سەردەشت محەمەد: مەرجەکانی نەوەی نوێ خزمەت بەکێ دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆدا “شاسوار عبدالواحید” سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەبارەی یەکلای کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە هەڵوێستی خۆی و جوڵانەوەکەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەنگدەرانی جوڵانەوەکەی خستەڕوو، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی دەخاڵی وەک مەرجێکی پێشوەختە خستەڕوو بۆ ئەوەی بڕیاربدەن کە نوێنەرانی جوڵانەوەکە لەپەڕلەمانی عێراق دەنگ بە بەربژێری یەکێتی یاخود پارتی بدەن.
ئەگەر پێداچونەوەیەکی وورد بە ناوەڕۆکی پرۆژەکەدا بکەین وادەبینین ئەم پرۆژەیە بەتەواوەتی لەخزمەت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە و فشارێکە بۆ سەر ئەو ئەولایەنەی کە بە مەرجەکانی جوڵانەوەکە ڕازیدەبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لەم پڕۆژە بڕوانین ڕاستی پشت ئەم پڕۆژەیە بخینە ڕوو ئەوا تێدەگەین ئەو پرۆژەیە نەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵکو دەستپێکردنەوەی گێمێکی دیکەی نائومێدکردنی دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت ئەو دەنگدەرانەی کە ناڕازین لەدۆخی سیاسی و ئابوری لەهەرێمی کوردستان و چاویان لە ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینەیە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: ئامادەن دەنگ بە بەربژێری هەر هێزێک بدەن کەبتوانێت ئەو مەرجانە جێ بەجێ بکات، ئەگەر وردیبینەوە لەو پرۆژەیە ئەوا تێدەگەین جێبەجێ کردنی تەواوی مەرجەکانی نەوەی نوێ، تەنها و تەنها لە توانای حکومەتە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەو ئەرکانە هەستێت نەک حیزب، وەئەگەر لەپێکهاتەی حکومەتیش بڕوانین دەبینین کە یەکێتی و پارتی دووهێزە سەرەکین کەبەشدارن لەم حکومەتەدا، کەواتە هەر مەرجێک لەو مەرجانەی کە نەوەی نوێ دیاری کردووە جێبەجێ بکرێت ئەوا یەکێتی و پارتی جێ بەجێیان کردووە و هەر مەرجێکیش پشتگوێ بخرێت ئەوا دیسانەوە ئەو دوو هێزە بەرپرسیارن. ئیدی چۆن دەکرێت جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڵێن لەتەنها هێزێکیان وەربگرێت؟ بۆیە لەم کاتەدا دەبوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەردوو هێزی دەسەڵاتداری ناچار بەدانوستان و گفتوگۆ بکردایە و دەبێت ناچاریان بکات پێکەوە خزمەت بە بەرژەوەندییەگشتیەکانی خەڵکی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بکەن، نەک ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەوەبێت یەکێک لەم هێزانە بەڵێنی جێ بەجێ کردنی پرۆژەکەبدات و بەمەش جارێکی دیکە ڕۆڵ و کاریگەری لەحکومەتەوە بگوازرێتەوە بۆ حیزب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت