دلێر محەمەد نوری: شەڕی ئیدارە یان ئیرادە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیرادە هێزێکە لە نێو خودی حزب خۆیەوە پەیدا دەبێت و سەرچاوەکەشی باوەڕبوونە بەو ئامانجانەی کە لە سەری دامەزراوی وەکو حزب. ئەو پەیڕە و پرۆگرامەی خەڵکت لە دەوری خۆت پێ کۆکردۆتەوە.
بۆیە هەتا ئەو شوێنەی ڕێز لە پەیام و ئامانج و پەیڕەو و پرۆگرامی خۆت بگریت و کاری بۆ بکەیت و لێی لا نەدەیت، ئەوا تۆ خاوەن ئیرادەی، هەر کاتێکش پێچەوانەکەیت ئەنجام دا، پێچەوانەکەی ئەبینیت.
ئیرادە جەماوەر ئەیبەخشێتە حزب. جەماوەریش ڕاستگۆیی و مەبدەئی بوون و ڕۆیشتن لە سەر ئەو خاڵ و بڕیارانەی لە گەڵیاندا مۆرت کردوون، کۆیان ئەکاتەوە لە دەوری حزب. بۆیە هەر کات جەماوەرت هەبوو، شەقامت هەیە و دەنگێکی زوڵالیشت هەیە و کەواتا ئیرادەت هەیە. هەر کاتێکیش ئەمانەت نەبوو ئیرادەشت نابێت.
ئەڵێن ئەوەی ئەمڕۆ یەکێتی ئەیکات شەڕی ئیرادەیە نەک شەڕکردن لە سەر ئیدارە و بە دەست هێنانی پۆست. بەڵام گەر وردببینەوە لە مێژووی 30ساڵی پێشوو، ئەبێ لە خۆمان بپرسین لە کەیەوە یەکێتی کە خاوەن ئیرادەی گەورە بوو لە شەقامدا، وا بەرەو بێ ئیرادەیی ملی ناوە و بۆچی؟ دەبینین ساڵ بە ساڵی ئەو مێژووە تاکە وەڵامێکمان دەداتەوە کە ئەویش ئەوەیە کە ئەوە ئەمڕۆ نیە، لە کت و پڕێکدا ئیرادەی یەکێتی زەلیل و زەوت کراوە، بەڵکو لە مێژە چمکەکانی ئەم ئیرادەیە هەر ساڵەو یەکێکیان ڕادەستی پارتی ئەکرێت. هەڵە ئەکەین گەر بڵێین پارتی ئێرادەی یەکێتی لاواز کردووە، بەڵکو خودی یەکێتییە ئێرادەی گۆڕیوەتەوە بە ئیدارە و پۆست وپارە و ئیمتیازات.
ئیرادە و ئیدارە دوو شتی جیاوازن و پەیوەندییان بە دوو شتی دژ بە یەکیشەوە هەیە کە مەبدەء و مەسڵەحەتە. یەکێتی هەتا بە پێوەری ئەو مەبدەئانە کاری ئەکرد کە لە سەری دامەزرابوو، خاوەن ئیرادەی ڕەهای کوردستان بوو. خاوەنی جەماوەری گیرفان بەتاڵی قوربانی دەری بێ تەماع بوو. بەڵام لەو ڕۆژەوەی مەبدەئی وەلا نا و مەسڵەحەتی هێنایە پێشەوە ئیتر ئیرادەی دۆڕاند و ئیدارەی وەرگرت، شەقامی دۆڕاند و بەشە نەوت و کورسی وەرگرت، پاڵشتیی ڕاستەقینەی جەماوەریشی دۆڕاند و پاڵپشتی درۆینەی پارتی وەرگرت.
یەکێتی ئەو ڕۆژە ئیرادەی نەما کە کوردستانی ڕادەستی پارتی کرد بۆ کورسییەکەی بەغدا. لە کاتێکدا قورسایی ئەو لە کوردستان بوو نەک لە بەغدا. ئەوەتا بەغداش بە پێی ژمارەی کورسی قسەت لە گەڵ ئەکات نەک مێژووی خەبات.
گەر دیقەت بدەین یەکێتی خاوەنی جەماوەرێکی خۆرسکی بێ تەماعی مەبدەئی بوو، مانەوەی یەکێتییان لە مانەوەی ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن ئەبینی. بەڵام جەماوەری پارتی زیاترینیان بەرژوەندی خواز و پەنابەری ناو پارتی بوون، مانەوەی پارتییان لە مانەوەی خۆیان دەبینی. هەر بۆیە جەماوەر یەکێتی چەندین چانسی دایە یەکێتی بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری خۆی و گێڕانەوەی ئیرادە و گوێ نەدان بە پۆست و پارە و ئیدارە. بەڵام یەکێتی بە ژماردەی سەربەرەوخوار (العد التنازلي) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیرادەی خۆی ئەگۆڕییەوە بە ئیدارە و پۆست و پارە.
ئەم یەکێتییە هیچ کاتێک و لە هیچ قۆناغێکی ڕادەستکردنی ئیرادەی خۆی بە پارتی، سەرکردایەتییەکەی گوێی بە هاوار و گلەیی و تۆران و هەڵگەڕانەوەی کادرانی خۆی نەدا و هەمیشە گوێی لە کادیرانی گوێ قوڵاغ و بەرژەەندی خواز و شەریکە کۆمپانیا و شەریکە دز و شەریکە نەوت لە گەڵ پارتیدا گرت لە جێگەی ئەوان.
یەکێتی لە دوای پرۆسەی ئاشتی 1998 ەوە، لایەنی کەم هیچ ئیرادەیەکی لە زۆنی زەرد نەما و تەنها بوو بە پاشکۆ نەک شەریکی ئیدارە و حوکمڕانیش. یەکێتی لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش نەیتوانی شەفاعەت بۆ کادیرە بە ناهەق گیراوە تۆمەت بۆ دروستکراوەکانی خۆی لە زۆنی زەردیش بکات. یەکێتی کە داهێنەری دیموکراسی و ئازادی بوو لە بری ئەوەی ببێ بە پارێزەری ئەو چمکانە، وردە وردە لە پڕۆسەی کۆپی کردنی زۆنی زەرد لە سەوزدا لەو چمکانە دوور کەوتەوە و ئێستاش داوای ئیرادە ئەکات. یەکێتی کە دامەزرێنەری ئیدارە و پارلەمان بوو، پارلەمان داخرا لە بری قڵپ کردنەوەی مێزەکە بە سەر کۆی پڕۆسەکە، لە هەڵوێستێکی کڕچ و کاڵ بەوڵاوە، دەستەمۆ دەستەمۆ گەڕایەوە باوەشی ئیدارە و پاشکۆیەتی و ئیتر داوای ئیرادە بۆ ئەکات. یەکێتی بە مێژوویەکی پڕ لە ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی ستەمکار دامەزراوە، بەڵام بۆ یەکجاریش نەیتوانی ئیدارەیەکی ڕاستی خۆپیشاندانی سنوری خۆی بدات و فشار بکات تا ئەو بەریش چاو لەم بەر بکات، کەچی دەستی دایە چەک و توند و تیژی لە هەر خۆپیشاندانێکیش قوربانی خستەوە، ئیتر بۆچی داوای ئیرادە ئەکات؟ یەکێتی کە خۆی گەورەترین قوربانیدانی زیندانی سیاسییە لە مێژووی حزبایەتیدا، بەڵام سەدان لاوی گەنج لەو بەر بە ناهەق لە زیندان قایم کراون و نەک هەر ئیرادە و هەڵوێستێکی توند و شایستە نیشان نادات، بگرە تاوانباری ئەو بەر لە بەری خۆی و بە ماشێنی خۆی دەباتەوە ئەو بەر بێ گودانە یاسا و ڕێسا و ئێستاش داوای ئیرادە ئەکات. زۆرن نموونەی هەرزان فرۆشی ئیرادەی یەکێتی بە پارتی، بۆیە ئەوە ماوەتەوە بڵێم ئەوەی هەرزان لە دەستت دان زۆر بە گرانتر ‌دەستت دەکەونەوە. ڕۆژگاری داهاتوو نیشانمان دەدات کە یەکێتی ئامادەیە باجی گەورە بدات بۆ گێڕانەوە ئیرادەی خۆی، یان دیسانەوە لە سەودایەکی هەرزاندا ئەچێتەوە باوەشی ئیدارە لەقەکە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت