنێ لە بری ئاو. هەر لە هەمان ساڵ لافاوێکی خەردەلی چەند چرکەیی، بە تامی سێو لە هەڵەبجەی دا و پێنچ هەزار کەسی بە ئاو نا، ئەمجارە بە گاز خنکاند.
یەکێ لەو لافاوانەی دیکەش کە ناکرێ باس نەکرێت، لافاوی تەعریب و تەتریک و تەفریسە، کە لەوەتەی کورد هەیە تا ئەمڕۆکەش، ئەو لافاوە لە کەم کەم و لە زۆر زۆر کورد ڕائەماڵێ، لە قەراخی مێژووەوە بۆ چەقی جوگرافیا و بە هەستی غەریبی و ئاوارەیی ئەیانخنکێنێت.
هەتا ئێرە ئەوەی وایکردووە کە کورد بەرگەی خەم و قوربانی و ئازاری ئەم لافاوانە بگرێ، ئەوە بووە کە سەرچاوە و هەڵگیرسێنەریان دوژمن بوون نەک خودی کورد خۆی.
بەڵام ئەوەی جێی داخ و پەژارەی خەڵکەیە لە دوای ڕاپەڕینەوە جۆرەها لافاو هەڵگیرساوە کە هەم هەڵگیرسێنەر خۆمان و هەم قوربانی و ڕاماڵدراو و خنکاوی خۆمان بووین. بۆ نموونە بڕوانە ئەو لافاوەی تاڵانی دوای ڕاپەڕین، لافاوی کۆڕەو، لافاوی بە نەخوێندەوارکردنی خەڵکی و لافاوی بە سەلەفی و وەهابی کردنی کۆمەڵگا. لافاوی گەندەڵی و ڕاوڕووتی دەسەڵات، لافاوی چەندین جەولەی شەڕی ناوخۆ. لافاوی بە مەڵهاکردنی چەقی شارەکان. لافاوی داعش و هەڵهاتن و خیانەتی بەربەستە کوردییەکان جێهێشتنی ئێزیدیان، بۆ لافاوی ناوگەڵ برسی و بەیداخ ڕەشەکان. لافاوی حەشد و ڕاماڵینی 51٪ ی خاکی هەرێم و ڕوخانی بەربەرستە درۆینەکەی سەرکردە پەڕۆ و فشە ڕیفراندۆم لە بەردەمیدا. لافاوی بە تاڵانبردنی نەوت و لافاوی خیانەتەکان و لافاوی کۆچکردنی بە کۆمەڵی خەڵک و لافاوی گرتن و زیندانی‌ کردنی دەنگە ئازادەکان. لافاو لافاو لافاو…سی ساڵە هەرچی لافاوە هۆکارەکەی خودی دەسەڵات و فیگورەکانی خۆیانن. سی ساڵە ئاسمان و باران و لافاو و ڕەشەبای هەموو ڕاماڵین و نەهامەتییەکان هەر خۆیانن. تازە بە تازە جەنابی سەرگەورەی وڵات داوای شوکرانەمان لێ ئەکات. وەک ئەوەی ئەو جگەرگۆشەی لافاوی گەندەڵی بردبێتی و ماشێنی ئەو تەپاوتل لە قەراخی شار خۆی گرتبێتەوە و دیواری خانووی ئەو ڕووخابێ و هەر خۆشی چەند شەوە لە قوڕاودا خەوتبێ!؟
لە کۆتاییشدا ئەوەی من لە دوورەوە چاوم لێیە و جەنابیان نایبینن ئەوەیە کە، ٣٠ سی ساڵە هەرچی لافاوە ئەندازیار و هۆکارەکەی ئێوەن، یەک لافاو ماوە کە بیبینین ئەویش ‌لافاوی توڕەی گەلە و تاکە لافاوە دەسکردی گەلە. ئەوەیشی کە ڕایئەماڵێ ئەم لافاوە دەسەڵاتی‌ نابەرپرس و گەندەڵ و خراپەکارە، ئەوسا لە جیاتی جارێک سەدد جار شوکرانەی ئەوێت وەها لافاوێک.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت