بورهان شێخ رەئوف: پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا دەچێتە قۆناغێكی نوێوە كۆتایی 2021.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق لە خۆئامادەكردندایە لە كۆتایی ئەم ساڵی 2021 دا كارو ئەرك و چالاكی جەنگی هێزەكانی ئەمریكا لە سەر خاكەكەی كۆتایی پێ بێت، لە پاش چوار گەڕی دانوستان و لە و چوارچێوەدا كە ناسراوە بە دیالۆگی ئیستراتیجی، لە ئاكامدا گەیشتن بەو ڕێككەوتنەی كە پەیوەندی و ئەرك و فەرمانی هێزەكانی ئەمریكا لە جەنگیەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی ڕاوێژكاری و ڕاهێنان، لەگەڵ گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چۆنێتی ڕێكخستن و مانەوەی ئەم هێزانە، جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆیە و یەكلایی نەبووەتەوە، بەتایبەتی بە هۆی كێشەو قەیرانی سیاسی و ئەمنی زۆر كە بەربەستن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لە عێراقدا، بە تایبەتی جموجووڵەكانی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان ئاماژەی مەترسیدارن كە داعش سەرلەنوێ‌ سەرهەڵبداتەوە و ڕووبەرێكی تر داگیر بكات و بیكاتە بنكە بۆ پەلاماردانی ناچەكانی تریش.
هەرچەندە مستەفا كازی سەركەوتوو بوو لەوەی پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا بگوازێتەوە لە ڕێگەی چەند خوولێكی دانووستانی ئیستراتیجیەوە لە ئاڕاستەی سەربازییەوە بۆ بۆ ئاراستەی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و ساغڵەمی و ژینگەیی و پەروەردەو فێركردن، هەروەها هاوبەشی لە بنیاتنانی توانای سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری، لە كاتێكدا هەردوو حكومەتەكەی پێش ئەو نەیانتوانی دۆسێی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بپێچنەوەو كۆتایی پێ بهێنن، هەرچەندە وا بڕیار بوو لە ساڵی 2017 كۆتایی بە بوونی ئەو هێزانە لە سەر خاكی عێراق بێت.
ئێستا دوای هەژدە ساڵ لە داگیركردنی عێراق ئەو هێزانە ئەرك و فەرمانەكانیان گۆڕاوە و هێزی جەنگاوەر نین، بەڵكو دۆست و هاوبەشی عێراقن و هاوكارییان دەكەن بۆ پێكهێنان و بنیاتنانی هێزو توانای سەربازی بۆ عێراق بە بەرنامەو پرۆگرامی هاوبەشی ناجەنگی ، ئەمیش لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕاوێژكارەكانیەوە بێت بۆ یارمەتی و بەهێزكردن بێت، یان بە هاوكاری لە گەڵ نێردەی نا جەنگی هاوپەیمانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا.
لەلایەكی ترەوە عێراق تا ئێستا پابەندە بە ڕێككەوتنامەی چوارچێوەی ئیستراتیجیەوە لە گەڵ ئەمریكادا، هەروەها پابەندە بەو پلانە نێودەوڵەتیەشەوە كە بۆ یارمەتیدانی عێراق دانراوە بۆ بەگژاچوونەوەی جەنگی بەردەوام دژی تیرۆر، هەر گۆڕانكارییەكیش لەم ڕێككەوتنامانەدا بێتە ئاراوە دەبێت لایەنەكەی تر ئاگادار بكرێتەوە هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكانیش، چونكە ڕێككەتنامەیەكە تۆماركراوی نێودەوڵەتیە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات ئەوە سەرلەنوێ‌ بڵاوە پێكردنی هێزی بیانیە لە دوو بنگەی سەربازی سەرەكی و بنەڕەتی ئەوانیش عین ئەلئەسەد لە پارێزگای ئەنبارو حەریر لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەمووی لە پێناو هەماهەنگی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی پێویست و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان.
بارودۆخی شپرزەی عێراق و نەبوونی سوپاوهێزی نیشتمانی بە توانا و ڕێكخراو و جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعش لە زۆر شوێنی عێراق ئاماژەگەلی مەترسیدارن لە دوای كشانەوەی هێزە جەنگاوەرەكانی ئەمریكاو ناتۆ و هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی لە عێراق، پێویستی بە بڕیارو كۆدەنگی نیشتمانی عێراقی هەیە.
هەرچەندە هەندێك ئاماژەش هەن كە ئەمریكا هێزەكانی خۆی بە تەواوی لە عێراق نەكشێنێتەوە، چونكە برێت مەكگۆرك لە كۆنگرەی مەنامە لە بەحرێن وتی هێزەكانمان لە عێراق ناكێشینەوە، ئەمریكا لە كۆنگرەی گریمانەیی لووتكە دیموكراسی لە 9و10/12/ 2021 بەسترا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوو وڵاتی بانگكردبوو یەكێكیان عێراق بووئەوی تریشیان ئیسرائیل، ئەمەش ماناو مەدللولی گرنگی هەیە كە عێراق جێگە مەبەستی ئەمریكایە و بە تایبەتی بۆ ململانێكانی لە ناوچەكە تاكە پێگەیە كە بتوانی ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بكات لەم ناوچە پڕ گرفت و ململانێ بەردەوامە دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت