عەتا قەرەداخی: ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان پایەو بنەماکانی/ بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێڕانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن کە بریتین لە:
یەکەم/ کەلتورو نەریتی هاوبەش، مەبەست لە کەلتور کۆی خاسێتەکانی گروپێک لە خەڵک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیە کە لە درێژەی مێژوودا بەدەستیانهێناوەو رووبەری مادی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەوانەش زمان، ئایین، بیروباوەر، فەلسەفە، ئەدەب، گۆرانی، مۆسیقا، فۆلکلۆر، نەریت، شێوازی ژیان، میرات و کەلەپور، ئەفسانە و چیرۆک، بەیت و بالۆرەو سرووتی کۆمەڵایەتی بۆ هەردوو باری ئاسودەیی و خەمباری و شارستانی و کۆی بەرهەمەکانی تری هەر پێکهاتەیەک. ئەم رەگەزانە رووبەرێکی فراون لە بوونی هەر پێکهاتەو کۆمەڵگایەک داگیردەکەن و هەم بەرهەمی کۆمەڵگان هەم دەبنە پایەی بەهێز بۆ بوون و خۆنمایشکردن و ناساندن و پێناسەکردنی هەر پێکهاتەو گروپێک. کاتێ دەگوترێت کەلتوری هاوبەش، مەبەست لە کۆی ئەو رەگەزانەیە کە لەسەرەوە ناویانهێنراو تایبەتن بە ئیتنیکێکی تایبەت یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت. رەگەزەکانی کەلتور ئەو خاسێتانەیان هەیە کە ئەو پێکهاتەیە بەرهەمیان دەهێنێت و بە کۆی خاسێتە ئەنتۆلۆجیەکانی خۆی بارگاویان دەکات. هەر لەبەرئەوەشە کە کەلتور وەکو بنەمایەکی سەرەکی دیاریکردنی شوناس سەیردەکرێت و پشتی پێدەبەسترێت. کەلتور ئاسایی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بڕوای هاوبەش و شێوازو رێگای هاوبەشی ژیان دروست دەکات و رێککەوتن و رێکخستنێکی گشتی ژیان لە نێوان کۆی ئەندامانی ئەو پێکهاتە یان کۆمەڵگەیەدا دروست دەکات. کەلتور بەرهەمی مەعنەوی و مادی ژیانی کۆمەڵگایە و لەگەڵ رۆیشتنی کات و کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی هەر پێکهاتەیەکدا بەرهەم دێت.
ئێمە باسکردن لە ئایین و زمان و هەندێ لەو رەگەزانەی تری کەلتور جیادەکەینەوەو سەربەخۆ لێیان دەدوێین، چونکە سەرباری ئەوەی کە کۆی ئەو رەگەزانە رۆڵی دیار دەبینن لە گەشەپێدان و پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا، بەڵام زمان و ئایین وەکو دوو بنەما، یان دوو پایەی سەرەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیردەکرێن. کەلتورو نەریتی هاوبەشی کۆمەڵگا وەکو ئاماژەی بۆ کرا زۆر رەگەز لەخۆدەگرن، بە تایبەتی بواری ئەفسانەو حیکایەت و خەیاڵی مێژوویی، کە لەم بوارانەدا زۆربەی کات رابردوویەکی گەش و پڕ لە بەها لە رێگای دروستکردنی ئەفسانەی هاوبەشەوە بۆ ئەو پێکهاتەیە دروست دەکرێت. کە پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەفسانەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. ئایا ئەو جۆرە پاڵەوانە ئەفسانەییانە لە رابردووی کوردیدا تۆمارکراون و خاسیتی خەیاڵیان وەرگرتبێت؟ ئایا کاریگەری هێمای ئەفسانەیی و پاڵەوانی نموونەیی لەسەر کورد وەکو نەتەوەو وەکو ناسیونالیزم هەبووە هەیە؟ ئایا پاڵەوان یان هێمای ئەفسانەیی کوردی توانیوێتی لەسەر زەمینەی واقیع پاڵەوان و هێما بێت، یان تەنیا لە خەیاڵدا دروستکراون؟ ئایا ئەگەر هێمای ئەفسانەیی لەوجۆرە لە رابردووی کورددا هەن بۆچی خاسێتی کاریزمییان وەرنەگرتووەو نەیانتوانیووە ببنە هێمای نەتەوەیی و لە رووی مەعنەویەوە کورد پشتیان پێببەستێت؟
بۆ نموونە با سەرنجی چەند هێمایەکی ئەفسانەیی کوردی بدەین. با سەیری کەسێتی کاوەی ئاسنگەرو سەلاحەدینی ئەیوبی بکەین، کە بە ئاستی جیاواز وەکو هێمای ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێن. یەکەمیان کە گوایە لاوێکی کورد بووەو دژی پاشایەکی خوێنڕێژ راپەڕیووە، لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردیدا رووبەرێکی فراوانی داگیرکردووەو وەکو هێمای ئازایەتی و بەرخوردان و قوربانیدان سەیردەکرێت و نەورۆزو هێمای ئاگریش پەیوەست دەکرێن بەوەوە. بەڵام بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە ئەو مێژووە ئاوەژوو کراوەتەوەو ئەو پاشایەی کە بە خوێنڕێژ ناودەبرێت، دەشێت کورد بێت و کاوەی ئاسنگەر فارس یان رەگەزێکی تری ئێرانی بێت. رێگای تێدەچێت ئەم بۆچوونەیان لە چوارچێوەی ئەفسانەدا راست بێت، چونکە فارسەکان لە هەموو روویەکەوە ئەوەی باش و بەرهەمهێنە بۆ خۆیانیان تۆمارکردووەو ئەوەیشی خراپ و روخێنەرو دزێوە داویانەتە پاڵ ئەوانی تر بە تایبەتی کورد. ئەگەر کاوە کوردیش بووبێت ئاوا پێدەچێت دژی دەسەڵاتێکی کوردی راپەڕیبێت و مەرجیش نیە ئەو ئەفسانەیەی دەگێڕدرێتەوە سەبارەت بە ئەژدیهاک راست بێت، بەڵكو پێدەچێت بەرهەمی عەقڵ و مێژوونووسی فارسی بێت و زیاتر بۆ سووککردنی کوردو شێواندنی راستیەکانی مێژوو لە بەرژەوەندی خۆیان بەوجۆرە نووسیبێتیانەوە.
بەهەرحاڵ سەرباری تەمومژاویبوونی ئەو رابردووە، بەڵام کاوەی ئاسنگەر وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێت و رۆڵی بنیادنەری لە هەست و پەیوەستبوونی تاکی کورددا دروستکردووەو دەشێت بگوترێت وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی رۆڵی هەیە لە پتەوکردن یان بەهێزکردنی گیانی ناسیونالیزمی کوردیداو وەکو وێنەی ئازایەتی و خۆڕاگری و ئیرادە سەیر دەکرێت. ئەویتریان کە سەلاحەدینە پاڵەوانێکی مێژوویی ئەفسانەییە کە بەڕەگەز کوردە، بەڵام لە روانگەی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردیەوە هیچ ئامادەبون و پێگەیەکی نیە، چونکە پەیوەست بە رابردووی کوردو کەسێتی کوردی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵی ئەو لە رووی نەتەوەییەوە نەرێنیەو وەکو هێمای خزمەتکردنی ئەوانی تر سەیردەکرێت و لە دوای خۆیشیەوە زەمینەی بۆ ئاراستەیەک لە کۆمەڵگای کوردیدا خۆش کردووە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر بە ناوی ئایین و ئایدیۆلۆجیا ئومەمیەکانەوە. تاکو ئیستاش ئاراستەیەک کە وەکو ناسیونالیزمی ئایینی خۆیان دەنوێنن، خۆیان لە شێوەی پارتی سیاسی ئایینیدا رێکخستووەو لە راستیدا نەتەوەیان لە پێناوی ئایینەکەیاندا دەوێت، بە جۆرێک سرۆش لە کەسێتی سەلاحەدین وەردەگرن، کە خزمەتی ئیسلام و عەرەبی کردووە. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کەلتوری کوردی نەیتوانیووە پاڵەوانی ئەفسانەیی ئەوتۆ بەرهەمبهێنێت کە ببێتە هێمای بەهێز بۆ پتەوکردنی ناسیونالیزمی کوردی یان وەکو پایەیەکی ئەو ناسیونالیزمە دەربکەوێت و رۆڵی نموونەی باڵا ببینێت.
