سەلاح حسێن ئەفەندی: شەڕی ئۆکرانیا و ململانێی نێوان جەمسەرەکانی جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاسانە، لێکدانەوە بۆ ئەم شەڕە بکرێت و هۆکار و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی لە ڕوانگە و بەرژەوەندی جیاوازەوە دەستنیشان بکرێت، بەڵام کەس نازانێ جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێ و چەند فراواندەبێت، کام ئاڕاستە دەگرێتە بەر، بە وردی کاردانەوە و دەرئەنجامەکانی چی دەبێت، بەڵام ئەگەر شەڕەکە هەر بەردەوامبێت، لەهەموو ئەگەرەکاندا، هەندێ کارەساتی لێدەکەوێتەوە، لەوانە:
1- کاولبوونی وڵاتی ئۆکرانیا، لەناوچوون و برینداربوون و ئازاردانی زۆرینەی هاوڵاتەکانی و ئاوارەبوونی بە ملوێنەهایان لە ناوەوە و دەرەوی سنووری وڵاتەکەدا. لە کۆتایشدا، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دەیان ساڵ دەخایەنێت.
2- پڕیشکی شەڕەکە کاردنەوەی لەسەر ژیانی خەڵکی ئەوروپا و هەموو جیهان دەبێت. خاوبوونەوەی بوژاندنەوەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زیادبوونی نایەکسانی، زیادبوونی نرخی کەلوپەل، قەیرانی دارایی، زیادبوونی بێکاری و هەژاری.
3- زیادبوونی دەمارگیری نەتەوایەتی و دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن، زیادبوونی خۆبەچەکردن و بازرگانی بە چەکەوە، زیادبوونی ململانێ لە نێوان جەمسەرەکانی ئەمڕۆدا بۆ هەیمەنەکردن بەسەر جیهاندا.
4- کاردانەوەی خراپی دەبێت بەسەر وڵاتانی جیهاندا، لە ناویاندا وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەری جەمسەرگیری لە لایەن ئەم وڵاتانەوە زیاددەکات، کە دەبێتە هۆی هەوڵدانی جەمسەرەکان بۆ هەیمەنە بەسەر ناوچەکەدا و دابەشبوونیان بەسەر بەرەی جیاوازدا. دەرئەنجامەکەی زیادبوونی گرژیی دەبێت لە ناوچەکەدا، بوژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی چەقبەستوتر دەبێت. لەم پڕۆسەیەدا، هەرچی کامێک لەو جەمسەرانە سەرکەوتووبێت و هەیمەنەیان لە ناوچەکەدا زیاد بکات، جیاوازێکی ئەوتۆی بۆ خەڵکی ناوچەکە نابێت، چوونکە ئەوان بەپێیی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، سەرلەنوێ بڕیار لەسەرچارەنووسی ناوچەکە دەکەن.
جەمسەرگیری یان بێلایەنی؟
5- لە سەردەمی شەڕی ساردا، جیهان دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا. جەمسەری سۆسیالیست بەسەرۆکایەتی سۆڤێت و جەمسەری ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(وی ئ) ، کە بەرپابوونی شەری ساردی لە نێوانیاندا لێکەوتەوە.. بووە هۆکاری دابەشبوونی زوربەی وڵاتانی جیهان بەسەر دوو بەڕەی دژ بەیەک. سەرەرای دژایەتی کردنی یەک لە هەموو بوارەکانی ئابووری و سیاسی و خۆپڕچەککردندا، چەندین شەڕی بە وەکالەت لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەرپا بوو. ئەو دابەشبوون و جەمسەرگیرییە، کاولبوون و دواکەوتن و هەژاری و گرژی لە چەندین وڵاتدا لێکەوتەوە، لە پێش هەموو شوێنێکەوە وڵاتانی جیهانی سێ.
6- دوای شکستهێنان و داڕمانی بلۆکی سۆسیالیست لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا، یەک جەمسەر مایەوە کە زیاتر خۆی لە (و ی ئ) بینێوە و هەتا دەهات وڵاتە ئەوروپییەکان لێیی دووردەکەوتنەوە. ئەم جەمسەرە، بۆ نزیکەی بیست ساڵ، تاکڕەوانە توانی هەیمەنەی خۆی بەسەر جیهاندا پسەپێنێ.
7- بەهۆی داڕمانی بلۆکی سۆسیالیست و شکستهێنانی سۆسیالیزم، لە هەمان ساتدا بەرپابوونی شۆڕسی چوارەمی تەکنەلۆژی(ئای تی)، قاپی کرایەوە بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زیادبوونی جوڵەی کەپیتاڵ و هاتووچۆ و بڵاوەبوونی وەبەرهێنان، کەم یان زۆر، لە هەموو کون و قوژبنێکی جیهاندا. کۆمەڵێک وڵاتانی نوێ هەنگاوی گەورەیان نا بەرەوە پێشکەوتن و بوون بە بەشێکی کاریگەر و بەهێز لە سیستەمی سەرمایەداری جیهان، بەتایبەتی چین، سەنگافور، کۆریای باشور، هندستان، بەڕازیل و زوربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و هەتا ڕادەیەک ڕۆسیا. هەموو ئەمانە گوڕیدا بە پرۆسەی گلۆبالیزم لە جیهاندا.
8- دەرئەنجامی ئەمە، زیادبوونی یەکسانی بوو لە نێوان ناوچەکانی جیهاندا، لە پێش هەموو شتێکەوە لە بواری بوژاندنەوەی ئابووریدا. ئەمانە لەو ڕووەوە شانیان دەدا لە شانی وڵاتە کەپیتالیستە کلاسیکەکان. دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە سەرهەڵدانی جەمسەری بەهێزی نوێ بوو لە جیهاندا، نموونەی چین و هندستان و ڕوسیا، هەتا ڕادەیەک ئەوروپا کە هەتا دەهات لە گەڵ (و ی ئ) لە یەک دەترازان. بەهۆی دروستبوونی ئەم جەمسەرانەوە، هەتا هاتووە، (و ی ئ) هەیمەنەی بەسەر جیهان لەدەست چووە و چیتر تاکە زلهێز نییە تیایدا. ئەمە وای لە کۆنسەرڤەتیڤاکانی وڵاتەکە کردووە، کە ترسیان لێ بنیشێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدەن، لە هەموو بوارەکاندا، هەیمەنەی وڵاتەکە لە جیهاندا مسۆگەر بکەنەوە.
. بەرفراوابوونی گلۆبالیزم و بەستنەوەی جیهان پێکەوە لەژێر سایەی سستەمی کەپیتالیزمیدا، دەرگا خرایە سەرپشت بۆ بڵاوبوونەوەی هەموو بیرورایەک و کردارێک و دیاردەیەک، کە تەنها بابەتە پۆسەتیڤەکانی نەگرتەوە، بەڵکو شانبەشانی ئەوانە، بە هۆی مانەوەی حوکمڕانی دکتاتۆروی و ئایدۆلوژیەتی قڵفدار لە جیهاندا، دەرگا کرایەوە بۆ شەپۆلی بە گوژمی بڵاوبونەوەی بیروڕاو ڕێباز و کرداری ناتەندروست کە سەرلەنوێ بووە هۆکاری زیادبوونی نایەکسانی و کەمبوونەوەی دیموکراسی و ئازادی و بڵاوبوونەوەی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم، هەتا لە ناو خودی ئەوروپاشدا.
9- ڕوسیا تایبەتمەنداری خۆی هەیە. مێژووی وڵاتەکە مێژووی دیکتاتۆریەت و گرژی و توندوتیژی و سەرکوتکردنی خەڵکی وڵاتەکە و دەوروپشتێتی. بە لێکۆڵینەوەی مێژووی قەیسەرێت و سۆڤێت بە ئاسانی ئەمانە ڕەچاودەکرێن. دوای داڕمانی جەمسەری سۆسیالیست و سۆڤیەت و دامەزراندی ڕوسیای فیدرال لە ساڵەکانی نەوەددا، چەندین گروپی مافیا و کۆنە دەستەڵاتدارانی پارتی کۆمۆنیست و هەوادارەکانیان، دەستیان گرت بەسەر شەرەیانی ئابووری وڵاتەکەوە، بەشێکیان بە هەرزان و بە گەندڵی فرۆشت بە خاوەن کەپیتاڵی نزیک خۆیان و بەشەکەی تریان لە ناو خۆیاندا دابەشکرد. بەهۆی چەندین فاکتەری ناوخۆ و دەرەکییەوە، حوکمڕانی وڵاتەکە کەوتە دەست ئەم نوخبە نوێیە گەندەڵ و توندڕەوەوە.
هەرلە کۆنەوە بنەمای ئابووری ڕوسیا لەسەر سامانی سروشتی نەوت و گاز و چەندین مینیرال بەندە، تاکە پیشەسازی بەهێز و پێشکەوتوو لە وڵاتەکەدا بەرهەمهێنانی چەکی تەقلیدی و ستراتیجی بووە، بەشی هەرەزۆری هەناردەکردن و داهاتی دەوڵەت لەمانەوە هاتوون، تەسەروفکردن بە هەموو ئەمانەوە کەوتە دەست ئەم نوخبە تازەیەوە. هەڵبەتە ئەم نوخبەیە ڕازی نابن بەو هەموو داهات و سامانەی کە چنگیان کەوتووە، بەڵکو دەخوازن، سەرلەنوێ ئیمپراتۆرە کۆنەکەیان زیندوکەنەوە و بە داهاتی زۆری نەوت و گاز و بەکارهێنانی هێزی سەربازی تەقلیدی و ستراتیجییەوە ڕۆڵی زلهێز ببینن و لەو ڕێگەیەوە ئابووری خۆیان بەهێزبکەن و کۆنترۆڵی وڵاتە کۆنەکانی ژێردەستی سۆڤێت بکەنەوە، لە ناویاندا وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و بەتایبەتی ئۆکرانیا.
لەم زەمینەیەدا، سەرلەنوێ جیهان خەریکە دابەش دەبێت، نەکو تەنها بەسەر دوو جەمسەردا، بەڵکو بەسەر فرە جەمسەریدا، نموونەو ڕوسیا، چین، هندستان، ئەوروپا و (و ی ئ). پرسیاری گەورە و گرنگ لێرەدا ئەویە ئایا وڵاتانی نموونەی ئۆکرانیا، وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا…بگرە زوربەی وڵاتەکانی ئەوروپاش، دەبێ چیبکەن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی جەمسەرێکەوە و ببنە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندی یەکێک لەو جەمسەرانە، وەکو ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا ڕوودەدات؟
لە جیهانی ئەمڕۆدا ململانەیەکی توند هەیە لە نێوان دوو ڕێبازی جیاواز و دژ بەیەک: یەکێکیان جەمسەرگیرییە، کە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی دەمارگیری نەتەوایەتی، زیادبوونی ڕۆڵی دەوڵەتی ناسونالیست و دیکتاتۆریەت، ناسەقامگیری و شەڕوشۆڕ، قەیرانی ئابووری و دارایی، هەژاری و ئاوارەبوون، کە تیایدا، پێش هەموو شوێنەکانی تر وڵاتانی وەکو ئۆکرانیا، کوردستان، میسر و عێراق… باجەکەی دەدەن. دووەمیان گرتنی ڕێبازی هاوسەنگیی و بێلایەنییە لە نێوان جەمسەرەکاندا. بێ ئەوەی بکەونە ڕووبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ کامێکاندا، هەوڵدانە بۆ بێلایەنی و نەکەوتنە داوی بەرژەوەندی تایبەتی جەمسەرەکانەوە، بڕوابەخۆبوون و کارکردن بەپێیی بەرژەوەندی خۆ، دۆزینەوەی بەرژەوندی هاوبەش کەگەڵ دەوروپشت و جیهاندا، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتچۆ و بەهێزکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و قاپیکردنەوە ڕوبەڕوی یەکتری، هاریکاریکردن لە پێناوی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمایەتی و جیهان ڕوبەڕومان دەبێتەوە، نمونەی پاراستنی ژینگە، قەیرانی ووزە، قەیرانی ئاو، کەمکردنەوەی هەژاری، کەمکردنەوەی نایەکسانی، تەکنیک و شێوازی نوێی کارکردن، چارەسەری نەخۆشی و پەتای کوشندەی وەکو کورۆنا، نەهێشتی نەخوێندەواری، زیادبوونی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا.
ڕەنگە، هەندێ کەس ئەم بابەتانە بە خەون بزانن، بەڵام ئەگەرچی ئەمانە کاری درێژخایانن و نەفەسدرێژیان گەرەکە، بەڵام زەمینەی گونجاوی مادی هەیە بۆیان، چەندین فاکتەری پۆسەتیڤ هەیە کە دەکرێ بەهێزبکرێن، ڕەنگە تەنها ڕێبازبیش بێت بۆ دەربازبوون لەو هەموو قەیرانانەی کە ڕوبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە.
دەربارەی شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا، تازە کار لەکار ترازاوە، لەم ساتەدا ئۆکرانیا ئەو درەفتەی لەدەست دەرچووە کەبتوانێ ڕۆڵی بێ جەمسەرگیری و بێلایەنی بگێڕێ، لەوە دەرچوو کە جیهان داوای ئەوەی لێبکات، بۆیە پشتگیریکردنی ئەو وڵاتە و سنووردانان بۆ ڕوسیا، ڕێگرتنە لەوەی جەمسەرە بەهێزەکان، ئێستا و دواتریش، بە هەوەسی خۆیان وڵاتانی تر ملکەچ و زەلیلبکەن و هەوڵی داگیرکردنیان بدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت