حەمەئازاد بەرزنجی: شەل نییە و پای شکاوە.
ماوەیەکە لێپرسراوان و کاربەدەستانی حکومی و حزبی لە هەولێر، کەوتونەتەوە بانێکەو دو هەواکانیان. هەڕی لە بڕی ناکەنەوە. لێدوانی دژ بەیەک دەدەن تەنانەت وای لێهاتوە لە ڕۆژێکدا یان قسە کەرەکە خۆی، خۆی، بەدرۆ دەخاتەوە، یان یەکێکی بۆ نازڵ دەبێ بەدرۆی بخاتەوە! وتارو لێدوانەکان تێکەڵ دەکەن، نازانم تا و نەشوە و هەوای ڕێکەوتنە سێ قۆڵیەکەی ( حصب) ( حەلبوسی، صەدر، بارزانی )گرتونی، یان سەرکەوتنی کاندیدەکەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ( ئێراقی فیدراڵ نەک ئیراقی دراوسێ باشەکە ).
بەهۆی بارابارینە بەخوڕەکەی ڕۆژی پێنج شەممە 13- 01- 2022 لە هەولێری پایتەخت، میدیای پارتی دەڵێ: سەرۆک بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کردووە، کە ئاگاداری خەڵکی هەولێر بێت، پارێزگا خۆیشی دەڵێ: بە ڵێ قوربان ئاگادارین و سەرۆکی حکومەتیش ( سەرۆک بارزانی کوڕ ) سات بەسات لە گەڵماندا ئاگادارە. هەر خۆی دەڵێ: ئەم بارانە کاریگەری لەسەر کارەبا هەبوە. هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی هەولێر، هەولێر – سلێمانی، هەولێر – دهۆکیشی لە کارخستووە. تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم، لە هەمو ناوەندەکانی خوێندن لە هەولێر کرا بەپشو. دەوامی فەرمانبەران و بەشێک لەو فەرمانبەرانەی کە بەهۆی ڕێگا گیرانەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەوام، نابێ غایب بدرێن و بە مۆڵەت بۆیان هەژمار بکرێ. وە دەڵی: بۆ کاری پێویست نەبێ مەیەنە دەرەوە. دوبارە دەڵێ: بە هەمئاهەنگی هەمو دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاو تەواوی هێزی پۆلیس، بەرگری شارستانی، زێرەڤانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر، هاتوچۆی هەولێر، ئاسایش، پێشمەرگە، تەندروستی، تەواوی قایمقامیەت و ناحیەکان، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی.
باشە! ئائەمانە هەر هەموی لە زمانی بەڕێز پارێزگارەوە خۆی وتراوە لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیا. ئائەمە لە ( نفیر عام ) و ( أنذار درجة ج عسکری ) یەکەی کۆن ناچێ. کەچی هەر ئەو پارێزگایە خۆی بڵێ هیچ نییە! ئەوی لە هەولێر ڕویدا (لافاو )، نەبو، بەڵکو ( کۆبونەوەی ئاو بوە ) لە چەند شەقامێکی هەولێر! ( شەل نییە و پای شکاوە، دیارە گۆلک لەقەی لێداوە ) نازانم ئەمە ناوبنرێ چی. گاڵتە کردنە بەهزری خەڵکی و یاریکردنە بە واتای وشەکان و فەرهەنگی وشەی کوردی. یان پاساوێکی دور لە ژیر بێژییە، کە نەوەک بە درکاندی وشەی لافاو، گەرد، شانی یەکێ لە ئاغاکانی بگرێ. چونکە جاری پێشو ڕویداوە و نابێ ئەم جارە ڕوبدات و پێیان عەیبە لە پایتەخت دوجار لافاو ڕوبدات و زیان بگەیەنێ. بێگومان بۆ بەرگریشە لە پۆستەکەی خۆی.
هەر لەسەر لافاوەکەی پێشوتر کە ئەو هەمو زیانە گیانی و مادییەی لێکەوتەوە و ئەو منداڵە ساوایە بوە سومبلی خەم و لە دڵی هەمو خاوەن ویژاندانیکدا هەر دەمێنێتەوە و ماوەتەوە. ئەوی پەیوەندی بە پارەوە هەبو لەماوەی دو هەفتەدا بەدەسخۆشییەوە هەمویان هەژمارکرد. چەند ماڵ زەرەرمەندە. چەند کەس تیا چوە، چەند خانو ڕوخاو، چەند ئوتومبیل ئاو بردویەتی، چەندان و چەندانی دی. چەند کەس و لایەن و سەرمایەدار هاوکاری کردوە. هەمو ئامارەکانیان بڵاوکردۆتەوە . بەلام تاکو ئێستا و لە داهاتوشدا ناچن بە لای کەمتەرخەما. لە سلێمانیەوە سەرمایەدارێکی نیشتمانیی ملیارێک دینار بنێرێت کە چی کەمتەرخەم دینارێ نەدات و هێشتا ئەوان چون داوایان لە سەر ئەو ئەندام پەڕلەمانە تۆمارکردوە، کە بەدوای ڕاستیەکاندا دەگەڕێ و داوای چەند ملیۆنێ دۆلار قەرەبویشی لێدەکەن. لەباتی پارە بدەن دەیانەوێ پارەشیان دەسکەوێ.
هەر لە هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقیشدا. خۆشی خۆشی وەفدی هاوبەشیان دروستکردوە، بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بەڕۆژەکەی بەوەفدی هاوبەش بەشداریان کردو بەشەوەکەی تاک لایەنە لێی هاتنە دەرو، لە زمانی ئەندامێکی باڵای یەکێتیەوە وترا خەنجەری ژەهراویان لە پشتماندا و یەکێتیان لەو گۆڕە بەجێ هێشت و سێکوچکەی ( حصب ) ( حەلبوسی، صەدر، بارزانیان )یەکەیان دامەزراند. تا دوێنێ بو پاڵەوانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بون. تەڵاقدانی ئێراق و دڕاندنی پاسپۆڕت و، چونە ناو ئەشکەوت و سەرکەوتن بەسەر دوندو کێوان وسوێند خواردنی نەهاتنە خوارەوەیان دەخوارد تا سەربەخۆیی. کەچی ئەمڕۆیش پێشبرکێ لە دروستکردنی هاوپەیمانی سونەو شیعە کوردیە و بەجێ هێشتنی ماڵی کوردەواری و دەست لەناودەستکردنی نەیارانی دوینێ و پاشقول لە هاوڕێیانی هاوزمانانیانە و وتنەوەی دروشمە حزبییەکەیان ( پێشڕەوی کورد پارتییە سەرۆکمان بارزانییە ) لە ناو پایتەخت ولە ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقی دراوسێ باشەکە.
بەڕێز وشیار زێباری پاش یەک ڕۆژ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێی ئێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیەکەی وتی پارتی بەربژێری بۆ سەرۆک کۆمار نییە. بۆ ڕۆژی دوایی سەرۆک بەدرۆی خستەوە. بۆ ڕۆژی دواتر وتی وام نەوتوە، بۆ ڕۆژی دواتریش ناردیان و خۆی ناونوسکرد، وەک بەربژێری یەکەمی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار. ئەم روداوانە هەموی لەژیر ئەو دروشمە هاوبەشەیاندا بوە کە دەیان وت: یەکێتی و پارتی بەیەک وەفد دەچنە بەغداو نابنە تەرەف لە نیوان شیعە – شیعە.
ئەم حەمکە ڕوداوانە هەرهەموی لەماوەی هەفتەیەکی ئەم حوکمدارییەی کوردا رویان داوە لە بەغداو لە هەولێر. ئەمە ناودەنرێ چی؟ ئەمەیە سیاسەتی نوێ و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردو! ئەمەیە پلانی ستراتیژیان. یان ئەمە بانێکە و نەک دو هەوا ، بەڵکە چەند هەوایەکیانە، سیاسەتکردن لای ئەمان، هەرگیز، بنەمای ڕاستەقینەی خۆی نییەو ئاوی رویان ناتکێ و ئاگایان لە پەردەی سەر ڕو لابراویان، نییە و شەرم و شکۆیان لا نەماوە و سڵ لە هیچ شتێ ناکەن. بە کوردی و کوردییەکەی هەر بەدوای ئەوەوەن، بەهەر ڕێگەیەک بێت، هەندۆکەیەکی دی بێتە سەر خەزنەکەیان.
- بابەتەکانی تری حەمە ئازاد بەرزنجی
-
حەمەئازاد بەرزنجی: خەڵکی نەک لێتان ناترسن، بەڵکە لێشتان بەگومانن.
- -
حەمەئازاد بەرزنجی: ئەرێ ئەم خەمساردی و بێ سەروبەریە تا کەی!
- -
حەمەئازاد بەرزنجی: دیاردەی دڵخۆشکەر.
- All Posts