دووەم/ ئایین وەکو بنەمایەکی ناسیونالیزم سەیر دەکرێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە ناسیونالیزمێک هەیە بە ناوی ناسیونالیزمی ئایینی. ئاشکرایە ئایین ئەو بڕوایەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگەکان پەیڕەوی دەکەن و بڕوایان پێیەتی، کە دەشێت ئایینێکی ئاسمانی یان زەمینی بێت. ئاشکرایە ئایین پانتایی رۆحیی کۆمەڵگا داگیر دەکات. ئەستەمە کۆمەڵگایەک ببینرێت لە دەرەوەی ئایین یان بەبێ ئایین. لەبەرئەوەی ئایین پەیوەندی رۆحیی تاکەکەس و کۆمەڵگەیە بە خودایەکەوە کە بە دروستکەرو جوڵێنەرو پارێزەری ژیان دەزانرێت و بە پیرۆز سەیر دەکرێت و دەپەرسترێت. مرۆڤ لە زۆربەی بنەماو رەگوڕیشەکانی تر زیاتر بە ئایینەوە پەیوەست دەبێت. سرووتە ئایینیەکان و یاساو رێساکانی ئایین لە هەر کۆمەڵگایەکدا رۆڵی کاریگەر دەبینن لە رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. هەروەک ئایین لە رووی رۆحیەوە بڕوادارانی پێکەوە دەبەستێت. لە رووی رەفتارو کەشە کۆمەڵایەتیەکانەوە جۆرێک لە هاوبەشی لە نێوانیاندا دروست دەکات و تەنانەت ئایین بڕوادارانی ناچاری یەکگرتن دەکات یان بێ هیچ سەپاندن و زۆرلێکردنێک لە رووی رۆحیەوە یەکیان دەخات و کاری هاوبەشیان پێدەکات و وایان لێدەکات کە هاوکاری یەکتری بن و خۆیان بۆ یەکتری تەرخان بکەن. بێگومان ئایین کە تێکەڵاوی رووبەری رۆحی و کۆمەڵایەتی دەبێت وەکو جۆرێک لە ئایدیۆلۆجیا کاردەکات و لە گەوهەریشیدا بەرنامەی یەکبوون و یەکگرتن هەڵدەگرێت. رەگەزی یەکگرتن کە ئایین لە رووبەرێکی فراواندا بەرهەمی دەهێنێت، دەبێتە خاسێتێکی دیاری ناسیونالیزم و لەم رووەوە ئایین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێت یان دەتوانین بڵێین دەبێتە یەکێک لە رەگوڕیشەکانی ناسیونالیزم، بەلام ناسیونالیزمی ئایینی.
رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە دەڵێت: ئایا لە مێژووی کورددا ئایین توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایەی ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی چۆن؟ ئەگەر نەیتوانیووە بۆچی؟ ئایا رۆڵی گۆڕینی ئایین لە مێژووی کورددا لەم رووەوە چ کاریگەرییەکی هەبووەو تاکو ئێستا چی کاریگەرییەکی هەیە؟ رەنگە قسەکردن لە مەسەلەی ئایینیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئەندازەیەک تەمومژاوی بێت. ئاشکرایە لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامەوە کورد بەهەر شێوەیەک بێت بووەتە پەیڕەوکەری ئەم ئایینەو تەنانەت بەسەر مەزهەبەکانی ئەو ئایینەشدا دابەشبووە. هەروەک پێش ئایینی ئیسلامیش ئەوەی باوەو باس دەکرێت گوایە کورد پەیڕەوکەری ئایینی زەردەشتی بووە. کەمایەتی کوردی پەیڕەوکەری ئایینی جوو، فەلە بوون. ئەمە بێجگە لە پەیڕەوکەرانی ئایینی ئێزیدی و یارسان یان کاکەیی. لەناو ئیسلامیشدا کورد پەیڕەوکەری مەزهەبی سونەی شافیعی و شیعەن. هەروەها کورد لە بواری تەسەوفیشدا شوێنکەوتووی زیاتر لە رێبازێکی تەسەوفن. ئەگەر سەیری ئەم نەخشەی دابەشبوونەی ئایین و مەزهەب و رێبازی تەسەوف بکەین لە کوردستاندا، ئەوە راستەوخۆ ئەو نەخشەیە ئەم پرسیارەمان لەلا دروست دەکات: ئایا ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا هۆکاری یەکگرتنە یان بە پێچەوانەوە هۆکاری دابەشبوونە؟ بێگومان ئەو نەخشەی دابەشبوونەو رەوشی ئایینی لە کوردستاندا زیاتر لە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون، هۆکاری دابەشبوون و پەرتکردنی زیاترە. ئەمەش دەریدەخات کە ئایین نەک نەیتوانیووە ئەرکی یەکخستن و یەکگرتن لە نێوان شوێنکەوتووانیدا دروست بکات، بەڵکو زەمینەی پەرتکردن و دابەشبوونی زیاتری ئامادەکردووە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئایین لە کوردستاندا نەیتوانیووە زەمینەی تەنانەت یەکبوونی رۆحی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات و لەو روانگەیەشەوە نەیتوانیووە ببێتە پایەیەکی دیارو فاکتەرێکی چالاک و رەگوڕیشەیەکی پەل هاوێشتوو بەناخی کۆمەڵگادا و دەرکەوتنی وەکو ئایینی ئیتنیکێکی دیاریکراو کە ئیتنیکی کوردیە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئیتنیکی کوردی چەندین ئایین دەپەرستێت و پیادەی سرووتەکانی ئایینی جیاوازو مەزهەبی جیاوازو رێبازی جیاوازی تەسەوف دەکەن، کە ئەوانەش نەک هەر جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکو زۆرجار لەگەڵ یەکتر دژ و ناکۆکیشن. هەر بەوپێیەش کۆمەڵگا رێکدەخەن و ئاراستەی دەکەن و رووبەری رۆحی ئامادە دەکەن. بێگومان بە پێی سرووستی ئایینی و جۆراوجۆری و دابەشبوون لە رووبەری ئاییندا رۆحی کۆمەڵگاش دابەش دەبێت کە ئەو دەبەشبوونەش نەک لەگەڵ رۆح و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمدا کۆک نیە، بەڵکو دژو ناکۆکیشە. هەر لێرەوەیە کە ئایین لە مێژووی کورددا لە هیچ سەردەمێکدا نەیتوانیووە رۆڵی بوون بە رەگوڕیشەی یان پایەی بەهێزی ناسیونالیزم ببینێت. لەبەشەکانی دواتری ئەم بەرگەدا باسی ناسیونالیزمی ئایینی دەکەین.
سێیەم/ ئیتنیک- Ethnic، یەکێکی تر لە رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی ناسیونالیزم ئیتنیکە. کەواتە مەبەست لە ئیتنیک چیە؟ ئیتنیک گروپێکە لە خەڵک کە وا دادەنرێت بە رێگایەک یان بە رێگای جۆراوجۆر هاوشێوە بن. هەمان رەچەڵەک و باوباپیرانیان هەبێت، بەهەمان زمان قسەبکەن و هەمان ئایینیان هەبێت و لەسەر هەمان خاک، یان نزیک لەیەکترو لەسەر خاکێکی دیاریکراو بژین و بنەما هاوبەشەکانی تری وەکو کەلتورو مێژوو دابونەریتی هاوبەشیان هەبێت. بنەمای سەرەکی بۆ ئیتنیک بریتیە لە رەگەز یان رەچەڵەکی هاوبەش، واتە کۆی ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتی نەوەی هەمان باپیرانن و رایەڵەی بەهێزی پێکەوەبەستنیان پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارە. لێرەوە چەمکی هاوخوێنی دەبێتە پایەیەکی بەهێزی ئیتنیک. ئەگەرچی ئیتنیک لە رووی پەرەسەندنەوە وەکو شوێنگرەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی پێش خۆی دێت لە بنەماڵەو تیرەو خێڵ یان عەشیرەت، بەڵام ئاستی فراوانبوونی دامەزراوەکەو خاسێتەکانی زیاتر گەشەیان کردووەو وەکو دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێش نەتەوە دەردەکەوێت و لە بنەڕەتیشدا پایەیەکی گرنگی نەتەوە یان ناسیونالیزمە. بەتایبەتی بەو خاسێتانەوە هەیەتی لە زمان و خاک و مێژوو نەریت و ئایین لە رووکەشدا وەکو نەتەوە دەردەکەوێت، بەڵام بە بێ ئەوەی سەروەریی هەبێت.
ئاشکرایە رەچەڵەک لەخۆیدا وەکو جۆرێک لە خەیاڵ یان ئەفسانە دەردەکەوێت. هەروەک لێرەدا، لە چوارچێوەی خەیاڵ و خەیاڵی دروستکردندا تەنانەت هەندێجار بە پیرۆز سەیرکردنی رەچەڵەکیش سەرهەڵدەدات، کە ئەوەش رێگای بەرەو رەیسزم دەگرێتەبەر، ئەگەر نەوەستێندرێت. ئەفسانەی رەچەڵەک و تەنانەت دروستکردنی هێماو پاڵەوان لە چوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا هەندێجار وەکو رەگەزی بەهێزو ئەرێنی بۆ پتەوکردنی پایەکانی نەتەوەو ناسیونالیزمیش سەیر دەکرێت. بە مانایەکی تر ئەفسانەی رەچەڵەک دەرکەوتن یان وانواندنی نەتەوەیی بەهێزدەکات و لەوێشەوە دیسان دەبێتە بنەمایەکی ناسیونالیزم، چونکە رەچەڵەک یەکێک لە بەهێزترین رایەڵەکانی پێکەوەبەستن و دروستکردنی یەکێتی و یەکبوون، کە وەکو ئەرکێکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت و سەیردەکرێت. بەڵام سەرباری ئەوەی کە ئیتنیک وەکو پایە یان ریشەیەکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە، گومان دەکرێت رەگەز یان رەچەڵەکی خاوێن هەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە خودی رەگەزو رەچەڵەک وەکو جۆرێک لە بوویەکی لە خەیاڵدا دروستکراو یان شێوەیەک لە ئەفسانە سەیر دەکرێن.
چوارەم/ خاک یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی نەتەوەو ناسیونالیزم. خاک ئەو شوێنە جوگرافیە دیاریکراوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک یان گروپێکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لەسەری دەژین و بەخاکی ئەوان ناودەبرێت. پەیەوەندی خاک و رەچەڵەک پەیوەندییەکی پتەو و لەیەکتر جیانەکراوەیە. زاراوەکانی خاکی باوک، خاکی دایک و پاشان خاکی نیشتیمان، ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ هەر لە سەرەتای نیشتەجێبوونیەوە بە تووندی بە خاکەوە پەیوەستبووە. پەیوەندی مرۆڤ و خاک پەیوەندییەکە خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی هەیەو تا ئەو ئاستەی کە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە خاکەکەی لەو شوێنەی تیایدا لەدایکبووەو پەروەردە بووە کارێکی ئەستەمە. هەربۆیە دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندی مرۆڤ و خاک دەکەوێتە سەرووی تەنانەت رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نەتەوە بە خاک یان بە نیشتیمانیشەوەو دەگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەی بوون کە خاک رۆڵی پایەیەکی ئەو بوونە دەبینێت. بەهەرحاڵ سەرباری پەیوەستبوونی مرۆڤ بەگشتی بە خاکەوە، هەر پێکهاتەو گروپێکی کۆمەڵایەتی هەر لە سەرەتای بوونیانەوە پێداویستی ژیان پەیوەستیکردون بە رووبەرێک لە خاکەوەو سنوورەکانی ئەو گروپە کۆمەڵایەتیە، کە پێشتر بنەماڵەو تیرەو خێڵ و عەشیرەت بوون و پاشان ئیتنیک و نەتەوە، سنوورەکانی ئەو خاکە، یان ئەو رووبەرە جوگرایەیان دیاریکردووە. بەهەرحاڵ تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی مەسەلەی نەتەوەو نەتەوایەتی و ناسیونالیزمیش سەیری خاک بکەین، ئەوا ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە بەگشتی مرۆڤ تەنانەت وەکو تاکەکەسیش بەخاکەوە پەیوەستە و ئەستەمە بە ئاسانی بەو گروپە مەعنەویەوە پەیوەست نەبێت کە لەگەڵیاندا نەوەی یەک خاکە. واتە هەموو تاکێک لە رووی نەستەوە بە زێدی خۆی و بە خاکی باوک یان دایک یان نیشتیمانەوە پەیوەستەو پەیوەندی تاکەکەس و خاک لە زۆر ئاستدا دەبێتە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی. هەر لێرەوە شوێنی لە دایکبوون و پەروەردەبوون کە دەلالەتی نیشتیمان یان خاکی هەیە، لەخۆیدا بنەمای یەکگرتن و یەکخستنی ئەندامانی کۆمەڵگا یان نەتەوە هەڵدەگرێت.
پێنجەم/ زمان، زمان یەکێکە لە رەگوڕیشە یان پایە سەرەکیەکانی بوونی نەتەوەو هەروەها ناسیونالیزمیش. زمان ئامرازی پەیوەندیکردن و دەربڕینە. کاتێک باسی زمان دەکەین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم و نەتەوەش، سەرنجمان بۆ لای بوونی زمانێکی دیاریکراو دەچێت، واتە زمانێک ئەگەر کۆی دانیشتوانیش پێی نەدوێن و ئاخاوتنی پێ ناکەن، ئەوا دەبێت زۆرینەی دانیشتوان پێی بدوێن، بەجۆرێک کە بەتەواوی خاسێتی هاوبەش یان گشتێتی تێدا بێت و هەمووان قسەی پێبکەن و پێیبنووسن و پێی بخوێننەوە. زمان و ئەدەب کە ئەدەبیش لە رێگای زمانەوە دەردەبڕرێت و بەرجەستە دەکرێت و دەگات بەوی خوێنەر، هاندەری گرنگن بۆ ناسیونالیزم. لە ڕێگای زمانەوە خەڵک پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن و لەیەکتر تێدەگەن و ئاگاداری یەکتر دەبن و هەست بەیەکتر دەکەن. هەر لە ڕێگای زمانەوەو بەهۆی زمانەوە بیرو بۆچوون و تێڕوانین و بەها نەریتیەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە قۆناغ و سەردەمێکەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێکی تر دەچن و دەگوازرێنەوە. زمانی گشتی یان زمانی هاوبەش هۆکاری سەرەکی یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵایەتیە، چونکە دروستبوونی هەست و بیرو ئەندێشە ئاسان دەکات و برەو بە پەرەسەندنی ئەدەبی نەتەوە دەدات و داب و نەریت بەهێز دەکات و هەموو ئەمانەش بێجگە لەوەی وەکو بنەمای شوناسی نەتەوەیی کاردەکەن، دیسان رۆڵی گرنگ دەبینن لە نەشونوماکردنی ناسیونالیزمداو وەکو بنەمایەکی سەرەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێن و فاکتەرێکی بەهێزی پێکهێنەری ناسیونالیزمن و لەراستیشدا بە بیرو ئایدیۆلۆجیاو خەیاڵ و مەعریفەی نەتەوەیی بارگاوی دەکرێن و بەوپێیەش دەبنە رەگەزی بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم و گوتاری ناسیونالیزم.
ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین، ئەوا دەشێت ئەو پرسیارەمان لە لا دروست ببێت کە دەپرسێت: ئایا زمانی کوردی توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایە یان بەشێک لە رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی ئەوە بکات، چۆن و کەی و بەرهەمەکانی چین؟ ئەگەر نەیتوانیووە ئەو ئەرکە جێبجێ بکات، هۆکار چیە؟ ئایا هۆکارەکان ناوخۆیین یان دەرەکی، بە دەربڕینێکی تر هۆکارەکان زاتین یان بابەتین؟ گومانی تێدا نیە کە سەرباری نەبوونی دەسەڵاتێک کە بوونی کوردو هەموو پایەکانی بوونی بپارێزێت، بە لایەنی کەمەوە لە دوای روخاندنی دەوڵەتی مید، بەڵام هێشتا هەم کورد خۆی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، هەم زمان و پایەکانی تری بوونی لە سەرووی هەمووشیانەوە زمان، پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کردووەو سەرباری هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەوانی تر- فارس و عەرەب و تورک- بۆ تواندنەوەو لەناوبردنی تەواوەتی، بەڵام هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی ماوەو زمانەکەشی سەرباری ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرەیەی لەبەردەمیدا بووە، یان بۆی دروستکراوە، هێشتا وەکو زمان ماوەو توانیوێتی ئەرکی زمان کە پەیوەندیکردن و تێگەیشتن و گواستنەوەی بیرو بۆچوون و روانینەکانە، جێبەجی بکات.
بەڵام دیارە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی و پەرت و بڵاوی کۆمەڵگەی کوردی و بوون و ژیان و دواتریش نیشتەجێبوونی کورد لە جوگرافیایەکی فراون و لە تۆپۆگرافیایەکی ئاڵۆزدا بنەمای کۆمەڵایەتیبوونی گشتی و تێکەڵاوبوونی دواخستووەو ئەوەش سەرئەنجام کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی زمانی ستاندەر یان یەکگرتوو کە وا پێدەچێت بەگوێرەی نەتەوەیەکی وەکو کورد هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی خۆی دروست نەکات، زەمینەی دروستبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی پێکنایەت. ئەم دەوڵەتە لە رابردووداو تاکو ئێستاش پێکنەهاتووە. لە روویەکی ترەوە زمانی کوردی لە چەند دایەلێکت و زاری جیاوازی ئاخاوتن پێکهاتووە، کە هەندێ جارو لە هەندێ ئاستدا پەیوەندیکردن و تێگەیشتنی قسەکەرانی دوو زاری جیاواز لەگەڵ یەکتری و لەیەکتری زۆر گرانە. زۆرینەی قسەکەرانی کرمانجی بە ئاسانی لە سۆرانی تێناگەن و بە پێچەوانەشەوە. ئەم دوانەش هەردووکیان مەگەر بە دەگمەن یان تەنیا لە ئاستی وشەدا لە نیمچە زارەکانی گۆرانی و لوڕی تێبگەن، سۆرانی و زارەکانی لوڕی زۆر دوورن لە زازاوە. کەواتە ئاستی پەیوەندیکردن لە نێوان قسەکەرانی زارە جیاوازەکاندا زۆر لاوازە. ئەوەش بە بارێکی تردا ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی تیکەڵاوبوون و پەیوەندیکردن لە نێوان پێکهێنەرەکانی یەک پێکهاتەی ئیتنیکیدا کە کوردە زۆر لاوازەو لە رووکەشدا یان لە ئاستی بینراودا هەست دەکرێت کە ئاستی یەکێتی و یەکبوون لە نێوان پێکهێنەرانی هەمان پێکهاتەدا زۆر لاوازە، تا ئەو ئەندازەی لە هەندێ بارودۆخ و لە هەندێ ئاستدا لە رووی زمان و لە یەکتر تێگەیشتنەوە وەکو یەک نەتەوە دەرناکەوێت. فرە زاری زمان و لاوازی ئاستی تیگەیشتن لە یەکتری، لەبری هەستی لە یەکتر نزیکبوونەوەو تێکەڵاوبوون، جۆرێک لە هەستی بەیەکتر نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی لە یەکتری دروست کردووە.
لە راستیدا لە ئێستادا بێجگە لە دەستەبژێرێکی ناسیونالیست کە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیری کورد دەکەن، لەسەر ئاستی گشتی ئەو هەستکردنە زۆر لاوازەو کوردی ژێرسایەی هەریەکە لە داگیرکەرەکانی کوردستان پەیوەندییان بە زمانی نەتەوە سەردەستەکەی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی وڵاتەکەی خۆیانەوە لە رووی تیگەیشتن و پەیوەندیکردن و بەکارهێنانەوە، بەهێزترە لەگەڵ زاری ئاخاوتنی ئەو بەشانەی تری کوردستان کە زاری ئاخاوتنیان لەوان جیاوازە. بۆ نموونە کوردی سۆرانی لە باشوری کوردستان و لە رۆژهەڵات ئاستی تێگەیشتن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی لە عێراق و فارسی لە ئێران بەهێزترە لە ئاستی بەکارهێنان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زاری کورمانجی و بەهەمان شێوە کوردی باکورو رۆژئاوا ئەوەندەی پەیوەندییان بە تورکی و عەرەبیەوە بەهێزەو بەکاری دەهێنن و لێی تێدەگەن، ئەوەندە پەیوەندییان بە زاری سۆرانیەوە نیەو لێی تیناگەن و مامەمەڵەی پێناکەن. ئەم واقیعە ئەگەرچی زۆر تاڵە بەڵام تا ئاستێکی زۆر راستی تێدایەو ئەوە نیشان دەدات کە زمانی کوردی نەیتوانیووە سادەترین بنەمای زمانی هاوبەش یان گشتی دروست بکات. هەروەک نەیتوانیووە ببێتە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون و تەنانەت بەشێوەیەکی گشتی نەبووتە هەڵگری بیرو بۆچوون و دیدی هاوبەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگا. راستە زمان پایەیەکی زیندووی نەتەوەو ناسیونالیزمە، بەڵام دیسان زمانی کوردی نەبووەتە بنەما یان پایەو ریشەیەکی بەهێزو پتەو بۆ ناسیونالیزمی کوردی چونکە زمانەکە خۆی دابەشبووەو بەوپێیەش زیاتر لەوەی لەخۆیدا پەیامی یەکگرتنی هەڵگرتبێت، هۆکاری دابەشبوون و لە یەکتر دوورکەوتنەوەی زیاتر بووەو تاکو ئێستاش بەو ئەندازەی یارمەتیدەری زیاتری دابەشبوونە ئەوەندە یارمەتیدەری یەکگرتن نیە.
شەشەم/ مێژوو، مەبەست لە مێژوو چیە؟ مێژوو بریتیە لە تۆماری زنجیرەی رووداوەکانی رابردوو کە پەیوەستن بە مرۆڤ و سەردەمەکەیەوە، کە لەخۆیدا تۆماری کرۆنۆلۆجیانەی ئەو رووداوانەیە کە پەیوەست بە مرۆڤ روویانداوە. بێگومان سەرباری ئەوەی مێژوویەکی گشتی هەیە کە مێژووی مرۆڤایەتیە، هەر گرۆپ و دەستەو پێکهاتەو چینێکی کۆمەڵایەتیش مێژووی تایبەتی خۆیانیان هەیە، کە مێژووی هەر پێکهاتەیەک دەشێت هێڵێکی کاتی درێژکراوە بێت و ئەو هێڵەش لە روانگەی تۆماری رووداوەکانەوە دەناسرێت و دەشێت لە مێژووی هەندێک لە میللەتاندا دابڕانی گەورە لەو مێژووەدا هەبێت بە تایبەتی کە تۆماری رووداوی گەورەو دیار سنووری نێوان قۆناغێک و قۆناغێکی تری دیاری کردبێت. مێژووی هاوبەش وەکو تۆماری رووداوەکانی رابردووی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە لایەک بوون و ئامادەبوونی ئەو پێکهاتە لە رابردوودا نیشان دەدات، لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن لە رووداوەکانی رابردوو، شیکردنەوەی ئەو رووداوانە دەشێت وەکو ئەزموون ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن بۆ ئێستاو یارمەتی بدات بۆ پێشبینیکردنی داهاتووش.
بێگومان لە رووی سروشتیەوە پێویستە هەر پێکهاتەیەک یان دانیشتوانی وڵاتێک، مێژوو یان رابردوویەکی هاوبەشیان هەبێت. ئەو مێژووە دەبێت ئامادەبوونی ئەوان لە رابردوودا بنوێنێت. ئەگەر لەم رووەوە سەیر بکەین، ئەوا زۆربەی رابردووی میللەتان یان پێکهاتەو گروپەکان نابێتە مێژوو، چونکە شتێکی ئەوتۆیان تێدا تۆمار نەکردووە، بە تایبەتی ئەوانەیان کە بەشداری بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتییان نەکرووە، یان بە لایەنی کەمەوە لە رابردوودا نەبوونەتە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەرییان نەبووە. بە گوێرەی کورد ئەوەی وەکو مێژوو سەیر دەکرێت، مێژووی سەردەمی میدە ئەگەر پێداگری ئەوە بکرێت کە مید دەوڵەتێکی کوردی بووە. بێگومان ئاشکرایە کە مید بەرهەمهێنی کەلتورو بەشێک لەو شارستانێتیەیە کە ئێستا پێی دەگوترێت شارستانێتی ئێرانی. لەراستیشدا ئێرانیەکان، واتە فارس هەوڵیانداوە ئەوەی مید بەرهەمیهێناوەو ئەوەی مێژووی میدە ناو و شوناسی میدی لێ بسڕنەوەو بەناوی ئەخمینی یان ساسانیەوە تۆمار بکرێت. ئەگەر ئەوەش بۆ هەموو شتێک سەری نەگرت کە بە شارستانێتی و مێژووی ئێرانی ناوببرێت، ئەوا گرنگ ئەوەیە ناوی میدی لێبکریتەوەو ئەو ناوە لەیاد بکرێت. ئامانج لە فەرامۆش کردن و پشتگوێخستنی ناوی مید هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی رابردوویەک کە تیایدا کورد ئامادەبوونی هەبووە. ئەو تۆمارکردنەش بەناوی فارس یان ئێرانەوە، بۆ سڕینەوەی رووبەی یادەوەری کورد و تۆمارو ئامادەبوونی کوردە لە ڕابردوودا. ئەویش بۆ وادەرخستنی ئەوەی کە کورد لە رابردوودا بوون و ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبووە تا ببێتە پاشخان و زەمینەو ئێستای خۆیی لەسەر بنیاد بنێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایەش سەیری ئایندە بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت