سەردەشت محەمەد: پەیامی بێکردار، ڕۆژی زمانی دایک وەک نموونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسوفێکی ناوداری وەک هایدگەر لەبارەی زمانەوە دەڵێت: زمان بوونە، کەواتە ئەم بونە بۆ ئێمەی کورد گرنگی و بایەخێکی زیاتری هەیە، ئەم زمانەی کە پاڵپشتی لەمانەوە و بونمان دەکات، پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر و بەردەوام هەیە بۆئەی زیاتر لەهەرنەتەوەیەکی دیکە پارێزگاری لێبکەین، ناتوانرێت نکۆڵی لەوڕاستییە بکەین کە بەشێک لەو ئەرکە گەورەیە کە بۆ پارێزگاری و بەردەوامی مانەوەی زمانەکەمان دەکەوێتە ئەستۆی سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە ئێستا سیاسی و سەرکردە ئەو کەسەنییە کە بەئامانجی خزمەتکردنی میللەت هەنگاوبنێ و خزمەت بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرکردە ئەوکەسەیە کە لەبۆنە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەکاندا پەیامێکی هەبێت هەرئەمەشە وایکردووە بەدرێژای سی ساڵی حکومڕانی کوردی لەباشووری کوردستان بارتەقای سەد ساڵ بەیاننامەو پەیامی پیرۆزباییمان هەیەو هەموشیان جەخت لە هەوڵدان بۆ باشترکردن و چاککردن و چارەسەری کەموکورتیەکان دەکەنەوە، بۆنمونە لە 21ی شوباتی هەموو ساڵێکدا کە هاوکاتە لەگەڵ یادی بەرزڕاگرتنی زمانی دایکدا هەرهێز و لایەن و بەرپرسێکی سیاسی بەجیا پەیامی خۆی بڵاودەکاتەوە، کۆی ئەم پەیامانە قسەکردنە لەسەر گرنگی پاراستن و بەرەوپێشچونی زمانی دایک و هەوڵدانە بۆمانەوەی زمانە سەرەکییەکە لەپلەی یەکەمدا ئەما لەکاتێکدا لەڕوی کردەییەوە نەک هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنراوە،بەڵکو ئێستا لە باشووری کوردستاندا تاکی ڕۆشنبیر و سەرکەوتوو ئەوکەسەیە کە لەگفتووگۆکانیدا پشت لەزمانی دایکی بکات، هەندێک لەم پەراوێزخستن و وەلانانەی زمانی دایک وابەستەیە بەناڕۆشنبیری ئێمە وەک تاک و تێنەگەیشتنمانە لەگرنگی زیندو هێشتنەوەی زمانی دایک،بەشێکی دیکەشی گرێدراوە بەو داگیرکارییە سیاسییەی کە بەدرێژای دەیان ساڵە نەیارانی کورد لەپێناویدا پلانی کورت مەداو درێژخایەن دادەڕێژن و هەرئەمەش بووە بەپاڵنەرێک بۆئەوەی لەهزری تاکی کوردا وەهاوێنای بکەن کە زمانی دووەم گرنگتربێت لەزمانە بنەڕەتییەکەمان، ئەوەتا دەبینین بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەوپلانانەشیان دەیان زانکۆ و پەیمانگاو دەزگای ڕاگەیاندن لەناوخۆی کورستاندا لەلایەن هێزە ئیقلیمیەکانی ناوچەکەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ ئەمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان توانیویانە تاڕادەیەکی باش سەرکەوتن بەدەست بێنن و ئێستا زورینەیەک لە فێرخوازانی کورد ڕوو لەو زانکۆ و پەیمانگایانەدەکەن و کەچی لەماوەکانی ڕابردودا بەبڕیارێک هەژمار نەکردنی نمرەی وانەی کوردی بۆ ئەو خوێندکارانەی لەزانکۆکانی کوردستاندا وەردەگیرێن دەبێت بە ئارەزوو مەندانە کە ئەمە پێمان دەڵێت یادی زمانی دایک هیچ نییە جگە لەڕۆژێک بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی دەیان پەیامی بێکردار

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت