چێنەر عەوڵا: لوبنان، بەهەشتی گەندەڵ و تاوانباران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێوارەی 29ی 12 ی ساڵی 2019 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی تورکی کە لە فرۆکەخانەی کەناسی شاری ئۆساکای ژاپۆن بەرێکەوتبوو لە ئیستانبوڵ نیشتەوە، فرۆکەکە بەتاڵ بوو ستافی فرۆکەوانی و چەند کەسێک کە تیمێکی کۆنە کۆماندۆی هێزی تایبەتی ئەمریکی (سەربازی خانەنشین کراو کە بە پارە کار دەکەن) جلوبەرگی باندێکی موزیک ژەنینان لەبەربوو، خۆیان وەکو گروپێکی موزیکی راک پشاندەدا بۆکسێکی گەورەیان کە وادەردەکەوت پڕ بێ لە ئالەتی موزیک ژەنین لە فرۆکە توکیەکە دابەزاند و خستیانە ناو فرۆکەیەکی تایبەت و بەرەو بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستیان بە فڕین کرد.
دواتر دەرکەوت هێڵی ئاسمانی تورکی و ستافی باڵای فرۆکەخانەی ئیستانبوڵ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە بەرامبەر ئەم ڕێگادانە. تیمی کۆنە سەربازە تایبەتیەکان کە خۆیان وەکو موزیکژەن ناساندبوو زیاتر هەزاران دۆلاریان پێدراوە وەکو پاداشت.
ئەمەی سەرەوە شێوازی لە زیندان هەڵاتن و خۆ دەرباز کردنی گەورە گەندەڵ و دزی بەتوانا (كارلوس غصنی) سەرۆکی کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی نیسانی ژاپۆنی و رینۆڵتی فەرەنسی و پێشتریش بەرێوەبەری مەیدانی کۆمپانیای میشلان لە بەرازیلە.
کارلۆس کە لە باوکێکی لوبنانی و دایکێکی بەرازیلی لە بەرازیل لەدایک بوە دوای ئەوەی وەکو کارمەند لە کۆمپانیای میشلان ( بۆ دروستکردنی تایە) دەست بەکار دەکات تا پلەی سەرپەرشتیاری گشتی لە باکوری ئەمریکا بەرزدەبێتەوە دواتر دەبێتە بەرپرسی گشتی (CEO) ی کۆمپانیای رینۆڵتی فەرەنسی ( جنسیەی فەرەنسی پێ دەدەن) دوای ئەوەی نیسان نزیک دەبێتەوە لە ئیفلاس کردن بە پارەی رینۆڵت بە شێک لە کۆمپانیای نیسان دەکرێت و دەبێتە CEO ی کۆمپانیای نیسانیش دواتر هەردوو کۆمپانیاکە لە کۆمپانیایەکی باڵاتر تێکەڵ دەکات. لەگەل کۆمپانیای میتسوبوشی ژاپۆنیش هاوپەیمانیەکی یەکگرتن رادەگەیەنێ.
ئینجا بریارە سەیرەکانی کارلۆس دەستپێدەکا بەبیانوی ئەوەی نیسان ببوژێنێتەوە بیخاتە سەرقازانج.
1- بریاردەدا پێشانگاکانی فرۆشیاری سەرەکی نیسان لە ئەمریکای لاتین و جنوبی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ هەر ئۆتۆمبیلێک دەیفرۆشن سەدا 20ی قازانجی فرۆشتنەکەیان پێ دەدرێ وەکو دەسخۆشی ( پرۆمۆشن)، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێشانگاکان سەرەتا خۆیان ئۆتۆمبیلەکان بکرنەوە دوای وەرگرتنی قازانجی فرۆشتنەکە جارێکی تر بە نرخی کەمێک هەرزانتر لە شەریکە بیفرۆشنەوە. کارلۆس سەرپەرشتی ئەم کارەی لە رێی کۆمپانیایەکی وەهمی بە ناوی ZA capital کە لە هۆلندا تۆماری کردبوو دەکا بەو شێوەیە ئەوەی زانراوە 180 ملیۆن دۆلار بەناوی مەسرەفی فرۆشتنەوە وندەکات.
2- بۆ ئەوەی مەسرەفی تێچوون کەم بکاتەوە کوالیتی ئۆتۆمبیلەکان دادەبەزێنێ بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبیلانەی بۆ ئەمریکای لاتین و رۆژهەلاتی ناوەراست دەنێردرێن لە بەرامبەردا بە ملیۆنان دۆلار دەدات بە بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتانە تا کێشەی بۆ داخڵبوون ئەو ئۆتۆمبیلانە دروست نەکەن لەوەشدا 80 ملیۆن دۆلاری گلداوەتەوە. ( دیارە بۆیە عێراق پربوو لە ئۆتۆمبیلی نیسان خراپ کوالیتی).
3- بە ناوی مەسروفاتی سەفەر و گەرانی بۆ کاروباری کۆمپانیا چەندین ملیۆن دۆلار مەسرەف دەکات دواتر دەرکەوت زیاتر لە 18 خانوی چەندان ملیۆن دۆلاری لە وڵات و شارە جیاجیاکان کڕیوە.
دوای چەند گومانێک حکومەتی ژاپۆن ماوەیەک پێشتر بە نهینی لێکۆلینەوە دەستپێکردبوو بە ئاشکرا بوونی ئەمانە کارلۆس دەگرن بە تۆمەتی دزینی سەدان ملیۆن دۆلار لە نیسان دواتر کۆمپانیای رینۆڵتیش لێکۆلینەوە دەستپێدەکا دەردەکەوێ ئەوانیش 11 ملیۆن یۆرۆیان دیار نیە.
دوای نزیکەی ساڵێک لە زیندان و قوناغی لێکۆلینەوە بەهۆی دەستوەردانی حکومەتەکەی مەکرۆنی فەرەنسی و لۆبی ژنەکەی کارلۆس لە رێخراوەکانی مافی مرۆڤ کارلۆس لە زیندان دەردەهێنرێ دەخرێتە چاودێری 24 سەعاتە لە ماڵەوە مافی چونە دەرو سەفەر کردنی لێ زەوت دەکەن تا کاتی دادگایی، بەو بۆنەیەوە کارلۆس دەیەوێ حەفلەیەکی تایبەت لە ماڵەکەی خۆیدا رێک بخات، بانگی گروپێکی موزیکی ئەمریکی دەکات دواتر گروپەکە وەک لە سەرەوە باسکرا دەیخەنە کەیسی ئامێرێکی چەلۆوە و دەربازی دەکەن بۆ لوبنان.
ژاپۆن داوای رادەستکردنەوە لە لوبنان دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی لوبنان هیچ رێکەوتنێکی لەگەل ژاپۆن و ئەندامی ئینترپۆڵ نیە، بۆیە هیچ دواکراوێک رادەستناکاتەوە، دەرکەوت زۆری ئەو پارانەی کارلۆس دزیونی راگواستراونە بانکەکانی لوبنان، بۆیە ژاپۆن نەیتوانی بەڵگەی پێویست لەسەر پارەکان لە هیچ یەکێک لە بانکەکانی فەرەنسا و بەرازیل بدۆزێتەوە.
ئێستا کارلۆس لە لوبنان لێی دانیشتوە، دەسەڵاتدارانی لوبنانیشی رازیکردوە تا ئیقامەی سیاسی پێ بدەن، چونکە قەناعەتی بە حکومەت کرد کە ئەو هەڵاتوی سیاسیە و ویستویانە سزای بدەن!
جا زانیتان بنەماڵە گەندەڵەکانی کوردستانیش بۆچی ئاشقە لوبنان و هێڵی ئاسمانی تورکین و زوو زوو لە بانکەکانی لوبنانەوە هەواڵی پارەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبیستی، چونکە لە ئامادەکاریدان بۆ رۆژی رەش!
تێبینی/ موچەی یاسای و ئاسای کارلۆس ساڵی 17 ملیۆن دۆلار بوو. بەڵام چونکە چاوچنۆک گەندەڵ بوە بەکەمی زانیوە. ئەم سیفەتەی دەریدەخا کە گەندەڵەکانی رۆژئاواش لەکۆتایدا خۆمانە دەردەچن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت