نەوزادی موهەندیس: ساڵی 2021 یش وەك هەموو ساڵانی ڕابووردوو تێپەڕی!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەوا ساڵی 2021 یشمان بەڕێكرد و تەنها 10 ڕۆژێكی ماوە و ئەویش وەكو هەموو ساڵ و سەردەم و قۆناغەكانی پێشخۆی دەبێتە مێژوو، بەڵام مێژوویەكی ڕوون و ڕۆشن و دڵخۆشكەر نا، هەموانیش لەهەموو ڕووەكانی ژیان و گوزەران و وەدیهاتنی خواست و خەون و ئاواتەكانمانەوە هەروەكو خۆمان ماوین و لە جێگەی خۆماندا قەتیس و ڕاوەستاوین و نەك هەنگاوێك بۆ پێشەوە جوڵەمان نەكردوە، بەڵكو دەیان هەنگاویش بۆ دواوە گەڕاوینەتەوە و پاشەكشەمان كردوە لە ڕووی ئابوری و تەندروستی و ئەمنیەت و ئاسایش و ئارامی كۆمەڵایەتی و تاك بەتاك و بەخێزانەكانیشمانەوە.
بەشێوەیەكی گشتی دونیا و ناوچەكە و عێراق و هەرێمیش لە گێژاوێكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و قەیرانگەلێكی قوڵدا گوزەردەكەن و هەموانیان بەشێوەیەك گیرۆدەبوون كە ناتوانن خۆیان ڕابپسكێنن بۆ دەربازبوون، بۆیە نەتوانراوە كە ساڵی 2021 باشتر بكەن لەساڵانی ڕابووردوو. جیهان لە ئێستادا بەگەورە و بچوكەوە و دوای 2ساڵ هێشتا لە ژێر ڕەحمەت و مەترسی و هەڕەشەی پەتای كۆڕۆنادایە هەرچەندە گوڕوتینی سەرەتای نەماوە، بەڵام لە گۆڕان و بەروپێشبردنی جۆرەكەیدایە و دەلتای تێپەڕكردوە و ئێشتا نۆبەتی ئۆمیكرۆنە و دڵەڕاوكێی بەردەوامی خستۆتە ناو دڵودەرونەكانەوە و بۆتە وێسگەیەكی جیاكەرەوە لە ڕێڕەوی ڕەوت و مێژووی مرۆڤایەتیدا لەسەدەی بیست و یەكدا و ناتوانرێت بازیبەسەردابنرێت و وەكو ڕووداو یان كارەساتێكی ئاسایی لێبڕوانرێت، چونكە بۆتە هۆی گۆڕانكاری گەورەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و بۆتە هۆكاری بەسەرداچوونەوەی گەلێك چەمك و تێگەیشتن و بیروبۆچونە باوەكان لەهەموو بوارەكاندا و لای زۆربەی كۆمەڵگان و تەنانەتە پیرۆزییە ئاینی و دابونەریتە باوەكانیشی كاڵكردۆتەوە. ئەمە سەرەڕای كێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنیە ترسناكەكان و ململانێ‌ ناڕەواكانی نێوان زلهێزەكان و ناوچە جیاوازەكانی دونیا هەر لە نرخەكانی نەوت و گرانبونەكانی بازاڕ و كەلوپەل و خاوبونەوەی گەشەی ئابوری و شەڕ و جەنگە ناوچەییەكان و دیاردەی كۆچ و كەمبونەوەی غازی سروشتی لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و كێشە ژینگەییەكانی وەكو وشكەساڵی و برسێتی و بەبیابانبوون و پیسبونەكانی ژینگە و دەیانی تر كەهەموانیان هەڕەشەی جدین بۆ سەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
ئەوەتا تازە تازە وڵاتێكی زەبەلاحی وەكو چین ئامۆژگاری دانیشتوانەكەی دەكات كە سیاسەتی سكهەڵگوشین پیادە بكەن بۆ 3 ساڵی ئایندە وەك خۆسازدانێك بۆ ئەوەی شاراوەیە لە داهاتوودا(( ئایا جەنگە یان پەتایەكی نوێیە یان هێرش و پەلامارێكی بۆشایی ئاسمانیە ؟)). ئەم بڕیارەی چین بەدڵنیایی ڕەشبینی و مەترسیەكی گەورەی لێدەخوێنرێتەوە بۆ هەموو جیهان. چونكە چین بۆتە زەبەلاحێكی گەورەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و فەرهەنگی و مەترسی و هەژموونی گەیشتۆتە ئاستێك كە ئەمریكای سەرمایەداریش ترسی لەهەر هەنگاو و بڕیارێكی چین هەیە و هێواش هێواش سەنگەری هێرش و پەلاماردان چۆڵدەكات و پاشەكشە دەكات بۆ سەنگەر و بەرەی بەرگریكردن لەبەرامبەر چیندا، هەربۆیە هەر هەنگاو و بڕیارێكی چین كاریگەری گەورەی خراپ یان باش دەكاتە سە ڕەوتی ڕووداوە جیهانی و ناوچەییەكان، هەربۆیە ئێمەی كوردیش لەم ناوچە گەرم و گرنگەی جیهاندا و پڕ مەترسی و ململانێی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و… هتد. دەبێت بكەوینە خۆ بۆ ئەو ئایندە نادیارو شاراوەیە كە دونیا چاوەڕوانی دەكات.
لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهەمان شێوە كێشە و ململانێ درێژخایەنەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامە لەنێوان سعودیە و ئێران و عەرەب -ئیسڕائیل و میسر – ئەسیوبیا و كێشەناوخۆییەكانی سوریا و عێراق و سودان و لوبنان و یەمەن و لیبیاو… هتد. و ململانێكانی توركیا و ئێران و ئەوروپا. بەشێوەیەك بەرۆكی ناوچەكەی گرتوە كە لێدەربازبونیان بۆتە كارێكی مەحاڵ و نەكردە و ڕەنگە دەیان ساڵی تریش بخایەنێت.
لەسەر ئاستی عێراقیش،و بەتایبەتیش دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 10/10/2021 هێندەی دی كێشە و ململانێ‌ سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكان توندتر بونەتەوە و ساڵی 2021 دەوڵەتی عێراقی بێ‌ پەڕلەمانێكی كارا پێدەنێتە ساڵی نوێی 2022وە و بەمەش پێكهێنانی حكومەتی نوێش گەر دروستبێت ئەوا ماوەیەكی دوور و درێژی گەرەكە و بەم شێوەیەش كێشە و گرفتەكان هێندەی تر قوڵدەبنەوە و كەڵەكەش دەبن و ئەوكاتیش چارەسەر مەحاڵتر دەبێت.
لەسەر ئاستی كوردستانیش، بەداخەوە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكە،بەهەمان شێوەی عێراق كوردستانیش دابەشبونی نوێ‌ و دڕدۆنگی و لێكدوركەوتنەوەی نوێی بەخۆوە بینی لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم و حیزب و سەركردە سیاسیەكان و ناڕەزایی جەماوەر و شەقامیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرزتر و زیاتر دەبێتەوە و هیچ متمانەیەك نەماوە بەم دەسەڵات و حوكمڕانیەی هەرێم نە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە، ئەوەتا ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت مووچە دابین بكات و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان پێشكەشبكات و ئازادی و دیموكراسیەكەشمان هەر بەناو و دروشمە و قۆرخكاری و تاڵانكردن و گەندەڵیەكانیش هەربەردەوامە و لەئێستادا نەوەی یەكەمی لێپرسراوەكان هاتونەتە گۆڕەپانەكە و لە باوانیان زیاتر بەهەڵمەتترن بۆ تاڵانوبڕۆ و گەندەڵی سەروەت و سامانی میلەت و كۆمەڵگاش. لەئێستادا كورد و كۆمەڵگای كوردەواری و دەسەڵاتەكەشی هێندە بچوك و لەرزۆك و ناجێگیرن لەهەموو ڕوەكانەوە،كە دەكرێت بە بچوكترین فشار و گۆڕانكاری كاریگەری زۆر خراپی تێبكرێت، هەربۆیە گەر وڵاتانی فەرمی خاوەن سەروەری و سیادە و سەربەخۆكان جارێك خۆئامادەبكەن و بترسن پێویستە ئێمەی كورد دەیان جار هەڵوێستەبكەین و بەئاگابین لەهەموو ڕووداو و گۆڕانكاریەكان.
بۆیە ساڵی 2021یش چوە ڕیزی هەموو ئەو ساڵە پڕ نەهات و بێفەڕ و بەرەكەتانەی ڕابووردوەوە كە هەمووان حەوت بەرمان بەدوادا هەڵداون و هیچكات ئومێدیان پێناخوازین. ساڵی 2021یش وەكو هەموو ساڵەكانی تر پڕ كێشە و قەیران و ململانێی ناڕەوای سیاسی و ئابوری و ئەمنی و بێخزمەتگوزاری بوو،بێ‌ ئاوەدانی و پڕۆژە ئەندازیاریەكان بوو، بێ‌ دەسكەوتی گەورە بوو،پڕاوپڕ بوو لە شكست و دڕدۆنگی و دوور لەیەكتری و ناتەبایی بوو.
بەهیوای ئەوەی بەكۆتایهاتنی ساڵی 2021 كۆتایی بەو هەموو قەیران و مەینەتیانە بێت و سەرەتایەكی نوێ‌ دەستپێبكەین بەهاتنی ساڵی 2022.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت