دانا مەنمی: پارتی لە نوسینەوەی مێژودا درۆی گەورەی بۆ مەلا مستەفا هۆنیووەتەوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ 1ـی 3ـی 2022 لای پارتییەکان یادی کۆچی دوای مەلا مستەفا بوو، مەلا مستەفا کە ئێستا 43 ساڵە مردووەو لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ڕۆڵی مەلا مستەفا لەناو ڕەوڕەوەی مێژوودا قسە و باسی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، مێژوویش بریتی یە لە لێکۆڵینەوەو نووسینەوەی ئەوەی لەرابردووا ڕوویداوە، بەڵام کێشەی پارتی ئەوەیە کە مێژووی مەلا مستەفای وەک چیرۆک نوسیوەتەوە، نەک وەک بابەتێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن و لێکۆڵینەوە و شیکارکردن، بۆ دۆزینەوە گەڕان و سۆراخی ڕابردوی مەلا مستەفا ناچارین بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو لە خودی مێژوو کەڵک وەربگرێت.
پارتی سەرباری شێواندنی مێژووی نەتەوەیەک، تەنانەت ڕوداوە مێژوییەكان كە ناسۆر و برینی نەتەوەین بۆ مەرامی شەخسی و حیزبی و خێزانی بەلاڕێدا دەبەن کە جیاکردنەوەی ڕاستی و ناڕاستی لە یەک کارێکی زەحمەت دەبێت، بۆیە یەكێك لە قورسترین ئەركە فیكرییەكانی توێژەرو لێكۆڵەری مێژووی ڕاستەقینە ڕاوەستانێکی ڕەخنەییە لەبەردەم ئەو مێژووەی کە پارتی وەکو چیرۆك بۆ مەلا مستەفا و بنەماڵەی بەرزانی دەنوسنەوە، بەڵام پارتی دەربازی نەبووە و شانی مەلا مستەفاش پاک نەبووەتەوە لە هەڵەو کەموکوڕی مێژووی، پێویستە مەلا مستەفاو مێژووەكەی بە فلتەرێکی بەهێز پاڵفتە بکرێت.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە قسەکردنە لەسەر کەسایەتی خودی مەلا مستەفا لە ناومێژوودا، پارتی لە نوسینەوەی مێژووی مەلا مستەفادا درۆی زۆر گەورەی هۆنیوەتەوە، مەسەلەن مەلا مستەفا زاتێکی گەورەو پیرۆز و مەعسوم بووە لە ژیاندا! نمونەیەکی تر مەلا مستەفا خاوەنی هزرو ڕێبازو فەلسەفە بووە! یان پێشبینی و قسەی نەمران بووەتە وێردی زوبانی پارتیەکان و چیرۆکی ئاهورای لەسەر دەهێننەوە، دەمەوێ بڵێم باشترین کتێبێک کە بە وردی باسی کەسایەتی مەلا مستەفامان بۆ دەکات کتێبی” خەباتی پێشمەرگایەتی یان کارەسات و ماڵوێرانی” لە نوسینی ئەردەڵان عەبدوڵا بە وردی پەنجەی خستووەتە سەر تایبەتمەندییەکانی مەلا مستەفا.
زۆرینەی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان لەبارەی کەسایەتی مەلا مستەفا ئاشنامان دەکەن بە ڕوانینێکی جیاواز لەو ڕوانینەی پارتی کە لەسەر مەلا مستەفا وەک چیرۆک نوسیویەتیەو ، مەلا مستەفا بە حوکمی ئەوەی كه‌سایه‌تیه‌كى خێڵایه‌تى هه‌بووە ‌ئاستی ڕۆشنبیریشی نزم بووەو نەیزانیوە جیاوازی نێوان ئۆتۆنۆمی و حوکمی زاتی چییە؟! مەلا مستەفا دژی گۆرانی و موزیک بووەو پێیشی ناخۆش بووە پێی بوترێت مامۆستا! لە ژیانیدا بە گاڵتە بە حەمایل ی خێزانی نەگوتووە (خۆشم دەوێت !) هه‌موو كات مۆراڵى خێڵایه‌تى و ده‌ره‌به‌گایه‌تى به‌سه‌ر مێشك و ویژ‌دانیدا زاڵ بووەو نه‌یزانیووه‌ گفتوگۆو بۆچوونی جیاواز مانای چییه‌؟! بەردەوامیش جنێوو سوکایەتی لە سەر زاری بووەو بە برایم ئەحمەد و جەلال تالەبانی و نوری شاوەیس و عەلی عەبدوڵای دەگوت: بێ ئەخلاق. تالەبانی لەكتێبی ( دیداری تەمەن)دا دەڵێ؛ تێگەیشتم، مەلا مستەفا ئەو پیاوە رۆشنبیرە هاوچەرخە نییە كە من چاوەڕێم ئەكرد!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت