سەردەشت محەمەد: ڕاپەڕین وەک هێڵێک لەنێوان دوو قۆناغدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕاپەڕین وەک هەوڵێکی دەستەجەمعی بۆ دەرپەڕاندنی هێزێکی داگیرکەرو بێ مۆراڵی وەک بەعس و هەوڵدان بۆ دانانی بەردی بناغەی ئازادی و دیموکراسی لە پارچەیەکی بەشکراوی کوردستاندا و هەروەها وەک کێشانی هێڵێک بۆ جیاکردنەوەی قۆناغ و سەردەمی زوڵم و نەبونی ئازادی و بێبەشبون لە ناسنامەی نەتەوەیی بوون لە قۆناغ و سەردەمی دەست گەیشتن بەئازدیی و بەدەست هێنانی ماف لایی خەڵکی کوردستان بەرەو کاڵبونەوە و نەمان دەچێت. ئێستا و دوایی 31 ساڵ لە کێشانی ئەو هێڵە و بەهۆی خراپی و شکستهێنان لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕبەران و ئەندازیارانی دوێنێی ڕاپەڕین و سەرکردەکانی ئەمڕۆوە هاوڵاتی بەئەستەم دەتوانێت جیاکاری لەنێوان ئەو دووقۆناغ و سەردەمەدا بکات و خراپی مامەڵەکردنی سەرکردەکان بەجۆرێکە خەڵک نەک ناتوانێت ئەوڕاستەهێڵە وەک سنورێک دەستنیشان بکات، بەڵکو ئێستا پەشیمانە لەکێشانی ئەو هێڵەو خۆزگە بەوڕۆژانە دەخوازێت کە هێشتا چرکەساتی ڕاپەڕین نەبوو بە هێڵ بۆ جیاکردنەوەی دوو قۆناغ کە نەک بەتەنها لەڕواڵەتدا، بەڵکو لە ناوەڕۆکیشدا هەمان ئازار و مەینەتی و دەردەسەری دەدەن بە سەرخەڵکدا.
ئەگەر بێتو بمانەوێت لەڕوانگەی تێگەیشتنی زۆرینەی خەڵکەوە جیاکاری لەنێوان سەردەمی پێش ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕیندا بکەین ئەوا دەگەین بەوڕاستییەی کە جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو قۆناغ و سەردەمەدا کە هاتبێتەکایەوە ئەوەیە کە پاش ڕاپەڕین لەبری ئەنفالی جەستە ئەنفالی ڕۆح دەستی پێکردوە و هەروەها مرۆڤی کورد لەپاڵ شەڕکردن لەپێناو ئازادیدا ئێستا شەڕی نان و قوت و بژێویشی دەست پێکردووە و یەکێکی دیکەش لەجیاوازییەکان ئەوەیە کە ئەم جەنگە لەبری ئەوەی لەبەرامبەر نەیارێکی بێگانەدا ئەنجام بدرێت، بەپێچەوانەوە جەنگێکی ناوخۆییەو ئێستا نەیارەکان ئەو دۆستانەن کە ڕۆژگارێک لەشاخ بەناوەی ئازدییەوە بەرگرییان لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکرد، شەکەت بونی خەڵک لەم جەنگەدا هۆکارە بۆئەوەی پەشیمانیی بێت بەوێردی سەرزوبانی خەڵک و زۆرینە خۆزگە بەو ڕۆژ و مانگ و ساڵانە بخوازان کەهێشتا نەخشەی ڕاپەڕین لەبیری هیچ کەسێکدا نەبوو.
یەکێکی دیکە لە هەرە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی پاشگەزبونەوەی خەڵکی باشوری کوردستان لەڕاپەڕین و نائومێد بون و هیواخواستنی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆسەردەمی پێش ڕاپەڕین ئەوەیە کە کوردانی پارچەکانی دیکەش لەهەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان سارد ببنەوە و ئەم نائومێدبونەی ئێمە کاریگەری نەرێنی لەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەوانیش دروستبکات، چونکە ئێستا ڕۆژانە وبەردەوام چی لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە درک بەو پەیام وبانگەوازانەی خەڵکی توڕەی باشوری کوردستان دەکەین کەچۆن داوا لەکوردەکانی پارچەکانی دیکە دەکەن کە دەست هەڵبگرن لەو خەبات و تێکۆشانەیان کەلەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیدا دەیکەن و پێیان وایە ئەوانیش هەمان چارەنوسی کوردانی باشوریان دەبێت و ڕاپەڕین نابێتە وەرچەرخانێکی مێژووی لەژیانیاندا و بگرە ڕاپەڕین هیچ نییە جگە لە خولانەوە لەبازنەیەکی بەتاڵدا نەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت