عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: جه‌مال رینگۆ/ بەشی شەشەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

به‌یانیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ فڕێی دایه‌ خواره‌وه‌

دوای بێ ده‌نگی و کپبوونی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌، به‌رێوه‌به‌ری ئه‌منی سلێمانی و چه‌ند ئه‌منێک و چه‌کداره‌کان به‌ خێرایی له‌ لای کاوه‌وه گه‌ڕابوونه‌وه بۆ لای کامه‌ران، ده‌ستی کامه‌رانیان به‌سته‌وه‌و لایلۆنێکیان به‌ سه‌رییه‌وه‌ به‌ست، ئه‌منێک میللی چه‌کی لێ هێنایه‌وه‌، فیشه‌کی خسته‌به‌ر لوله‌ی چه‌که‌که‌ی و خسته‌ سه‌ر سه‌ری کامه‌ران و وتی: بنی آذا اضغط علی الزناد رآ سك ينفجر وآحنا نرید مساعدتك في الجا معة والآمتحانات اذا تتعاون معنا.
له‌و کاته‌دا کامه‌ران ویستی به‌ عه‌ره‌بی وه‌ڵامی لێپرسراوه‌که بداته‌وه‌.
وتی : اسکت.
– با ئه‌و کوڕه قسه‌کانت بۆ وه‌رگێڕێته‌ سه‌ر زمانی کوردی، ئه‌مجا تۆ بۆت هه‌یه‌ وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌.
کامه‌ران که‌ گوێی له‌ شێوه‌ زمانی وه‌رگێڕه‌که‌ بوو، زانی که‌رکوکیییه‌ و پێی وت: پێی بڵێ ئێمه‌ قوتابین زۆر بێزاربووین له‌ جه‌نجاڵی شار، هاتوین بۆ قه‌راغ شار، جه‌وێک بگۆڕین.
له‌و کاته‌دا چه‌کداره‌کان به‌ زله‌و شه‌ق و قۆناغه‌ تفه‌نگ،کامه‌رانیان داگرته‌وه‌.
لێپرسراوه‌که‌یان وتی: ئه‌وه‌تا هه‌موومان وا له‌م قوڕه‌دا چه‌قیوین، جه‌سته‌مان هه‌مووی قوڕه‌، که‌ی ئێره‌ شوێنی پیاسه‌یه‌؟
کامه‌ران وتی: سیدی اذا تكتلونی علی الحق ما یهمنی ،،آنی برئ وآحنا طلاب
وتی: گواد لیش آحنا نكتلك علی الحق
ئه‌م دیالۆگانه‌ به‌رده‌وام بوو،کامه‌ران له‌ ناو قوڕه‌که‌دا که‌وتبوو ،چه‌کداره‌کان به‌ به‌رده‌وامی له‌ کامه‌رانیان ده‌دا ، کامه‌ران هه‌ستی کرد ، ئه‌و هێزه‌ ته‌نیا سه‌رقاڵی ئه‌وان نین ، له‌ کێوماڵێکی چڕو پڕ دا ،بست به‌ بستی ناوچه‌که‌ ته‌ی ده‌که‌ن ،زانی به‌ رێکه‌وت که‌وتونه‌ته‌ ناویانه‌وه‌ ، دوای ئه‌وه‌ی زۆریان لێدا ، هیچ نهێنییه‌کی نه‌درکاند ، پیان وتبوو :
-تۆ لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌ ،تۆزێکی تر، هێزێکی تر دێت ده‌تبات .
کامه‌ران ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ ناو ئه‌و قوڕه‌دا به‌ پاڵکراوی مایه‌وه‌، ته‌نیا پاسه‌وانێکی لاوه‌ستابوو، ، دواتر پاسه‌وانه‌که‌ش رۆیشت، دوای تاوێک ئه‌مجا زانی ده‌ورووبه‌ره‌که‌ی بێ ده‌نگ و کپه‌، هه‌ستابووه‌ سه‌رپێ و له‌ چاڵه‌که‌ هاتبووه ده‌ره‌وه‌، به‌ده‌ست به‌سراوی هه‌نگاوی نا و سه‌رکه‌وت بۆ سه‌ر گرده‌که‌ی به‌رده‌می.
له‌ دوره‌وه‌ کۆمه‌ڵێ منداڵی بینی، ‌که‌وته‌ گومانه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌بێ که‌ کاوه‌ی تیا گوله‌ بران کرابێت. به‌خێرایی رووی کرده‌ ئه‌وشوێنه‌، کاوه‌ی بینی ده‌م و چاوی شین و مۆرهه‌ڵگه‌ڕابوو، به‌کزیی دانیشت بوو. له‌ ناکاو له‌دووره‌وه‌ چه‌ند ژنێکیان بینی، به‌ گریان به‌ره‌و لای ئه‌وان ده‌هاتن، یه‌کێکیان دایکی کاوه‌ بوو، ده‌سی کامه‌ران و کاوه‌یان کرده‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوشار، ده‌م و چاویان شۆرد و جله‌کانیان له‌قوڕه‌که‌ پاک کردوه‌.
کامه‌ران نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان، رووی کرده‌ ماڵی فایه‌قی تاپۆ له‌ گه‌ڕه‌کی برایم پاشا، شه‌وه‌که‌ی باوک و دایکی سه‌ردانیان کرد، بێ ئاگا بوون له‌ چاره‌نووسی دکتۆر به‌ختیارو ده‌رکه‌وت عوسمان.
به‌یانییه‌که‌ی کامه‌ران رووی کرده‌ زانکۆ، له‌ گۆڕه‌پانی زانکۆ( ته‌حسین قادر)ی هاوڕێی به‌ ماتی و مه‌لولی بینی و به‌ کامه‌رانی وت: هه‌واڵێکی دڵته‌زێنم بیستووه‌: به‌یان ی برات له‌ قه‌ره‌داغ ده‌سگیر کراوه‌، به‌ڵکو هه‌وڵێکی بۆ بده‌ن.
ئه‌و هه‌واڵه‌ کتوپڕه‌ ئازارێکی توندی به‌ ناخی کامه‌ران گه‌یاند، نکۆڵی له‌ به‌یانی برای کرد، نه‌یده‌زانی ته‌حسین قادر یه‌کێکه‌ له‌ رێکخستنه‌ نهێنییه‌کانی شار.
دکتۆر به‌ختیارله 11- 12- 1978 رووی کرده ‌شاخ، به‌یان خالیدی برای ئه‌و رۆژه له‌ گه‌ڵ سیروان تاڵه‌بانی لێپرسراوی هه‌رێمی 5ی قه‌ره‌داغ و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ ناو گوندی سێوسێنان دا بوون، سیروان تاڵه‌بانی و پێشمه‌رگه‌کان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون، خۆیان له‌ تۆڕی ئه‌و کێوماڵه‌ چڕو پڕه‌ی هێزه‌کانی سوپای پیاده‌ و هێزی ئاسمانی عێراق دووربخه‌نه‌وه‌و ده‌رباز بن، به‌ به‌یان خالیدیان وت: ئێستا کاتی شه‌ڕو به‌رگریی نییه‌.
به‌یان به‌وانی وتبوو: ئێوه‌ بڕۆن، من به‌دوای ئێوه‌دا دێم. ئه‌و رۆژه‌ سه‌راپا قه‌ره‌داغ و سه‌گرمه‌و سێوسێنان ته‌م و مژ بوو.
به‌یان ویستبووی له‌ قۆڵێکی تره‌وه‌ خۆی له‌ کێوماڵه‌که ده‌رباز بکات، لەو‌ کاته‌دا گوێی له‌ ده‌نگی کۆمه‌ڵێ چه‌کدار بوو، به‌ کوردی له‌ گه‌ڵ یه‌کتری دا ده‌دوان، وای زانیبووی پێشمه‌رگه‌کانی هاوڕێی خۆیه‌تی وتبووی: هاوڕێیان من لێره‌م.
چه‌کداره‌ کان، یه‌کسه‌ر چه‌ند قومبه‌له‌یه‌کی غازیان گرتبووه‌ ئه‌و شوێنه‌ی ده‌نگه‌که‌ی لێ بوو، به‌یان یان له‌ ناو ته‌م و دوکه‌ڵی غازکه‌دا به‌ بێ هۆشی و برینداری ده‌سگیر کرد.
ولید محمود سیری موسڵاوی قائیدی فرقه‌ی فه‌یله‌قی یه‌ک، خه‌ڵکی گوندی سێوسێنانی کۆکردبوه‌وه‌ به‌ توڕه‌ییه‌وه‌، چه‌ندان قسه‌ی نابه‌جێی پێ وتبوون، تفی کردبووه‌ ناوچه‌وانی پیاوێکی خه‌ڵکی گونده‌که‌و زله‌یه‌کی لێ دابوو. پێ وتبوون: ئێوه‌ بۆ نان ده‌ده‌ن به‌م مخه‌ریبانه‌. به‌یان له‌و کاته‌دا وتبووی: ئێمه‌ به‌ زۆر نان له‌ خه‌ڵکی گونده‌کان ده‌سێنین، ئێره‌ وڵاتی خۆمانه‌، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ ئێوه‌وه‌ نییه‌.
قائید فرقه‌ وتبووی: ئه‌مه‌ شیمالی نیشتمانی ئێمه‌یه‌، پارچه‌یه‌که‌ له‌ عێراق.
به‌یان به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ وتبووی: ئێوه‌ بڕۆن فه‌له‌ستین رزگار بکه‌ن، نه‌ک کوردستان داگیر بکه‌ن.
له‌و کاته‌دا به‌یان تفێکی له‌ قائید فرقه‌ کردبوو. به‌ بڕیاری قائید فرقه‌، به‌یان یان له‌ له‌قوڵایی ئاسمانه‌وه‌ له‌ کۆپته‌رێکه‌وه‌ فڕێ دابووه‌ خواره‌وه‌، له‌و ساته‌وه‌ ته‌رمه‌که‌ی ونه‌.

سه‌رچاوه‌:
دیدارێک له‌ گه‌ڵ کاک کامه‌ران خالید برای شه‌هید دکتۆر به‌ختیار له‌ مانگی ئازاری 2021 له‌ غه‌زه‌لنووس.
* ته‌حسین قارد و کامه‌ران خالید، خوێندکاری قۆناغی دووه‌می، کۆلێجی ئه‌ندازیاری بوون له‌ زانکۆ سلێمانی، نه‌قیب (فه‌ریق ئه‌حمه‌د که‌ریم جاف )ئه‌فسه‌رێکی کورد ی خه‌ڵکی ده‌ربه‌ندیخان بوو له‌ سوپای عێراق، هه‌واڵی ده‌سگیرکردنی به‌یانی خالیدی له‌ 12/ 11/ 1978 به‌ برینداری له‌ گوندی سێوسێنانی قه‌ر‌داغ به‌ ته‌حسین قادر گه‌یاندبوو، پێی وتبوو:
– به‌ڵکو به‌ که‌سوکاری به‌یان بڵێی هه‌وڵی بۆ بده‌ن، ژیانی به‌یان له‌ مه‌رگ رزگار بکه‌ن. ته‌حسین قادر.
* به‌یان خالید تاهیر له‌ ساڵی 1956 له‌ گه‌ڕه‌کی گویژه‌ی شاری سلێمانی له‌دایک بووه‌، قۆناغی خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واکردوه‌، خولیای مۆسیقای هه‌بوو به‌ تایبه‌تی ، ژه‌نینی ئامێری گیتار، له‌ 14/9 /1978رووی کردوه‌ته‌ شاخ و بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی 5ی قه‌ره‌داغ ، له‌ 12 /11/ 1978 ئه‌و رۆژه‌ی دکتۆر به‌ختیار له‌ سلێمانی یه‌وه‌ رووی کردبووه‌ شاخ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، به‌یانی برای له‌ گوندی سێوسێنانی قه‌ره‌داغ به‌ برینداری ده‌سگیر کرا و له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌ کۆپته‌رێک به‌ردرایه‌ خواره‌وه‌ و ته‌رمه‌که‌ی شوین بزر کرا، له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هید به‌ختیارو شه‌هید به‌یان، سێ برای تریان، (ساماڵ و کاروان و ئه‌رده‌ڵان ) پێشمه‌رگه‌ بوون.کاروان خالید.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت