دلێر محەمەد نوری: خەمی بووکە شووشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە کوردی شێرە بەفرینە و بە ئینگلیزیش (snowman) واتا پیاوەبەفرینە، بەو دوو سێ تۆپە بەفرە دەوترێ کە لە کاتی بەفرباریندا، مناڵ و گەورە بۆ کات بە سەر بردن لە سەر یەکیان دادەنێن و دووسێ بەرد وەکو قۆپچە دەنێن بە ورگێوە و لوتێک لە گوێزەر و دوو دەستیش لە چڵەدار و دوو چاویشی لە بەرد بۆ دروست دەکەن. وەک وتمان بۆ کات بە سەربردن نەک وەکو خوداوەندێک بۆ پەرستن. چونکە باوەڕ ئەکەم گەر خەڵکی مەبەستی بێ بت دابتاشێ تا شەریکێک بۆ خودا پەیدا بکات، هەر نەبێ لە بەفر دروستی ناکات! چونکە هەر کە کەش و هەوا دوو پلە سەرکەوت خواوەندەکەی بتوێتەوە. تۆ بڵێی پەیڕەوکەرانی خوداوەندی شێرە بەفرینەی ئەمڕۆ، هێندەی ئالی قوڕەیش هەزار و پێنج ساڵ بەر ئێستا، عەقڵیان نەبێت تا خوداوەندی خۆیان لە دار یان بەرد، دابتاشن تا بەرگەی هیچ نەبێت هەتاو بگرێت.
گریمان داتاشینی ئەم پەیکەرە شەریک پەیداکردنە بۆ خودا. بەم پێیەش بێ، پەیڕەوکەرانی شێرە بەفرینە یان پیاوە بەفرینە، دەبێ تەنها خەڵکی ئەو شوێنانە بن کە بەفریان زوو زوو لێ دەبارێت. واتا ئەم ئایین و باوەڕە کوێستانییە و وەرزیشە، چونکە بەفر هەر لە کویستان و هەر بە زستانیش ئەبارێت. هەرچەندە ئێمە لە مێژووی بەفر بارینەوە دڵنیاین کە بۆچی شێرەبەفرینە دادەتاشین، بەڵام برادەرانی دژە شێرە بەفرینە تازە بە تازە ترسی ئەوەیانە کە داتاشینی ئەم خوداوەندە لە بەفر، لە شێوەی ئەو بتانەی کە حەزرەتی ئیبراهیم تێکی شکاندوون، دووبارە هێنانە کایەی بت پەرستی بێت. بەڵام هێندە هۆشی ئەوەیان نەبوو وەکو مامۆستای گەورەمان ئەحمەدی مەلا لە پەیجەکەی خۆی نووسی بووی: بە ناوی خواوە، شەق لە بوکەبەفرینە، هەڵمەدە، تەحەمولت هەبێ خۆی ئەتوێتەوە.
لە ڕاستیدا، ئەوەش ڕاستە کە هەندێكیش ئەڵێن: یاخوا کورد خوو بە شتێکەوە نەگرێت…کە ئەم وتەیە بۆ خۆی ئەیەوێ پێمان بڵێت کە کورد هەرچ بیرێکی وەرگرت لەم سەری چەپەوە بۆ ئەو سەری ڕاست هەر بە توندی وەری دەگرێت. بۆ نموونە لە سەردەمی بە کۆمۆنیست بوونی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، ئەیانووت لە مۆسکۆ باران ببارێت، چلەی هاوینیش بێ لە کوردستان خەڵکی چەتر هەڵئەکەن. بۆیە نەگبەتی کورد لەوەدایە کە ئێستا زۆرێکی بوون بە سەلەفی، بەڵام ئەیانەوێ لە تاڵیبان توندڕەوتر بن و گەر تاڵیبان پەیکەرەکانی بوزا کە چەندین سەددە بەرگەی چەندین شەڕ و شۆڕ و کەش و هەوای بێ ئامانی گرت، تاڵیبان کردنی بە قوربانی چەند بۆمبێك. ئێ وەکو خۆیان ئەڵێن حەیە عەلەلسەڵا ئەو بتانە بۆ پەرستن بوون، کەچی کوردە نەگبەتەکە، شێرەبەفرینەشی لێ بووە بە بوزا و لە جیاتی بۆمب بە شەق تێی بەردەبێت.
وڵاتێکی وەکو ئەفغان کە خاوەنی سنور و ئاڵای خۆیەتی، جا بە ئیسلامی بکات یان عەلمای کەیفی خۆیەتی. بەڵام سەرلێشێواوی کورد لەوەدایە جارێ هەر هیچ نیە لە سەر نەخشەدا و کەچی ئەیەوێ لە تاڵیبان تاڵیبانتر و لە ئیخوان ئیخوانتر بێت. ئەگەر کورد بە دەردی بزن نانی شوانی نەخوارد بێ، ڕۆژێک مەزارەکانی بیارە هەڵناتەکێنێ و ملە کوردییەکانی خێڵی حەمە ناپەڕێنێ و کێلی شاعیری خۆی تێک ناشکێنێت. ڕۆژێ ناگری بە کووڵ بۆ تیرۆریستە گیراوەکانی باغوز و قوربانیش ناکات بۆ گەڕانەوەی تاڵیبان. عالیمەکەی لە قەتەرەوە شەو و ڕۆژ نزا بۆ ئەردۆگان ناکات و میانڕەویشی لە نێوخۆوە، وەک ماری نووستوو تا ئێستاش لە دڵی نایەت بە داعش بڵێ کافر.
بۆیە گەر وا بڕوا من خەمی شێرەبەفرینەم نیە بیدەنە بەر شەق، بەڵکو خەممە لە پێچی ئیجتیهادێکا هەرچی بووکەشووشەی مناڵیشە کۆی بکەنەوە و بیسووتێنن بە تۆمەتی بت پەرستیی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت