عەبدولکەریم شێخانی:خرتکە و پرتکە/ بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکە و پرتکەی ئەم جارە هەمەجۆرە لەسەر خوانێکی هەژارانەی چێژبەخش لەپێشتانی دادەنێم.
ئەم شیعرەی ( أحمد مطر ) م شەش ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند شیعرێکی دیکەی کردووە بە کوردی بڵاوم نەکردۆتەوە. بەم دواییانە کاکە وریا عەونیی خۆشەویست دەستی خۆش بێت, وەریگێڕابوو و بڵاویشی کردەوە. کارێکی زۆر جوان بوو و ئیدى منیش بڕیارم دا ئەوەی خۆم بڵاو کەمەوە بەو هیوایەی بە دڵتان بێ.
شیعرەکەی ( أحمد مطر ):
((ألأمل ))
امس إتصلت بالأمل
قلت له: هل یمکن أن یخرج العطر لنا
من (الفسیخ) + والبصل ؟
قال: أجل
قلت: وهل یمکن أن تشعل نار بالبلل؟
قال: أجل
قلت: وهل من الحنظل یمکن تقطیر العسل ؟
قاڵ: أجل
قلت: و هل یمکن وضع الأرض فی جیب زحل؟
قال: أجل, فکل شیئ محتمل
قلت: إذن حکام العرب سیشعرون یوما بالخجل
قال: تعال أبصق على وجهی إذا هذا حصل
+ الفسیخ, ماسیی سوێرکراو لەبەرهەتاو دادەنرێ و وشک دەکرێتەوە و بۆنی ناخۆشە لە مصر و کەرتی ( غزة ) لە هەندێک بۆنەدا دەخورێ و شتی وا لای ئێمە نییە. ئێمە جاران قاورمەی گۆشتی مەڕمان بۆ زستان هەڵدەگرت کە جوان لە نێو ڕؤنی خۆماڵی سوور دەکرایەوە بە جۆرێک تەنانەت ناوەکەشی وەک دەرەوەی سوور دەبووەوە و دەکرایە گۆزەوە و ڕۆنەکەی بەسەردا دەکرا تا قاورمەکەی بزر دەکرد, ئینجا هەندێک جار بەیانییان چەند پشکێکیان دەردەهێنا و دواى قرچاندنەوەی لەسەر ئاگر, چەند هێلکەیەکیان تێ دەکرد … ئاى هێلکەو قاورمە چەند خۆش بوو، یان ئێواران پشکە قاورمە دەخرایە سەربرنج و بەخوا تام و چێژی زۆر خۆش بوو , بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو تام و چێژە نەماوەو بەفرگرە خۆش بێت کەس قاورمە ناکات.
ئەمە کوردییەکەی شیعرەکەیە: من بۆ مەبەستی سەروا هەندێک دەستکاریی کەمم کردووە و کورداندوومە، بەڵام ماناکەی نەگۆڕاوە و مەبەستەکەی ئەوم گەیاندووە.
دوێنێ پەیوەندیم کرد بە هیواوە
گوتم: دەکرێ بۆنێکی خۆش کە مەستت کات
لە پیاز و ماسیی سوێرکراو دەرچێ؟
گوتی: بۆنا, زۆر چاک دەکرێ و لێی هەڵدەستێ
گوتم: ئەی تەڕی ئاگر هەڵدەکا ؟
گوتی: ئەی چۆن؟ مەشخەڵی بۆ ئاسمان دەبا
گوتم: باشە, لەزەرەند + هەنگوین دەچۆڕێ ؟
گوتی: لەویش شیرینترە لێت نەگۆڕێ
گوتم: باشە تۆ پێم بڵێ ئەتۆی زۆرزان
دەکرێ زەوی بخرێتە گیرفانی کەیوان ++
گوتی: بەڵێ, بەڵێ, هەموو شتێ
ڕێی تێ دەچێ سووکە و ئاسان
گوتم: کەواتە ڕۆژێک دێ سەرکردەکان
تەریق بنەوەو شەرم بیانگرێ
بەچاوی خۆم بیانبینم تاکو ماوم
گوتی گەر ڕۆژێ هات ئەوە ڕووی دا
شەرم مەکە
گەردنت هەزار جار ئازاد بێ
بە تف بەربە دەموچاوم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
+زەرەند = گووژاڵک سلێمانی ـــ ٢٠١٥/١٢/٥
++ کەیوان = زحل
ئینجا باسەرێک لە بەسەرهاتە خۆشەکانی پشدەر و بیتوێن بدەین و وەکو خۆی دەینووسمەوە.
حاجی قادر لە کوڕەکانی هەڵپێچابوو ژنی بۆ بێننەوە و کوڕەکانیش گوتبوویان بابە بە دوو کەسان دەتبەینە سەر ئاوێ تاقەتی رۆیشتنێشت نییە, دەگەڵ ژنێت چ پێ ناکرێ, عەیبدارن مەکە. حاجی قادریش گوتبووى بەخوای ڕۆڵە زۆر دە بێ عەقڵن و چ دنیاشو نەدیوە, بندۆزەریش لەسەر پشتی فلاتێ دەگوازنەوە کە گەیشتە جێی خۆی شاخی کون دەکا و دەڕووخێنێ.
کە ڕژێمەکەی صدام ڕووخا پیاوێک بە ناوی ( أبو تحسین ) بە نەعلان لە وێنەکەی بەربوو بوو. دوایی تەلەفۆنم بۆ کرد ئەو دێڕە شیعرەم بۆ خوێندەوە:
قوم إذا بالنعال صفعت وجوههم
شکت النعال بأی ذنب تصفع
بەم شێوەیە کردم بە کوردی و بۆشم زیاد کرد. بەڕاستیش کەسانێک هەن گەر بە کۆنە پێڵاو لە دەموچاویان بدەین, پێڵاوەکە زەرەرمەند دەبێ و زیڕەی لێ هەڵدەستێ.
کەسانێک بە کۆنە پێڵاو گەر لە دەموچاویان بدەی
پێڵاو دەڵێ گوناهم چی بوو, لەبەر چى بەو دەردەم دەبەی
کۆنە پێڵاو دەزریکێنێ توخوا بۆچی وام لێ دەکەن
بۆچی بەو ڕوخسارە پیسە لێم دەدەن ئازارم دەدەن
سەت هەندە کۆن و دڕاو بم لەو دەموچاوە پاکترم
بەو کۆنییەش لەسەتی وەک ئەوانە گەلێک چاکترم
نیازم وابوو شتێکی دیکە بنووسم, بەڵام بە بۆنەی جێگیر بوونی برایانی ئەنفالچی لە هەولێر و پەشیمان بوونەوەیان, شتێکم بیر هاتەوە.
زۆربەمان ناوی هۆلۆکۆستمان بەرگوێ کەوتووە و فڕنی غاز و ڕەشەکوژیی جوولەکانمان بیستووە یا خوێندۆتەوە. دواى شکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی لە دەوڵەتانی ( میحوەر ), تاوانبارانی نازی هەندێکیان خۆیان کوشت وەک هیتلەر و گۆبڵز کە خۆی و ژنەکەی و منداڵەکانی ژەهریان خواردەوە و هەندێکیان دران بە دادگای ( نۆڕەمبیرگ ) و دادگایی کران و لە سێدارە دران و هەندێکیان بۆیان ڕەخسا ڕایان کرد و خۆیان شاردەوەو ناوی خۆیان گۆڕی. یەکێک لەوانە (ئایخمان ) بوو کە ڕایکرد کەس نەیزانی چی لێ هات. جەنگی دووەم لە ساڵی 1945 بە شکست و دۆڕانی بەرەی نازییەت کۆتایی هات. ئیسرائیل لە 14ى ئایاری 1948 دامەزرا. دواى دامەزرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل، کەوتنە شوێن تاوانبارانی ئەنجامدەری تاوانی هۆڵۆکۆست. دواى 15 ساڵ واتە لە سالی 1960سەرەداوێکیان لەبارەی ئایخمانەوە دەست کەوت کە لە ئەرجەنتینە. ئەو پیاوە ناوی خۆی گۆڕیبوو و بە ناوێکی دیکە لە ئەرجەنتین دەژیا. مۆسادی ئیسڕائیلی کەوتە شوێنی و بە ئەسپایی و بە شێنەیی شوێن پێیان هەڵگرت و تا لە ئەنجامدا بێ دەنگ و هەرا قیڕ گرتیان و گەیاندیانە باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لەو وڵاتە و دوایی لەنێو سندووقی دیپلۆماسی گەیاندیانە ئیسرائیل و دادگاییان کرد و بە مەرگ حوکمیان دا. داوای لێ بوردنی کرد, بەڵام سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەتی کردەوە. پێش لە سێدارەدانی داوای کرد کە دەبێنتە جوولەکە. دواى قبووڵ کردنی داواکەی کە پەتی سێدارەکەیان کردە ملی, گوتی ئۆخەی وا جوولەکەیەکی دیکەشم کوشت. میللەتێک بەو شێوەیە بە دوای مافی خۆی بکەوێ و تؤڵە لە دوژمنەکانی بکاتەوە هەر سەردەکەوێ و کەس پێی ناوێرێ.
ئەی ئێمە چۆنین. دوای 42 ساڵ لە هەڵایسانی شۆڕش لە 1961کە ڕژێمی بەعسی صدامی لە 2003 ڕووخا هەلی زێڕینمان بۆ هەڵکەوت بۆ تۆڵە کردنەوە، بەڵام پارەمان لا گرنگتر بوو لە سزادانی دوژمنان. برادەرێکی دڵسۆز بۆیگێڕامەوە کە چۆن تاوانبارانی بەندیخانەی ( نوگرەتولسەلمان)یان دۆزیەوە و لەپێش هەموویان ( عەجاج ) کەمنداڵی کوردی بە زیندوویی دەرخواردی سەگە ڕەشەکان دەدا, بەڵام بەرپرسانی کورد هیچیان نەکرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانە لە ژن و منداڵ و پیر و دیسان لە بەغدا بوو بەشەڕە پۆست و پلەو پایە, شەڕ لەسەر پچڕینی پۆستی زیاترى وەزیر و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتى و چووزانم گەلێک جڕوجانەوەری دیکە کە تا ئیستا دارێکیان لەسەر بەردێک دانەناوە و ماددەی 140 یش هەر لەسەر کاغەزە و دەڵێن ئیکسپایەر بووە کاری پێ ناکرێ. ئێستاش وەکو ( کاکەمین نەجار) گوتی ئەنجامدەرانی ئەنفال لە هەولێرن و دەلێن گوایە پەشیمانن ئەوان تازە حزب و حکوومەت و سەرۆکیان ناسیوە. ئەمە بە هەموو پێوانەیەکی دڵسۆزانە مایەی شەرمەزاری و ئابڕوو چوونە. تۆ وەرە ئەو هەموو تاوانەت بیرچێتەوە کە سوپاکەی بەعس بەرانبەر ئەم گەلە کردی. کۆکردنەوەی 8 هەزاربارزانیی بێ چەک لە ئۆردوگای قوشتەپەو ئۆردوگاکانی دیکەو بێ سەروشوێن کردنیان و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و گۆپتەپە و شێخ وەسان و گەلێک شوێنی دیکە و پڕۆسەکانی ئەنفال کە هەر بە قسە هیچمان نەهێشتۆتەوە, بەڵام بە کردەوە هیچمان بۆ ئەو خەڵکە نەکردووە. بوونی ئەو تاوانبارانە لە هەولێر گاڵتە کردنە بە هەست و نەستی ئەو خەڵکە جەرگسووتاوە دڵ بریندارە کە تا دنیا بە دنیایە برینەکانیان ساڕێژ نابن. بە سووک سەیرکردنی ئەو خەڵکە قوربانیدەرەیە کە ئێوەی لەسەر کورسیی حوکم دانا و بەو شێوەیە پاداشتتان دایەوە. شاعیرێک دەڵێ: مرۆڤ ئەوەیە شێوەی شەمعی بێ،، بۆ خۆی بسووتێ و نەفعی جەمعی بێ. بەڵام بەداخەوە ئێوە میللەتتان سووتاند و ئێستاش گاڵتە بەهەست و سۆزی دەکەن. ڕەنگە دەسەڵات گرتنە دەست هەموو هەست و سۆزێکی ئێوەی کوشتبێ لە هەست و سۆز داماڵرابن, بەڵام خەڵک وانییە و هەستیان هەیە. ئەو خەڵکە هەموو شەوێ بە فرمێسک داباراندن ڕۆژ دەکەنەوەو چاویان لە دەرگایە ڕۆڵە کوژراو و ئەنفالکراوەکانیان بێنەوە, کەچی ئەنفالچییەکان بێ لێ پرسینەوە لە هەولێری پایتەختی کوردستان تەراتێن دەکەن. یەکێک لەوانەی کە کەسی نەماوە و بەر ئەنفال کەوتوون بە چاوی بە فرمێسکەوە دەڵێ: خوایە لێم مەگرە هەر تۆ خواى و تاک و تەنیای, بەڵام بەقوربانی گەورەییت بم, خۆ منیش ئێستا تاک و تەنیام و وەکوتۆ کەسم نییە. نازانم بڵێم چی, بڵێم ئێمە مێللەتێکی زۆر دڵسافین و هەر بۆ ئەوەی خوا لێمان ڕازی بێ ساویلکانە دوژمنەکانی خۆمان دەبەخشین و لێیان خۆش دەبین, بەڵام بۆ یەکتر هەتا قوڕقوڕاگەی یەکتر هەڵنەدڕین واز ناهێنین و لە یەکتر نابوورین و هەتا سەر دوژمننایەتیی یەکتر دەکەین. ئاخر ئەمە حاڵمانە بۆیە هەتا ئێستا نەبووینەتە دەوڵەت و هبچمان بە هبچ نەکردووە. لەسەر دوو دوکان لە قەڵادزێ ئەوهەموو خوێنە ڕژا, بەڵام بۆ بەرژەوەندی ئەم و ئەو دێین داڵدەی دوژمن دەدەین. بەخوا شەرمە دوژمنەکەت لە سایەی تۆدا بحەسێتەوە. ئەو تاوانە گەورانە هیچ پاساو و پاکانەیەک نایانگرێتەوە. هەشت هەزار بارزانى, قوربانییانی کیمیابارانەکان, ئەنفالکراوەکان, ئەو هەموو لە سێدارە دراو و کوژراوانەی دیکە هەموویان داوای تۆڵە کردنەوە دەکەن نەک لێ خۆش بوون و داڵدەدان. هەر سازشێک بۆ هەر مەبەستێک بکرێت تاوانە دەرهەق بە خەڵکی ستەمدیدەی کورد و قبووڵ کردنی, ماناى سەودا و مامەڵە کردنە بە ماف و چارەنووسی ئەم میللەتە بۆ مەبەستێکی تایبەت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت