پێشڕەوی سەید برایمی: ستەم لە ( زەینەب خان) ئەستەمە، وەڵامێک بۆ مامۆستا سوداد رەسوڵ/ بەشی سێیەم.

دەمەوێ جارێکی دی دووپاتی بکەمەوە، کە نەک هەر نیگەران نیم بە بۆچوونی مامۆستا سوداد لە هەمبەر کەسایەتی زەینەب و خان و شیعرەکانییەوە، بەلکو خۆشحاڵم، چونکە ئەو کارەی بووە مایەی ڕامان و سەرنجدانی وورد تر، ئەوەش بووە هۆکارێکی هاندەر بۆ گەڕان وسوڕان بەدوایی زانیاری و پتر تۆژینەوە بە بەڵگەهێنانەوەی رازیکەر. هەرچەند لەم گەڕانەدا دەستم بەربوو لە پرۆژەی بەردەمم، بەرانەکینێ هەندێ زانیاری نوێم دەسکەوت، دەمێک بوو تامەزرۆ و عەوداڵیان بووم، سەرباری ئەو زانیارانەی پێوەستن بەم وەڵامدانەوەیە.
لە بەشی دووەم دا کاتێ هاتینە سەر مێژووی بەکارهێنانی وشەی نیشتمان ئاماژەمان دا، کە لە ساڵی 1939 دڵدار بەکاری هێناوە. لە بەدواگەڕانەمان دا، سەرنجمان دا لە 1932 لە ( گۆڤاری هاوار، بۆ نمونە ژمارە 14 ی 30 کانوونی یەکەمی 1932 تەماشاکە) چەندین جار ناوی نیشتمان هاتووەو جێگەی بە ( وەتەن) لەق کردووە. ( نیشتمان پەرست) یش وەک زاراوەیەک بەکارهاتووە.
زێوەر شیعرێک، بە تورکی نوسراوە لەلایەن یەکێکی کورد و بۆ رۆژنامەی “ژیان” ی ناردووە، زێوەر دەیکاتە کوردی لە ژمارە (5 ی رۆژی 18ی شوباتی 1926) بڵاودەبێتەوە. زێوەر وشەیەک بەکاردێنێ، کە لە نیشتمان زۆر نزیکە:
هەر خراپە کە دەچێ رۆح لەبەرێ دەنگی نییە
دڵ وەکو بەردی رەق ئەتوێتەوە بۆ نیشتوانی
پێم وایە نیوەدێڕەکە دەبێ وابێ: (هەر لە خراپە دەچێ رۆح لەبەرێ دەنگی نییە) ( مەحموود زێوەر، دیوانی زێوەر ، دەزگای ئاراس، هەولێر، 2003، ل 20)
گەر هەڵەی چاپ نەبێ و مەبەست لە ( دانیشتوان) نەبێ، کە بۆ راگرتنی کێشی دێڕەکە بەم شێوەیە نوسرابێ، ئەگەر هەیە مەبەست لە ( نیشتمان) بێ. هیوادارم بەهەڵەدا نەچووبم. دڵنیام گەر پتر بگەڕێین ، هەرواش دەکەین، لە پەناو پەسێرانی کلتوری کوردی لە بیستەکاندا بیدۆزینەوە. تا ئێرە 8 سا ڵ دەمێنێ، گەر ئەژماری بکەین لەگەڵ ئەو ساڵەی زەینەب 1924 ناوی ( نیشتمان)ی هێناوە.
مەلا مارفی کۆکەیی (1874-1945 ) لە شیعرێکی دا ناوی نیشتمان دەهێنێ:
لە شەوقی نیشتمان و شۆعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە
برینی ڕووح و قەلب و قالبم فیلجوملە ساڕێژە
بەداخەوە ساڵی دانانی شیعرەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام چۆن ئەگەر هەیە لە دوا ساڵانی ژیانی ( چلەکان) نوسرابێ، هەروەها ئەگەریش هەیە لە بیستەکاندا هۆنرابێتەوە. زۆر پشت ئەستوور نین بەو بەڵگەیە، لێ هی ئەوە نییە وەڵای نێین!!
وشەی قوتابخانە
مامۆستا سوداد دوای ئەوەی بەگشتی و بە کورتی باسی پرۆسەی گەشەکردنی و مێژووی وشە دەکا، دەنووسێ : ( بۆ نمونە لە بیستەکان و سییەکان بۆ قوتابخانە ئەم وشانە هەبوون: مەکتەب، مەدرەسە، دەرسخانە، خوێندنخانە، قوتابخانە. ” سەرنج ؛ دوای خوێندنخانە ناوی قوتابخانەش دەهێنێ، گەر وابێ چ پێویست دەکا دانوستانی لەگەڵ دا بکەین! چونکە زەینەبیش ناوی قوتابخانەی لە ساڵی هێناوە 1924، کە بیستەکان دەکا! گەر بە هەڵەش ناوی قوتابخانە هاتبێ، ناچارین بکەوینە خۆ. پێشم وایە هەر هەڵەیەک بووە، چونکە دوایی دەڵێ : ( …بۆیە هەر دەقێکی شیعری ئەگەر ئەم وشە کۆنانەی تێدا بێت بۆ قوتابخانە دەقێکی کۆنی سییەکان و چلەکانە.. تەماشای . سوداد ڕەسول، رامان، ژمارە 266 بکە). کەواتە مامۆستا پێمان دەڵێ مێژووی ناوهاتنی وشەی ( قوتابخانە) دەگەڕێتەوە بۆ سییەکان.
پێدەچێ رەچەڵەکی ( قوتابی) بۆ (كُتابي ) بگەڕێتەوە. کە لە (کتابة ) عەرەبی وەرگیراوە. بۆ یەکەم جار لە کتێبی ( غیاث اللغات) ی غەیاسەددین محەمەدی کوڕی جەلالەدینی رامپەروەری هاتووە، کە لە ساڵی 1809ز نوسیوویەتی: “منسوب به کُتّاب بمعنی مکتب و دبستان، واتە: بۆ کوتتاب دەگەڕێتەوە، کە واتای مەکتەب و قوتابخانە دەدا). وەک لە لغت نامە دهخدا) دا هاتووە. گوایە تورکی عوسمانیش وەریگرتووە، بەڵام بە گۆڕێنی پیتی ( ک) بۆ ( ق) بەم جۆرە بۆتە ( قوتابی). ئێمەی کوردیش لەوانمان وەرگرتووەو بەکارمان هێناوە. بەڵام کەی؟ نەک لە سییەکان، وەک مامۆستا سوداد موکڕەو جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەلکو لە بیستەکانەوە ، ئەوەی تا ئێستا لە بەدواداچونەکانمان دا پێی گەیشتووین. وشەی قوتابی پیرەمێرد لە شیعری ( لە ترەنی رێی ئەستەمۆل دا) لە رۆژنامەی ” ژیان” ژمارە 36ی رۆژی7/11/1926 بڵاوکراوەتەوە) تەماشای دیوانی پیرەمێرد، ب1 بکە ل 238) وشەی ( ترەنی) بە واتای شەمەندەفەر دێ. پیرەمێرە ئەو کاتەی بڕیار دەدا بگەڕێتەوە کوردستان لە ناو شەمەندەفەر ( لە نێوان ئەستەمووڵ و شام دا) ئەم شیعرە دەنووسێ1925، وەک لە پەراوێزی لاپەڕە 238ی دیوانەکەیدا ئاماژەی پێکراوە. (ژیان،هەمان سەرچاوەی پێشوو).
پیرەمێرد دەفەرمووێ:
سەبا دێنێتە گوێم دەنگی مناڵانی قوتابخانە
نەشیدەی میللی یان لاهووتی یە، قووتی دڵ و جانە
دیوانی پیرەمێرد، سەرچاوەی پێشوو، ل 239
زەینەبیش لە شیعری دووەمی دا لە ساڵی 1924 نووسیویەتی:

نابێ زەحمەتی کرێکار فەرامۆش کەین، تا ئەبەد
ساختومانی قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگاوبان
دیوانی زەینەخان کچە کورد، هەولێر،2018، ل 41
کەوابێ هەردوو شیعرەکە، یەک ساڵیان نێوانە، تا سەرچاوەی دیکەمان دەست دەکەوێ، پێویست بە مشت و مڕی دیکە ناکا، هەر ئەوەندە نەبێ، حەقە بڵێین: زەینەب خان یەکەم شاعیر بووە، لە 1924 و لە دەقێکی شیعری دا ناوی قوتابخانەی هێناوە، گەر بەیانی جوامێرێکی زمانناس کتێبی ئیتمۆلۆژی وشەی کوردی دانا، دەىی بڵێ مێژووی بەکارهێنانی وشەی ( قوتابخانە) بۆ یەکەم جار لای زەینب خان – کچە کورد بەکارهاتووە.
هەمان شیعر (لە ترەنی رێی ئەستەمۆل دا)، بەڵام لە کتێبەکەی ( ئومێد ئاشنا ، پیرەمێردو و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، دەزگای ئاراس، 2001) لە لاپەڕە 117 مێژووی ئەو شیعرە بە ساڵی1924 دەست نیشان دەکا، کەوابێ کێشەکەمان بە یەکجاری لابەلا کرد.
وشەی مێژوو
ماڵی ئاوابێ مامۆستا سوداد هەندێ جار یارمەتیمان دەدا هەر بە ئاوی خۆی وەڵامی بدەینەوە! بۆ قوتابخانە، وەک لەسەرەوە باسمان کرد گوتمان لەوانەیە هەڵەی چاپ بێ. بەڵام بۆ وشەی (مێژوو ) چۆن چۆنی تەگبیری لێ بکەین. یەکێ لەو وشانەی، ، کە لە شیعری ( کۆرپەی شیرینم)دا هاتووە مامۆستا سوداد بەلایەوە نامۆیە! لە راستیدا ( سەرەتاپای شیعرەکە لە رووی ناوەڕۆک و شێوازی ئەدەبی و زمانەوە نیشان دەدات هی ساڵی سییەکان نییە. سوداد رەسوڵ، گۆڤاری رامان سەرچاوەی پێشوو). شیعرەکە لە 1930 نوسراوە:
مەعلوومە لەڕێی قارەمانێتی
مێژوو ئی تۆیە بە بەرزی باڵات
بۆ وشەکە دەنوسێ: ( وشەی ” مێژوو” بۆ یەکەم جار لە لایەن ” حوسێن حوزنی موکریانی” یەوە داهێنراوەو خرایە ناو نووسین، هەروەک دوکتۆر کمال مەزهەر لە کتێبەکەی ” مێژوو” دا باسی دەکات. حوسێن حوزنی لە ساڵی 1929 کتێبی ” ئاوڕێکی پاشەوە” لە چاپخانەی زاری کرمانجی لە رەواندز بڵاو دەکاتەوە، بۆ یەکەم جار ئەم وشەیە لە جیاتی ” تاریخ” ی عەرەبی بەکاردێنێت، ئەم وشەیە تا چلەکانیش لە زماندا بە چاکی جێگیر نەبووبوو، تەنانەت کتێبە مێژوویەکەی ” محەمەد ئەمین زەکی بەگ” یش، کە لە ساڵی 1931 بڵاوبۆتەوە، بە ناوی خوڵاصەیەکی تەئریخی کوردو کوردستان بڵاو بۆتەوە. وشەی مێژووی تێدا نییە، بۆیە جێگەی پرسیارە، کە ئەم وشەیە چۆن لە ساڵی 1930 هاتە نێو شیعرەکانی زەینەب خانەوە؟!. سوداد رەسوڵ هەمانا سەرچاوەی پێشوو).
پرسیارەکەت وەڵامی هەن: یەکەم هەر بۆخۆت دەڵێ، کە ئەو وشەیە لە ساڵی 1929 لەلایەن حوزنی موکریانی یەوە داهێنراوە. باشە زەینەب خان کەی بەکاری هێناوە؟ بێگومان وەک لە دیوانەکەیدا هاتووە ساڵی 1930 مێژووی ئەو شیعرەیە. ئێستا ئێمە پرسیار دەکەین: کێشەکە، یان هەڵەکە لە کوێ دایە: خۆ زەینەب بۆ یەکەمین جار ئەو وشەیەی بەکارنەهێناوە؟ بەکارهێنانی وشەی ” مێژوو” لە نێوان حوزنی موکریانی و زەینەب ساڵێکیان نێوانە. پێشتر حوزنی موکریانی بەکاری هێناوە، بۆیە نە زەینەب لە باخەڵی خۆی دەریهێناوە، نە وەک بە تەوس و گومانەوە پرسیار دەکەی ( چۆن لە ساڵی 1930 هاتە نێو شیعرەکانی زەینەب خانەوە) دڵنیابە جگە لە خودی زەینەب، کەسی دی ئەو وشەیەی نە هێناوەتە ناو شیعرەکەی، چونکە، وەک پێشتریش باسمان کرد، زەینەب خوێنەرێکی کەم وێنە بووە لەم سەردەمەدا لەناو ژنانیش دا وێنەو نمونەی نەبووە. پێدەچێ هەرچی چاپ کرابێ، بە تایبەتی کتێب و بڵاوکراوەی کوردی خوێندوویتەوە. هەر کە چاوی بە وشەی کوردی تازەش کەوتووە یەکسەر لەبەری کردووەو تۆماری کردووە، لە جیاتی وشە بێگانەکانیش بەکاری هێناوە. جگە لەوەش ( لە بواری قاموس و فەرهەنگ ئەسپی خۆی تاو داوە، قاموسێکی کوردی- کوردی هەبووە، کە بریتی بووە لە دوو سجلی گەورە …. ئەو دوو سجلە پڕاوپڕ بووە لە وشەی کوردی، چونکە زەینەب خان زۆر گەڕاوەو سوڕاوە و خوێندوویەتیەوە بۆیە هەمووی تۆمار کردووە. د. کەمال غەمبار، زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، 2021، ل 45)*

دووەم: ناونیشانی کتێبەکەی ئەمین زەکی بەگ دەهێنێتەوە، وەک بەڵگە، کە لە جیاتی مێژوو، تەئریخی بەکارهێناوە لە 1931. ناوبراو مێژوونوسێکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە، گلەیی لە ناوەڕۆکەکەی ( لێرەدا) ناکرێ، بەڵام تا بڵێی بە زمانێکی ناپەتی کوردی نوسراوە. لە سەدا هەفتای پتر وشەی بێگانەیە بە تایبەتی عەرەبی. من داوات لێدەکەم مادام ئەو کتێبە دەکەی بە شایەد، بەراوردی بکەی لەگەڵ کتێبی ( هینکر زیمان کوردی)کە لەلایەن کۆمەڵەی هیوای خوێندکارانی کورد لە 1921 لە ئیستانبول چاپ کراوە بە تورکی و کوردی ( هەردوو شێوەزاری کوردی). هەردوو کتێب 10ساڵیان نێوانە و کتێبەکەی زمانی کوردی 10 ساڵ پێشتر چاپکراوە، بەڵام تێبینی دەکەی کوردی ترو پەتی و پاراو ترە! کەواتە ئەستەمە ناونیشانی کتێبەکەی ئەمین زەکی بەگ، وەک بەڵگەیەک ئەژمار بکەین.
وشەی هزر
بە هەمان رەوتی لێکدانەوەو هەمان بیانوو وشەی ( هزر) مان بۆ باس دەکات، کە لە شیعری منداڵانی بەچەشێر، لە ساڵی 1935 نوسراوە:
پشوو دەن وریا بن
گورج و گۆڵ و ئازا بن
فەرامۆش مەکەن خوێندن
خاوەن هزرو هیوا بن

مامۆستا سوداد نوسیوویەتی: وشەی ” هزر وشەیەکی نوێیە، ئەم وشەیە لە دوای نەوەدەکان لە شێوەزاری کرمانجی ژووروو هاتە نێو زمانی ستانداری کوردی ناوەند. لە سییەکان بە هیچ شێوەیەک نەبووە، تەنانەت لە هەردوو فەرهەنگی خاڵ و مەهابادیش ئەم وشەیە نییە. سوداد رەسول ، سەرچاوەی پێشوو، گۆڤاری رامان)
ئەم وشەیە وشەیەکی کۆنی زمانی کوردییە، با لە شێوەزاری کرمانجی ژوورووە هاتبێ، . چ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە زەینەب خان جگە لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەکان. لە رێگای گۆڤارو رۆژنامە کرمانجییەکان شارەزایی هەبووبێ لەو شێوەزارە، بە تایبەتی وەک گوتمان ئەو خەریکی فەرهەنگی کوردی کوردی بووە.
بۆ سۆراغ کردن دەربارەی مێژووی بەکارهێنانی ئەو وشەیە لە هەندێ نووسەرانی کرمانجی ژوورووم پرسی ( عەبدولرەحمان نەقشەبەندی، کە چەند ساڵە خەریکی فەرهەنگێکە دەربارەی سەرەتای دروستبونی واتای دەنگەکانی زمانی مرۆڤ بە زمانی کوردیشەوە، حاجی جەعفەر نووسەرو فۆلکلۆرناس، موحسن ئۆسمان نوسەر) هەر هەمویان جەختیان کردەوە،کە وشەی ( هزر) زۆر کۆنە لە شێوەزاری کرمانجی، موحسن ئۆسمان پتر زانیاری دا و گوتی: لە گوندەکانی لای خۆمان لەناو ئاخاوتنی ئاسایی خەڵک دبێژن: فڵانە کەس بێ هزو وفکرە.
ئەحمەدی نالبەند (1891-1963 ) لە شیعرێک دا دەڵێ:
من هزر کر جەحسویسی
هێژ حەقێ تە تێ نی یە
بە بیانوی ئەوەی وشەی ( هزر) لە فەرهەنگی خاڵ و مهاباد دا نییە، دەبێ ئەو وشەیە نەبووبێ. چ گلەیی لە شێخ محەمەدی خاڵ و گیوی موکریانی ناکرێ، کە لە فەرهەنگەکانیاندا ( هزر)یان تۆمار نەکردووە، هەرچەند هەردووکیان شارەزاییان لە شێوەزاری کرمانجی سەروو نەبووە، زۆربەی زۆری وشەکان هی کوردی ناوەندن، بەڵام گریمان شارەزاییشیان هەبوو، دەکرێ نەیان زانیبێ، چۆن هەنبانە بۆرینەی ‌هەژار، کە تا سەرەتای هەزارەی سێیەمیش گەورەترین فەرهەنگی کوردی بوو وشەگەلێکی زۆری لە خۆ گرتبوو، هەژار شارەزاییەکی تەواویشی لە شێوەزارەکانی کوردی هەبوو، کەچی دوای بڵاوبوونەوەی فەرهەنگەکەی، دوو فەرهەنگی دی بڵاوکرایەوە تایبەت بوون بەو وشانەی، کە لە هەنبانەبۆرینەدا نین ( تەماشای عەبدوڵڵا حەسەن زادە، گوڵ چنینەوە لە خەرمانی هەنبانە بۆرینەی هەژار، وەشانێن APEC، ستۆکهۆڵم، 1995. هەروەها ئەمین گەردیگلانی، فەرهەنگی رێژگە، ئەو وشانەی لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون، دەزگای موکریان، هەولێر، 2009) بکە. بۆیە ناکرێ بە بیانووی نەبوونی وشەیەک لە فەرهەنگی خاڵ و مهابادا پێشتر، رامان وابێ بوونی نەبووە، ئەوەتا هەژار لە هەنبانە بۆرینە ( هزر)ی تۆمار کردووە. راستە لە 1990 چاپکراوە، بەڵام ئەو لە شەستەکانەوە خەریکی کۆکردنەوەی وشەکوردییەکان بووە، بۆیە مافی خۆمانە بڵێێن پێش نەوەدەکان ئەو وشەیە هەبووەو نامۆ نەبووە.
بینیمان دوای ( هەنبانە بۆرینە بە رێژگە و گوڵ چنینەوە)کەشی چەندین فەرهەنگی گەورەتر و دەوڵەمەند تر چاپ و بڵاوکرانەوە، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین فەرهەنگێکی گشتگرو دەستجەم و تەواومان هەیە.
بەداخەوە مامۆستا سوداد بە بیانووی وشەی ( هزر)ەوە، سەرجەم شیعرەکە رەتدەکاتەوە، کە هی سییەکان بێ و هی زەینەب بێ!: ( ئەمەش دووبارە بەڵگەیە، کە ئەم شیعرە لە دوای نەوەدەکان نووسراوە)، بەمەش ستەمێکی گەورە، نەک لە زەینەب خان، بەلکو لە ئەدەبی کوردیش دەکا!
وشەی وڵاتپارێز
مامۆستا سوداد هەرگیز بڕوا ناکا، وشەی ( وڵاتپارێز)، کە زەینەب خان لە شیعری ( کۆرپەی شیرینم) لە ساڵی 1930 نوسیویەتی:
کۆرپەی شیرینم پاک و بەهێزبە
پاسەوانێکی وڵاتپارێز بە
لەو ساڵەو لەو سەردەمەدا نەک هەر باو بوووبێ، بەلکو بوونیشی هەبووبێ، چونکە پێی وایە دوای 60 ساڵی رەبەق، ئەوجا ئەم پەیڤە بڵاوبۆتەوە، لەم بارەیەوە نوسیویەتی: ( وڵاتپارێز، ئەمەش وشەیەکی ئەوەندە کۆن نییە، زیاتر لە دوای نەوەدەکان لە ئەدەبیاتی کوردەکانی باکورەوە بڵاودەبێتەوە، دێتە نێو زمانی کوردی ناوەند. سوداد رەسول، رامان، ل 84، سەرچاوەی پێشوو) . دواییش بە حسابی خۆی گومانێکی رێک و پێک دەخاتە سەر شیعرەکە، کە هی ساڵی1930 بێ.
میجەر سۆن بۆ (Patriotism )ی ئینگلیزی ( wilatperesti وڵاتپەرستی)ی داناوە، کە تا رادەیەک هاوواتایە لەگەڵ ولاتپارێزی. ( تەماشای – ELEMENTARY KURMANJI GRAMMAR,Major E.B.SOANE بەغدا 1919) بکە، گەر دڵیشتان بەوە ناکرێتەوە و ئاو ناخواتەوە، لەوانەیە گومانێکشتان هەبێ بەڵگەیەکی دیکە دەخەینە روو؛
لە ژمارە 23ی گۆڤاری ( هاوار)، کە لە 25ی تەموزی 1933 وتارێکی ” بەشی پێنجەم” ی نوسەرێک بەناوی ( لاجی حەنی) لە لاپەڕە 7و8 بڵاوکراوەتەوە لە بڕگەی کۆتایی وتارەکە دا هاتووە: ژ بەر وی لازمە لسر هەمو کوردانی – وەلات پارێزان – زاروزیچا خویان زمانی کوردی ئی تە ڤایی هین بکن وە هەمو نڤیسا خو بڤی زمانی دایکی بنڤیسن) تەمشای کۆپی وتارەکە بکە . ” هاوار ” به‌ یه‌كه‌م گۆڤاری كوردی داده‌نرێت كه‌ له‌ رێكه‌وتی 15ی ئەیاری 1932 له‌ لایه‌ن جه‌لاده‌ت عه‌لی به‌درخان له‌ سوریا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ .دەشزانین پێوەندی نێوان بنەماڵەی خادم سوجادە و بەدرخانییەکان لە چ ئاستێک دابووە، وەک سینەم بەدرخان دەیگێڕێتەوە.
تەنها سێ ساڵ جیاوازیان هەیە لە نێوان هەردوو مێژوو، یەکەم ساڵی 1930، کە زەینەب خان شیعرەکەی نووسیووەو تێیدا ( وڵات پارێزی بەکار هێناوە، دووەم ساڵی 1933ەیە، کە هەمان وشە بەم رێنووسە ( وەلات پارێز) بەکار هاتووە. بەڵام بە حسابی جەنابت 60 ساڵە، ئەوەش ماوەیەکی زۆرەو لەوانەیە تێک نەکاتەوەو بە ئەستەم سەودای لەگەڵ بکرێ. دڵنیام زۆرلە پێشتریش ئەم ناوە لە دەقەکاندا بەکارهاتووە، تەنها ئارام و کاتی دەوێ بۆ سەلماندنی. ئیدی پێم وایە ئەو گومانەی دەیخەیتە سەر ئەم شیعرە و ساڵی نووسینی، وەک خۆت دەڵێ، دروست نەبێ.
گەر سەرنج بدەینە هەندێ لە دێڕەکانی شیعری 0 سەربردەی زەمەن 193) حاڵی دەبین،کە نەک هەر زەینەب خان بەلکو دایکیشی زانیاری هەبووە لەسەر ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری. دایکی پێی گوتووە:
دەیگوت کیژەکەم ژیرو هۆشیار بە
بۆ حەقی کوردان دەم بە هاوار بە
ئێمە خاوەنی بابە تاهیرین
خاوەنی خانی و مەلای جەزیرین
ئەو ژیرو هۆشیارییە و ئەو ئاگا لێبوونە لە شاعیرانی کورد، بە تایبەتی خانی و جەزیری، ئاماژەی ئەوەمان دەداتێ، کە شیعری بە شێوەزاری کرمانجی سەروو خوێندۆتەوە، بۆیە ئاشنای وشەی ( هزرو وڵاتپارێز) بووە.
سەبارەت بە وشەکانی دی، کە مامۆستا سوداد کێشەی لەگەڵیاندا هەیە، بۆ ساغکردنەوەیان زانیاری لەبەر دەست دایە، بەڵام وەکو بیستم نوسەرێک لە ژمارەی داهاتووی گۆڤاری ( رامان) وتارێکی هەیە سەبارەت بەو وشانە، بۆیە مەمانان چاوەڕێ دەکەین، گەر لای کاکی نوسەر باس کران، ئێمە بێدەنگی لێدەکەین و دوا بەش دەنووسین، گەر نا بەردەوام دەبین.
——————————–
* دەربارەی ئەو فەرهەنگە فەرهەنگۆکی شێوەزاری کۆیە، کە لە رێگای قازی رەشادەفەندی دراوە بە گیوی موکریانی بۆ چاپ کردن، سەرنجێکی سەیرم لا دروست بووە، بە تایبەتی کە هیچ ئەسەرێکی لە چاپخانەکەی بە هەشتی گیو دیار نییە و بێ سەرو شوێنە و چاپ نەکراوە، وەک د. کەمال غەمبار دەبێژێ. دوای ئەوەی سەرچاوەی تەواوم دەسکەوت وتارێک لەم بارەیەوە دەنوسم.