ھوشیار ئەحمەدی: قانع” ئەو شاعێرەی قەڕنێ زووتر لەدایک بووە/ بەشی یەکەم)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قانعم، ئەسپی خەیاڵم ، بەینێ تر سەرگەرم ئەبێ
موشتەریی ئەشعارەکانم، قەڕنێ تر بێشەرم ئەبێ

قانعی شاعێر ، تاکێکی تێگەییشتووی کورد بووە لە نەتەوە و نیشتمان و بەھاکانی. بەڕادەیەک کە بە ئاشکرا ئێژێ لەوانەیە ئێستا شێعرەکانم خوازیاریان نەبێ، موشتەرییان نەبێ، بەھای ئەوتۆیان نەبێ بۆ تاکی نائاگاو ناھوشیاری کورد.
بەڵام دڵنیایە ھاونیشتمانییەکانی ، ھیچ نەبێ قەڕنێ تر لە ناوەرۆکی شێعرەکانی تێئەگەن و بەدوای ئامانجەکانی قانعا ئەکەون و سەرئەنجام رووێەڕووی ویستی داگیرکەر نیشتمانەکەیان و چەوسێنەر نەتەوەکەیان ئەبنەوە. ئەمەش ئەبێتە ھۆی راپەڕین، ڕووبەڕووبوونەوە، شۆڕش و لە ئەنجامیشا گیران و ئەشکنجە و زیندانی کردنی ئازادیخوازان، ئەوانەی قانع مەبەستنی.
لە دێڕی یەکەمدا جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە، ھێشتا ئەسپی خەیاڵی، بەو جۆرەی بشێ، تاو نەداوە و سەرگەرم نەبووە. بۆیە پلانی ھەبووە بۆ سەرگەرم گردنی ئەسپی خەیاڵاتی شاعێرانەی خۆی، خەیاڵاتێ بە بنەماگەلی نەتەوەخوازانە و رزگاریخوازانەوە. خەیاڵاتێ بە قەولی خۆی، ببنە ھۆی بەرپابوونی شۆڕشێ. بە دڵنیاییشەوە مەبەستی ئەو لێرەدا زیاتر شۆڕشی مێشک و ئەقڵ و بیر و کولتور و زانست و مانایە. شۆڕشی رۆشنگەرانە، ھوشیارکەرانە.
ئەو بۆ خۆی ھەر ئەو دەمەی ئەم شێعرانەی ھۆنیوەتەوە، باوەکوو ھەموو ئیمکانی بۆ مەلایەتی و پارەدەرھێنان و خۆش ژیان وەکوو مەلاکانی دیکەی ھەبووە، بەڵام پشت لە پیشەی مەلایەتی ئەکات و رۆشنگەریی و شۆڕشە فیکرییەکەی ئەکاتە کاکڵی ئامانج و ئەنجام.
لە دێڕی دووھەما باسی بێشەرم بوونی موشتەریی شێعرەکانی ئەکات. ئەو بێشەرم بوونە ئەکرێ بە دوو مەبەست لێکبدرێتەوە:
1- بە واتای ھووشیار و چاوکراوە و سەرئەنجام چاونەترس و بێ باک بوونی موشتەریی شێعرەکانی.
2- بەو واتایەی کە موشتەریی شێعرەکانی چاوکراوە و بیرڕۆشن ئەبن و بەو ھۆیەشەوە لە لایەن داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەوە ئەگیرێن، سووکایەتی و بێڕێزییان پێ ئەکرێ. بەڵام بۆچوونی یەکەم لە مەبەستی راستەقینەی شاعێر نزیکترە.
مامۆستا قانع بە مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز ناسراوە. ئەو دژی خورافەپەرستی و نەزانی و نەخوێندەواری بووە و پێشی وابووە ئەبێ کوڕ و کەنیشک خاوەن مافی یەکسان بن و ھەردووکیشیان ھوشیار بکرێنەوە.
بەم بۆنەیەشەوە جارێ لە ناوچەی پێنجوێن، خۆبەخشانە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی بەتایبەت زمانی کوردی ئەکاتەوە و خەڵکیش قەناعەت پێ تێرێ مناڵەکانیان بێ جیاوازی، کوڕ و کەنیشگ بنێرن بۆ فێربوون.
پاش ماوەیەک وانە وتنەوە، مەلا خانەقایی و تەکیەیی و مێشک تەعریب کراوەکان ، ھەڕەشەنامەیەکی بۆ ئەنووسن و تێیدا پێی ئێژن: تۆ ئەبێ دادگایی بکرێی لە سەر دوو تاوان:
یەکەم/ بە زمانی کوردی و غەیری زمانی خودا و قورئان(عەرەبی) وانە بە مناڵگەل ئێژیتەوە.
دووھەم/ لەوەش خراپتر ئەوەیە کەنیشکیشت لە تەک کوڕا بردووەتە ناو قوتابخانەکەت و فێری زانینیان ئەکەی!
دیارە ئەو ئازاتر لەوە بووە و حەساویشی بۆ نەکردوون، چونکی مەلای تۆبەکاری تەکیە و خانەقا نەبووە کە نانی ببڕن، ئامادە بووە کرێکاری و ئاسیاوانیش بکات، بەڵام دەستی نەنێتە ژێر بەردی منەتی کەس.
بیرم دێ کۆتایی ھەشتاکانی زایێنی بوو، لە رۆژھەڵات و باشوور گڕکانی شۆڕشی نەتەوەیی فووارەی ئەکرد، شێعرەکانی قانع بە موسیقایەکی تایبەت و دەنگێکی حەماسییانە خوێنرابوونەوە و لە سەر شریت تۆمار کرابوون. لە زۆربەی ئەو ماڵگەلا زەبتیان ھەبوو، ئەو شریتە دەس ئەکەفت. لە زۆربەی چایخانەکان، بە تایبەت لە ئاواییەکانا ئەخرایەسەر و ئەمدیو و ئەودیوی پێ ئەکریا.
بەگشتی ئێستاش ھەرچی زیاتر بە ناوئاخنی شێعرەکانیا ڕۆئەچی، زیاتر پەی بە ھوشیاریی نەتەوەیی قانع ئەبەی.
سڵاو لە گیانی “شاعێری چەوساوەکان مامۆستا قانع”.

ناوی راستەقینەی مامۆستا قانع، “محەممەد کابولی‌” یان “محمد شێخ سەعید دۆڵاشی”یە کە لە (١٨٩٨-١٩٦٥) ژیاوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت