حەمەئازاد بەرزنجی: دەسەڵاتی کوردی و قۆناغی دێزێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهەر وڵاتێکدا، کاتێ پارتێ یان لایەنێک تەنانەت تاکێکیش بێت، کەئەو بەرپرسیارێتیەی دێتە پێش بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دەسەڵات گرتنە دەست، سیاسەتێک، بەرنامەیەک، یان پلانێکی ئابوری هەر هەیە بۆ باش بەڕێوەبردنی وڵات. بە ڕوکردنە هەر کەرتێک یان گرنگی دان بێت بە چەند کەرتێکی ئابوری دیاریکراو. بێگومان بەپێی ئەو سەرچاوە مرۆیی و سروشتیانەی کە لە بەردەستان. وە بەرنامەکانیان هەر هەموی لە پێناوی بەرەو پێشچونی وڵاتدا بە گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی تاک بە تایبەتی خول دەخوات و دواتریش زیاتر هەوڵ دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری ، زانستی ، و خۆشگوزەرانی تاک و هاووڵاتیانی وڵاتەکانی خۆیان.
ئەم دەسەڵاتەی مەڕ خۆمانەی، ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپارە، لە قۆنەغەکانی پێشویاندا زۆر باشتر بون لە ئێستایان. تاگەیاندیانە ئەوەی لە دوا هەڵبژاردندا زیاتر لە سەدا حەفتای خەڵک، وەک ناڕەزاییەک دژی دەسەڵاتی کوردی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن و نەچن بۆ دەنگدان. ئەویش بێگومان دەرەنجامی ئەو کارە نابەجێیانەیە کە دەسەڵاتی کوردی پەیڕەوی دەکات لە هەمو جومگەکانی پەیکەری ئەم حکومەتەداو شێواندنیان و ئاڕاستەکردنیان بەجۆرێ کەتەنها لە خزمەتی خۆیان ونەوەکانیان و دەستوپێوەندەکانیاندا بێت. بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەکی ناشەفافانە کە لە خۆیان زیاتر کەس نازانێ داهات چەندە و چۆن کۆ دەکرێتەوە چۆن خەرج دەکرێت. نارەزایی خەڵک گەیشتە، لەسەر نوسین، ڕێپێوان، خۆ پیشاندان، مانگرتن، بایکۆتی فەرمانبەران و دورکەوتنەوە و نەچونە ناو هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستاو خوێندکارانەوە. لە باتی بەدەمەوە چون و وەڵامدانەوەی داوا رەواکانی شەقام و گوێ بۆ گرتنیان، پەتی گەردنیانیان توندتر دەکردو خەڵکیان زیاتر دەتاساندو دەستیان خستە، ناو قوتی خەڵک لە باتی چاکسازی لە هەڵە و پاشگەزبونەوە لە بەفیرۆدانەکانیان، زیاتر دەستیان لە قوڵایی گیرفانی خەڵکیدا گیر دەکرد و زیاتر تەسلیم بە نەیارانی میلەتەکەمان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان دەبون. بۆیە تاکی میللەتیان توشی بێدەربەستی ( لاموبالاتی و لامونتەمی ) کرد و خەلکیان گەیاندە قۆناغی دێزێتی ( کە حەز بە تۆپینی خۆیی و زەرەری ساحێبی بکات ).( ئێستا وایە لەوانەیە لە قۆناغێکدا بگاتە چەموشی وپەرچە کرداری توند و پەلاماردان ). ئەم هەڵبژاردەیەش خەڵک بەئارەزوی خۆی نەبو بەڵکو لە قوژبنێک و لە گۆشەیەکدا تاکی کوردیان وا گەمارۆ دا، وایان قەتیس کرد کە بواری دەرچون و هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەهێشتەوە.
خاوەنێ خۆی بە خاوەنی تاکەکانی نەزانێ و بێباک بێت لە ئاستی بژێوی خەڵکدا، بێگومان ئەویش ئامادە نییە لە نوشوستیەکانی خاوەنەکەیدا شان باتە بەر نە هامەتیەکان. ئەمە پەیوەندی بە هەست بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی سەرشان و نیشتمان پەرورییەوە نییە. چۆن لە کۆندا ئاشبەتاڵ وشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی دێهاتی بو، ئەمان زیندویان کردەوەو کردیان بە ناسنامەی شۆڕشێکی چەند ساڵە. وا ئێستایش دێزیتی لە سەردەستی ئەماندا زیندو دەبێتەوەو لە فەرهەنگی کوردیدا شوێن و واتای خۆی دەگۆڕێ و دەبێتە وشەیەکی سیاسی و بەوڕگرتن و بە گوێنەگرتنی خەڵکی لە دەسەڵاتە نادادپەروەرەکەی خۆی، بە جۆرێ کە حەزدەکات توشی هەرچیەک بێت، بابێت بەس لە ژێر چنگ و لە هەیمەنەی دەسەڵاتە مشەخۆرەکەی خۆی ڕزگاری بێت. گەر رزگاریشی نەبو بەگوێی نەکات و پێچەوانەی خواست ویستەکانی ئەو ڕەفتار بکات، تا دەسەڵات ڕیسوا بێت، وەک چۆن چەند ساڵە ئەم ئەوان ڕیسواو برسی دەکات. وا ئێستا میللەت گەر بەڕێگەیەکی هەڵەیش بێت دەیەوێ تۆڵەی خۆی بکاتەوە وەک پەرچە کردارێک دژی ئەو نادادیانەی بەرامبەری کراوە. ئەوەی ئێستا بەدی کراوە لەم دەسەڵاتە، ئەوەیە کە لە قۆناغی شۆڕشگێڕیەوە خەڵکیان کوتایە ناو پوچگەرایی و لە هەڵپەی شاڵاوەوە بۆ تەسلیم بون. لە هەڵگیرسانی شۆڕشەوە بۆ ئاشبەتاڵ لە شۆڕشگێریەوە بۆ دێزێتی. لە هەڵمەت و بەگژاچونەوە بۆساردبونەوەو خلیچکی و کڕبون و سازشکردن. ئەوسا خەڵک و نەوەی قارەمانی ئەم میللەتە نەک دەستی نەدەگرت بە کڵاوەکەیەوە با نەیبات، بەڵکو خۆی دەکردە قۆچی قوربانی و سەریشی بەختدەکرد لەو پێناوەدا. ئەم دەسەڵاتدارانە بون هاوکێشەکانیان پێچەوانەکردوە. وا ئیستا شایەرەکانیان کەوتونەتە گەڕ و تاوان بەخشینەوە بەسەر خەڵکدا کە بۆچی ناچن دژی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی خۆپیشاندان بکەن. خۆپیشاندان و خۆسازان بە فەرمانی کارگێڕی و دەست لەپشتدان و داوای تێرە ئاگا نەبو لە برسیەکان نابێ. دەبێ لە ناخدا هێزێک هەبێ، بتجوڵێنێ و پاڵت پێوەنێ، ئەمانە ئەو هێز و توانای ناوەوە و ناخی تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵەیان وا خنکاندوە کەس نوزەی تیا نەماوە، خەڵک بێتە سەرجادە پشتگیری لە دەسەڵاتێک بکات کە برسی کردوە. نیشتمان پەروەری بەکێ دەفرۆشنەوە. ئەی هەر ئەو میللەتە نەبو جەیشی بەعسی عەرەبی دەرپەڕاند و، ڕایماڵی و ئێوە هاتنە سەر حازری و بەرهەمەکەیتان خوارد و ، ئێستا لەسەری دەلەوەڕێن.

زانیاری/
دێز” بەواتای خۆڵەمێشی، یان شینکییەکی تاریک. هینی دێزیش وە ک ئیدیۆمێک لە زمانی کوردیدا بۆ ئەوە بەکارهاتوە و وا بەناوبانگە کە تۆپینی خۆی و زەرەری ساحێبی دەوێ کاتێ ماندەگرێت.
چەموش” بە واتای سرک و ڕە وەک و جوتە هاوێژ و گازگر، تا ڕادەیەک پێچەوانەی دێزە و ئەم خەسڵەتەیان زیاتر لە هێستردا بەدی دەکرێت. ( هەنبانە بۆرینە )
بەداوای لێبوردنەوە تەنها مەبەست خواستنی واتاکانە نەک بەکەم زانین و تانە بۆ هیچ کەسو لایەنێک

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت