لوقمان مستەفا: نەفرەت لە جەنگ..!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وێڕای ئەوەی کە جەنگ مێژوویەکی دور و درێژی هەیە، بەڵام شارەزایانی بواری زانستی جەنگ نەیان توانیوە بگەنە پێناسەیەکی گشتگیر، بۆیە لەڕوی پێناسە کردنەوە وەک زۆرینەی بابەتەکانی تری زانستە سیاسیەکان، خاوەنی پێناسەیەکی دیاری کراو نیە، بۆیە چەندین پێناسەی جۆرا و جۆری هەیە، کە سادەترین پێناسەیان: کە دەوترێت جەنگ بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شەڕێک کە درووستکەری خودی مرۆڤە کە لەنێوان دوو دەوڵەتدا، یان دوو بەرەدا ڕودەدات و هەندێک جار درێژخایەنە هەندێک جاریش ماوەکورتە. یا لەبەرژەوەندی و زەرەرمەندی ھەردوولا کۆتایی دێت یاخود بە سەرکەوتنی یەکێکیان کۆتایی دێت.
گومانی تێدانیە کەرەستەی ھەرجەنگێک مرۆڤەکانن دەبنە سوتەمەنی جەنگەکە لەجەنگدا ھەرچی کاریی نامرۆڤانەیە ئەنجام دەدرێت، ئەوەی باس لە مافی مرۆڤ و یاساکانی جەنگ دەکرێت بە کردارەکی یەک پوڵی قەڵب ناکات.
چی درۆیەکی گەورەیە.! کە دەڵێن بەپێی یاسا ژیانی مرۆڤ لەھەرچرکەیەک لە چركەكانی سەرەتای بوونەوە هەتا مردن پارێزراوە، هەروەها ئەندامەكانی لاشەشی بەهەمانشێوە، چونكە هەر دەستدرێژیكردنە سەرێكی، واتا پەكخستنی ژیانی هەمەكی یا هەندەكی ‌ (جزئیا أو كلیا )مرۆڤ، وە دەستدرێژیەكە هەرچۆنێك بێت لە لایەن یاساوە بە تاوان دادەنرێت. جا كارەكە ببێتە هۆی لەناودانی ژیان، برینداری یا كاریگەریەكی خراپ بەجێ بێڵێت، بە ویست یا بێویست ئەنجام درابێت، ئەمە ئەگەر ئەوەش بزانرێت مافی ژیان سەلامەتی لاشەیی و مەعنەوی، باش مامەڵەكردن و بەكارنەهێنانی توندوتیژی دژی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەها تاڵان نەكردن، دەست نەبردن بۆ ناموس، دین، بیروباوەڕ و كەلەپوری مرۆڤ و ستەم لێنەكردن و نەترساندنیان دەگرێتەوە.
لە دەرەنجامەكانی زیاد گرنگیدان بەو مافە، دامەزراندنی لقێكی نێونەتەوەیی مافەكانی مرۆڤە، كە لە لێكۆڵینەوەی گشت مافەكانی مرۆڤ لە كاتی ئاشتیدا تایبەتمەندە، زۆرێك لە بەڵگەنامە، ئاگاداری و رێكەوتننامە كە پێ لەسەر پاراستنی مافی ژیان بۆ هەمووان دادەگرن، دەركراون، كە گرنگترینیان مادەی سێیەمی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤی ساڵی (1948)ە كە تیایدا هاتووە: هەموو كەس مافی ژیان، ئازادی و سەلامەتی كەسیی هەیە. هەروەها مادەی پێنجەمی هەمان جاڕنامە دەڵێت: نابێت هیچ كەس دووچاری ئەشكەنجە، سزا یا مامەڵەی توند یا دڕندانە و كەرامەت ڕوشێن ببێتەوە.
هەروا لە بڕگەی یەكەمی پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكانی ساڵی (1966ز)دا ئەوە دووپات كراوەتەوە: مافی سروشتی هەموو كەسێكە بژی یاساش ئەو مافەی بۆ بپارێزێت، نابێت بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، هیچ تاكێك لە ژیان بێبەش بكرێت.
هەروەها دووبارە چەندان پەیماننامە و ڕێكەوتنی ناوچەیی و هەرێمیی مافەكانی مرۆڤ هەن كە پاراستنی مافی ژیان بەتوندی دەسەپێنن، لەوانە بەندی سێیەمی پەیماننامەی عەرەبیی مافەكانی مرۆڤی ساڵی (1945ز)، مادەی چوارەمی پەیماننامەی ئەفەریقایی بۆ مافەكانی مرۆڤ و گەلان ساڵی (1979ز)، بەشی یەكەمی بڕكەی یەكەم لە مادەی دووەمی ڕێكەوتنی ئەوروپایی مافەكانی مرۆڤ ساڵی (1950ز)، جاڕنامەی ئەمەریكایی ماف و ئەركەكانی مرۆڤی دەرچوو لەلایەن ڕێكخراوی وڵاتانی ئەمەریكیایی بە بڕیاری ژمارە (30) لە مادەی یەكەمی كۆنگرەی نۆیەمی وڵاتانی ئەمەریكایی ساڵی (1948ز)، تێكڕا هەموو ئەو مادانەش دووپاتی بێبەش نەكردنی هیچ مرۆڤێك لە ژیان بەشێوەیەكی بێسەرو بەرەیی دەكەنەوە، هەروا ئەوەش تۆخ دەكەنەوە كە نابێت هیچ كەس دووچاری ئەشكەنجە، سزا یا مامەڵەی توند یا دڕندانە و كەرامەت ڕوشێن ببێتەوە.!
ئەمانە ھەمووی یاساگەلەێکی جوانن، بەڵام مەخابن ھەر لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگدا ھەر ھەموی پێچەوانە دەبێتەوە و دەبنە مورەکەبی سەرکازێکی رەشەوەکراو.!
ئای لەو گەوجاندنەی دونیای سەرمایەداری.! چۆن یاساکان بەباڵای حەزوو ئارەوەکانی خۆیان دەدورن.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت