حەمەئازادبەرزنجی: ماڵە باجێنەی کاک مەسعود و سەدر و کوڕانی لاساری گەڕەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئا لەو دەمانەی کۆندا، لەو دەمەی زۆر کۆنیشدا نا، ئەم حەمکە ڕۆژنامە و سایت و تەلەفزیۆن و مۆبایل و گەمەی ناو مۆبیالە نەبو. منداڵان ئەوەندە عەوداڵی لەماڵ بون و لە ناو ماڵ خزان نەبون. مناڵان هەر لە کۆڵان بون و هەر لەوێش پێکوڕە و هەراش دەبون و هەر لەوێ یاریان دەکرد و کاتی خۆیان بەسەر دەبرد. بە هەڕەشە و، بە بانگە بانگی دایکیشان ( چونکە زیاتر دایک لە ماڵ بو ) نەبوایە بۆ نانخوردنی نیوەڕۆیش نەدەچونە ژورەوە.
كچان یاری و گەمەی خۆیان هەبو، کوڕانیش بە هەمانشێوە. نە کوڕان دەچون لەگەڵ کچان بن و، نە کچانیش کوڕانیان لەسەر دەکرد. کوڕان بچونایە بەلای کچاندا پێیان دەوتن، خلە کچانی و بە پێچەوانەیشەوە بە کچانیان دەوت خلە کوڕانی. خۆ ئەگەر کچێ یان ژنێ زۆر هەڵسوکەوتی کوڕانە یان پیاوانەی بکردایە، بە نێرە ناوزەدیان دەکرد، وەک نەعە نێرە. پێچەوانەکەشی بە پیاوەکەیان دەوت ژنانی وەک ئەحە ژنانی.
کچان و کیژۆڵان، یاریەکیان هەبو پێیان دەوت ( ماڵە باجێنە ). گەر کچ گەلەکە زۆر بونایە، ( بێگومان زۆریش بون، چونکە ئەوسا ژمارەی تاکی خێزانیش زۆر بو هەمو ماڵی بە لایەنی کەمەوە، دو سێ کوڕ و دو سێ کچی تیابو )، دەبو نە چەند کۆمەڵ و بەشێک و یاریەکەیان دەست پێدەکرد. چەند ماڵۆچکەیەکیان دروست دەکرد و هەر ماڵەیش، کیژۆلەیەک، دەبو بە سەرگەورەیان و ڕۆڵی ئاغا ژن و شێخ ژن و کوێخا ژنیان دەبینی. کەوچک و مەنجەڵ وقاپ و قاچاغی مناڵانەیان لە خۆیان کۆدەکردەوە و چێشتە قولێیان دروست دەکرد و هەر یەکەیان ئەمری بەسەر حەشاماتی خۆیا دەکرد وکاری پێدەکردن و خۆی گیڤ دەکردەوە بەسەریاناو، ئەوەندە خۆی قورس دەگرت، کەری کوڵ نەیدەکێشا. جێگە ڕادەخرا و جارجارێ سەردانی یەکتریان دەکرد و ڕێکەوتنیان دەکردو دەعوەتی یەکیان دەکردو دەس دەکرا بەنان خواردن. کوڕانیش زەقەی چاویان دەهات و کچانیش لەسەریان نەدەکردن.
کاتێکت دەزانی دەقەوما. ماڵە باجێنە و قابلەمە دەبوە قوربانی خڕکە بەردێ. لە بەر فڕکە فڕکی بەردی کوڕانی لاسار، نە ئاغا ژن دەیپەڕژایە سەر شێخ ژن و، نە ئەم ئاگای لە کوێخا ژن دەماو نە هیچیان، ئاگای لە حەشاماتی خۆی دەماو بە قاو قریشک خۆیان دەکردەوە بە ژوراو، ئاشبەتاڵیان پێدەکرا. دەچون لای دایکیان شکاتیان دەکرد. خۆ ئەگەر ئەو کچانە چاوی دایکێکی هار یان پاڵپشتی برایەکی عەجولیان هەبوایە. کوڕانی لاساری گەڕەک یەکجاری نەیان دەوێرا بەو جۆرە ئەو حەشرەیان پێبکەن.
ئەم ڕێکەوتنەی سەدر و کاک مەسعود و حەلبوسییەش، هەر لەو بابەتەیە و هەرلەو ماڵە باجێنەیە دەچێ. هەر یەکەیان ناوێکی بۆخۆی و بەرامبەرەکەی هەڵبژاردووە، بێگەڕانەوە بۆ لایەنەکانی دیکەو زۆربەی زۆرینەی جەماوەری دەنگنەدەر. لای سەدرەوە کاک مەسعود مەرجەع و ئاغا و ئاغا باوەی هەمو کوردانە و لای کاک مەسعودیشەوە، سەدر مەرجەع و شێخی یەکەمی هەمو شیعە و کەڵەگای گەڕەک وهەمو ئێراقە و، حەلبوسی و خەمیس خەنجەریش کوێخای گشت سونەکانن. پشت بەو دەنگانەی هێناویانە، خۆیان بە گەورەی هەمو لایەک دەزانن و حکومەتی زۆرینە دروست دەکەن و ئەوانی دیکە دەسڕنەوە. ڕاستە دەنگی زۆریان هێناوە، بەڵام یەکەم: ئەوان زۆرینەی دەنگدەرانن، نەک نوێنەری زۆرینەی دانیشتوانی گەلانی ئێراق و دووەم: واقعی سیاسی ئێستای ئێراق کەس نەیزانێ ئەوان باشی دەزانن. کە نابێ هەندێ هێزو لایەن هەن لە ئێستادا فەرامۆش بکرێن و کەنار بخرێن. ئاخر نایشزانن، کوڕانی لاساری گەڕەکیش هەن، ئەم شانۆگەری و ماڵە باجێنەیەیان لێتێک دەدەن. ئێوە قەبارەی ڕاستەقینە و هێزی خۆتان بۆ نازانن! ئەوە بەدوو خڕکە بەرد، ماڵی حەلبوسیان تێکدا، پێشتر چەند ڕۆکێتێکیان گرتە فڕۆکە خانەی هەولێر، چەندان جارو ئەمجارەیش فرۆکە خانەی بەغدادیان موشەک باران کرد، ماڵی کازمی سەرەک وەزیرانیان لە بەرەبەیاندا گڕدا و چەندان جار ئەمریکیەکانیشیان کردە ئامانج.
جاری پێشو کاک مەسعود لە شانۆگەری ڕیفراندۆمەکەدا، دنیا بوە تکا کارو ئەو لەسەر عینادییەکەی خۆی هەر بەردەوام بو ( حسابی ئا ئەمەندەیشی بۆ هیچ کەسێ نەکرد ). تا هەمومانی دا بەداری گۆڵە کەداو نیوەی خاکی کوردستانی باشوری لە کیس کورد دا. ئەمجارەیش، پێیان وتوە، واز لەو عینادییەت بهێنە و، کاکە لە کێشەی نێوان شیعە – شیعەدا، مەبە لایەنگیرو، با ئاژاوەکەی نێوانیان، ماڵی کوردیشی پێوە گڕ نەگرێ. لەسەرەوە دەیوت، ڕازیم وکورد بێ لایەنە و وەفدی هاوبەشی کوردانی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد پێک دەهێناو، کەچی ژێر بەژێر ، ڕێکەوتنی سێکوچکەیی ( حصب ) ( حەلبوسی، صدر، بارزانی ) ی دروستکرد.
کاکە لەم ڕێکەوتنە سێ قۆلیەدا، دەزانین لایەنگری ناوخۆ و دراوسێی دەوڵەمەند و نێودەوڵەتیشتان لە گەڵدایە. بەڵام لە بەرامبەریشدا، چەندان لایەنی ناوخۆ و خاوەن هێز و چەک بەدەسیش هەن. بێجگە لە دژە دراوسێی و ئقلیمی و داخ لەدڵانی خۆبەزلزانینەکانتان و کەس نەخوێندنەوەکانتان و ، پاشقول لێگیراوەکانیشتان هەن، چ لە ناو ئێراق یان لە ناو کوردستانیشدا بن.
دیارە ئەمجارەیش، ئەم کاکەیە توشی بەزمێکی دیکەمان دەکات و، کێشەیەکی تر ڕوبەروی میللەتەکەمان دەکاتەوە. خوا بکات دور بین لە بەڵای کوڕانی لاساری گەڕەک. نە دایکێکی دڵسۆز و نە برایەکی عەجولیشمان هەیە، تا چاوی لەسەرمان بێت و بمان پارێزێ. هیواداریشین، دانیشتوانی سەری ڕەش، هەر ڕوسورو دڵخۆش بن و بە ئارامی تیا بحەوێنەوە و سەری ڕەشیش بێ دوکەڵی ڕەش بێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت