حەسەن ڕازانی: ئەنتی جەنگ یان ئەنتی ئەمریکایی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(چالاکوانانی ئەنتی جەنگ لە جیهان دا و جەنگی ئێستای ڕوسیا لە دژی ئۆکڕانیا!)
هەرکاتێک کە ئەمریکا بە تەمای جەنگ دەبوو لە دژی وەڵاتێک، کە هێشتا بە کرداری دەستی پێنەکردبوو، بە سەدان هەزارکەس لە خەڵکی وەڵاتان لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و دژە ئیمپریالیستی ئەمریکایی لە پایتەخت و شارە گەورەکانی جیهانی ئەوروپا، ڕۆژئاوا و وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دا دەڕژانە سەر جادەو شەقامەکان. هەر بەوەندەشەوە نەدەوەستان بەڵک و دەچوونە سەر بارەگای کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و دەستیان دەکرد بە بەرزکردنەوەی شیعاراتی دژە جەنگیی و دژە ئەمریکایی و تەنانەت بەردە بارانیشیان دەکردن! بۆنموونە کاتێک کە ئەمریکا بە تەمای هێزکۆکردنەوە بوو لە دژی عێڕاق و بەتەمای داگیرکردنی بوو، خۆپیشادانی سەدان هەزاری و بەڵک و زیاتریش لە زۆرێک لە پایتەخت و شارەگەورەکانی جیهاندا بەرپاکرا. بە تایبەتی زۆرێک لەناوشارە گەورەکانی ئەمریکای گرتەوە.
هەرچەندە دید و لێکدانەوەی جیاوازهەیە بۆ جەنگ، بەڵام جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ یەک شتە ئەویش وێرانکاری و بەکوشتدانی خەڵکی و بە هەدەردانی ئابووری و زیاد بوونی کێشە جۆراوجۆرەکان و هێنانی قات و قڕییە بەدوای خۆیداو پێشێلکردنی هەرچی مافی مڕۆڤ و ئاژەڵان و ژینگەشە. مێژوو شاهیدە کە بە هۆی جەنگەوە، جا با جەنگێکی عادیلانەش بووبێ یان بە پێچەوانە، دیارە بە پێی ئامانج و دیدو لێکدانەوە سیاسی و ئادۆلۆجییەکان، زۆر جاران لە زۆر شوێن و کاتاندا تەڕووپووشی بەیەوە سووتاندووە. هەمیشە جەنگ بۆلایەک عادیلانەو هەق بووەو بۆلایەکیش بە پێچەوانەکەی بووە. بەڵام بەهەردووک باراندا جەنگ هەر جەنگە.
ئێستا کە ڕوسیا بەو هەموو توانا سەربازی و ئابوورییەوە هێرش دەکاتە سەر ئۆکڕانیاو بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە داگیری دەکا، بەڵام هەر ئەو خەڵکەو هەر ئەوچالاکوانە ئەنتی جەنگیانەی کە لە دژی داگیرکردنی عێڕاق هاتنە سەر جادەو شەقامەکان، ئەوەتە کەسیان دیار نییە لە دژی ڕوسیا هەمان کار ئەنجام بدەن! تەنها لە ناوخۆی ڕوسیادا خەڵک ناڕەزایەتی دەربڕیوەو دەستی بەخۆپیشاندان کردووەو بەڵام سیستەمی پۆتینیی لە ڕوسیا بە هەزارانی لێ گرتوون و دەیانخاتە زیندانەوە.
بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە دژی داگیرکاری سیستەمی پۆتینیی خۆپیشاندان ناکەن؟ بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە وەڵاتانی سەربەناتۆ و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی نایەنە سەرجادەو شەقامەکان؟ بۆچی ناچنەسەر کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لەوەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاواو وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا؟ هۆیەکەی چیە؟ ئایا پێیان وایە وەک چۆن بۆ مەسەلەی عێڕاق گوێیان لێنەگیرا بۆ مەسەلەی ئۆکڕانیاش گوێیان لێناگیرێت؟ یاخود ئەوەیە کە جەنگ سەدان ساڵە بەردەوامەو زلهێزەکان گوێ لەکەس ناگرن و خەڵک و چالاکوانیش ماندوو بوون و بێ هیوا بوون لەوەی کە هەرچی بیکەن سوودی نابێ و دەوڵەتانی زلهێز کاری خۆیان هەردەکەن؟.
بە بڕوای من، دەبێ مەسەلەیەک بهێنرێتە بەرباس ئەویش ئەوەیە کە: ئەو ئۆردووە لە خەڵکی ناڕازی و خەڵکی خۆپیشاندەر لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و خەڵکانی بە ئایدۆلۆجی چەپ و لیبڕال و کۆمۆنیست کاتێک کە لە دژی ئەمریکا دەهاتنە سەرجادەو شەقامەکان، بە بڕوای من، ئەمانە ئەنتی ئەمریکایی بوون پێش ئەوەی ئەنتی جەنگ و ماڵوێرانی بووبن. ئەدی بۆچی لە بەرامبەر ڕوسیاو لە دژی ڕوسیا ئەوکارە ئەنجام نادەن کە لە دژی ئەمریکا ئەنجامیان دەدا؟ بە بڕوای من، دەبێ ئەوانە ئەنتی جەنگ و چالاکوانانی سەربە بلۆکێکی دیاری کراوی سیاسی و ئایدۆلۆجی بووبن کە دژایەتی تەوای لەگەڵ ئەمریکاو بلۆکەکەیدا هەیە پێش ئەوەی چالاکوان و ئەنتی جەنگ و کاولکاری و برسیەتی و هەژاری بووبن. بۆیە ئێستاش پارێزگاری لە شوێن و دید و ئایدۆلۆجیەتی ڕەسەنی خۆیان دەکەن. واتە دۆگماو نەگۆڕن. ئەگەر وا نییە دەبوایە ،بەبڕوای من، ئێستا کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لە زۆر وەڵاتان بەردباران کرابانایە… ئێستا ئۆکڕانیاو خەڵکی ئۆکڕانیا بەتەنیا بەجێهێڵراون.
بەبڕوای من، ئوردووی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی نە جیهان و بازاڕی عەولەمە توانیویەتی لەو بازنەیە دەربازیان کاو نە ئایدیۆلۆجیەتە ئینسانی و ئایینیە سەرتاسەریەکەش ئەو ئوردووەی بەیەوە وەک ئینسانی وەک یەک گرێداون. هێشتا دووجیهانی لێک دوورن لە زۆر ڕووەوە. دوودیدگاو دوو بۆچون و لە کۆتاییشا دوو دواڕۆژ و دوو ئامانجی جیاوازهەیە لە نێو ئەو دووئۆردووەدا. ئۆردووی ڕۆژهەڵات و ئۆردووی ڕۆژئاوا. زۆری ماوە ببنە دۆست و هاوڕێی یەکتر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت