سەرەتای کۆتایی پۆتین

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیکتاتۆر بە جێگیری دەردەکەوێت هەتا ئەو کاتەی کە جێگیر نییە!
نووسینی: ئەندریە کەندال @ ئێریکە فڕانتز
سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
هێرشەکەی پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا، بۆ سەر ئۆکڕانیا ڕوون و ئاشکرابوو. هەر لە ساڵی 2000وە کە هاتە سەرحوکم، زۆرێک لە سەرۆکی وەڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان دا کە لەگەڵیدا هەماهەنگی بکەن و خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن و دانوستاندنی لەگەڵدا بکەن. بەڵام کە هێرشی کردە سەروەڵاتێک، کە وەک خۆی دەڵێت مافی بوونی نییە، وای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە پۆتین وەک و کە هەیە ببینن، وەک کەسێکی شەڕخوازکە توانایەکی دیاری لە وێرانکردندا هەیە. ئەنجامەکەشی بریتیبوو لە ئیجڕائاتی تازەی سەرتاسەری لە دژی ڕوسیا کە خۆی بینییەوە لە تەوقکردنی، گەمارۆخستنە سەر دام و دەزگا داراییەکانی، قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیا بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا، هەروەها زیادکردنی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکڕانیا. هەتا ئەڵمانیاش، کە ماوەیەکی درێژدوودڵ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆتین، ڕازیبوو بە دەرکردنی بانکەکانی ڕوسیا لە سیستەمی دارایی نامەیی سویفت و ڕازیبوونی بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆربووونەیدەهێشت، هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاویش بودجەی بەشی سەربازی زیادکرد. هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا شتێکی کەمترنەکرد لە گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر پۆتین کە دەبێ ڕووبەڕووی ببنەوە.
گۆڕانێکی ڕیشەیی لەوجۆرە بەباشی دەتوانێت بچێتە ناو ڕوسیاشەوە. بە درێژایی حوکمی پۆتین تاڕادەیەک جێگەی پێزانین و سوپاسکردن بووە لە لایەن گەلی ڕوسیاوە. زووربەشی بەهۆی ئەوەوە بوو کە توانی ئابووری ڕوسیا ببوژێنێتەوە دوای ئەو قەیرانەی کە لە نەوەتەکاندا تێی کەوتبوو. لە کاتێکدا زووربەی ڕوسەکان هەندێک وەهمیان هەبوو دەربارەی سەرۆکەکەیان، وە دانیان دەنا بە گەندەڵی کە خۆی و دەستەبژێری دەوروبەری لێی بەهرەمەندن، بەڵام نەیاندەزانی کە پۆتین شەڕێکی ئاهوا گەورە لە دژی ئۆکڕانیای هاوسێیان هەڵدەگیرسێنێت. بۆ چەندین مانگ، زۆر لە لێکۆڵەرەوەکان، شیکەرەوەکان، هەروەها هاونیشتیمانیان وەکویەک قەناعەتیان پێکرابوو کە پۆتین لە کردەوەیەکی ئاهوا شەڕەنگێزیدا تێوەناگلێت. دەنگوباسی شەڕو لێکەوتە ئابوورییەکانی کە بەدوایخۆیدا هێنا وای لە ڕوسیەکان کرد کە بە شێوەیەکی جیاواز هەم ڕوسیاو هەم پۆتین ببینن. ڕوسیای ئەوڕۆهەمان ڕوسیای هەفتەی ڕابردوو نییە!
قسەیەکی ژیرانەی باوهەیە کە دەگوترێت: پۆتین دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەهەرپەرچەکردارێکی ناوخۆیی. ئەوەش زۆر لە ڕاستی نزیکە. لە سیستەمی سەرکوتگەریی تاکەکەسیدا کە تەواوی هێز لەدەستی تاکە کەسێکدا کۆدەبێتەوە وهیچ کام لە حیزب و ئەنجومەنی سەربازی وخێزانی پاشایاتی دەستیان تێیدا نابێت، زۆرئەستەمە کە سەرۆک بەهۆی جەنگەوە جا با تووشی تێکشکان و بەزینیش ببێت بتوانرێت لە کورسییەکەی وەلابنرێت. ئەمەش هۆیەکەی هەم ئەوەیە کە دەستەبژێرئەوەندە بەهێزنین تا بتوانن دیکتاتۆر بەرپرسیار بکەن وهەم بەهۆی ئەوەش کە جەماوەری ناوخۆ هەلی زۆر کەمیان لەبەردەمدایە تا بتوانن سەرۆکەکانیان بەهۆی کارەکانیانەوە سزابدەن. بەڵام دەربارەی سیستەمە چەوسێنەرەکانی وەک ڕوسیای پۆتین ئەوەیە کە هەمیشە ئەوسیستەمانە هێندە بە جێگیری دەردەکەون تا ئەو خاڵەی کە لەڕاستیدا وا نین. پۆتین رسکێکی گەورەی کرد بە هێرشکردنە سەر ئۆکڕانیا، هەروەها یەک دەرفەت هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە گەشەکردندایەو بریتیشە لە دەسپێکی کۆتایی پۆتین.

قەڵای ڕوسیا
هۆی باش لەبەردەستدان کە بڵێین پۆتین دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پەرچەکردارانە ببێتەوە کە هی ئەنجامی شەڕەکانی ئەوون. ئەو تا مەودایەکی درێژ ڕۆییشتووە لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕوسیا و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و فەزای ڕۆشنبیری لە ڕوسیادا. ژەهرخواردکردنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا، ئەلێکسی نەڤانلی، و قەدەغەکردنی پەیکەر، کە لە دوای حوکمی سۆفیاتەوە بە گرنگترین دەزگای مافی مڕۆڤ دادەنرێت، ئەوە دەگەێنێت کە سیستەمی پۆتین لە پێناو مانەوەی خۆیدا سەرکوت دەکا. ڕوسیەکان ئەو پەیامەیان پێگەییشتووە. بە پێی سەرژمێرییەک کە 2021 سەنتەری لەڤادە ئەنجامی داوە لە 52٪ی ڕوسەکان لە سەرکوتی بەکۆمەڵ دەترسن و لە 58٪یان دەترس کە لەناکاوو لە خۆڕا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بگیرێن و ئازاربدرێن. لە ساڵی 1994 وە ئەو نیشانانە ڕووەو هەڵکشان ڕۆییشتوون. هەڵکشانێک لەو جۆرە لە سەرکوت ئاساییە لە سەردەمی حوکمی سەرکوتگەرەکان کە بۆ ماوەیەکی دووروودرێژ لەسەر کورسی دەسەڵاتن. هەرچەندە ئەو سەرکوتگەرانە ماوەی دەسەڵاتیان درێژ بێت، زیاتر پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا دەپچڕێت و کەمتریش خزمەت بە هاونیشتیمانیان دەکەن. بۆیە لە ئەنجامدا ئەو دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرانە ڕێگای کەمیان لەبەردەمدا دەمێنێت بۆ بەردەوامی بە دەسەڵاتیان.
پۆتین شانبەشانی سەرکوت دەتوانێت یاری و مڕاوەغە لەگەڵ فەزای زانیاری ڕوسیادا بکات، بەجۆرێک پێکی بێنێت کە زۆر لە ڕوسەکان لە ڕوداوەکانی ئۆکڕانیا نەگەن. هەر لە ئێستاوە ئاساییشی ڕوسیا دەستی کردووە بە سانسۆرو چاودێری هەموو جوڵەیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندی بە جەنگی ئۆکڕانیاوە هەبێ. بۆ نموونە دەسەڵاتداران ڕادیوی ئیکۆمۆسکڤیان داخست کە ڕادیۆیەکی سەربەخۆیەو لە ساڵی 1990وە کاردەکات. هەرچەندە نەوەی تازە زیاتر زانیاری لەو دەزگایانەی کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە بە دەست دەهێنن، بەڵام ئێستاش ڕژێم پانتایی زانیاری دەستکەوتنی بەدەستەوەیە. پێش ئەوەی ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکڕانیا، سەرژمێریەکان ئەوەیان پیشان دەدا کە زۆرینەی ڕوسیەکان لەگەڵ دانپێداهێنانی ناوچەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا بوون وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و هەروەها لۆمەی ناتۆیان دەکرد بۆ ئەو کێشەیەی کە درووست بووە.
کۆنتڕۆڵکردنی سەرکوت و زانیاری بە یەکەوە لە لایەن پۆتینەوە دەتوانرێت خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ لە پەرەسەندن بوەستێنرێت. تاکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار خۆپیشاندەر گیراوە کە چالاکییان لە دژی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەنجامداوە. بۆی هەیە ئەو ڕەشبگیرییە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خۆپیشاندانی تر لە دژی ڕوسیا لە ناوخۆی ڕوسیادا. لە کاتێکدا ڕوسی هەبن کە ژیانی خۆیان بخەنە خەتەرەوەو خۆپیشاندان بکەن ئەگەر بزانن کە خۆپیشاندانەکان بەرەو زیادبوون دەڕۆن و بە هۆی سانسۆریشەوە لەمەودوا سەخت دەبێ بۆ خۆپیشاندەران کە بتوانن بزانن چەند کەس ناڕازین بەو جەنگە. بۆیە لەوانەیە پۆتین زیاتر بەرەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگای ڕوسی هەنگاو بنێت کە کە ئێستا لە شڵەژاندایە. سیستەمە تاکڕەوەکان زۆرترلە سیستەمە ئۆتۆکڕاتەکانی تر بەرەو سەرکوت دەڕۆن لە وەڵام بە خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی کاتێک کە لە کردەوەی فراوانخوازییەوە تێوە دەگلێن وەک ئێستای پۆتین بۆ ئۆکڕانیا. سەرباری ئەوەش زۆرێک لە ڕوسەکان کە بەتەواوی لە پۆتین بێزاربوون وەڵات بەجێدەهێڵن ، وەک لە ئێستاوە هەندێکیان کردوویانە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی فشاری ناوخۆیی لەسەرت پۆتین.
هەروەها پۆتین بە تەواوەتی خۆی تەیارکردووە لە بەرامبەرهەڕەشەیەکی ترکە بریتیە لە جودابوونەوەی دەستەبژێر. لە کۆبوونەوەی باڵای ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی دا پۆتین بە فشار ئەندامەکانی ناچارکرد کە پشتگیری لێ بکەن لە بڕیاری بە سەربەخۆیی ناساندنی هەردوک بەشە جیابۆوەکە لە ئۆکڕانیا کە بریتین لە دۆنێتسک و لوهانسک. کە دوو ناوچەی جوداخوازن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا. ئەمەش لە توانای ئەندامانی ئەنجومەنەکەی کەم کردەوە کە ببنە هۆی لێکترازان و بڵێن پۆتین ڕوسیا بەرەو ڕێگایەکی هەڵدێر دەبات. ئینجا یەک ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هێرش بۆسەر ئۆکڕانیا پۆتین کۆبوونەوەی بە بەناوبانگترین و بەهێزترین لە دەوڵەمەندو خاوەنکارەکانی نێو دەستەبژێری ڕوسیا کرد. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە بوو کە گفتوگۆ لەسەر ئەو لێکەوتەو قەیرانە داراییانە بکەن کە لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا دێنەدی. ئامانجی پۆتین لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە پێیان بڵێت ئێوەش دواڕۆژتان و سەروەت و سامانتان بە مانەوەی منەوە گرێدراوە.

هەر هەموویان دەکەون!
بەڵام هۆی باشیش لەگۆڕێدان کە لەوانەیە شەپۆلەکان ئاراستەیان بگۆڕن. سەرباری سەرکوت، خۆپیشاندەران زیاد لە 58 شاریان بەدەستەوە گرتووە لە سەراسەری ڕوسیادا. ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سەرەتادا دەستیان پێکرد زۆر نایاب بوون نەک هەر لە ڕووی نواندنی ئاڕەزایەتیدا ،بەڵک و لە ڕووی تواناشەوە. ئەمە ئەوەی سەلماند کە خۆپیشاندەران لە ژێر سایەی سیستەمە زۆر سەرکوتگەرەکاندا زیاتر بۆیان هەیە سەرکەوتوبن وەک لە ژێر سایەو دەسەڵاتی سیستەمە کەمترسەکوتگەرەکاندا. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە کاتێک خەڵک دەچێتە سەرشەقامەکان هەتا ئەگەر بێت و باجەکەشی زۆربێت دەبێتە هێمایەکی بەهێز بۆ هاونیشتیمانیەکانی تر کە تووڕەبوونی ئەوان ببینرێت. هەر بە پێی ئەو ڕێسایە سەرەتا خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ بوونە هۆی هاندان و پشت ئەستووری بۆ ئۆپۆزسیۆن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕوسەکان ئەو جەنگەی پۆتین بە ناڕاست دەزانن و پێان وایە کە پەرچەکرداری زۆرخەراپ و سەرتاسەری بەدوادادێت. ئەو کاتەی کە نادادپەروەری زۆر پەرە دەستێنێت ئیتر تواناو وزە دەدات بە خەڵک و دەشیان هێنێتە سەر شەقامەکان. هەروەک کە لە تونس ڕویدا کاتێک کە بەرپرسانی تونسی سوکایەتییان بە محەمەد البوعزیزی میوە فرۆش کردو دەستیان بەسەر کەل و پەلەکانیدا گرت ئەویش لە داخا ئاگری بەردایە جەستەی خۆی . بە هۆی ئەو ڕووداوەوە نەک هەر لە ناو تونس دا بەڵک و بەهاری عەڕەبی لە ساڵی 2011 دا بەدوای خۆیدا هێنا.
هەروەها جەنگ رکابەری کاریگەرو بەناوبانگی ناوخۆیی هەن کە تەنها یاخی و جودابۆوەکان نین. ئەوەتە چەندین خەڵکی بەناوبانگی ڕوسی نامەیان ئیمزا کردووە لە دژی شەڕ. ئەندری ڕوبلێڤ، ئەستێرەی تێنسی ڕوسی، لە سەر کامێڕای تەلەفیزیۆن نووسیویەتی” بە یارمەتیتان شەڕ نا”. سەرۆکی وەفدی ڕوسیا لە کۆنفرانسی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەەکان لەسەر هێرشی وەڵاتەکەی بۆ سەرئۆکڕانیا پۆزشی هێنایەوە و هەروەها کچی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پۆتین لە ئەکاوەنتی خۆی لە ئنستگڕام، هەر چەندە دوای چەند کاتژمێرێک کوژاندیەوە، نووسیویەتی ” شەڕ نا”. کەسە دەوڵەمەندو کاریگەرەکنی نزیک لە پۆتینیش نیشانە هەن کە کەیفیان بەو جەنگە ناێت. ئەناتۆڵی چوبایس، سەرۆکی پێشووی وزە، وێنەی بۆریس نەمرنۆڤ کە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا بوو وە لە بەردەمی کڕملین کوژرا، لەسەرلاپەڕەی فەیسبووکی خۆی وێنەکەی ئەوی داناوە. هەروەها ئەوەتا ئۆلێگ دێریپاسکە، ملیاردلێری ڕوسی بانگەوازی بۆ ئاشتی و دانووستان کرد.
هەتا ئەگەرئەو کارانەی پۆتین نەشبنە هۆی دەستبەجێ لەسەر حوکم لابردنی، ئەوا شەڕ لە گەڵ ئۆکڕانیادا خاڵی لاواز لە درێژماوەدا دەخوڵقێنێت. ئەوەتا هەر لە ئێستاوە گەمارۆکانی سەر ڕوسیا بەهای ڕۆبڵی هێنایە خوار و چاوەڕێش دەکرێ کە گەمارۆکان چڕتربکرێنەوە. ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات پۆتین لاوازتر دەکا. عادەتەن ڕژێمە تاکڕەوەکان لە کاتی گەمارۆکاندا بودجەی حکومەت کەم دەکەنەوە و بەمەش ژیانی خەڵکی ئاسایی دژوارتر دەکەن و لەوانەشە بارودۆخیش بەرەو پەشێوی زیاتر بڕوا. عادەتەن گەمارۆکان زۆرتر کاریگەریی لەسەر ڕژێمە تاکڕەوەکەن دادەنێن وەک لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرو چەوسێنەرەکانی تر. چونکە ڕژێمە دکتاتۆرە تاکڕەوەکان زیاترپشت بە سەرچاوەی دەرەوە دەبەستن لە حوکمڕانیدا. دەستەبژێری ڕوسیا تاکو ئێستا ناچارنەبوون کە لە نێوان پۆتین و ئەو ژیانەی کە خۆیان دەیانەوێت لایەک هەڵبژێرن. بەڵام کۆمێنتەکانی چوبایس و دێریپاسکا لەوانەیە بە دەرکەوتنی کاریگەری سزاکان گۆڕانکاری درووست بکا بە تایبەتی کە ئەگەر ببەسترێتەوە بەو هەوڵ و کۆششەی کە ئەمریکاو ئەوروپا لە دژی گەندەڵی دەیکەن. بۆیە ئەگەر ئەو دەستەبژێرەی ڕوسیا زیاتربگوشرین لەوانەیە بگەنە ئەوبڕیارەی کە هیچیتر پۆتین ناتوانێت بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت و بۆیە ناچار دەبن کە بیر لە جێگرەوەیەک بکەن و کەسێک دیاری بکەن کە لە ئۆکڕانیا بکشیتەوەو بتوانێت سەرمایەکانیان بۆ ئازاد بکا.
لە کۆتاییدا ئەو کێشەیەی ئۆکڕانیا لەوانەیە پەل بهاوێت بۆ سەرهەڵدانی هەڵگەڕانەوەو خەڵکی ڕوسیاش هیچی تر ناتوانن ئارام بگرن . هەرچەندە لێکۆڵینەوە نیشانی داوە کە ڕژێمە دیکتۆرە تاکڕەوەکان زۆر گوێ بە شەڕوشۆڕی سەربازی نادەن کە زیانی گیانی زۆریشی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ئەم گوێ پێنەدانەی ئەوان ئەوە ناگەێنێت کە خەڵکیش بەهەمان شێوەی ئەمان دەبێ. بۆ نموونە موعەمەر قەزافی لیبیا پەنای بۆسەرکوتی زیاتر برد بۆ بەڕێوەبردنی وەڵات لەبەرامبەر هەڵکشانی خەرجیەکان بۆ ئەو شەڕانەی ئەو دایدەگیرساندن. بەڵام کاتێک کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری سەخت بوویەوە هەر خەڵکە ئاساییەکەی لیبیا لێی ڕاپەڕین و بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ لە سەر تەخت لایان برد. هەروەها لە کاتی درێژەکێشانی داگیرکاری یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بۆ ئەفغانستان وایکرد کە خەڵک دڵسۆزیی نەمێنێت بۆ حیزبی کۆمۆنیست. بۆیە دوور نیە کە ئەگەر ئۆکڕانیا ببێتە زۆنگاوێک پۆتین لەسەر کورسیەکەی هەڵبخلیسکێنێت.

پەیوەندی پچڕان
پێشبینی کردنی ڕوخانی سەرۆکێکی پاوانخوازو شەیدا بۆهێز کاری کەسێکی گێل و نەزانە. دیکتاتۆرە لاوازەکان کە دەکەونە کێشەوە دەتوان بە شەلەشەلیش بێت زیاتر بمێننەوە لەو ماوەیەی کە لێکۆڵەرەوان دایدەنێن. ڕۆبەرت موغابی سەرۆکی زیمبابۆی لەو هەڵاوسانە گەورەیەو شکەستەی کە لە هەڵبژاردندا تووشی هات توانی دەربازی ببێت و هەتا دوو ساڵ پێش مردنی هەر لەسەر حوکم مایەوە. یان ئەوەتە سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆڵاس مەدورۆ هەر لەسەر حوکم ماوە سەرباری ئەوەی کە ئابووری وەڵاتەکەی بەتەواوی داتەپیوە. زۆر بە سادەیی: ئەو ڕابەرو سەرۆکانەی کە بە ڕواڵەت بەهێزن لەوانەیە زۆر کوتوپڕ لەسەر کورسیەکەیان لابدرێن هەروەک لە سەرۆکی میسر حوسنی موبارەک و زەین العابدین سەرۆکی تونس ڕوویدا لە بەهاری عەڕەبی کە لە ساڵی 2011دا ڕوویدا.
بەڵام لێکۆڵەرەوان ئەوە دەزانن کە دیکتاتۆرە تاکڕەوەکان لە وێنەی پۆتین لەوانەیە زیاتر هەڵە بکەن لە سیاسەتی دەرەوەیاندا. ئەو جۆرە سەرۆکانە دەورەی خۆیان قەرەباڵغ دەکەن بەو کەسانەی کە هەر بەڵێ دەڵێن و هیچ کات بێجگە لەو شتانەی کە خۆیان دەیانەوێت قەت دەنگ و باسی خەراپیان پێناگەێنن. ئەمەش وا لەو سەرۆکە دیکتاتۆرانە دەکات کە نەتوانن بڕیاری درووست بدەن. جا ئەو جەنگەی کە پۆتین هەڵیگیرساندووە لەسەر کورسیەکەی لا دەبات یان لای نابات ئەوە پرسیارێکەو هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام ڕوسیا لە لایەن خەڵکیەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە، جودابوونەوەو لێکترازان درووست دەبێت لە نێو دەستەبژێری ڕووسیادا، هەروەها سزا نێو دەوڵەتییەکانیش لە دەرەوەرا ڕۆڵی کاریگەرییان دەبێ لەسەر پۆتین. ڕەنگە ڕوخانی پۆتین ئەوڕۆ یان بەیانی ڕوونەدات بەڵام بە دڵنیاییەوە گیربوونی بە کورسییەکەیەوە ئێستا هێندەی پێش هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکڕانیا بەهێزو جێگیر نییە .
ئەندریە کەنداڵ تایلەر: ئەندامی سەرەکی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئاساییشی ترانزئەتڵانتیکە لە سەنتەری ئاساییشی تازەی ئەمەریکا. لە 2015 وە بۆ 2018 ئەفسەری جێگری ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی بووە بۆ کاروباری ڕوسیا – ئوڕاسیا لە سەنتەری ئەنجومەنی ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی.

ئێریکە فڕانتز: پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ویلایەتی مێشیگان.
https://www.foreignaffairs.com/articles/russian-federation/2022-03-02/beginning-end-putin?

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت