عەبدولکەریم شێخانی:خرتکە و پرتکە/ بەشی سێهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکە و پرتکە هاتەوە خزمەتتان
داواى لێ بوردن دەکەم کەوا چەند ڕۆژێک بوو لێتان دابڕابووم هەرچەندە بەڵێنم پێ دابوون کە بەردەوام لە خزمەتتاندا بم، بەڵام بمبوورن با منیش هەندێک جار ناڕاستیم هەبێ، ئەى ئەوە نییە خەڵکی زۆر لەمن گەورەتر و بە تواناتر چەندان بەڵێنی با بڵێێن درۆ دەدەن و پێشیان شەرم نییە ئەگەر جێ بەجێ نەکرێ و وەکو عەڕەب دەڵێ: الناس على دین ملوکها، أو ملوکهم، پەندە کوردییەکەش دەڵێ: گەورە ئاو دەڕژێنێ و گچکەش پێێ لێ دەخشێنێ.
ئەمڕۆ ٩/٨ هەشتى ئەیلوول هەشت ساڵی ڕەبەقە لەسەر کورسیی چەرخدارم و لەپێ کەوتووم و هەموو ساڵێک ئەو یادە دەکەوە و وەکو دۆستێکی خۆشەویستم بۆی نووسیبووم بریا زووتر بکەوتیتایە سەر عەڕەبانە تا هەر ئەو بابەتە خۆشانەت بۆ نووسیباین.
حەزرەتی مەحوی دەفەرموێ:
لەپێ کەوتووم و نەفسم بۆ هەوا ئەشنێ وەکو منداڵ
لەبەر پیری سەرم خۆى ناگرێت و تازە پێ ئەگرم
ڕۆژئاواییە کافرەکان بادەو شەڕاب دەخۆنەوە و گۆشتی بەراز دەخۆن، بەڵام ماڵی هەتیو ناخۆن, نانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نابڕن, سامانی میللەت نادزن, سواری ئۆتۆموبیلی چەندان ملیۆن دۆلاری نابن, ڕێچکەى دەیان ئۆتۆموبیلی گرانبەهاکانیان وەک مێروولە بە سەدان ( حیمایەوە ) دوای یەک ناکەون, لە کاتێکدا ( خۆسێ مۆخیکا)ى سەرۆکی پێشووى ئۆڕۆگوای و ناسراو بە باوکی هەژاران بە ڤۆکس واگۆنێکی نیوداشت و بێ حیمایە هاتوچۆی دەکرد و لە خانوویەکی بچووک دادەنیشت و دەیەکی مووچەکەى بۆ خۆی گل دەدایەوە و ئەوی دیکەی دەدا بە کۆمەڵە خێرخوازییەکان، چونکە خۆی لە خەڵکی دیکە بە گەورەتر دانەدەنا. لای ئێمە دەسەڵاتداران باراشی خۆیان لە ئاشی میللەت لێ ناکەن, واتە ناهاڕن, چونکە خواى ئێمە و خواى ئەوان جیایە و پەروەردگار ئەوانی بە تایبەتی دروست کردووە و ئەو قوڕەی ئێمە قوڕەڕەشە و قوڕەکەی ئەوان زەردێکی سپیباو.
ڤیکتۆر هۆگۆی ئەدیبى ناسراوی فەڕەنسەیی خاوەنی ڕۆمانی ( بێ نەوایان )، جارێکیان لە ئاهەنگێکی شەوانە دەبێ و ژنێکی زۆر شۆخ و جوان دەبێنی و زۆر سەرنجی ڕادەکێشێ و وەکو بە موقناتیس ڕاکێشرێ دەچێ بۆ لای ئەو کۆمەڵەی ژنەکەی لێیە و چاوى لێ ناگوازێتەوە. کە ژنەکە بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکات, هۆگۆ بێ ئاگایانە لێێ دەپرسێ: تەمەنت چەندە؟ تازە قسەکە وەکو تیری لە کەوان دەرچوو, لەدەمی دەرچووە. ژنەکە تووشی هێدمە ( شۆک ) دەبێت و نێوچەوانی گرژ دەکات. هۆگۆ دەزانێ چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە، چونکە ژن زۆری پێ ناخۆشە لە تەمەنی بپرسیت. هۆگۆ دەیەوێ هەڵەکـەی پینــە بکات و دەڵێ: ببوورە خانم, من مەبەستم ئەوەبوو بزانم ژن لە چ تەمەنێکدا دەگاتە ئەوپەری شۆخ و شەنگی و جوانی. بەم قسەیە ژنەکە ڕووی گەش دەبێتەوە و نێوچەوان گرژێێەکەی نامێنێ.
( الراجحي ) ملياردێرێکی خەڵکی سعودیەیە دەڵێ: لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم, ڕۆژێکیان گەشتێکی قوتابییان هەبوو و منیش زۆرم حەز دەکرد بچم, بەڵام دەبوایە ڕیاڵێک بدەم و منیش نەک هەر نەمبوو, تەنانەت لە ماڵیشەوە نەمانبوو. مامۆستایەکی فەلەستینیمان هەبوو لەپۆڵ پرسیارێکی کرد، لەمن بەولاوە هیچ قوتابییەکی دیکە نەیزانی. مامۆستا دەستخۆشیی لێ کردم و ڕیاڵێکی دامێ. لەخۆشییان جێم بەخۆم نەدەگرت و خێرا چووم پارەکەم دا بۆ بەشداریکردن لەو گەشتە کە بەڵای منەوە زۆر خۆش بوو و لە هەموو ژیانمدا خۆشی ئاوەهام نەدیوە. ڕۆژگارهات و تێپەڕی و کەوتمە ناو گۆنگەری ئیش و کار وردە وردە پارەیەکم خستە سەریەک تا وام لێ هات سامانم باش زیادى کرد و خواى گەورە دەرگای بە خێری کاسبیی حەڵاڵی لێ کردمەوە و ئێستا ئەوخوایە بەشێکی باشی پێ بەخشیوم. ڕۆژێکیان مامۆستاکەمم بیرکەوتەوە و دەستم کرد بە گەڕان بە دوایدا و چوومە قوتابخانەکە و لەوێوە بۆ چەند شوێنی دیکە و سەرەنجام دۆزیمەوە لە کوێیە و گوتیان حاڵی زۆر خراپە و لەبەر نەداری نیازى وایە بڕواتەوە. چووم بۆ لای سەیرمکرد بەڕاستی زۆر بێ حاڵە. دواى ئەوەی خۆم پێ ناساند و ئەو ڕیاڵەم بیر هێنایەوە کە داى پێم. سواری ئۆتۆموبیلەکەمم کرد و بردم بۆ ڤێلایەک کە هەموو پێویستییەکی تێدا بوو و کلیلەکەم دایە دەستی گوتم ئەم ڤێلایە بۆ تۆ و ئۆتۆموبیلێکی تازەشم بۆ کڕی و پێم گوت مووچەیەکی مانگانەشت بۆ دەبڕمەوە تا لە خوا بەولاوە, پێویستت بە کەس نەبێ. ئەو پیاوە باخێکی دارخورمای هەیە 200 هەزار دارخورمای تێدایە, هیچی نافرۆشێ و هەمووى دەکات بە خێر و لە کاتی حەجیشدا بەسەر حاجییاندا دەیبەشێتەوە. پیاوی لەو جۆرە خوا بەسەریدا دەیارێنێ. ملیاردێر و ملیۆنێرەکانی ئێمەش خواپیداو نین, بەڵکو شەیتان پێداون, کتکی کوێر نمەکیان ناکا هەر هەمووی پارەی حەرامە خستوویانەتە سەر یەک و لەوەد ڵنیام کە خێری لێ نابینن.
ماڵی دنیا چڵکی دەستە گەلێک بێ سوود و بێ کەڵکە
ئەگەرخێرێ نەداتەوە و سوود نەبەخشێ بە ئەو خەڵکە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت