هوشیار ئەحمەدی: نەک رۆژێ، ئەبێ دوانزە مانگە لەبیری زمانەکەمانا بین.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانی دایک”ی نەتەوە بندەستەکان، بە جێی رۆژێ، پێویستی بە دوانزە مانگەی ساڵە بۆ لەبیربوون، بۆ گرنگی پێدان، بۆ خزمەت پێی. بۆیە رۆژێ بۆ یادکردنەوە لە لایەن نەتەوە خاوەن دەوڵەت و ئاڵا و سەروەرییەکانەوە بەسە. بەڵام بۆ ئێمەی خاک، خەڵک، کولتور، کۆمەڵگا، مێشک، ئەقڵ، ھەست، دەرک، شعور و ھەموو شت ژێردەستە و داگیرکراو، نەک رۆژێ، دوانزە مانگەی ساڵیش کەمە.
بۆ ئەوەی خزمەتی زمانەکەمان بکەین، بۆ ئەوەی زمانەکەمان وەک پەیکەرەیەکی زیندووی ھوشیار، ببێتەوە خاوەن ئێرادە، متمانەبەخۆ بوون، شکۆی گشتگیر لە زەێن و شعور و ئەقڵی تاکەکانمانا، پێویستە ھەندێ نەتەوەخوازانە، ناسیونالیستانە بیربکەینەوە، لانیکەم لەگەڵ ئەندامی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستانا. ھیچ نەبێ کە لەگەڵ فارسێ ڕووبەڕوو ئەبنەوە، بە کوردی لە تەکیا بدوێن، لانیکەم بۆ تاقیکاری. خێرا دژکردەوە نیشان ئەدەن، ئێژن کوردی نازەنین، بێژن دایبنێن ئێمەش فارسی نازانین. لە باشووری کوردستان نەوەیەک دوای 1991 ھاتووەتە دونیا، تەنیا کوردی ئەزانێ، ئەوە نمونەی زقە کە ڕووبەڕووی فارسێ، عەرەبێ، تورکێ ببێتەوە، تەنیا بە کوردی لێیان تێدەگات. بۆیە فارس و تورک زۆر جار عەرەبیش لە باشوور ، ناچارن بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان وەرگێڕ بگرن، پارەی پێ بدەن.
ئێستاشی لەگەڵ بێ، لانیکەم 90٪ی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان، ئەوانەی ناوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە فارسی ئەنووسن، ھەوڵ ئەدەن لە فارسەکان پاراوتر فارسی بنووسن و شانازیشی پێوە ئەکەن، 98٪ی خەڵکی باکوور بە تورکی ئەنووسن و شانازیشی پێوە ئەکەن و ھەوڵیش ئەدەن لە تورکەکان رەوانتر و تورکانەتر دەرکەون. ئەوانەی رۆژئاواش لەوانەی باکوور خراپتر نەبن باشتر نین، بڕۆ سەێری ئاکاونتەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بکە، لە بواری زمانەوە لە عەرەبەکان عەرەبانەتر دەرئەکەون.
ئەگەر ئەمانە ھەوڵ بدەن کار لەسەر زمانی دایکیی خۆیان بکەن، خۆ باڵانسی نەتەوەخوازی لە بواری زمان و کولتورەوە ئەگاتە تەشقی ئاسمان و ھەست و دەرک و شعوری نەتەوەیی وەک گڕکان ئەکەوێتە ھورپە گەل و نیشتمان زیندوو ئەبێتەوە و شعور و دەرک و ھەستی نەتەوەیی وەک پڕشنگی ڕۆژ ئەدرەوشێتەوە.
تکایە با بە جێی ڕۆژێ، گر ڕۆژێ کورد بین، خۆمان و نەتەوەکەمان و زمانەکەمان و کولتورەکەمان لا گرینگ بێ. با بە زمانی کوردی بنووسین، بخوێنینەوە و بدوێین و بیر و خەیاڵ بکەینەوە.
ئاخر زمان ڕۆحی نەتەوەیە. نەتەوەیەک زمانی لە دەست بدات، ڕۆحی لە دەست داوە، نەتەوەیەک ڕۆحی لە دەست بچێ، ئەمرێ، ئەفەوتێ، وەک ھەزاران نەتەوەیتر ئەچێتە لیستی نەتەوە لەناوچووەکانی مێژوو.
بژی کوردستان، بژی کورد، سڵاو لە زمانی شیرینی کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت