عەبدولکەریم شێخانی:خرتکە و پرتکە/ بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتكەو پرتکەی ئەم جارەمان قەڵەوە لەکیس خۆتانی مەدەن
ئەم جارەیان خرتکەو پرتکە بە شێخ ڕەزا دەست پێ دەکەم کە شێخ محەمەدی خاڵی نەمر بڵاوى کردۆتەوە. خوا یار بێ لە دەرفەتێکدا هەندێک یادگاریم لەگەڵ شێخی نەمر پێشکێش بە ئێوەی بەڕێز دەکەم.
شێخ عەلیی براگەورەی شێخ ڕەزا شێخی ئیرشادی ( تصوف ) بووە خاوەنی پایەو پێگەی ئایینیى خۆی بووە و بە ڕێزو قەدرەوە سەیر کراوە. شێخ قادری براشی کە لەخۆی بچووکتر بووە, ئەویش خەریکى دینداری و ( تصوف ) بووە و جگە لەوەش شیعری داناوە، بەڵام بە تورکی. ڕۆژێک شێخ ڕەزا دەچێ بۆ تەکێ و سەرێک لە شێخ قادری برای دەدات. شێخ قادر دەڵێ ڕەزا باش بوو هاتی, شیعرێکم گوتووە, لە دێڕی یەکەم وەستاوم و دێڕی دووەمم بۆ نایە. شێخ ڕەزا دەڵێ: ئادەی بۆمی بخوێنەوە. (ببوورن بە ڕێنووسی کوردی دەینووسم بۆ ئەوەی بە ڕ استی بیخوێننەوە ). شێخ قادر دەڵێ:
مەی ئۆ مەی, ساقی ئۆ ساقی, حالەت ئۆ حالەت دۆگیل
واتە مەی هەر هەمان مەیە و ساقیش هەرهەمان ساقییە, بەڵام حاڵەتی مەستیی هەمان حاڵەتی مەستیی نییە.
شێخ ڕەزا لەسەر هەمان کێش و سەروا دەڵێ بنووسە:
گوێت ئۆ گوێت, تفرگ ئۆ تفرگ, ئالەت ئۆ ئالەت دۆگیل
واتە: قوون هەر هەمان قوونە و تفیش هەر تفەکەی جارانە, بەڵام ئالەت ئاڵەتی جاران نییە.
شێخ قادر لە تووڕەییان بۆ شتێک دەگەڕێ بە شێخ ڕەزای دابدا, شەربەیەکی پر ئاو لەوێ دەبێ, تاو دەداتە شەربەکە و شێخ ڕەزا ڕادەکا و شیخ قادر بە شەربەوە دوای دەکەوێ. شێخ ڕەزا بە تەپە تەپ بۆ لاى ژووری شێخ عەلیی کاکی و شێخ لەژوورەوە کە گوێێ لە تەپەتەپ دەبێ دەزانێ ئەوە شێخ ڕەزایەو کەتنێکی کردووە هاوار دەکا: ڕەزا ئەوە چییە؟ شێخ ڕەزاش دەڵێ: کاکە بمگەیە شێخ قادرە بۆزە کوشتمى بە گۆزە. ( ڕەحمەتی خواى پەروەردگار لە هەر سێکیان و شێخ محەمەدی خاڵی نەمر بێت ).
جارێکیان شێخ ڕەزا دەچێ بۆ شوێنێک و کاتەکەش نزیک نوێژی نیوەڕۆیە دەچێ بۆ دەست بەئاو گەیاندن, سەیر دەکا خەڵکێکی زۆر سەرەیان گرتووە. ئەویش سەرە دەگرێ و دوای ئەوە کە دەچێ بۆ ژووری مزگەوت, سەیردەکا تاک تاک نوێژکەری لێیە. ئەویش دەڵێ:
خەڵکی ئەم شوێنە دوورن لە طاعەت
نوێژ بە تاک دەکەن گوو بە جەماعەت
ڕۆژنامەنووسی ناوداری مصری محمد حسنین هیکل کتێبێکی هەیە بە ناوی ( موعد مع الشمس ) کۆمەڵێک دیدارە لەگەڵ سەرۆک و ناودارانی جیهان. یەکێک لەوانە سەرۆک ئەڕکانی سوپای هیندستانە. سەرەتا دیدارێکی تێروپڕی لەگەڵ ( ئەندێڕا غاندی ) هەیە و هیکل ڕایدەکێشێ بۆ قسە کردن لەسەر زۆر بابەت, بە تایبەتی جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان کە دروست بوونی دەوڵەتی بەنگلادیشي لێ کەوتەوە. دوا جار هیکل داوای لێ دەکات رێی بدات چاوی بە ( سام مانکشۆ) ی سەرۆک ئەرکانی سوپای هیندستان بکەوێ. ئینجا دەڵێ کە پێکەوە دانیشتین گوتی بۆ نانی نیوەڕۆش ميوانی منی، بەڵام جۆری خواردنەکە ژنەکەم دیاری دەکات. دەمبینی بەو سمێڵە زلە بادراوەیەم, ژیانی من لە نێوان دوو ژندایە, لە دەرەوە ئەندێرا و لە ماڵیشەوە ژنەکەم و, بە پێکەنینەوە, ناشبێ لە فەرمانیان دەرچم.
بە یارمەتیتان گەشتێک بۆ دواوە دەکەم. ئیستیعماری بەریتانی گەلێک وڵاتی لەڕؤژهەڵات و ڕۆژئاوا داگیر کردبوو و بەریتانیا ئەو دەوڵەتە بوو کە خۆر لە موستەعمەرەکانی ئاوا نەدەبوو. یەکێک لەو وڵاتانە هیندستان بوو کە لەبەر گەورەیی بە کیشوەری هیند دەناسرا. ئەو وڵاتە چەندان نەتەوەو ئایینی جیا جیای تێدا بوو وەک هیندۆس و موسڵمان و سیخ و گورگە و گەلێکی دیکە. بۆ شوێن پێ قایم کردنی خۆی زۆر شەڕی لەنێوان سیخ و موسڵمانەکان دەنایەوە. مەهاتما گاندی کە پارێزەر بوو هەڵمەتی بەربەڕەکانیی ئاشتییانەی دەست پێ کرد بە بانگەواز کردن بۆ بایکۆتی کەلوپەلی ئینگلیزی و لە پێناوەدا تووشی ئازارو سەرئێشەی زۆر بوو, بەڵام کۆڵی نەدا و سەرەنجام بەریتانیا ناچاربووبکشێتەوەو دوو دەوڵەت لە هێندستان پێک هات یەکێکی ئیسلامی بە ناوی پاکستان و ئەوی دیکە هیندستان, بەڵام ئەو دوو دەوڵەتە هەرگیز نێوانیان باش نەبووە و ئێستا هەردووکیان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و پاکستان لەسەر دەستی ( عبدالقدیرخان) زانای ئەتۆمیی پاکستانی کە حەفتەیەک پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد، ئەو چەکەی بەدەست هێنا. پاکستانیش چەندان نەتەوە و ئاینیی جیا جیای تێدایە و ئەویش وەک هەموو وڵاتێکی دیکەی فرەنەتەوە جێگیریی بە خۆیەوە نەدیوە. یەکێک لەو نەتەوە گەورانە بەنگالییەکان بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان بوون و لە هەڵبژاردنی ساڵی 1970 حزبی پەیوەندیی عەوامیی پاکستانی بە سەرکردایەتیی شێخ مجیب الرحمن سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بەو پێیەى براوەی یەکەمە داوای ئەوەی کرد کە حکوومەت پێک بێنێ, بەڵام ( ذوالفقارعلی بۆتۆ ) رەتی کردەوە دەستبەرداری
حکوومەت بێت.
لێرە دەگەڕێمەوە بۆ لای ( سام مانکشۆ) سەرۆک ئەرکانی سوپاى هیندستان با ئەو قسە بکات و ئەو ئەرکە لەکۆڵ من بکاتەوە. دەڵێ: گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان بەنگالییەکان و حکوومەتی پاکستان دروست بوو. من ( یحیی خان) ی سەرۆکی پاکستانم باشم دەناسی، چونکە کاتی خۆی هەردووکمان پێکەوە ئەفسەر بووین و دەمزانی کەسێکی گێلە و لەو کاتەدا ڕەنگە هەنگاوێکی بێ ئەقڵانەی گێلانە بهاوێ و بۆچوونەکەشم ڕاست دەرچوو. سوپای پاکستان بە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی (جەنگیزخان) لە دوو ڕۆژی یەکەمی کانونی یەکەمی 1971 ( 11) بنکەی ئاسمانیی هیندی بۆردومان کرد. کە شەڕ دەستێ پێ کرد نزیکەی 9 ملیۆن بەنگالی لەتاو گیانی خۆیان پەنایان بۆ هینستان هێنا و ئەمەش بوو بە هۆی دروست بوونی بارگرانی بۆ سەر هێندستان و جگە لەوەش مەترسی ئەوە هەبوو کە بەنگالییەکانی هیندستان پشێوى بنێنەوە و سەرئێشە بۆ دەوڵتی هیندستان دروست بکەن. بۆیە سوپای هیندی وەڵامێکی توندی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەی دایەوەو لە ماوەیەکی کەمدا بەشی زۆری فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستانمان تێک شکاند. شەڕەکە بە 13 ڕۆژ کۆتایی هات کە بە کورتترین جەنگ دادەنرێت لە مێژوودا و پاکستان ئاڵای سپی هەڵکرد و خۆی دا بە دەستەوە. لەو شەڕە 90 هەزار سەرباز و 93 هەزار پشتیوانی سەربازی وەک بەندیی جەنگ بە دیل گیران. شایانی باسە نزیکەی 2 تا 3 ملیۆن مەدەنیی بەنگلادیشی کوژران و 400 هەزار ژنیان دەستدرێژییان کرایە سەر.
ئەمە بارودۆخی هەموو وڵاتانی فرە نەتەوەیە و هەمیشە نەتەوەی ژمارە زۆری دەسەڵات بەدەست نەتەوە بچووکترەکە دەچەوسێنێتەوە و ستەمی لێ دەکات و کورد لە پێشەوەی هەموو نەتەوەیەکی دیکەیە کە لە چوار لاوە دەستی ستەم لە بینی گیرکراوە و کەسیش لەسەری هەڵناداتێ و ئەو کوشتو کوشتارەی لێی دەکرێ بە کاروباری ناوخۆی وڵات دادەنرێ و کەس بۆی نییە دەست بخاتە ناو کاروباری ئەو وڵاتانە. هەموو مێللەتێک مافی چارەی خۆنووسینى هەیە کورد نەبێ و دەبێ هەتا دنیا هەیە ئێمە پاشکۆی ئەو وڵاتانە بین. ئەوەتا تورکیا بە تورکاندنی کوردەکانی باکووری کوردستانەوە ناوەستێ و دەستى ستەم و دوژمنکاری بۆ باشوور و ڕۆژئاواش درێژ دەکات وسوپاى لە هەردوو بەش بڵاو کردۆتەوەو هەڕەشەى ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی دەکات تەنانەت دەڵێت ئەگەر لە ئەفریقاش چادرێک بە ناوی کوردستان هەڵبدرێ ئیمە لێی دەدەین. ئێمە جگە لەوەی لەنێو خۆماندا خۆخۆرو نایەکگرتووین, فریادڕەسیکێ وەک هیندستانیشمان بۆ ناڕەخسێ.
پێش ئەوەی کۆتایی بەم گوتارە بێنم, ئەگەر پێشتان ناخۆش بێ ئەم نوکتەیەتان هەر بۆ دەگێڕمەوە. هەڵبژاردن بە گشتی لە و وڵاتانەی پێیان دەگوترا جیهانی سێیەم بە تایبەتیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باکووری ئەفریقا هەرگیز بێ ساختەکاری بەڕێوەناچێ و هەڵبژاردنی بێ فڕوفێڵ وەک چێشتێک وایە خوێی تێ نەکرابێ و هەندێک جار ئەوەندە سوێرە تەنیا بە دڵی کابانەکەیە و بە خەڵکی دیکە ناخورێ. گەلی مصر بە نوکتە بەناوبانگن. لە سەردەمی سادات ناو بەناو نوکتەی قورس پەیدا دەبوو وەکو نوقرچە وابوو، سادات زۆرپێی تێک دەچوو. فەرمانی بە ئەمنی مصری کرد دەبێ ئەگەر لەژێر زەویشدا بێ خاوەنی ئەو نوکتانەم بۆ بدۆزنەوە, بەڵام ڕێزی بگرن و ئازاری مەدەن و بیهێنن بۆ لای خۆم. بە کورتی ئەمنی مصری کە بە ( مباحث) ناسراوە کابرا دەدۆزنەوەو دەیبەن بۆ لای سادات و ئەویش ڕێزی لێ دەگرێ و دەڵێ: سەیرکە سەردەمی من وەکو هی عبدالناصر نییە و خەڵک ئازادە و تەنانەت لە هەڵبژاردندا زۆر بە ئازادانە دەنگ دەدەن ئەوەتا بێ دەست تێوەردان من 99.99% دەنگم هێناوە. کابرای نوکتەچى دەڵێ: والله یاسیدی النکتة دی أنا ما ئلتهاش (ماقلتهاش. ئیدى بەخێر دانیشن تا بەیەک دەگەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت