دلێر محەمەد نوری: ڕەزازی و داعش.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

جارێك شاعیر و جارێک سەماکەر و جارێكیش ئافرەتێکی چالاکوان و جاریکی دیکەش نووسەرێکی دیار و ئەم جارەش گۆرانیبێژێک کە گەرووی شاهیدی خزمەتەکانێتی بە هونەر، دەکەونە بەر هێرش و نەفرەتی مەلا و ئیخوانی و سەلەفییەکان. دەمێك لە سەر قسە کردن لە بارەی مێژووی ئایین کە پڕ پڕە لە پرسیاری کراوە و گوومانی قەتیس کراو، یان لە باسی نەورۆز و زەردەشت و سەلاحەدین، دەمێکیش لە سەر ڕەخنەیەکی زانستی لە وانەی پەروەردەی ئایینی و دمێکی تریش، بە پێی یاسای (لکم دینکم و لي دیني) و لە سەر ئاشکرا کردنی ئازادانەی بیر و باوەڕێك، هەرچی کاراکتەری ئایین و ئایینزای دونیای کوردی هەیە ئەکەونە ڕاگەیاندنی جەنگ.
هەرچی دەیهێنم و دەیبەم لە هاوکێشەی ئیسلامییەکان و هەڵوێستەکانیان تێناگەم. هەرچی ئەیکەم و تێدەکۆشم نە وتاری بڵندگۆکان و نە بانگەوازی بانگخوازەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دڵی منی هاوزمانیان بۆ لای خۆیان ڕاناکێشن. وە نەبێ من و هەزارانی وەکو منیش دڵمان لە بەرد بێت و بە چاک نەڵێین چاک و بە خراپیش نەڵێین خراپ. ئەمە ئەگەر جارێک لە جارەکان مەلایەک یان بانکخوازك وتەی ڕاست و جوان و چاكی کردبێ.
بەڵام ئەگەر تۆ تەنها خەمی لەکەدار بوونی خەلیفە و سەلاحەدین بە هی خۆت بزانی! گەر تۆ تەنها خەمی موسوڵمانانی میانمار و ژن و مناڵی بەجێماو لە تیرۆریستانی داعش لە باغوز بە خەمی خۆت بزانی! گەر تۆ جارێکیش بە وشەیەکیش دڵی ئەردۆگانی ئیخوانیی دوژمنی ئێمە نەڕەنجێنی! گەر ئامادە نەبی لە جێی تانە و تەشەر و وتەی نابەجێ و ناشیرین بۆ جارێکیش بە ئارامی کچ و ژنی سفوری ئێمە بدوێنی! گەر تۆ هەرچی موقەدەسی نەتەوەیی و نشتیمانییە بیکەی بە قوربانی چنگێ خۆڵی سارای جزیرە و هەر چی هونەر وشاکار و ئەدەبی کوردیشە بە قوربانی چۆڕێ ئاوی زمزم و چڵێ فڵچە سیواكی بکەی! چاوەڕوان مەبە بۆ جارێکیش ئەم شەڕە نابەرامبەر و ناهەقەت لە پاڵدا بکەم.
سەیرم لە ئایینزا وسەلەفی و ئیخوانییەکانی دونیای کورد دێت، کە ئامادەن لە سەر وتەیەکی گۆرانیبێژێ هەرچی سەری گۆرانییەتی بیبڕن. (کە دواجار خاوەنی ئەم گۆرانیانە کولتور و مێژووی نەتەوەی کوردە نەک ناسڕ). بەوەش نەوەستن بێن سۆشیال میدیای بۆ پڕ بکەن لە فەتوا و مینبەرەکانیش لە رق و جنێوی سووک، بەڵام ئامادە نەبن قسەیەک لە سەر پەلامارە وەحشییەکەی داعشی دوو هەفتەی پێشوو بکەن بۆ سەر زیندانی غوێران لە حەسەکەی ڕۆژئاڤا. ئامادەنەبن ئیدانەیەکی بۆمببارانی کەمپی پەنابەرانی کوردانی باکور بکەن لە باشور لە لایەن ئەردۆگانی گەورە ئیخوانی. نەک هەر ئەمە بۆ جارێکیش لە دڵتان نەهات لە بەر دڵی سەددان هەزار دایک و باوک و برای ئێزیدی، بە داعش بڵێن کافر، لە پای دەست درێژی بۆ سەر ئەو پێنج هەزار کیژۆڵە و ژنە ئێزیدییەی کە هەر بە یاسای ئایین بە سەبی و کویلە بران. سەیرن ئێوە هەر زۆر سەیرن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت