دانا مەنمی: مالیکی دوژمنە وەهمییەکەی بارزانی.

کارل شمیت لە جەوهەری سیاسەتدا دۆست و دوژمنمان پێ دەناسێنێت، بەڵام ھانا ئارێنت فەیلەسوفی ئەڵمانی دژی دیدو روانینی کارل شمیتە، ئەوەی گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئێمەی کورد جەوهەری سیاسەتە لە کوردستان کەلەگەڵ (هانا ئارێنت ) ناتەبایە و لەگەڵ ( کارل شمیت) لەبارەی دۆست و دوژمنەوە تەبایە.کردەی جیاکردنەوەی دوژمن لە دۆست بەم لۆژیکە خێڵەکییە لە کوردستان لۆژیکێکی شێواوەو هەڵگری گرێی دەرونییە کە ناتوانین دەستنیشانی بکەین کێ دۆستەو کێش دوژمنە؟! ئەو دۆستایەتی و دوژمنەی کە لەسەر زاری سیاسییەکانی هەڕێمەوە پێناسەی دەکرێت ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە و دۆستی خێزانە سیاسییەکان هیچکات ئامادەنەبووە سادەترین مافی خەڵکی کوردستان بدەن و دوژمنەکانیش هیچ زیانێکیان بە خەڵکی کوردستان نەگەیاندووە، ساڵانێک مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی لە ململانێدا بوو دژ بە مالیکی و هەڵمەتێکی پروپاگەندەی سیاسی خەستی دژ مالیکی دەستپێکردبوو ، هەمیشە لێدوانە توندەکانی سەرۆکی پارتی بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردنی مالیکی گۆمێکی قوڵی شڵەقاندووەو دواجاریش سەرۆکی پارتی ناچار بووە کە پەنا بۆ ئەنقەرە بەرێت، تا لاسەنگی و باری خواری خۆی لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاست بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا مالیکی هانای بۆ تاران بردووەو تا باڵانسی سیاسی لاسەنگ نەبێت و تەنگەژەی نێوان خۆی سەرۆکی پارتی لە ڕێگەی تاران و ئەنقەرەوە چارەسەر بکرێت.
بەڵام هەڵوێستی هیزو لایەنەکانی تری کوردی لە بەغداد جیاواز بووە لەو دونیابینینەی سەرۆکی پارتی و ئەم جیاوازییە بۆتە کەرەسەی شەڕێکی راگەیاندنی خەست لە نێوان سەرۆکی پارتی و لایەنە کوردییەکانی تردا، هەمیشە مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی ویستوویەتی کە سەرۆککۆمارو نوێنەری لایەنە کوردییەکان جگە لە حیزبەکەی تێوەبگلێنێت لەو ململانێ ناتەندروستەی کە بەرگێکی نەتەوەیی بڕیبوو بە باڵادا، بەڵام هیچکات ئاسان نەبووە کە لایەنەکانی تر و بەتایبەت سەرۆککۆماری عێراق پشتگیری لە سەرۆکی پارتی بکەن دژ بە مالیکی و بچنە بەرەی ئەنقەرە یان بە پێچەوانەوە! ئەوەش نیشانەی بەئاگای سەرۆککۆماری عێراق و لایەنەکانی تر بووە لە کەش و هەوای قەیران و ململانێکانی نێوان مەسعود بەرزانی و مالیکی کە رەچاوی دۆخەکەیان کردووە.
ئاشکرایە ساڵانێک سەرۆکی پارتی لە ڕێگەی مەکینەی ئیعلامی حیزبەکەیەوە لەو جەنگە سایکۆلۆژییەدا دژ بە مالیکی پەنایان دەبردە بەر هۆنینەوەی بچوکترین تۆمەتی سیاسی تا بە کۆمەڵگای کوردی بڵێن مالیکی مەترسی زۆر گەورەیە بۆ دۆزی کورد! وێنەیەکی وەهمی دوژمنانەیان بەباڵای مالیکی دا بڕیبوو تاکو خەڵکی دەست و پێ سپی و فکرهەژارو موفلیس لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە ، هەموو ئەو قۆناغانەی کە سەرۆکی پارتی دژ بە مالیکی لە جەنگدا بووە وێنەی دوژمنێکی وەهمی بۆ کورد کێشابوو بۆ خۆشیان لە ناو وەهمێکی بانگەشەی دروشمی نەتەوەیی دابوون بەناوی (ئاڵا و کەرکوک و دەستورو موچەو کوردبوونەوە ).
دیداری ئەمڕۆی مالیکی و سەرۆکی پارتی و هەوڵە ژێربەژێرەکانی سەرۆکی پارتی و نوری مالیکی دەرخەری ئەوەیە کە نە لە ڕابردوو نەئیستا وبۆ ئایندەش مالیکی ئەو دوژمنە نییە کە پارتی و سەرۆکی پارتی بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئەم لۆژیکەی پارتی و سەرۆکەکەی زوو زوو دۆست دەگۆڕێت بۆ دوژمن و دوژمن دەکاتەوە بە دۆست و ئیمکانی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنی نییە، ململانێی نێوان سەرۆکی پارتی و مالیکی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاشایش و ئارامی و ئابوری و دۆخی موچەخۆران هەبوو، بە درێژایی دەساڵی تەمەنی ئەم ململانێیە نە سەرۆکی پارتی و نە مالیکی زەرەرمەند نەبوون وزەرەدمەندی یەکەم هاوڵاتیان و موچە خۆران و خەڵکی کوردستان بووەو بەشێکی گەورەی ململانێکانی نێوان بارزانی و مالیکی کە دواتر بووە قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی دۆخێکی ئاڵۆزی و نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بوغزو کینەو عەبەسیەتی نێوان سەرۆکی پارتی و مالیکی دەگەڕێتەوە.

دانا مەنمی