بورهان شێخ رەئوف: هاوپەیمانى زۆرینە و کاردانەوەکانى لە عیراقدا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەرچەندە سازان بە شێوە کۆنەکەى جارانى شکستى گەورەى هێنا و نەیتوانى عێراق بەرەو کەنارى ئارامى بەرێت، هەر لە جێبەجێکردنى دەستوورەو تا دابینکردنى ئارامى و خزمەتگوزارى، بەڵکو ئەوە هاوپەیمانى پاراستنى بەرژەوەندییە حزبیى و تائیفیەکان بوو، دەیان نمونەى زیندوو هەن کە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن.
ڕەوتى سەدر خاوەنى بیرۆکەى حکومەتى زۆرینەى نیشتمانى سوورو پێداگیرە لە سەر پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە بە هاوپەیمانى سێکوچکەى ( پارتى، سەدرى، حلبوسى و خەنجەر) بە توندى ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە دەست لە شایستەى زۆرینەى خۆى هەڵبگرێت کە لە هەڵبژاردنەکانى 10- 10- 2021 بە دەستى هێناوە.
هاوپەیمانى بەهێزەکان یان وەکو ناویان ناوە هاوپەیمانى رزگارى نیشتمان کە لە سێ لایەن پێکهاتووە کە خۆیان بە نوێنەرى زۆرینەى هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکەى عێراق (کورد، شیعە، سوونە ) دەزانن ، موقتەدا سەدر ڕاەبەرایەتى دەکات و خاوەنى پڕۆژەى زۆرینەى نیشتمانیە دەخوازاێت تەوقى سازان بشکێنێت کە لە دواى ساڵى 2006 ەوە هەموو کابینەکانى پێشوو بەو شێوە پێکهێنراون، ئەم خواستەى سەدر لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە 74 کورسى پەرلەمانى لە دوا هەڵبژاردندا بە دەستهێناوە، بە هاوبەشى پارتى و سوونەکان تەقەدوم و عەزم، دەرگاشى بە کراوەیى هێشتووەتەوە بۆ هەندێک لە لایەنى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان کەتائێستا یەکگرتوویى خۆیان پاراستووەو بەربەستى گەورەى بەردەم هاوپەیمانى سێ لایەنەن، هەرچەندە هەندێک هەوڵ و تەقەلا و هەواڵیش هەیە کە لیستەکەى هادى عامریش(فەتح) بچێتە ناو حکومەتى ئایندەوە.
هەرچەندەى یەکێتى و پارتى سەرەتا بە وەفدى هاوبەش چوونە بەغدا، دواتر هاوپەیمانى زۆرینە هاودەنگى و یەکڕیزى کوردى خستە بەردەم مەترسى گەورەوە و ململانێکانى لە سەر پۆستى سەرۆک کۆمار کە تائێستا بۆ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بووە لە بەرامبەر پۆستەکانى هەرێم، بەڵام کە ئێستا پارتى کاندیدى هەیە بۆى، ئەگەر لە چەند ڕۆژى داهاتوودا چارەسەر نەکرێت، کاردانەوەو کاریگەرى بۆ سەر پرۆسەى سیاسى لە هەرێم و عێراق دەبێت.
هاوپەیمانى زۆرینە بە بۆچوونى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە دەستوەردانە لە ناو ماڵى شیعە و بە پیلان و هەڕەشەى گەورەى دەزان و دەبێژن لە کێشەکانى شیعەر هەر چارە دەبن بەڵام دواتر ئێمەش بە بێ کورد و سوونە دەتوانین حکومەت پێکبهێنن، ڕەنگە ئەمە بۆ سوونە ئاسایى بێت، بەڵام بۆ کورد کارەساتبار دەبێت و ئەوانە بەرپرسیارێتیەکەى هەڵدەگرن کە چوونەتە ژێربارى بۆ بەرژەوەندى خۆیان، بەڵام دواتر هەموو خەڵکى کوردستان باجەکەى دەدەن.
هەڵوێستى ئەمریکاو ئێران ئەمجارە نەرمترە وەکو جارانى پێشووتر وەکو هەماهەنگیەکیان هەبێت زۆر لە لایەنە عێراقیەکان ناکەن بۆ شێوازى پێکهێنانى کابینە، هەرچەندە فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێرانى لە عێراق بوو لە رۆژانى پێشوودا، بەڵام هیچ فشارێکى واى نەکرد ململانێکانى ناو ماڵى شیعە یەکلایى بکاتەوە.
لە کۆتاییدا دۆخى عێراق فرە ئاڵۆزە، هەرچەندە لە ڕووى یاسایى دەستووریشەوە حکومەتى زۆرینەى نیشتمانى پێچەوانە نیە، بەڵام ئایا دۆخى عێراق بەرگەى ئاوا هاوکێشەیەک دەگرێت هەندێک لایەنى کاریگەرى سەر گۆڕەپانى سیاسى لە دەرەوەى بن؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت