دانا مەنمی: مۆدێلی حوکمڕانی کوردی و پیشەسازی درۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتی کوردی تووشی ئیفلاسێكی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورە بووە کە هەر ڕۆژەو حیکایەت و درۆیەکی بێبنەمان بۆ دەهۆننەوە، لە حیکایەت و درۆی “بە دوبەیكردنی كوردستان” و “بنیادنانی ئابوریی سەربەخۆ ” و ”بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی“ و “پیادەكردنی یاسایی چاكسازیی سیاسیی و ئابوری”و ” یەکڕیزی کورد لە بەغداد” و ” دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ” و تا درۆ هەرە گەورەكەی ڕیفراندۆم خۆیان وەکو قارەمانێک نیشان ئەدەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم هەموو حیکایەت و درۆ گەورەیە خەوی لێ تاڵ بووەو تووشی ترسێکی زۆر بووە و دەیەوێت فەزیحەکانی بە درۆی تر پینە بکات، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سیاسەت لای حیزبێکی وەکو پارتی هەمیشە پانتاییەکی بە پیت بووە بۆ درۆکردن، ئامانجی پارتی لە پەنابردن بۆ درۆ بریتی یە لە هەڵخەڵتاندن و ئاوەژۆکردنی راستیەکان و بە سوک تەماشاکردنی ئیرادەی تاک و کۆمەڵگاو شاردنەوەی نهێنیە پێویستیە چارەنوسازەکانە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک و گشتییەوە هەیە.
ئەم ئیفلاسە سیاسییە ئابورییەی کوردستان بە تەنها پارتی لێی بەرپرسیار نییە و بەرپرسیارەتی هێزە سیاسییەکان وەکو یەکیش یەکسان نییە، هەرگیز بەرپرسیارەتی یەکگرتوو یان کۆمەڵ بە ئەندازەی پارتی و یەکێتی نییە، ئاشکرایە پارتی لە دوای ساڵی 2003ەوە تا ئەمڕۆ هێزی بڕیاردەرەو مۆنۆپۆلی ھەموو دەزگا و ناوەندە ستراتیژییەکانی ھەرێمیان کردووە، لاوازی و پاشکۆیەتی یەکێتی دەرفەتی باشی ڕەخساند بۆ گەورەکردن و بەهێزکردنی پارتی لە حوکمرانیدا، پاشان هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان هێزی بێبڕیار و بێتواناو بێئیرادەو دەستەمۆکراون لە لایەن پارتیی و یەکێتی یەوە، کە لەناو مژدەو وەهمی درۆکانی پارتی و یەکێتی دا دەخولێنەوە ،نائومێدبوون لە پارتی و یەکێتی پەیوەندی بەم فۆڕم و مۆدێلە لە هونەری ئیدارەدان هەیە کە کۆمەڵگای لەقاڵب داوەو وێرانسازی دروست کردووە، دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوە نەبوو کە ئومێدێکی نوێمان لادروست بکات، بەڵکو بێ ئومێدبوون بوو لە یەکێتی و پارتی وداواجاریش گۆران! ئێستاش دروستبوونی نەوەی نوێ ناتوانێت ئومێدمان بۆ دروست بکات، بەلکو نەوەی نوێش بێ ئومێدمان دەکات لە خۆی! ئەم فۆڕمە لە بیرکردنەوە و ئەم مۆدێلە لە هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان ژینگەیەکی ناجێگیری سیاسی و بێ متمانەی لەنێوان خەلک و حکومەت و هێزە سیاسییەکاندا دروست کردووە و نەخۆشییەکی دەرونی سیاسی و ئەخلاقی ترسناکە جگە لە کارەسات و ماڵویرانی شتی تری لێ سەوز نابێت.
ژاک دێریدا لە کتێبەکەیدا بەناوی” مێژووی درۆ” باس لە ئاڵۆزییەکانی درۆی ئەم سەردەمە دەکات، بایه‌خدانی دێریدا بە چەمکی درۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانینەکانی” هانا ئارێنیت ” کە کایەی سیاسی به‌ درۆوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌،خوێندنەوەو تێڕامان لە” مێژووی درۆ” کارێکی پێویستە و دەرفەت لەبەردەم تێگەیشتنمان بۆ چەمکی درۆ و درۆناسی فراوانتر دەکات، جگە لە “میکاڤیلی” زۆربەی فەیلەسوفەکانی تر بە کۆن و نوێوە درۆیان لەناو کایەی سیاسەتدا ڕەتکردووەتەوە، ” کانت” پێی وایە سیاسی درۆزن خۆی باوەڕی بە درۆکەی خۆی نییە و دەڵێ ؛ درۆزن شتێک دەڵێت کە دژی ئەو شتانەیە خۆی دەیزانێ و باوەڕی پێیەتی! ووتەیەکی “گۆبڵز” وەزیری راگەیاندنی ئادلۆف هیتلەری نازی هەیە کە دەڵێت؛ راگەیاندنێکی بێ ویژدانم بدەرێ گەلێکی نا هوشیارت دەدەمێ. دیارە گۆبڵز لە شوێنێکی تردا گوتویەتی؛ درۆ بکە و درۆ بکە تا باوەڕت پێ دەکەن! بەڵام ” ئەبراهام لینکوڵین” لەبارەی سیاسەتمەدارە درۆزنەکانەوە دەڵێت: دەکرێت بتوانیت بۆ ماوەیەک خەڵکێک بخەڵەتێنیت، بەڵام ناتوانیت بۆ هەتا هەتایە هەموو خەڵک بخەڵەتێنیت. کەواتە ڕاستە تەمەنی درۆ کورتە و پیری بە خۆیەوە نابینێت، دواجاریش “نیتشە” دەڵێت: لەوە نەبێزراوم کە درۆت لە گەڵ کردم، بەڵکو لەوە بێزراوم کە جارێکی تر ناتوانم بڕوات پێبکەم. ئەم دەربڕینە پێمان دەڵێت کە متمانە دایکی یەکەمی هەموو پەیوەندیە ڕۆحی و ئەخلاقییەکانە و کاریگەری تەواوی لەسەر ژیان هەیە.
مۆدێلی حوکمڕانی لە کوردستان بە قۆناغێکی دورودرێژی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گوێنەگرتن و نەبیستن ڕۆیشتووە، ئێستا جگە لە هێزی چەک و هێزی درۆو دراو هیچیان لە دەستدا نەماوە، زمانی حوکمڕانیەتی پارتی و یەکێتی زمانی توندوتیژی و فشار و سوکایەتیکردن و بێنرخکردنی هەموو شتێکە، ئازادی یەکێکە لە درۆ گەورەکانی ناو ئەم فۆڕم و مۆدێلە لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی و شتێکیش بە ناوی ئازادی ئینسانەکان لە روانینی پارتی و یەکێتی دا بوونی نییە، بەتایبەت هێزێکی وەکو پارتی کە پیشەسازی بە درۆوە دەکات، هەم درۆ بۆ خۆی هەم درۆ بۆ کۆمەڵگا و هەمیش بۆ جیهان دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت