عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ پارچە شیعر و هۆکاری گوتنیان
زۆر جار نووسینێک, شیعر بێ یان پەخشان هۆکارێک یان ڕووداوێکی لە دواوەیە و لەوەش زیاتر لەوانەیە خۆیەتیی نووسەرەکە ڕەنگی تێدا بداتەوەو خۆی تێدا ببنوێنێ.
بە شێخ حەسیب قەڕەداخی دەست پێ دەکەم. لە ساڵانی دوای نشستی شۆڕشی ئەیلول بزاڤی ئەدەبی زۆر بەرتەسک بووبووەوە و بەعس بە نیازی خنکاندن دەستی لە بین و خنخنۆکی کورد نابوو بە ڕادەیەک ئەگەر بۆی بکرابا هەواشی لێ قەدەغە دەکردین. هەندێک جار ئەگەر کۆڕی ئەدەبی بگیرایە, ئێمە هانامان بۆ فەلەستین دەبرد و پەنجەمان بۆ شاعیرە فەلەستێنییەکان درێژ دەکرد بۆ دەربڕینی ئەوەی لە دڵماندایە. بۆ نموونە لە کۆڕێکدا من ئاماژەم بۆ شیعرێکی (سمیح القاسم) کردبوو کە دەڵێ:
یاعدو الشمس إنی لن أساوم
و إلى آخر نبض من عروقی سأقاوم
یان ئاماژەمان بۆ کوشتارەکەی ( تل الزعتر) دەکرد کە فەلەستینیی زۆری تێدا کوژران. ئەوەی لە دڵماندا بوو لەبن باڵێ ئەوان دەرماندەبڕی و سەرەنجام واى لێهات ئەوەشیان لێ قەدەغە کردین. لەو سەروبەندەدا لقی یەکێتیی نووسەرانی سلێمانی دروست کرایەوە و ئەژی گۆران بوو بە سەرۆکی لق و شێخ حەسیب ژمێریارو منیش بەرپرسی ڕۆشنبیری و گەلێک کۆڕی ئەدەبیی بە پێزمان سازکرد و خەڵکێکی زۆری تینووى ئازادی وهەناسەسوارو پشوو هەڵماو بەشداریی ئەو کۆڕانەیان دەکرد. گەلێک جار ئامادەبووان تا کۆتایی کۆڕەکە بە پێوە دەوەستان، چونکە زۆر بوون و کورسیی بەشی نەدەکردن.
ڕۆژێکیان من و کاکەی فەلاح و چەند کەسێکی دیک دانیشتبووین, شێخ حەسیب هات . دواى دانیشتن گوتی: شیعرێکم نووسیووە بەڵام ناوم نەناوە, ئێوە ناوێکی بۆ دانێن. دواى ئەوەی خوێندیەوە, کاکەی فەلاح گوتی خۆ هەمووی هەر خەم بوو ناوی بنێ ( فەرهەنگی خەم ) و ئیدی ئەویش ناوی نا فەرهەنگی خەم و دیوانەکانی دیکەشی هەر بەوە ناوە ناونا.
فەرهەنگی خەم 21- 07- 1977
بەتۆ بگەم نەمبینی هەتا تامى بچێژم
بەڵام ڕێی ئاوارەییت لە خاکما ئەنێژم
ئاوی ئەم باخە کۆرپەم بە چێژى ئازار ئەدەم
تا خەم بهێنێتە بەر لە دەرکی سەد شار ئەدەم
فەرهەنگەکان ئەهێنم وشەی خەمیان خڕ ئەکەم
بەم دەسکەوتە دەفتەری دەردم تەواو پڕ ئەکەم
لەبەر سەرمەشقی چاوت جامی شەفەق ئەهێنم
پەیتا پەیتا بەستەى خەم لە خەمباران ئەستێنم
لە دارستانی شەوی مەینەتیی ئەم جارەما
لە دامێنی خوراوی ئەم وێرانە شارەما
پێک لە دوای پێک هەڵئەدەم ئەم کۆکتێلە تێکەڵ بێ
ئاسۆیەکی نەزەرگەم ئاوابوونتی لێ هەڵبێ
دیوانی یەکەمی بەو ناوەوە دەستی پێ کرد ( فەرهەنگی خەم ) بە عەڕەبیش نووسیبوویان ( معجم الهموم ). ئەوساش گوتم ئەو وەرگێڕانە تەواو نییە. بەڕای من ( معجم الأشجان ) یان ( معجم الأحزان ) جوانترن. هەندێک جار لە وەرگێڕاندا وشەکە مانا دەبەخشێ, بەڵام تەواوجێی خۆی نەگرتووە. سالێ 1965یان 1966. مەدهۆش دیوانێکی بچووکی دەرکرد بەناوی ( دڵی کچان).
هاوڕێیەکەم عبدالسلام عزیز خاڵی کاکە وریا ئەحمەدی هونەر مەندی عودژەن پێکەوە لە عەربەت بووین. پێم گوت ئەگەر بیکەی بە عەڕەبی دەڵێی چى؟ گوتی: ( قلوب البنات, قلوب الفتیات ). گوتم ڕاستە, بەڵام هیچ جوانییەکیان تێدا نییە. گوتی ئەی تۆ دەڵێی چى؟ گوتم من دەڵێم ( قلوب العذارى). گوتي ئەوەی تۆ شاعیرانەترە.
جارێکیان لە بارەگای یەکێتیی نووسەران یەکێک بۆ تەلەفۆن کردن چووبووە ژووری سەرەوە, بەڵام وایەری تەلەفۆنەکەی بە پلاکی کارەبادا کردبوو و تەلەفۆنەکە سووتابوو. سەری لێ تێک چوو بوو دەفتەرێکی بچووکی لێ جێ مابوو کە ژمارەی تەلەفۆنی لەسەر بوو و ئەژی گۆران هەڵی گرتبوو. شێخ حەسیب دەیگوت کەسێک بە دەستی ئەنقەست ئەوەی کردووە تا زیان بە نووسەران بگەیەنێ. ئێوارەیەک لە ناو باخەکەی نووسەران دانیشتبووین, شێخ حەسیب و شێرکۆ بێکەس و چەند کەسێکی دیکە بووین. دیسان شێخ حەسیب باسی سووتانی تەلەفۆنەکەی کرد و پارەشمان نەبوو تەلەفۆنێکی تازە بکڕین و نازانم بۆ ئەقڵمان بەوە نەدەشکا ئەوانەی هامشۆی نووسەران دەکەین هەریەکەی نیو دینار بدەین و تەلەفۆنێکی تازە بکڕین. بۆ ڕایەکەی شێخ برادەرێک گوتی باوەڕ ناکەم کەس هەبێ بیەوی زیان بە نووسەران بگەیەنێ. ئەو کەسەی ئەوەی کردووە لێی تێک چووەو نەیزانیوە. شێخ حەسیب گوتی: ئینجا توخوا هیچ ئەدیبێکی بێ میشک هەیە وایەری تەلەفۆن بە پلاکی کارەبادا بکا؟ کاک شێرکۆ گوتی ئەرێ والله هەیە و ئەو ئەدیبە بێ مێشکە منم. هەموو بێ دەنگ بووین و شێخ حەسیب گوتی: بەزیادی خێرم نەکرد خەریجی صناعەشی! ئیدی هەموو دەستمان کرد بە پێکەنین.
جارێکی دیکە چووین بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک بۆ تۆمارکردنی ئەڵقەیەکی تەلەفزیۆنی. من و شێخ حەسیب و ئومێد ئاشنا گۆڕەکەیان ببێت بە چراخان. دواى تەواوکردنی کارەکەمان و نان خواردن, هەر بە پیاسە چووین بۆ ئەوبەرو لە چایخانەیەک دانیشتین. دوو ژن هاتنە ناوەوە و دەیانگوت کاری سیحر دەکەن. بۆ لای زۆر کەس چوون و هەیدییان لێ کردن و لە خۆیانیان دوور کردنەوە و وا دیار بوو دەیانزانی ئەوانە چ جانگ و جۆرێکن. هاتنە لای ئێمەو، من و شێخ ڕوومان نەدانێ. بەڵام ئومێد ئاشنا لەگەڵیان کەوتە قسە و گوتیان ئەو دەزووە دەبڕین و پێکیەوە دەنووسێنینەوە. لەگەڵ ئومێد ڕێک کەوتن نازانم یان نیو دینار یان چارەکە دینارێک بوو. بەکرەیەک دەزووی مۆریان دەرهێنا و لە شوێنێک بە مەقەستێکی بچووک بڕییان و دوو پارچە بڕاوەکەیان خستە دەمیان و ماوەیەک ددانیان پێدانا و دەریان هێنا یەکی گرتبووەوە. ئەوە فێڵ و چاوبەستەکێیەک بوو کردیان. دواى ئەوە هەستاین بەسەر پردەکەدا گەڕاینەوە کۆتایی پردەکە ئەو گۆڕەپانە بوو کە 28 شەهیدەکەی لێ هەڵواسرا (شێخ مارف بەرزنجی و شێخ حوسێن بەرزنجیی برای و عبدالجبار پیرۆزخان ) و ئەوانی دیکە. بە تەواوی نەپەڕیبوونەوە, بینیم دوو ژنەکە پەیدا بوونەوە و دیسان ئومێد ئاشنا کەوتەوە لەگەڵیان و نازانم چى پێگوتن، یەکێکیان بە تورکمانی گوتی 🙁 گوێتوێران سلێمانیلەر). منیش نەمهێشت قسەکە بە تەواوی لە دەمێ دەرچێ گوتم: ( بە سز نەسز, سز ئاموێرانسز ). هەر ئەوەندەم زانی هەردووکیان بە ڕاکردن لێمان دوور کەوتنەوە. شێخ حەسیب گوتی: ئەوە چیت پێ گوتن ئاوا ڕایان کرد. گوتم: هیچ. گوتی هەتیو سەرسپى توخوا چیت پێ گوتن؟ گوتم: ( گوتیان قینگدەر خەڵکی سلێمانى ). گوتی ئەی تۆ چیت پێ گوتن؟ گوتم پێم گوتن ( ئەی ئێوە چین, ئێوە قوزدەرن ). شێخ گوتی یاخوا دەست و دەمت خۆش بێ.
خزمینە قسەم پێ ماوە و نووکی خامەم نەشکاوە ( بەپێچەوانەی حاجی قادری نەمر), بەڵام دەترسم دیسان بڵێن دوور و درێژە, بۆیە بابەتی سەرخوارکردنەوەو ئاوڕدانەوە لە یەکێکی دیکە و دوو شیعرەکەی کە دەزانم زۆرتان پێ خۆشە هەڵدەگرم بۆ گوتاری داهاتوو, بەڵام ناوی ناهێنم و بەقسەی خەڵکی مۆدێڕنخواز, تا نەڵێن شت نازانێ, دەیکەم بە ( سوپڕایز ) و بە پاک و پوختی دەیخەمە سەرخوانی خوێندنەوەتان. ئەم جارەیان ناچارم وەکو دەڵێن بە گوێی مامۆستای لە جیاتی ئەوەی وەک کوردانەی خۆمان بڵێم خواتان لەگەڵ دەڵێم ( بای .. باى ) و خۆ کفر نییە ئاخر منیش با جارێک مۆدێڕنخوازبم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت