عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: جه‌مال رینگۆ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

زانیاری جیا جیام له‌باره‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ندان مه‌زهه‌ری خالقی و عه‌لی مه‌ردان کۆکردبوه‌وه‌، هه‌موو توانام خستبووه‌ گه‌ڕ، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری ئه‌زمونی هونه‌ری ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌‌ بکه‌م، گه‌ر رۆژگار بواری بۆ بڕه‌خساندمایه‌، له‌ دوو توێی دوو کتێب دا چاپم بکردایه‌.
له‌ به‌ر رێکه‌تنی 6ی ئازاری 1975ی جه‌زائیری نێوان شای ئێران و سه‌دام حسین، هه‌ره‌سی شۆڕش، هه‌موو بواره‌کانی راگه‌یاندن و گه‌یاندن و ژیان له‌ نیشتمانه‌که‌ماندا سانسۆری له‌سه‌ر بوو، گونده‌کانی سه‌ر سنوور خاپورو مین رێژکرابوون، هه‌وڵه‌کانم دوای په‌رۆشی و ماندووبوون و زه‌حمه‌تێکی زۆر دژوار ترو قورستر بوو، له‌ 1976 – وه‌ زۆر گه‌ڕام به‌دوای زانیاریی له‌ سه‌ر ژیانی خالقی، دوای ماندوو بوونێکی زۆر توانیم کتێبی (خالقی و ده‌نگ و ئاواز، له‌ ده‌فته‌رێکی ده‌ست نووسا تۆمار بکه‌م.
له‌ مانگی 12 ی 1978 قوتابی خانه‌ی مامۆستایان بووم له‌ سلێمانی، جه‌مال رینگۆ به‌ڕێوه‌به‌رمان بوو، داوای ئیمزای لێ کردم، دژی داواکه‌ی وه‌ستامه‌وه،‌ زۆر به‌ توندی توڕه‌ بوو، هاواری کرد به‌سه‌رما، مامۆستاكان تۆزێک هێمنیان کردەوه‌، به‌ زه‌حمه‌ت زۆر بواریدام ئه‌و رۆژه‌ بچمه‌ پۆله‌که‌مه‌وه‌.
ئه‌و رۆژه زۆر به‌ کزی و به‌بێ ده‌نگی له‌ پۆل دانیشتم بووم، دیمه‌نی ‌‌هێستریای رینگۆ به‌ جۆرێک له‌ ناو چاوه‌کانم دا تۆمار بووبوو، ئاگام له‌ وانه‌و مامۆستاو هاوڕێکانی پۆله‌که‌م نه‌مابوو، وشهی‌ نه‌شیاو و جنێوه‌کانی رینگۆ له‌ ناو مێشکی جه‌نجاڵم دا به‌ به‌رده‌وامی ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌، ئازاری رۆح و ده‌روونی ده‌دام.
– من قوبوڵی ناکه‌م لێره‌ بخوێنیت، سه‌گی سه‌گباب، تۆ دژی حکومه‌تیت، چۆن ده‌توانیت ئیمزای نه‌کەیت؟.
چاوی چوو بووه‌ پشتی سه‌ریی، له‌ کاتی جنێوه‌کاندا، تف و لیک به‌ ده‌میدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، هه‌موو روخساری تف باران کردم.
– مامۆستا من کاری سیاسیی ناکه‌م، ته‌نیا خولیای خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤارو کتێبم.
ماوه‌یه‌ک بێ ده‌نگ بوو، چاوی بڕیبووه‌ ناو چاوم، بورکانی هێستریای رق و کینه‌و بوغزی لێ ده‌باری.
بۆ رۆژی دووه‌م، دنیا کپ و بێ ده‌نگ بوو، به‌فر ده‌باری، مامۆستا سه‌دره‌دین عارف وانه‌ی ئینگلیزی پێ ده‌وتین، له‌ ناکاو رینگۆ خۆی کرد به‌ پۆله‌که‌ماندا، ره‌شه‌بای توڕه‌یی له‌ چاوه‌کانی ده‌باری.
– کواعه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود؟، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه سه‌گباب.
هه‌ستام به‌رووی رووی هه‌نگاوم نا، تا هێزی تیابوو، به‌ قۆنه‌ره‌ قاوه‌ییه‌ نوک تیژه‌ ره‌قه‌که‌ی، یه‌ک شه‌قێکی له‌ خوار ئه‌ژنۆم دا، بروسکه‌ی ئازارێکی تیژ هورژمی بۆ مێشکم هانی. بڕۆ ده‌ره‌وه‌ کوڕی سه‌گ، که‌ی ئێره‌ شوێنی تۆیه‌؟.
خوینێکی گه‌رم له‌ ئه‌ژنۆکانمه‌وه‌ به‌ قه‌راغێ پانۆڵه‌که‌ سپیه‌که‌مدا هاته‌ خواره‌وه‌، گۆره‌ویه‌که‌م و ناو پێڵاوه‌که‌می سوور کرد، تا به‌رده‌رگای ده‌ره‌وه‌، به‌ پشتا هه‌نگاوم ده‌نا، رووم هه‌ر له رووی رینگۆ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر شه‌قی تر بهاوێت، رووبه‌رووی شه‌قه‌که‌م به‌ربکه‌وێت، تا له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ ئاودیوو بووم.
به‌فر هه‌ر ده‌باری، شار به‌رگی سپی پۆشی بوو، زریانه‌که‌ به‌ جۆرێک هورژمی هێنا، هه‌ستم به‌ سوێی ئازرێکی توندتر کرد، به‌شه‌له‌ شه‌ل، به‌ شه‌قامی پیره‌ مێردا هه‌نگاوم نا، تا گه‌یشمه‌ کتێبخانه‌ی شانۆ له‌ شه‌قامی کاوه‌، شێخ ئه‌نوه‌ به‌و جۆره‌ بینیمی، زۆر بێ تاقه‌ت بوو، له‌ ده‌رمانخانه‌که‌ی ئه‌و به‌ر، ده‌رمان و له‌فامی بۆ هینام، ته‌داوی بۆ کردم و بیربینه‌که‌ی بۆ به‌ستم.
به‌ ناو به‌فره‌که‌دا هه‌نگاوم نا تا گه‌یشتمه‌ ژووره‌ ته‌نیاییه‌که‌ی خۆم، به‌ ده‌م ئازارو خه‌مێکی قوڵه‌وه، چرای هیوایه‌کی نوێ له‌ ژووره‌که‌م و ناخم دا داگیرسا، توانیم ئیمزاکه‌ی و داواکه‌ی رینگۆ ره‌دبکه‌مه‌وه‌.
له‌ له‌ 7 ی نیسانی 1976 له‌ گۆره‌پانی خانه‌ی مامۆستایان له‌ گه‌ڕه‌کی مامۆستایانی سلێمانی، هۆنراوه‌یه‌کم دژ به‌ به‌عس و ده‌سه‌ڵات له‌ گۆره‌پانی خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی خوێنده‌وه‌، ئاهه‌نگه‌که‌مان تێکدا، قوتابییه‌کانی خانه‌ی مامۆستایان رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌که‌، بوو به‌ رێپێوان دژ به‌ به‌عس، ته‌نانه‌ت له‌ شۆڕش خزیری سه‌رۆکی یه‌کێتی قوتابیانی به‌عس یان دا، مامۆستا خالید کرێدی و عه‌بدولا حه‌سه‌ن به‌یاتی و زاهیر عه‌جیل، ئه‌و ساڵه‌ له‌ پۆلی یه‌کی خانه‌ی مامۆستایان له‌زۆربه‌ی وانه‌کاندا، پله‌ی نزمیان بۆ دانام، هێشتمیانه‌وه‌، ده‌رنه‌چووم. ئه‌و رۆژانه‌ چه‌ند سه‌خت و دژواربوو، به‌ڵام تروسکه‌ی هیوا یه‌ک و ئیراده‌یه‌ک هه‌بوو.
لێره‌دا سوپاس و پێزانینم بۆ مامۆستایانی به‌رێزو خۆشه‌ویست/ سیروان نوری، سه‌دره‌دین عارف، نازم گۆران، حه‌مه‌ ئه‌مین ئه‌حمه‌د هه‌یه‌، نمونه‌ی ئه‌و رابه‌ره‌ په‌روه‌ره‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌ بوون له‌و رۆژانه‌دا هه‌میشه‌ پاڵپشتمان بوون، شانازیان پێوه‌ ده‌که‌ین.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت