کەمال محەمەد: نوێبونەوەی عێراق و دەرەتانێک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق ئەو وڵاتەی کە بە ھەزاران ساڵ لانکەی ئاوابونی سیستەمی شارستانی ناوەندێ بو، لەگەڵ ئەوەش دەڤەری کۆبونەوەی ھەموو ئەتنیک و ئایین و مەزھەبەکان بوە، بەڵام چونکە خاوەنی ڕادیکاڵترین سیستەمی دیموکراسی نەبو نەیتوانی پەیرەوی سیستەمی لیبراڵییەکانی خۆرئاوا بکات و لەمیانەی سۆسیۆلۆژیای ئەوانەوە خۆی نیشان و شیکار بکات، بەھۆی کەڵەکەبونی کێشەکانییەوە عێراق روبەروی رق و نەفرینی گەورەی مەزھەبەکان و تائیفی و ئەتنیکی بوەتەوە، لەعێراقدا ئیسلامگەراییە سیاسییەکەی بەسیفەتی میللیگەرایی لە میللیگەرایی عەلمانی و دەوڵەت نەتەوەکەی بەکێشەتر بوە چون دەرەنجامی سیاسەت و کاری ئەمانەش لەھی دەولەت نەتەوەکانی مێژوی عێراق رەونەقدارتر نییە و بەو رەوشەی ئێستایان ناتوانن رابردو تێپەرێنن ئەو رابردوەی کە خۆیان کە لەسەر رەخنەگرتن لێی دەژین!
لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسی سونییەوە دونیایەکی ئیندوستریالیزم و مەیلی بەدەستھێنانی زۆرترین بەرژەوەندی و ئیفلاسبونی کۆمەڵگای عێراقی بینراوە لەلایەن ھێزە دەسەڵاتدارەکانیەوە ،نۆزدە ساڵ حکومرانی بەسە بۆ ئەوەی رون بێتەوە ئەم سیستەمەی ئێستا سیستەمێکی دزی و کوشتنی جەستەیی و مەعنەویی تاکی عێراقییە، واتە ئەم سیستەمەی ئێستازیاتر لەناوبردنی تاک و کۆمەڵگا و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی حکومرانییەکی شکستخواردوی نیشان داوە،
ھەروەک چۆن ھەولەکانی مۆنارشییەکان سەری نەگرت عێراقێکی ئارام و دەوڵەت نەتەوەش سەری نەگرت لەدوای روخانی رژێمەوەو بەردەوام توشی قەیرانی بونیادی بوەو سەرجەم کێشەکانی کە بەدرێژایی مێژوو کەڵەکە بون یەک بەدوای یەک ڕژان کاریگەرییەکانی دەرکەوتن ئەوەی وایکرد کێشەکانی لەدۆخی بێ چارەسەریدا بمێننەو سیاسەتی رژێمە یەک لەدوای یەکەکان بو کەئەوەندەی لەخزمەتی بەدەستھێنانی تموحاتە ئابوری و جیۆسیاسی و میلیشیا چەکدارەکانی خۆیانەوە بون نیوھێندە لەخزمەتی بونیادنانەوەی عێراق نەبون.
نایەکسانی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی لەئێستادا تایبەتمەندی سەرەکی ناساندنی کۆمەڵگای عێراقین و وڵات لە قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ستراتیژیدایەو ھێشتان براوەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت گەمەی گرەوی سیاسی لەسەر ھاوسەنگ و پارسەنگی زلھێز و ھێزە ئیقلیمییەکان ئەکەن و ئەو نەخشە سیاسییەیان لەبیر کردوە کەلەھەمو قۆناغەکانی مافی ھاوڵاتیبون و ئازادی کۆمەڵگا بپارێزێت ،تاھەنوکە یاسای تەوافوق باڵی کێشاوە بەسەر لایەنەکان و ئەمەشە وایکردوە رەشبینیمان ھەبێت لەداھاتوی عێراق، داروخانی ژینگەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی ھیچی لە سیاسیی کەمتر نییە کەچی لایەنەکان تائێستاش خوێندنەوەیان نییە و کاری راستەقینەی بۆ ناکەن ھەر ئەمەشە وایکردوە ئەم وڵاتە ھێندەی تر گیرفانە سیاسی و ئابورییەکانی زلھێزەکان تەژی بکات و لە دۆخی میلیتاریزم و جیاکاری دروستکردن و بەرجەستەکردنی جیاوازییە ئایینزاو نەتەوەو کەلتورەکان بمێنێتەوە.
دوای دوساڵ لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی عێراق کە مەبەستیان بو دەرەنجامی زۆر ئەرێنی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی بێننەبون، بەڵام کەمترین گۆڕانکاری لەبەرژەوەندییان ئەبینرێت تا ئێستا، چونکە سیستەمێک یان ھێزێک نابینرێت کەچارەنوسی گەلێک نەسپێرێتە دەست قەزاو قەدەر و عێراقێکی کۆمیۆناڵ بنیاد بنێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێ عێراقێکی بێ کێشە ببینین بونی ئومێد و پارادایم و رێگاو رێنماییەک مەحاڵ نییە کە بەھەمو رەنگ و جیاوازییەکانەوە پەرە بە رێیەکی تر و چارەسەرییەکی تر بدەن ئەگەر نییەت و خواستێکی جددی ھەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت