دانا مەنمی: بەڵێنی نەوت و دەڵاڵەکانی ئابوری سەربەخۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوت کاڵایەکی ئابووری ـ سیاسی ـ ستراتیژیی گرنگە، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێـت؟ خۆ ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتە مایەی دروستبوونی گەندەڵی و نەوتیش یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە دەبێتە مایەی هەڵگیرسانی جەنگ و ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی، یەکەمین ململانێ لەسەر نەوت لە دوای سایکس پیکۆ سەدو پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا کە فەرەنسیەکان بێ بەش دەبن، لە دوای جەنگی ساردەوە نەوت یەکێکە لەو کاڵایانەی کە لە ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا پەنای بۆ براوە، بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکانی نەوت لە 73 ٪ ـی نەوتی یەدەگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە لە کۆی “1148” ملیارد بەرمیل نەوت “840” ملیار بەرمیل نەوت لە وڵاتە ئیسلامییەکاندایە، لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا عێراق وەک وڵات و هەرێمی کوردستانیش وەکو ناوچەیەک کە خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوتن پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن، بە پێی راپۆرتێکی کۆمپانیای نەوتی “BP PIC” بەریتانی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان “60” ملیارد بەرمیل نەوتە، لەهەرێمی کوردستان چەندین کۆمپانیای زەبەلاح و پلە سێ و چوار سەرمایەگوزاری نەوت دەکەن.
کۆتایی ساڵی 2013 نێچیرڤان بەرزانی کە ئەو کاتە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بوو ڕێکەوتنی پەنجا ساڵی لەگەڵ ئەنقەرە واژۆ کرد، ئەم ڕێکەوتنە نیگەرانی زۆری خەڵکی بەدوادا هات لەبەر ئەوەی ناوەڕۆكی‌ رێككەوتنەكە تائێستاش نادیارو ناشەفاف بوو، بە پێی لێدوانی پەرلەمانتارانی هەرێم ناوەڕۆكی‌ ئەو رێككەوتنە تەنیا لەنێوان چەند كەسێكدایە کە ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری‌ تورکیاو مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی‌‌ و مەسرور بارزانی و ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەکانی‌ ئەوكاتی هەرێم، لەلایەکی تر ئەم ڕێکەوتنە بووە هۆکارو بیانوی دەستی مالیکی بۆ ئەوەی‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ببڕێت، جگە لە برینی بودجەی ھەرێم لە لایەن حكومەتی مالیكییەوە ھەرێم لە ژێر بارێكی قورسی ئابووری، ھاوتەریب كۆمەڵێك تەحەدیاتی دیكە، بە تایبەتی پرسی نەوت و كریێ كۆمپانیاكان، و ئەو قەرزەی لەسەرھەرێم كەڵەكەبوو، ئەوەی بۆ ئەنقەرە گرنگ بوو لەم ڕێکەوتنەدا ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کۆمەڵێک چاڵە نەوتی ھەرزانە و بە نرخێکی ھەرزان نەوتێکی زۆری دەست دەکەوێت، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەنقەرە بەستراتیژەوە هاتە پێش لە هەرێم و گرنگی بە لایەنە سیاسییەکەی هەرێم دەدات کە دەخوازێت خاکی هەرێمی کوردستان بکاتە سەربازگەیەکی گەورە بۆ گەمەی سیاسی و هەواڵگری و سەربازی نابەجێ و دۆزی کورد لەگەڵ سیاسەتی فاشیزمی خۆیدا بگونجێنێت، سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی ناوچە سنورییەکان دەکات و پارتی و حکومەتی هەرێمی بێدەنگ کردووە لە ئاست پێشێلکاریی و داگیرکاریدا.
توركیا دوای ئه‌ڵمانیا دووەم وڵاتە كە زۆرترین بڕی گازی سروشتی لە رووسیا دەكڕێت و بەهای ساڵانەی‌ به‌ 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە دەگاتە‌ 27 ملیار مه‌تر سێجا گازی سروشتی، توركیا جگه‌ له‌ رووسیا لە هەریەک لە جه‌زائیر، نایجیریا، ئێران و ئازه‌ربێجانیش گازی سروشتی ده‌كڕێت، بەڵام لە ساڵی 2016 وە ئەنقەرە چاوی بڕیووەتە سەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستان، ئەنقەرە دەیەوێت وه‌ك جێگرەوەیەک بۆ گازی سروشتی ڕوسیا چاوی لەسەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستانە، هەر لە ژێر ناوی ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی ئەنقەرە و هەولێر دا مانشێتی زۆرینەی ڕۆژنامەکانی تورکیا باس لە گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەکەن، شەش ساڵ لەمەوبەر و ساڵێ 2016 بارزانی باوک لە ڕێگەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانی ئەوکاتە لە میانی كۆنفرانسی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تلانتیك بۆ وزه‌ و ئابووریی لە ئیستەنبوڵ بەڵێنی بە ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا داوە کە ڕۆژانە 20 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ تورکیا هەناردە بکرێت، کورد لە ئابوری سەربەخۆدا بەهۆی ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی هەولێرو ئەنقەرە چارەنوسی بەرەو قەیران و بێکاری و بێ موچەی و نادیاری و تونێلێکی تاریک رۆیشتووە، دەستکەوتی هەناردەکردنی نەوت پاشەکەوتی موچەو قەیرانی ئابوری بە دواداهات کە نەوە دوای نەوە بە کۆمەڵێ قەرزەوە دێتە دونیا.
دەستکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆو هەناردەکردنی نەوت جگە لە سەرابێکی کوشندە هیچ نەبوون بۆ خەڵکی و ئێستاشی لەگەڵ بێت خەڵک باجی ئەو سیاسەتە هەڵەیە دەدات، گرفتەکە ئەوەیە هێشتا کەسانێک هەن نایانەوێت دان بەشکستی سیاسەتی نەوتیدا بنێن و دوای ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و خەم و ئازارە هێشتا بەغداد تاوانبار دەکەن و هەر رۆژەو بەڵێنێکمان پێدەدەن، رۆژێک بەغدا تەلاق دەدەن و رۆژێکیش دەمانبەنەوە بەردەرگا رەشەکەی مالیکی و خەمیس خەنجەر و سەدر! ئاخر بەڵێنی ئابوری سەربەخۆ سەدان فەنتازیای جوانی لە خەیاڵماندا دروست کرد وەلێ دواتر موچەخۆرانتان ناچارکرد بە روبع و نیوە مووچە! دوای ئەم هەموو شکستە لە بواری سیاسی و ئابوری و بەناو سیاسەتی نەوتی ناکرێت کۆمەلگا جارێکی تر ڕیشی خۆی بداتەوە دەست دەڵاڵەکانی نەوت و ئابوری سەربەخۆ کە هێشتا دوا ئەڵتەرناتیڤ و بژاردەی گیرفانی بەغدایە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت