دانا مەنمی: رەخنە لە پێناو فراونکردنی مەساحەی ئازادیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو جارێک ئەو پرسیارە گەورەیە دێتەپێشێ: بۆ ڕەخنەگرتن پێویستە؟ بۆ ناتوانین و نابێت دەستبەرداری ڕەخنەگرتن ببین؟ پرسیارێکی دووبارە و ئەبەدی کە هەموو ڕۆژێک بۆ وەڵامی نوێ دەگەڕێت ، ئێمە ئێستا لە سەردەمێکداین سیاسییەکانمان لە زۆربەی بوارەکانی بەڕێوەبردندا فەشەلیان هێناوەو خۆیان لە ڕەخنەو پرسیارە گەورە و گرنگەکان دەدزنەوە و بەرەو گەندەڵی گەورەتر و کارەساتی وێرانتر و تراژیدیاتر و ناجدییەت دەڕوات، کۆمەڵگایان خاڵی کردووەتەوە لە بەها جوانەکان و لە ئەخلاق و ویژدان و لێبوردەیی و ڕێژەیی خۆکوشتن و هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژیی سێکسی ڕوو لە زیادبوونە و کەرتی پەروەردە و فیرکردنیان دامالیووە لە مەعریفە و ئایدیا و پەروەردەکردن و مرۆڤیان لە ماهییەتی جوانی و مانای ژیان و مانای زمان و خۆشەویستی دامالیووە.
ئێمە دەبێ لە چەمکی ڕەخنەگرتن قوڵبینەوە ،زۆر بە سادەیی ڕەخنە بریتی یە لە ھەڵسەنگاندن و نرخاندن بەمەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ ، میشێل فۆکۆ لەیەک لە کتێبەکانیدا بەناوی “رەخنە چییە؟”، زۆر بەوردی باس لە رەخنەو جۆرەکانی دەکات، مرۆڤ دەبێ لە ڕێگەی فیکری ڕەخنەییی خۆیەوە ببێتە خاوەنی دیدگەی ڕەخنەیی و بەردەوام بەدوای تێڕاماندا بێت و دیدو ڕوانینی نوێ ڕەخنەگرانە بەرهەم بهێنێت، ڕەخنەگر دەبێ خاوەنی ژیری و ژیربێژی بێت، ڕەخنە بریتی یە لە هەڵسەنگاندن، رەخنەگرئیش لەسەر دۆزینەوەو کەشفکردنی دیوی دووەمی شتەکان دەکات، هەموو ڕەخنەگرێک تینوی فکرو تێڕامان و دەربڕینی خۆیەتی وکاری ڕەخنەگریش بریتی یە لە تێڕامان و فراوانکردنی مەساحەی ئازادی و ڕەخنەکانیشی ئەبێ خزمەتکردن بێت بە ئازادی ئینسانەکان و نەترازێ بۆ شتیتر ،هەر مرۆڤێکیش جیاواز بیری کردەوە ئیتر لەوێوە جیاوازی و رەخنە دەست پێدەکات، “ڕۆلان بارت” لە کتێبی” پلەی سفری نوسین” دا دەڵێت؛ ڕەخنە تاک دروست دەکات و لە کۆمەڵگا جیای دەکاتەوە.
پرسیار و گومان بە درێژایی مێژوو بزوێنەری فەلسەفە بووەو مێژووی فەلسەفەش مێژووی ڕەخنەیە، رەخنەیش چەندین ئاراستەی فیکری جیاوازی دروست کردووە ، یەکەمین روانینی ڕەخنەگرانە وانەکانی “سوقراتە”کە ھەستا بە دانانی کارنامەیەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەمەبەستی ھێنانەکایەی پرسیارگەلێک دەربارەی لێکدانەوە باوەکان ،پاشان “پلاتۆ” لە ڕێگەی ڕەخنەوە پێوەندیی لەنێوان فەلسەفە و هونەردا دۆزییەوە. ” ئەرستۆ”لە ڕێگەی ڕەخنەوە “پلاتۆ” تێ دەپەڕێنێت، “دیکارت” لە سەدەی حەڤدەدا ڕەخنە لە میراتی “ئەریستۆ” و تێکڕای ڕێبازە فەلسەفییەکان دەگرێت، تا مێتۆدێکی دیکەی جیاواز لەسەر گومان دادەمەزرێنێت، ئیمانوێڵ کانت لە سەدەی هەژدەدابایەخ بە ڕەخنە دەدات و کتێبەکەی ناو دەنێت “ڕەخنە لە عەقڵی پەتی” . هیگڵ شێوازێکی تری ڕەخنە دەهێنێت جیاواز لە رەخنەکەی کانت و بەگژ میراتی ئیمانوێڵ کانت دا دەچێتەوە، سەدەی نۆزدەهەم کە بەهیگڵ دەست پێدەکات سەدەی ڕەخنەیە ، من نامەوێت بچمە ناو مێژووی گەشەکردنی ڕەخنەوە ، چونکە مێژوویەکی قوڵ و هەمەلایەنەو رامان دەکێشێت بۆ ناو جیهانی ئیسلامی و ئەو کاتە دەبێ پەردە لەسەر بەرهەمە ڕەخنەیییەکانی ” ئیبن خەلدوون” یش هەڵدەینەوە.
سیگمۆند فرۆید دەڵێت: زۆرێك لە مرۆڤەكان ئازادییان ناوێت، چونكە ئازادبوون خوازیاری ئەوەیە لێپرسراوێتی هەڵبگریت، دیارە زۆربەی خەڵكیش لە لێپرسراوێتی دەترسن و خۆیانی لێ دەبوێرن! ڕاستە بەهای بەدەستهێنانی ئازادی زۆر گران لەسەر مرۆڤ بوەستێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ڕازی بێت بەكۆیلایەتی باجدانەكە زۆر قورستر دەوەستێت.
ویست و ئیرادەی مرۆڤ کاتێک دێتە دی کە ئازاد بێت، بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ڕۆحی سەرجەم یاساکانیش گەڕانەوەیە بۆ ئازادی، مرۆڤ کاتیک ئازاد بێت باشتر عەقڵی کاردەکات وئارەزووی دونیایەکی باشتر بۆ خۆی و دەورو بەری دەکات، کە ئازاد بوین دەنوسین و نووسینیش یەکێکە لە کەناڵەکانی زمان، ئەو کات شتێک هەیە بۆ گوتن و کاتێک ڕەخنەگر ڕەخنە دەگرێت ئیتر ئۆتۆماتیکی هۆشیاری گشتی بەرزئەبێتەوەو پرسیاریان لەلا دروست دەبێت، مەسەلەن ئێمە ڕەخنە لە پارتی، یەکێتی ، بزوتنەوەی گۆڕان و حکومەتی هەرێم دەگرین مەبەستمانە هوشیاری لەناو کۆمەڵگاو چین و توێژە جیاجیاکان بەرز بێتەوەو ئیتر لەوێوە پرسیار دروست دەبێت لای خەلک و لای ئەندامان و کادیران و ناوەندو ئۆرگانە حیزبییەکان کە خۆیان کۆبکەنەوەو فشار لەسەر سەرکردەو حیزب حکومەت و پەرلەمان دروست بکەن لە پێناو چاکەی گشتی دا، هەرچەندە سیاسەتی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم ھەرچی ئۆپشنی مەدەنی و دیموکراتی ھەیە بێ بەهایان کردووەو ھیچ ئیعتیبارێکیان بۆ ڕەخنەگرتن نەهیشتووەتەوە، دواجار شێركۆ بێكەس زوو دركی بە هەرەس هێنانی هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان کرد بۆیە نوسیویەتی:
دەمامکەکان هەڵبدەنەوە.. ئەم شانۆیە هەرەس دێنێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت