زەبەنگ بەهادین: وڵات دۆشین.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دەیکەن لە کوردوستان دۆشینە تاڵان کردنە، لە نەوت دەردێت و دەفرۆشێت بێ ئەوەی سوود لە پارەی وەرگیرێت بۆ پرۆژەی ستراتیژی و بەرهەمهێنانی بەسود، خاک و خۆلەکەی دەردێت پاشان دەکرێتە چیمەنتۆ و خشت بەرەو خوار دەنێرێت پارەکەی دەدرێتە بالا خانەو بەرز دەکرێتەوە لە ناو ئەو شەقامە تەسک و کۆنانەی شاردا، کارگە کۆنەکانی رژێم هەموی تالانکرا و لە شوێنەکانیان شوقەمان بۆ دەکەن، زەوی کشتوکالی دەکرێتە پێشانگا و یەکەی نیشتەجێبوون، جا نیوەی زیاتری یەکەی نیشتەجێکانیش بۆ برا عەرەبەکانمانە، ئەوەی لێرە دەکرێت تەنانەت سەرماداریەش نییە، چونکە بەرهەمی نییە بەلکو تەنها فینانسگەراییەکی بێ بەرنامەو پلانە، خۆمان غازمان نییە بەشی خەلکەکەمان بکا وا بەرەو تورکیای دراوسێی دەنێرین، خۆمان نەوتمان نییە دەیفرۆشینە ولاتانی رۆژئاوا. کارەباکەی خۆمان بەرگە ناگرێ، بەلام دەیفرۆشینە بەغداد. هەرکامیان راست دەبێتەوە دەلێت کوردوستان دەبێتە دوبەی یا دەستە خوشکی فەرەنسا یان دەبێتە کەنەدا، بەلام چۆن منیش دەلێم دەبێت تەنها لە روخسار و رواڵەتدا دەبێت لە باڵەخانەو شەقامی روناک تەنها روکەش جوانی دەکەین.
زۆر جار وەک سەیارەیەکی لامبورگینی دێتە پێشچاوم روکارەکەی جوان، بەلام ئەم لامبورگینییەی ئێمە مەکینەی ماتۆری ئێرانی لەسەرە و کوشنەکانی بە حەسیرەکانی سەماوە دروست کراوە، سوکانەکەی نایلۆنە کۆنی تورکیایە. دەسەلات خۆی دەزانی ئەم میللەتە عاشق بە روخسار و رواڵەتە بۆیە روخسارەکەی بۆ مکیاژ دەکات و بە هەموو هێزی ئەم ولاتە دەدۆشێت. لە ئێستادا نەوت بەرزە، بەلام بەم هەموو فراوان بوونە و بەم زێدە بونی ژمارەی عەرەبە لە کوردوستان یەک داروخانی ئابوری یان دابەزینی نرخی نەوت، ئەمجارە کوردوستان وێران دەبێت. هەلبەت بۆ خەلکەکەی نەک دەسەلات و حیزبەکانی، چونکە ئەوان بیریان تیژە کە نەوت نەمێنێ غاز دەفرۆشن ئەویش نەمێنێ خاک دەفرۆشن. سوودی نییە رێنمونی کردنیان بۆ وەبەرهێنانی راستەقینە و بەرهەمهێنان لە کوردوستان، چونکە نایکەن، بیکەن لادەبرێن کاری ئەوان ساغکردنەوەی بازاری سەرمایەدارییە. بۆیە لە چاکسازی و دەوڵاتداری گەرێن ئەمرۆ خراپتر بوو لە دوێنێ سبەینێ لەمرۆ خراپتر دەبێت ئەوە داهاتوی کوردوستانە بەمشێوازە حوکمرانییە بێ پلان و بەرنامە و ئابوریە دەبێت چاوەرێی نەهامەتی بکەین بۆ نەوەکانمان نەک خۆشگوزەرانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت