رێباز مام شۆرش: له‌ ئه‌شکه‌وته‌وه‌ بۆ کۆشک و ته‌لار.

ئه‌م ووتیه‌ ڕاست گوتراوه‌ هه‌رکاتێک پیاوى شۆرشگێر ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست گه‌نده‌ڵ ده‌بێت. چونکه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستا به‌واقیعى و به‌ چاوى خۆمان ده‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى سیاسى ئه‌مرۆ له‌ ناو پارتى ده‌سه‌ڵاتداربێت یان حیزبى بچوک که‌ حیزبى بچوکیش به‌شى خۆى ئه‌م دیارده‌ى هه‌یه‌، چونکه‌ به‌ هه‌ردوو ره‌وت ده‌سه‌ڵاتداربێت یان بێ ده‌سه‌ڵات ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌رچاو ده‌که‌وێت. چونکه‌ ئه‌مانه‌ى ئێستا پیاوى شۆرشگێرو خه‌باتگێرى قۆناغى سه‌ختى شۆرش و چه‌کدارى شاخ بوون. ئه‌وکاته‌ ده‌سه‌ڵات و سامان و ئیمتیازو پێداویستى رۆژانه‌ى خۆیان و داواکارى خزم و دۆست و لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ر له‌ گه‌ڵ ئێستا جیاوازییه‌کى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌گه‌ڵ شاخ، به‌ڵام له‌ بیریان چووه‌ که‌ به‌ پێلاوى لاستیک له‌ ئه‌شکه‌وت هاتنه‌وه‌ ئێستاش خه‌ریکى کۆشک و ته‌ڵارن.
چونکه‌ له‌ سه‌ر سفره‌ى ماڵان ده‌ژیان تاتۆزێک ئیسراحه‌ت بکه‌ن، به‌ڵام ئێستا له‌ به‌ر کۆشک و ته‌ڵارو کۆمپانیا و پاره‌ى زۆر ئاگایان له‌ خه‌ڵکى فه‌قیرى ئه‌وکاته‌ى گونده‌کان نه‌ماوه‌ که‌ خزمه‌تکارى ئه‌وان بوون، له‌ جیاتى ئه‌وانه‌ خزمه‌تبکرێن و خانه‌نیشین بکرین هاتن به‌پێچه‌وانه‌ خه‌ڵکى جاش و مسته‌شاریان خانه‌نیشین کرد، که‌ڕاوى پێشمه‌رگه‌یان ده‌کردو خه‌ڵکى گوندیش حه‌شارگه‌و جاسووى پێشمه‌رگه‌ى حزبه‌کان بوون به‌بێ جیاوازى.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گواستنه‌وه‌یان له‌ قۆناغى شاخ بۆ شارو گرتنە دەستی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت و سه‌روه‌ت و سامان و ئیمتیازى شارو خۆشگوزه‌رانى زۆربه‌یان نه‌ک هه‌موویان ئه‌و بنه‌ما شۆرشگێریان له‌ بیرکرد که‌وتنه‌ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵاى له‌ شاخ بوون به‌ پاره‌ى گشتى، به‌ڵام له‌و که‌سانه‌ى شۆرشگێربوون مافیان خوراوه‌ له‌ به‌ر جاش و ماستاوچى پێشمه‌رگه‌ى دوێنێ بوونه‌ که‌سانى گه‌نده‌ڵ و به‌ردیل خۆرو ناوچه‌گه‌رى و خزم خزمێنه‌ له‌ سه‌ر حیسابى خه‌ڵک، که‌وایلێهاتووه‌ که‌سانى نائه‌زموون و نابه‌رپرس بکرێته‌ کاربه‌ده‌ست و بریارده‌ر و بێبه‌شکردنى خه‌ڵک له‌ خزمه‌تگوزارى و دابینکردنى پێداویستى ئاو کاره‌با و رێگاوبان، و ئێستاش غاز و بە چل رۆژ جارێک مووچە، چونکه‌ هه‌رکه‌سه‌ له‌ به‌رخۆیه‌وه‌ خه‌ریکى بازرگانى و دانانى کۆمپانیاو کۆکردنه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامانه‌ گوێیان لێنیه‌ خه‌ڵک ده‌مرێت له‌ پرسان یان چۆن ده‌ژیت.
چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى کوردى له‌ ماوه‌ى سی و یەک ساڵى رابردوو نه‌یتوانیوه‌ گۆمه‌ڵگایه‌ک دروستبکات که‌ بناغه‌ى له‌ سه‌ر بناماى دیموکراتى و یه‌کسانى هه‌موو مرۆڤه‌کان دابمه‌زرێنێت، که‌ هه‌موو مرۆڤێک وه‌ک تاک ئه‌بێ ئازاد بێ و خۆى سه‌روه‌رى ژیانى خۆیبێت و کاریگه‌رى هه‌بێ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا. ئازادى به‌و مانایه‌ى که‌ دووربێ له‌ زۆرلێکردن چه‌وسانه‌وه‌ برسێتى نه‌زانین و ترس له‌ داهاتوو ئازادى و یه‌کسانى هه‌ردووکیان به‌ندن به‌ مافه‌کانى تاک و کۆمه‌ڵ ناحه‌قینیه‌ خه‌ڵک له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بێته‌ ده‌نگ، چونکه‌ هیچ یه‌کێک له‌ بنه‌ما دیموکراسیه‌کانى تێدانیه‌ که‌ به‌یاسا مافى خه‌ڵک پارێزراوبێت له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کانى ژیان.
چونکه‌ سی و یەک ساڵه‌ خه‌ڵکى ئه‌م نیشتیمانه‌ خه‌ون به‌ داموده‌زگایه‌کى یاسایى و دیموکراتى راسته‌قینه‌وه‌ ده‌بینن، که‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت و هیچیان ناتوان چاکسازى بکه‌ین، چونکه‌ چاکسازى له‌ کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌کته‌بى سیاسى حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌وان له‌ جیاتى په‌رله‌مان بریارى چاره‌نوس ده‌رده‌که‌ن، بۆیه‌ خه‌ڵک ناحه‌قینیه‌ برژێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان داواى مافى خۆیان بکه‌ین، چونکه‌ بێسه‌رو به‌ریى و نارۆشینى سیسته‌مى یاسایى و ئابوورى و پاوه‌نکردنى پاره‌ى گشتى سامانى ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌یه‌.