سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی نەوت و گاز بوونەتە بەڵا بۆ خەڵک؟ بۆچی نەبوونەتە یاریدەدەرێک بۆ گەشەکردنی ئابووری و خۆشگوزاری؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەلاح حسێن ئەفەندی: نەوت و گاز.

بۆچی نەوت و گاز بوونەتە بەڵا بۆ خەڵک؟ بۆچی نەبوونەتە یاریدەدەرێک بۆ گەشەکردنی ئابووری و خۆشگوزاری؟
مشتومڕێکی زۆر لەسەر بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق هەیە، لەسەر ئەوەی کێ دەبێ مافی ئەوەی هەبێت نەوتی هەرێم دەرهێنی، ڕەوانەیکات و بیفرۆشێت؟ حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ بەڵام کەم باسی ئەوەدەکرێت کە ئەزموونی پێشتر لەم بوارەدا چۆن بووە و چی کاردانەوەیەکی بە سەر کۆمەڵگەدا هەبووە؟ چی سوودێکی بۆ گەشەکردنی وڵاتەکە و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی هەبووە؟ کێ بوون ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و سودەکەی بۆ کێ گەڕاوەتەوە؟ ئایا جیاوازییەکی ئەوتۆ هەیە لە نێوان چۆنیەتی مامەڵکردنی ناوەند و هەرێم لەو بوارەدا؟.
هەر لە کۆنەوە، لە عێراقدا ڕیژەی هەرە زۆری نەوت دەرهێنراوە و فرۆشراوە بەدەرەوە. وڵاتە پیشەسازیە بەهێزەکان، کڕیویانە و وەک سەرچاوەی وزە، بە شێوەیەکی سەرەکی، لە بواری پیشەسازیدا بەکاریان هێناوە. عێراق ئەو داهاتەی کە لەفرۆشتنی نەوت بۆی گەراوەتەوە، هەمیسانەوە بەکاریهێناوە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی پیشەسازی ئەو وڵاتانە. بەو شێوەیە عێراق لە دوو لاوە زەرەری کردووە، ئەوان لە دوو لاوە قانجازین کردووە. بەهۆی ئەمانەوە، وڵاتەکە و بژێوی هاوڵاتەکانی و چارەنووسیان هەمیشە لە ژێر رەحمەتی هێزی دەرەکیدا بووە.
لە دوای شەری یەکەمی جیهانەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی ئینگلتەرا و کومپانیەکانی مامەڵەیان بە نەوتی عێراقەوە کرد. وەکو وڵاتێکی کۆلونیست، بەنرخێکی زۆر هەرزان ئەو سەروەتەیان بردووەو ریژەیەکی زۆر کەمی داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکە. لە سەردەمی پاشاگەریدا هەتا ساڵی 1958، ڕیژەی ئەو داهاتە چکێک زیادی کرد، بەڵام هێشتا ئەو داهاتە زۆر کەم بوو، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری وڵاتەکە سنوردار بوو، بە ڕادەیەک کە لەو ساڵەدا، کەمتر لە 10% کۆی داهاتی نیشتمانی وڵاتەکە بووە. لەبەر ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە لادێدا دەژیان و بژێوی ژیانی خۆیان بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و مەڕوماڵاتەوە دابین دەکرد، داهاتی نەوت و نرخەکەی و بەرز و نزمی داواکاری بازاری جیهان لەسەری، هێندە کاریگەری لەسەریان نەبوو، هەروەها ئاستی خزمەتگوزای لە ناویاندا زۆر نزم بوو، نمونەی بوونی کارەبا و ئاو و قوتابخانە و نەخۆشخانە… بەوەش مەسرەفی ئەو بوارانە نەبووتە بار بەسەر بوجەی دەوڵەتەوە. هەر بەهۆی ئەو فاکتەرانەوە، لەو سەردەمەدا، داهاتی نەوت ڕێژەیەکی زۆر کەمی لە بونیادنانی بنەمای ئابووری وڵاتەکەدا بەکارهێنراوە.
گۆڕانکاری گەورە، لە حەفتاکانی سەردەمی حیزبی بەعسدا ڕوویدا. لەو ساڵانەدا، دەستەڵات سامان و فرۆشتنی نەوتی بە نیشتیمانی کرد(تأمیم النفط). مۆنۆپۆڵی کومپانیەکانی نەهێشت و گرێبەستەکانیانی هەڵوەشاندنەوە، بڕیار لەسەر دەرهێنان و فرۆشتن کەوتە دەست خۆیانەوە. بە بەهێزبوونی ڕێکخراوی ئۆپیک، نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبۆوە، سەرەڕای ئەوە، دەستەڵات قەبارەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە چەند قاتێک زیاد کرد. هەموو ئەمان داهاتی فرۆشتنی نەوتی هێجگار زیاد کرد.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە، ئەوانەی مامەڵەیان بەو سامانەوە دەکرد کێ بوون؟ چۆن دەیان کرد، بە چی مەبەستێک بوو؟ کاردانەوەکانی چی بوون؟ ئایا ڕاستە رژێمی بەعس، ژیرانە و عادیلانە، مامەڵەی بە سامانی نەوت و داهاتەکانیەوە کردووە. با هەندێ راستی لەم بارەیەوە باسبکەین:
1- حیزبی بە عس، ڕیژەیەکی زۆری داهاتی فرۆشتنی بۆ بەهێزکردنی دەزگاکانی سیخوڕی، سەوپا و پۆلیس بەکاردەهێنا، پارەیەکی زۆری دەدا بەکڕینی چەک و تەقەمەندی و تەکنیکی نوێی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە.
2- ژمارەی ئەندامانی حیزب زیاتر لە ملیونێک بوون، بەرزترین و باشترین پێگەی کۆمەلایەتی و پلەی بەرزی دەستگاکانی دەوڵتیان هەبوو، خاوەنی داهاتی باش و ئیمتیازاتی تایبەتی بوون.
3- داهاتێکی زۆر بەکاردەهێنرا بۆ پڕوپاگەندە، لە ناوە و دەرەوەی وڵات. کڕینی وەلای وڵاتە عەرەبێکان و ڕێکخراوەکانیان.
4- سرەفی بەعەرەبکردن و ئەنفالکردن و چۆڵکردنی دێهاتەکان و دابڕینیان لە کاروباری کشتوکاڵی، کە مەسرەفی ئەو خەڵگە ڕاگوێزراوانەی دەکردە بار بەسەر دەوڵەتەوە.
5- مەسرەفی دەرکردنی هەموو ناڕزاییەک و دەنگێکی ئازاد لە هەموو عێراقدا
6- لەباتی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد، بەردەوامبوون لە شەڕی ناوخۆدا، بۆ ئەو مەبەستە، ڕاگرتن و دامەزراندنی ژمارەکی زۆر لە چەکداری بەکرێگیراو.
7- مەسرەفی شەڕی ئێران
8- مەسرەفی شەڕی کویت
9- لەباتی ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ بەهیزکردنی ئاوبووری وڵات بەکاربهێنێ، کەوتنە دامەزراندی خەڵکێکی زۆر لە دەستگاکانی دەوڵەت و حیزبیدا، ئەمە هەمووی بە مەبەستی کرینی وەلا و ڕازیکردنی خەلک بوو لە پێناوی کۆنترۆلکردن و مرانی توانای داهێنان و کارکردن و بیرکردنەوەیاندا.
10- باتی هاندانی کەرتی کشتوکال، بەکارهێنای داهاتی زۆر بۆکڕینی عەشایەری عەرەب بۆ دابینکردنی وەلایان. بەهۆی ئەوەوە، ئەوانە پشتیان کردە کاروباری کشتوکاڵی، دەرئەنجامی ئەوە بووە هۆکاری تیکشکاندی ئەو کەرتە و زەلیلبوونی خەڵکەکە.
11- کاردانەوە و دەرئەنجامی ڕەفتاری ئەو دەستەلاتە و شێوازی مامەڵەکردنی بە سامانی وڵاتەکەوە، داڕمانی دەولەتەکە و تێکشکانی دەزگاکانی و داگیرکردن بوو. لە کۆتاییدا تێکشکاندی تەواوی ئابووری وڵاتەکە و هەژاری و بێ دەرامەتی خەڵکەکەی.
12- لەسەردەمی بەعسدا، تەنها یەک حیزب، یەک بنەماڵە، بگرە تەنها یەک تاک بڕیاربەدەست بوو، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵیان لەدەست دەرنەچێ، بەهەموو توانایانەوە ڕێگەیان بە گەندەڵی و دزینی داهاتەکانی دەوڵەت گرتووە، ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵکی ولاتەکەدا نەبووە، بەڵکو لە بەر ئەوە بووە کە خۆیان بەخاوەنی سامان و داهاتی وڵاتەکە زانیوە.
13- بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەد و مامەڵەکردنی ناڕاست بەسامانی وڵاتەکەوە، ئەو ساتەی ڕژێمە کەوت، خەڵکانی بەتوانا و خاوەن ئەزموونی تیادا زۆر کەم بوو، کە بتوانن جڵەوی وڵاتەکە بگرنە دەست و پەیڕەوی ڕێبازێکی تەندروست بکەن بۆ دامەزراندی دەوڵەتێکی پێشکەوتوی پڕ خزمەتگوزاری. بۆیە باری نالەباری ئێستای وڵاتەکە، بە ڕادەیەکی زۆر، دەرئەنجامی ئەو سەردەمەیە.
دوای کەوتنی بەعس چۆن مامەلە بە سامانە سروشتیەکانەوە کراوە؟
لەم بارەیەوە، دوو ئەزموونمان هەیە: چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەستەلاتدارانی ناوەندی عێراق بە سامانە سروشتیەکان و داهاتەکانیەوە ، هەروەها مامەڵاکردنی دەستەڵاتدارانی هەرێم پێیانەوە.
عیراق بە فەرمی دەوڵەتە، هەناردن و فرۆشتنی سامانی سروستی، بەشێوەیەکی سەرەکی، لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچێت و مامەڵە بە داهاتەکانیەوە دەکرێت، بەڵام گروپە دەستەڵاتدارەکانی شیعە و هەندێک لە سونەکان، دەستگا و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتەکانی دەوڵەتیان کردووە بە دوکانی بازرگانی بۆ خۆیان، لەو ڕێگایانەوە داهات و سەروەتی سروشتی، بە پیی هێز و توانایان، بە پێی وەلا و ئینتیمایان بۆ هێزی دەرەکی، بەتەوافق لە نێوان خۆیاندا بەش دەکەن. ئەوەی مایەوە دەیکەن بە قوڕگی خەڵکدا لە پێناوی ڕازیکردن و دەمکوتکردنیان و مرانی توانای داهێنان و کارکردنیان. ڕێژەیەکی زۆر کەم بۆ بەهێزکردنی بنەمای ئابووری وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵک بەکاردێت. لەبەر ژمارەی زۆری حیزب و گروپ و بنەماڵە و میلیشیا، لاوازی دەوڵەت و دەزگاکانی، هەتا هاتووە بەشێکی کەمتر بۆ خەڵک و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و گەشەکردنی بنەمای ئابووری وڵاتەکە ماوەتەوە.
هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و موقەوماتی دەوڵەتی تیایدا لاوازە. سامانی نەوت و گاز بە پێچەوانەوەی بەغداوە، بە شێوەیەکی سەرەکی، بەدەست حیزب و چەندین بنەماڵەو و خەڵکانی نزیکە لێیانەوە. داهاتی فرۆشتنی ئەو سامانانە، بە شێوازی فەرمی و نافەرمی، کەوتۆتە دەست ئەو گروپانەوە، کە بەخۆشی و ناخۆشی، بە تەوافوق لە نێوان خۆیاندا بەشی دەکەن، ئەوەی مایەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکرێت. ڕێژەیەکی دەبێتە مووچەی کارمەندەرانی دەوڵەت، ئەویش بەمەبەستی کڕینی ئینتیما و وەلایان. لە هەرێمیش بەشێکی کەمی ئەو داهاتانە بۆ بەهێزکرنی بنەمای ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵک بەکاردێت.

گرفتی سەرەکی لە چیدایە و پێشنیار بۆ چارەسەریان چین؟
.مامەڵەکردن و بریاردان لەسەر ئەو سامانانە و داهاتەکانیان و چۆنیەتی بەکارهێنایان لەدەست حیزب و بنماڵەدایە، دەبێ بە شێوازێکی شەفاف بکەوێتە دەست پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی بەهێزەوە.
.سامانی نەوت و گاز تەنها دەفرۆشرێن بەدەرەوە، باشترە هەنگاو بەهەنگاو، ئەو هەناردەکردنە کەمکرێتەوە. بە شێوەیەکی سەرەکی لە پیشەسازی ناوخۆ و بەهێزکردنی بنەمای ئابووری وڵات بەکاربهێنرێن. فرۆشتنی بەشەکەی تری و بەرهەمە پیشەسازیەکان، بە پلەی یەک لە ناوخۆی وڵات و وڵاتانی درواسێ و نزیکدا بە بازاڕ بکرێن.
داهاتی فرۆشتنی ئەو سەروەتانە باشتر وایە لە چەند بوارێکدا بەکاربیت، نموونەی ئەوانە:
.بەهێزکردن و گەشەپێکردنی ئینفرسترەکتووری وڵات، نموونی کارەبا و سەرچاوەی وزە بۆ پیشەسازی و پیداویستی هاوڵاتیان، ئاو و بەنداو، ڕێگاوبان و سکەی شەمەندەفەر و فڕۆکەوانی ناو وڵات و لەگەڵ درواسێکاندا، فێربوون و خوێندن، تۆڕی ئینتەرنێت و ئای تی و تەکنیکی نوێ، گەشەپێکردنی تەندروستی.
. تەرخانکردنی بەشیک لەو داهاتانە ، بۆ بەهێزکردنی بانک و کاری بانکی، کە ببیت بە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی قەرزی جوراوجۆر بۆ کومپانییەکان.
. دابەشکردنی ئەو سامان و داهاتانە، بە شێوەیەکی یەکسان بەپێیی ڕێژەی دانیشتوان لە هەموو ناوچکانی عێراقدا.
ئەگەرحیزب و هێزەکانی کوردستان، گەشکردنی وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵکیان دەوێت، بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆشیان و کومپانیەکانیانەوە، باشتر وایە، لە بەغدا و هەرێم، کار بۆ ئەو بابەتانە بکەن (چونکە هەتا کوردستان بەشێکبێت لە عێراق، باشتر وایە نوێنەرانی خەڵکانی کوردستان چالاک و کاریگەربن لە بەغدا، بەشداربن لە هەموو بڕیارێک تیایدا، نەکو پاشکۆیەتی بکەن و چاوەڕوانی بڕیاری ناوەندبن).
ئەوانەی دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزن و بەهێزی کەن، دەتوانن لە ڕێگەی مامەڵەکردن بە سامانە سروشتیەکانەوە بەم شێوەیە، ئابووری کوردستان بەهێزکەن، لە هەمانکاتدا بژێوی خەڵک باشترکەن، تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانن نوێنەرایەتی خەڵک بکەن و متمانە لایان پەیدابکەن.
لەبەر ئەم فاکتەرانە، مامەلکردن بە نەوت و گازی سروشتی هەرێمەوە لەلایەن بەغداوە، هەر وەکو هەندێ کەس پێان باشترە، لەم زەمینەیەی ئێیستادا، بێ گرتنەبەری ئەو چارەسەرانەی سەرەوە، هیچ جیاوازێکی ئەوتۆی بۆ بژێوی خەڵکی کوردستان نابێت.
مامەڵەکردن بەو سامانە لە لایەن دەستبەردارانی هەرێمەوە، بەو شێوازەی هەتا ئێستا پەیڕەوکراوە، وەکو هەندێ کەسی تر بە باشی دەزانن، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کێشەکان هەر بەم شێوازەی ئێستا بەردەوامبێت.
لە هەردوو حاڵەتدا، دەسەڵاتدارانی عێراق، بە شیعە و سوننە و کوردیشەوە، ململانەیان بەردەوام دەبێت لە سەر دابەشکردنی ئەو سامانانە لە نێوان خۆیاندا. دامەزراوەکانی حکومەت، پەڕلەمان یان دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەو مەبەستانە بەکاردەهێنن. هێزە دەرەکێکانیش ئەو فرسەتانە دەقۆزنەوە و تەراتین لە وڵاتەکەدا دەکەن، بەپێیی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت