دلێر محەمەد نوری: پشتگیری ڕووسیای پۆتین، لە پای چی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەنگێک لە بەر دەرگای جیهانە. جەنگێک ئەم سەری ڕوونە و ئەو سەری ناڕوون. لایەکی جەنگەکە، وڵاتێکە زلهێز، خاوەن ئەتۆم، خاوەن مێژووی دوور و درێژی دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی، پڕ چەک و پڕ هێزی چەکدار، بەڵام دیکتاتۆر و خۆسەپێن، مەبەستم ڕووسیای پۆتینە. لایەکەی دیکەش وڵاتێکی نوێی بچووکتر بە خاک و بە خەڵک، تازە پێگەیشتوو، کراوەیە و ڕووە و دیموکراسییە، کەم چەک و کەم هێزی چەکدارە، خاوەن سەرۆکێکی هەڵبژێردراو. هەرچی بریارێکیش کە گەلەکەی داوییە ڕای خەڵکە و بە دەنگدان بووە. کە مەبەست لەمەش ئۆکراینە. من نە کەسێکی سەربازیم و نە سیاسیش تا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی جەنگێک بکەم. بەڵام هێندە دەزانم کە لە سایەی بچووک بوونەوەی دونیا بە جۆرێک کە لە نیسکە شووشەی کامێرای مۆبایلەکانماندا جێی هەموومان ئەبێتەوە. هەواڵی هەموو جەنگێک و ڕووداوێکی مرۆیی یان سروشتی پەیوەندیدار بە هەر کەس و گروپ و نەتەوە و وڵاتێکەوە، دەگاتە دەستمان و کارمان تێ دەکات.
هەڵبەتە تاکی کوردیش بەدەر نیە لەو کارتێکردنە. گەر تاکی کوردیش وەکو بێلایەنێک تەماشای ئەم جەنگە نابەرابەر و ناهەقە بکات، وای لێ چاوەڕوان دەکرێ کە بە هیچ شێوەیەک خۆشی لە سەرکەوتنی روسیای پۆتین نەبینێ بە سەر ئۆکرایندا. بەڵام لە زۆر لاوە دەنگی پێچەوانەو نەشاز ئەبیستین.
کورد ئەڵێت: نانی کونە ماسی ئەخوات و پاسی جرتاوا ئەکات. ئەمە لە چیرۆکی سەگێکەوە وەرگیراوە کە ڕەنگە تاکە سەگی بێ وەفای مێژوو بێت. دەڵێن سەگێک کە خاوەنداریدا بۆ گوندی کونە ماسی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەر زەلامێکی لە گوندی جرتاوای نزیک کونە ماسی نزیک بێتەوە بەودا ئەوەڕێت. واتا جۆرێک لە بێوەفایی و نمەک بە حەرامی تێدابووە. ئەم پەندەم تەنها بۆ نزیک خستنەوە بوو لە کرۆکی نووسینەکەم کە ئێستا دێمە سەری.
لە دوای هێرش و پەلاماری ڕووسیا تا کاتی نووسینی ئەم وتارە، تەنها چاودێری دەنگ و باس و کاردانەوەی وڵاتان و سۆشیاڵ میدیای کوردیم کردووە و گەیشتوومەتە پۆلێنێک لە هەڵوێستە جۆراوجۆرارەکانی چەند گروپ و توێژێکی کورد، بە تایبەتی لە باشور لە مەڕ کاردانەوە بەرانبەر بە داگیرکاری ڕووسیا دژ بە ئۆکراین، ئەوانیش ئەمانەی لای خوارەوەن:
1- هەندێک چەپ و هەندێکیش خوێندکاری سەردەمی سۆڤێت، کە زۆر بە خۆشحاڵی و بە گەرمی پێشووازییان لەو هەنگاوە ناپەسەندەی پۆتین کرد. هەر وەک ئەوەی سۆڤێتی جاران یان ڕووسیای پۆتین عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دوڵەتی چەپی کوردی و خۆشگوزەرانیان بۆ کورد دابین کردبێ و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و سەرمایەداریش لە کوردیان تێکدا بێت، ئەمان لە بری ئەوەی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ هەر سەردەمێک هەبێ و لەو سۆنگەیەوە هەڵوێستەکانیان بنیات بنێن، کەچی ئێستاش لە ئەوروپا و کوردستانەوە چەتر بۆ بارانی مۆسکۆ هەڵئەکەن.
2- زۆرێک لە کوردی عەوامی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنها لە کینە و ڕقیان لە هەڵوێستە نێگەتیڤەکانی ئەمریکا دژ بە شۆڕشی کورد لە هەندێ قۆناغی مێژووییدا، پشتگیری ئەم حەملەیەی پۆتینی دیکتاتۆر ئەکەن دژ بە گەلێکی بێ زەرەر. لە کاتێکدا نە ئەمریکا پریشکێکی ئەم جەنگەی جارێ بەرکەوتبێ و نە ڕووسیا و پۆتینیش بۆ جارێک لە بەرژەوەندی کورد کاریان کردبێ. جگە لەوەش سەیرە گەلێک بە درێژایی مێژوو گیرۆدەی دەستی دیکاتۆر بووبێ و ئێستا خۆی پشتگیری داگیرکاری دیکتاتۆرێک بکات.
3- زۆرینەی ئیسلامییەکان لە هەموو گروپ و تاقم وحزبەکان ئەم هێرشەی پۆتین بۆ سەر ئۆکراین بە جۆرێک لە تۆڵەی خوایی، غەزەب لە ڕۆژئاوا تەماشا ئەکەن، هەر وەکو سەرەتای کۆڕۆنا کاتێ تەنگی بە چین و دواتر بە ئیتالیا هەڵچنی. ئەمانە کەوتوونەتە نوقڵانە لێدان بۆ خاپور بوونی ڕۆژئاوا، بێ گوێدانە زیانە مرۆییەکانی جەنگ. ئەمان بە هێوای گەرم بوون و کارەساتبارتر بوونی جەنگەکەن. هەر لە خۆوە کەوتوونەتە بەرەی ڕووسیای پۆتینەوە. پارادۆکسی ئەمانە لەوەدایە کە گەورەترین گەشەیان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا کردووە و هەمیشە کاری ڕێکخراوەیی و گەشەی ئایینیان لەوێ کردووە. بەو ژمارە زۆرەی گەنجانی ئەوروپاش کە هاتنە ناو داعشەوە، کە پەروەردەی ئەو مەڵبەند و ناوەندە ئێسلامییانەی سایەی عەلمانییەتی ڕۆژئاوا بوون، کەچی پاڵپشتی بۆ داگیرکاری ڕوسیای پۆتین دەردەبڕن، کە ڕێگەی نەداوە لە نێو 20 ملیۆن موسوڵمانی ڕووسی یەک نووزەی ئیسلامی ببیستین. لەم سۆنگەیەوە جێگەی ئاماژەیە کە باسی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (Aften Posten)ی نەرویجی بکەم کە لە لایەن ڕۆژنامەنووس(Per Anders Johansen)ەوە ئامادەکراوە لە ٢٠١٦دا. تیایدا هاتووە کە پۆتین چەندین ملیاردی لەوەدا سەرف کردووە کە نەهێڵێت هیچ بزاوتێکی ئیسلامی لە نێو موسوڵمانە ڕووسەکان سەر هەڵبدات، جا بە هەر ڕێگایەک بووە، تەنانەت بەرپرسی هەموو مزگەوتەکانی ڕووسیاش کە ژمارەیان زیاتر لە ١٤٠٠ مزگەوتە، یەکێکە لە کاراکتەرە ڕۆڵ گێڕەکانی خودی پۆتین لەم بوارەدا، کە ناوی (Kamil Samigullin)ە. سەرباری ئەمانەش ئەتوانین بڵێین ئەگەر ڕۆژئاوە جارێک زیانی بووبێ بۆ بزاڤە ئیسلامییەکان ئەوا ڕووسیا دەیان جار. هەموو ئەمانەش ئەوەمان پێدەڵێن کە ئیسلامییەکانیش لە ڕۆژئاوا گەشە ئەکەن و بەڵام پشگیری بلۆکی ڕووسی ڕۆژهەڵات ئەکەن، ئەمەش بۆ خۆی دژیەکییە.
4- هەندێک کوردی دانیشتووی ئەوروپا لە سایەی ڕۆژئاواوە خۆیان و خێزانیان حەساونەتەوە و کار دەکەن و گەشت ئەکەن و خانەنشینن. بەڵام دەبینین شەو ڕۆژ نزا ئەکەن و بە ئومێدن کە ڕووسیا دەستی بگاتە وڵاتی خانەخوێیان لە ڕۆژئاوای ئەوروپا.
بە کورتی تا ئێستاش لەم چوار چینەی کورد تێنەگەیشتم کە ئەبێت سەرکەوتنی ڕووسیا بە سەر ڕۆژئاوادا، بە چ خێرێک بە سەر کورددا بشکێتێتەوە، تا کورد وەها سەرکەوتنی ڕووسیای پۆتین دڵخۆشیان بکات!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت