حەمەئازاد بەرزنجی: جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا، هەڵوێست و پەیمانەکانی ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕۆژی 24- 2- 2022 ەوە ، ڕوسیا دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا، لە ئاسمان و زەوی و دەریاو لە هەر چوار دەوری سنورەوە. لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا ئۆکرانیا لەلایەک توشی شپرزەیی سەربازی بو لە لایەکی دیکە بەرەو ڕوی شارچۆڵکردن و کۆچ وڕەوی خەڵکی سڤیل بەرەو سنورەکان و دەوڵەتانی دراوسێ و ئاوارەبون بوەوە. لە ڕۆژی دوەمەوە خۆیان ڕێکخستەوەو دەستیان کرد بەبەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان. سەرۆکی ئێستای وڵات( ڤلادیمیر زیلینسکی ) و سەرۆکی پێشوتریش ( ئەلێکس گۆنشارۆک ) کە ڕکابەری سەرسەختی یەکتریش بون، بەبەرگی سەربازی و بە چەکەوە دەبینران، لەناو شەقامەکانی پایتەخت و ئامادەی خۆیان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەیان پیشان دەدا. ئەمەو سەرەڕای دەرکەوتنی هونەرمەندان و وەرزشەوان و تەنانەت شاجوانەکانیشیان بەبەرگی سەربازی و ئامادە باشیان بۆ جەنگ. سەرەڕای گەڕانەوەی هەزاران لە ئۆکرانیەکانی دانیشتوی دەرەوەی وڵات وئامادەییان بۆ جەنگ. ئەمانە وایان کرد گوڕو تینێک و هەستێکی شۆڕشگێری دیکە بدەن بە هێزی سەربازی وڵات و بەرگرییەکی سەرسەختانە بکەن و شەڕێکی وا بکەن، کە هەرگیز بە خەیاڵی سەرانی ڕوسیادا نەدەهات. ئەوان لایان وابو لە ماوەیەکی زۆر کورتا هەمو ئۆکرانیا بەبێ بەرگری دەگرن و کۆتایی بەشەڕەکە دەهێنن. بۆیە پۆتین توشی شۆک بو لە چوارەم ڕۆژی جەنگدا وەزیری بەرگری و سەرلەشکری هێزی سەربازی ڕوسیای ڕاسپارد کە هێزی ناوکی ئەتۆمی بخرێتە ئامادە باشیەوە.
سەرۆکی ڕوسیا سێ ڕۆژ پێش هێرشەکە، لە وتارێکی دورودرێژی تەلەفزیۆنیدا دانی نا بە سەربەخۆیی دوو هەرێمی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا ( دۆنیسک و لۆهانسک )، کە نزیکەی هەشت ساڵێک دەبێت لە شەڕو پێکدادان لەگەڵ ئۆکرانیا. ڕوسیا ڕێکەوتنی سەربازی لەگەڵدا کردن و ئامادەییشی پیشاندا بۆ بەرگریکردن لێیان و پاراستنیان لە هەر هێرشیکی ئۆکرانیا بۆسەریان. لەمەوە دەرکەوت کە روسیا سەرەتای هێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا کردە پراکتیک. ئەمریکاو ئەوروپا داوایان لە هاووڵاتیەکانیان کرد کە ئۆکرانیا بەجێ بهێڵن و هێزەسەربازیەکانیشیان بە ئاشکراو بە ڕەسمی کشانەوە. وە ئەمریکا هەر زو باسی ئەوەی دەکرد کە ڕوسیا نیازی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە. زۆر پێیان وایە کە ئەمە بەشودانی ئۆکرانیایە لەلایەن ڕۆژ ئاواو پەیمانی سەروی ئەتڵەسی ( ناتۆ ) وە. وە زۆریش وای بۆ دەچێ کە ئەمە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێری ڕوسیاو ئەمریکای تیایە بۆ دابەشکردنی خاکی ئۆکرانیا لە نێوان خۆیاندا. بەڵام ڕاستییەک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بەپێی ڕێکەوتنەکان تا ئێستا ئۆکرانیا بەڕەسمی نەبۆتە ئەندام لە ناتۆ. هەرچەندە نیازی ئەوەی هەیە و هەر ئەم ویستەش خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی هێرشەکەی ڕوسیا بۆ سەری. وەبەپێی یەکێ لە بەندەکانی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ وڵاتێ ئەندام نەبێ لە ناتۆ، ناتۆیش بۆی نیە بە ڕەسمی بە هێزی سەربازی بەرگری لەو وڵاتە بکات. بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە. بۆیە بەپەلە هێزو سەربازەکانیان لە ئۆکرانیا کشانەوە، بەڵام بەرەسمی هێزی سەربازیان بۆ ڕۆمانیا وپۆلەندا وڵاتانی دیکە نارد.
یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وەک وتمان ویستی ئۆکرانیایە بۆ بون بەئەندام لە ناتۆ. چونکە ڕوسیا نایەوێ ناتۆ لە سنورەکانی نزیک بێتەوە و ئەمە بەهەڕەشەیەکیش دەزانی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی . هۆکارەکانی دیکەی نیازمەندی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئوکرانیا، چاوبڕینی ڕوسیایە لە خاکە گەورەکەی ئۆکرانیا کە یەکێکە لەگەورەترین وڵاتانی ئەوروپا لە ڕوی ڕوبەری خاکەوە و سەرچاوە سروشتیەکانی ئەم وڵاتەیش هەر لە نەوت و گازو بەرهەمە کشتوکاڵیە ستراتیژیەکانی وەک گەنم و گەنمە شامی و جۆو شوێنی ستراتیژی ئۆکرانیا بۆ پەڕینەوەی بۆریە گازەکانی ڕوسیا و ڕوانین و بونی سنورێکی فروانی ئۆکرانیا لە بەشی سەرەوەی دەریا ڕەش و کێشەی نیمچە دورگەی قرم .کە ڕوسیا لەساڵی 2014 ەوە داگیریکردوەو، وە ئۆکرانیا خاوەنی چەند سەرچاویەکی کورەی ئەتۆمیشە.کە لە یەکێتی سۆڤیەتی کۆنەوە بۆی بەجێماوە.
زیلینسکی بۆ زیاتر کۆکردنەوەی پشتگیری وڵاتەکەی و گوشار خستنەسەر ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەژاندنی شەقامیان پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای یارمەتی زیاتری کرد و وتی بەداخەوە بە تەنیا لەناو گۆرەپانی جەنگدا هاوڕێکانمان بەجێیان هێشتین.
هەر بۆ ڕۆژی دواتر وردە وردە و بەئاشکرا زۆربەی وڵاتان پشتگیری سەربازی و مرۆیی و دارایی و سیاسی خۆیان بۆ ئۆکرانیا نیشاندا. درێغیان نەکرد لە ناردنی پێشکەوتوترین چەکەکانی بەرگریکردن و دژە تانک و دژە فڕۆکە و کردنەوەی سنورەکان و ئامادەییان بۆ وەرگرتنی پەنابەران و کار ئاسانی بۆیان. هەرچەندە بە ڕەسمی ناتوانن هێزی سەربازی بنێرن، بەڵام دەرگایان کردەوە بۆ خۆبەخش و گەنجەکانیان بۆ بەشداریکردن. هەر زو ئۆکرانیا مەرجی ڤیزەی هەڵگرت لەسەر خۆبەخشەکان. روسیا دەنگی لێبەرزبوەو وتی بەکرێگیراو و مورتەزەقەیەکی زۆر ڕوی کردۆتە ئۆکرانیا و بە ناوی خۆبەخشیشەوە کەسانی پسپۆڕی سەربازی زۆریش دەبینرێن.
پۆتین لە شەوی داننان بە سەربەخۆیی دو هەرێمەکەدا لە میانەی وتارە دورودرێژەکەیدا و کە زیاد لە سەعاتێکی خایاند، پوختەکەی ئەوە بو: باسی مافدان بو بە روسیا بۆ بەرگریکردن و فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتەکانی. خواست و خەوی خۆیشی بە روسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤیەتی جاران نەشاردەوە. تەنانەت گلەیی زۆریشی لە لینین و ستالین و خرۆشۆفیش کرد. کەلەسەر حسابی خاکی روسیا، بە ئارەزوی خۆیان و بەناوی یەک سنوری ناو سۆڤیەت تەخشان و پەخشانیان کردوە بە خاک و زەوی ڕوسیاوەو مجامەلەی زۆری ولایەتەکانی تریان کردوە و زەویان پێداون و جەختیشی زیاتر لە سەر ئۆکرانیا دەکردەوە، کە زۆر نازی کێشراوەو زەوی زۆری دراوەتێ و ئێستاش دژایەتی ڕوسی نەژادەکان دەکات لە خاکەکەیداو دەیان چەوسێنێتەوە. کاتی ئەوە هاتوە ئەو زەویانە بگەڕێنرێنەوە. لەوەدەچێ پۆتین لە ڕوی هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیشەوە خۆی بە کەمتر نەزانێ لە قەیسەرەکانی ڕوسیای کۆن ولە سەرۆکە دامەزرێنەر و دێرینەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیش، بناغە وباکڕاوندێکی هەواڵگیری. مخابەراتی و سیخوڕی و دەمارتوندیشی تیادایە، گەر ئەو چیرۆکە تراژدیایەش ڕاست بێت کە لەسەرخێزانەکەی هەیە، ئەوە دەردەکەوێت کە هەر بەڕیکەوت لە دایکیش بوە و دایکی لە مردن گەڕاوەتەوە پێش ئەوەی ئەم لەدایک بێت. بۆیە ئامادەی هەمو سەرکێشییەکیشە. لەڕوی لەش و لاریشەوە هەموکات خەریکی جۆرەها وەرزشە و زۆر لە خۆی ڕازییە. سەرەڕای ئەمانە تا ئێستا ئابوری ڕوسیا زۆر بەهێزە و ئەم ڕۆڵی زۆری هەبوە لە هەڵسانەوەی ڕوسیاو . ئێستاش هێزێکی سەربازی بێشومار و و پێشکەوتو و پڕچەک و خاوەن تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوی لەبەردەستایە. لەوانەیەشە کە چەک و تەکنۆلۆجیای وای لە بەردەستا بێت کە تا ئێستا تاقینەکرابێتەوە، سەرەڕای ئەو هەمو کڵاوە ئەتۆمیە و ئەو ڕوبەرە گەورەیەی ڕوسیا کە گەورەترین ڕوبەری هەیە لە گۆی زەویدا. ئێستا ئەکتەرێکی کۆمیدی لەوڵاتێکی ژێر دەستی کۆنی خۆیانەوە ( ئۆکرانیا ) لێی هەڵگەڕێتەوە . ئەم چۆن قبوڵی دەکات . ئەم هەستی خۆ بە زلزانینە و، بەرامبەر بەکەمزانییە ( کە لەوانەیە لە زۆر ڕوەوە واقع و ڕاستیشی تیابێت ) یەکێکە لە کێشەکانی دکتاتۆرەکان و سەرچاوەیە بۆ سەرکێشیەکانیان و ماڵوێرانی و نانەوەی ئاشوب. لە کۆتایشدا بە لەناوچونی خۆیان دوایی بە چاوچنۆکی و سەرکێشیەکانیان دەهێنن. بەڵام پاش چی، پاش ئەوەی کە چەندەها وڵات بەخۆیانەوە وێران دەکەن و، ملیۆنان سەرگەردان دەبن. جیهانیش دەبێ باجی سەرکێشی ئەمانە بدات.
لە وەڵامی وتارەکەی پۆتین و داننان بەسەربەخۆیی دوهەرێمەکەو دواتریش هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕاستەوخۆ سەرۆکی ئەمریکاو سەرانی ئەوروپاو ناتۆ هاتنە دەنگ و دژی روسیا وەستانەوە. باسی سزا و گەمارۆ ئابوریەکانیان دەکەن. هەرچەندە ئەمە ئاوی دڵی زۆر لە ئۆکرانیەکانی نەدەدا . ئۆکرانیا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی هێرشی سەربازی ڕوسیادایە و خاکی داگیردەکرێ و خەڵکی لێدەکوژری و شار چۆڵ دەبێ و دواتریش وێران دەبێ. خەڵکی پەرچە کرداری راستەوخۆی سەربازیان دەویست و دەیان وت چی لە گەمارۆی ئابوری بکەین کە ڕوسیا ئۆکرانیای گرت. تەنانەت ئەمە بوە پرسی ڕۆژنامە نوسێک و لەکاتی گوتاری سەرۆکی ئەمریکا ( جۆ بایدن ) لە کۆشکی سپی پاش سێ ڕۆژی جەنگ، بایدن ڕویکردە ڕۆژنامەنوسەکە و پێی وت سزاو گەمارۆکانمان بۆ سەر ڕوسیا، کاریگەری لە هێرشەکەی زیاتر دەبێ بۆ سەر ئۆکرانیا و دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەرەنجامەکانی بەچاوی خۆتان دەیبینن. بەڵام لە ئێستادا نا ، بەڵکو لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا.
بۆیە دەبینین ئەمریکا لە ئێستاداو و لە هەندێ لە کێشەکانی ناوچەکەدا بە ڕاستەوخو و بە زەقی بەشداری جەنگەکان ناکات هەر وەک لە ئێراقدا کردی و نایەوێ بەسەرباز بەشدار بێت وتەرمی کوژراوەکانی بۆ بگەڕێتەوە ناو وڵات و ناڕەزایی ناوخۆ ڕو لەهەڵکشان بکات. بەڵام لە ڕێگای یارمەتی سەربازی و سزا ئابورییەکان درێغی ناکات، چونکە خاوەنی ئابورییەکی بەهێز . گەر لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا هاوتەریب بێت. هەروەک ئەوەی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا کردی و تا ئێستاش بەردەوامە و ئابوری داتەپاندن و نرخی گۆڕینەوەی دراوەکانیان بەرامبەر بە دۆلار هێند دابەزیوە، گەیشتۆتە ڕادەی داتەپین و دوژمنیش بە غیلیان پێنابات. نە زەوی گرتن نە سەربازێکی لێکوشتن، ئاستی بژێوی دو وڵاتەکەی هێناوەتە سەر بارێک کە ئێستا لە قۆناغی مەمرەو مەژیدا ژیان دەگوزەرێنن و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی بۆ دروست کردون، لە کۆتاییدا یان ئەو دەوڵەتانە بەرەو ڕمان دەچن، یان سەرانی سیاسیان وەلادەنرێن، یان لە هەڵبژاردنەکاندا دەرناچن وەیا دەبێ سیاسەتیان بگۆڕن و بێنە ژیر بار.
هەرچەندە ڕوسیا جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئێران و تورکیا لە هەمو ڕوەیەکەوە، بەڵام ڕوسیاش لە ئایندەیەکی دورتردا بە دەردی ئەوان دەچێت و ئابوریەکەی بەجۆرێ دادەڕمێنن کە توانای فراوانخوازی و داگیرکردنی نەمێنی. نەتوانێ کێبڕکێی ئەمریکاو ئەوروپا بکات. وەک چۆن پێشتر لە جەنگی ساردا یەکێتی سۆڤیەتیان خزانە ناو پێشبڕکێ سەربازی و جەنگی ئەستێرەکان و تاوایان لێکرد توانای یەکپارچەیی خۆیشی نەمێنێ و دەیەها وڵات لێی جیابونەوەو سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند.
هەر لە دوەم ڕۆژی جەنگەکەدا 100 دۆلار گەیشتە 85 ڕۆبڵی ڕوسی کە پێشتر بەرامبەر 60 ڕۆبڵ بو واتە 40 ٪ زیاتر لە نرخەکەی دابەزی. لەو بڕوایەدام ئێستا لە 100٪ دابەزیوە. وە سزاکانی سەر ڕوسیا هەر لە ئەمریکاوە نییە بەڵکە لە هەمو ئەووپاوەیە. ئەڵمانیا بەدەسپێشخەری ئەمریکا کارپێکردنی بۆری غازی ڕوسیا – ئەروپا لەڕێگەی ئەڵمانیاو بەژێر دەریادا وەستاند( نۆرد ستریم 2 ). کە تا ئێستا زیاد لە ١٣ ملیار دۆلار کاری تیاکراوە. ڕاگرتنی حسابی بانکی زۆربەی بانکەکانی ڕوسیا و دەرکردنی لە پەیڕەوی بانکیی( سۆیفت ) و دەسبەسەراگرتنی پارەی سەرمایەدارو دەوڵەمەندەکان و سیاسی و سەرکردە سەربازیەکانی ڕوسیا بە پۆتن خۆشیەوە. قەدەغەکردنی هاتوچۆی فڕۆکەوانی ڕوسیا بەسەر هەمو ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدادا. کار گەیشتە چالاکی وەرزشی و فیفا نایەڵێ لە جامی جیهانی ساڵی 2022 بەشدار بێت و هیچ یانەک و یاریزانیکی بۆی نییە بەشداری خولەکانی ئەوروپا بکات. لەولایشەوە دادگای نێودەوڵەتی هاتۆتە ناوەو تەنگیان پێهەڵچنیوە و دەیانەوێ ڕوسیا بکەن بە تاوانباری جەنگ.
بۆیە لەوە دەچێت گەر جەنگیش بوەستێ یان ئاگربڕێکیش ڕابگەیەنرێت، واز لە ڕوسیا نەهێنن و گەمارۆکانی لەسەر توندتر بکەن. بۆیە ڕوسیا جارجارێک پەنادەباتە بەر دانوستان، هەر چۆنێک بێت هەندێ لە ئامانجەکانی بپێکێ و بە کەمترین زیان لێی دەرچێت. خۆی لەو گەمارۆیانە قوتار بکات سەرەڕای تێچونی جەنگەکەش.
ڕوسیا دەیەوێ ئەمریکا پەلکێش بکات بۆ خستنە ناو گومانێکەوە کە ڕوسیا دەیەوێ چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت و شەڕ ببێ بەشەڕی ئەتۆمی و لە ڕوانگەی ئەو ترسەوە گوشار لە ئەمریکابکات بەکشانەوەو یارمەتی نەدانی ئۆکرانیا وتەنانەت پۆتین وتی گەر جەنگی سێهەمی جیهانی بەرپا بێت ئەوا بیگومان جەنگی ئەتۆمی دەبێ. هەر بۆیە ڕوسیا گەورەترین سەرکێشی کردو پەلاماری گەورەترین بنکەی ئەتۆمی ئوکرانیای دالە باشوری ئەو وڵاتە بەناوی ( بنکەی زابۆرۆچیای ئەتۆمی )، لەوە دەچێت یەکێکیش بێ لەبنکە گەورەکان لە ئاستی ئەوروپادا بۆ سەچاوەی دەسکەوتنی کارەباش سودی لێدەبینن و( 40 ٪ی توانای ناوەکی هەمو ئۆکرنیا پێکدەهێنێ ). ڕوسیا بۆردومانی کرد و دەستی بەسەردا گرت و دڵنیایی دا کە هیچ دزەکردنێکی تیشکی ناوکیش ڕوی نەداوە. بۆ یە هەر شەوەکەی جارێکی تر ئەنجومەنی ئاسایش کۆبونەوە. ئۆکرانیا لە زمانی زلینسکی سەرۆکیەوە ئەم کارەی بە تیرۆری ناوکی ناوبرد. سەرەرای دەستبەسەراگرتنی بنکەی ئەتۆمی چەڕنۆبڵیش.
ئەمریکایش دەیەوێ بێ ئەوەی خۆی بەشداری بکات ڕوسیا ڕاکێشێتە ناو جەنگێکی دریژ خایەن وبە گەمارۆی ئابوری تێکی بشکێنیت. هەرچەندە ڕوسیا هەوڵدەدات گەمارۆکان سوکتر بکات و کەمترین کاریگەریان هەبێ لەسەری، بۆیە هەوڵدەدات کەمتر کار بە دۆلار و دراوی ئەوروپی بکات و هاوپەیمان بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە ئەویش وڵاتی چینە. هەرچەندە لەگەڵ چیندا هاوپەیمانێتییەکیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام هەرگیز چین ناچێتە ڕکابەرییەکی ڕاستەوخۆ و ئامادە نیە ڕێکەوتنێک بکات زیان بە ئابورییەکەی خۆی بگەیەنێت. سەرکێشی ناکات. زۆر لەسەر خۆو بە نیانی هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دەدات. لە کۆنیشدا چەندان ساڵ لەگەڵ بەریتانیا ڕایکێشاو داواکانی بەریتانیای جێبەجێدەکرد و سەدساڵی ویست تا ( هوانگکۆکی) دەستکەوتەوە. ئێستاش بۆ بەدەستهێنانەوەی تایوان هیچ پەلەیەکی نییە، هەرچەندە لە هەوڵی بەردوامیشدایە.
هەرچەندە جەنگەکە زۆر نا بەرامبەرەو تواناکان بەراورد ناکرێن و ئۆکرانیا زەرەر مەندی سەرەکی و هەنوکەیی دەبێت لە هەمو ڕوەکانەوە . وە کات و بودجەیەکی زۆریان دەوێ بۆ دوبارە بونیات نانەوە. بەڵام لە ناو قوڵایی کاتیشدا ڕوسیا بێ مەڵامەت نابێ و لە کۆتاییەکەیداوەک تەیرەکەی مەلای مەشوری لێدەکەن پاش ئەوەی کلک و باڵی دەکەن و دەنوکی دەقرتێنن دای دەنێن دەڵێن دەدانیشە ئێستا لە مەل دەچی.
جەنگ و ئەنجامەکانی لەسودی هیچ میلەتێک و حکومەتێک نیەو جەنگ سەرچاوەی ماڵوێرانی و کاولکارییە و دوای هەمو جەنگێکی گەورەیش کۆمەڵێ دابەشبونی نوێ و هاوپەیمانی سەربازی و سیاسی نوێ دروست دەبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت