کەمال محەمەد: ئابوری سەربەخۆ و مانیفێستی قەیرانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێكی درێژە ژیانیترین کێشەکان لە ڕۆژەڤی ئەم گەلە ھێڵدراوەتەوەو چارەسەر نەکراون و تاوانبارکردنی ئەم بۆ ئەوی کەیان و بە پێچەوانەوە نەک ھەر چارەسەری بۆ کێشەکان نەکردوە، بەڵکو سەختتری کردون. ھەمیشە ململانێکان و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی کە ساڵانێکە ھەبوە لاشەخۆرەی گەلی لە بەرھەم ھاتوە. ئەم دەست بەسەرداگرتنەی حیزب بەسەر کایەکانی ژیان و زانست و زانکۆ و بیری ئازاد تەنھا خواستێکی پەیرەوکراوی مافیاگەراییە، گەل ھیچ کات نەیبینی ھەڵوێستێکی راستەقینەی دانایی کەشایستەی ژیان و حکومڕانیان بێت. ئێستای سیستەمی سیاسی لەم ھەرێمە ستونییە کە ھۆکارە بۆ دەسەڵاتی چەقبەستوی حیزب و بنەماڵە و ھەمیشە دژی دەسەڵاتی راستەقینەی کۆمەڵگا بوە. سیاسەتی راستەقینەی کۆمەڵگاش واتە ھونەری بەرێوەبردن و یەکسانی ئازادی و گوزەرانی شایستە بۆ مرۆڤەکان وەک یەک.
لەیۆتۆپیای ھەر تاکێکی ئەم گەلە ئەوە بو نەوت و ئابوری سەربەخۆ پرۆژەو میکانیزمێک بێت کە ھەژاری بە تاوان بزانێت و کۆمەڵگا دوچاری گێژاوی سەختی ئابوری نەکات کە ئێستا تیایدایە، ئابوری سەربەخۆ ھەم لە کات و ھەمیش لە بواری شێواز و ئەنجامدانی گرێبەستەکان ھەڵەبو، ھەربۆیە ھەڵەیەکی زۆر لە سیاسەتی نەوت و ئابوری سەربەخۆ ئەبینرێت. چونکە ئەتوانین بڵێین تاڵانفرشی ئەم نەوتە بۆ مانەوەی ھەژمون و دەسەڵاتی حیزبییە زیاتر نەوەک کوردستانێکی خۆشگوزەران و پێشکەوتو، ئابوری سەربەخۆ ئەو موژدەھێنەرەش نەبو کە لە رەوشێکی وەھادا تەنھا لەبەرژەوەندی کەمینەیەک نەبێت و خزمەتی گشتیش چەندەی بڵێی سنوردار و ڕواڵەتی نەکات. ئەم جۆرە لە ئابورییە پەسەند ناکرێ راست ئەوەیە کە وەڵامی ئاسایش و خزمەتی گشتی بداتەوە.
سەرەڕای ئەم دۆخە سەختەی تێیکەوتوین لە نەبونی موچەو بێ کاری و گرانی کاڵا ھەرێمی کوردستان ئاساییشی خۆراکیشی تا رادەی پێویست پارێزراو نییە، ھۆکاری ئەمانەش گرنگی نەدانە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چەندین کەرتی دیکە، بەم شێوەیە ھەمو کایەکانی بەرھەمھێنان لەناو براون و ئەوەی کە ماوەتە حکومڕانیەکی کرێخۆرەی پشت بەستو بە نەوتە.
ئابوری سەربەخۆ و بەردەوامی قەیرانەکان ھێندەی بڵێی مافی ژیانیکردنی لە ھاوڵاتیان دابڕیوەو ئاییندەیانی دوچاری ئەو گێژاوانە کردوە کە ھەندێکیانی ئێستا ڕۆژانە لە ئارادایە، ھەر ئەمەشە وایکردوە ئابوری گشتی بە خاڵێکی ھاوسەنگ و ئۆپتیماڵ نەگات، بۆیە دوای ساڵانێک لە دەرھێنانی نەوت کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکانی روبەروی چەندین تەڵەزگەی گەورە بونەتەوە و قەیرانەکانی ئابوری ھاوشانی دیموکراتی کە دیاردەیەکی دینامیکی و بژێوییە بەردەوام گرنگی پێ نەدراوەو و لەلایەن دەسەڵاتی حیزبی یەوە ئابوری و نەوتەکەش کراون بە ئامرازی گۆڕانکارییە دژە دیموکراتی و یەکسانییەکانی کۆمەڵگا و مانیفێستی قەیرانەکان.
ئەگەر سەرنج بدەین قەیران بە شێوەیەکی گشتی ھەڵوەشاندنەوی سیستەمەو ھیچ کات ئاواکردنی نوێتر لەگەڵ خۆی ناھێنێ و دەشێ دواکەوتنیش بەسانایی روبدات وەک ئەوەی ئێستا ئەبینرێ لە حکومڕانی و بەرێوەبردن لە کوردستاندا، ئەوەی جێگای خەمە نەبونی ھەوڵە بۆ ئیدارەکردنی ئەم سیستەمەو پاراستنێتی لە قەیرانی زیاتر لە لایەن کاربەدەستانەوە کە دورنیە دوچاری برینی قورستتر لەمەی ئێستا رونەدات لەھەلومەرجە چاوەروانکراوەکانی ھەرێمی و جیھانیدا، ئەمەیە ھەست نەکردن بە بەرپرسیارێتیەکان و زیاتر مانیفێستکردنی قەیرانەکان و گرنگی نەدان بە خاڵە لاوازەکان لە کۆی سێکتەرەکان و ھەوڵی دابڕان لە قەیرانەکان.
ئەم دۆخەی ئێستا مسۆگەر پەیوەندیدارە بە نەبونی فیکری دەسەڵاتدارێتی سەردەمیانەوە لەلایەن بەرپرسانی ئەم ھەرێمەوە کە گوزارشت لە حەقیقەتێک ئەکات کە ھەرچیەک لە قوربانی بۆ ئەم خاکە درابێت پێشکەشی ئەوانە کراوە کەتاکو ئەم خاکە مابێت تێربونیان لە بەتاڵانبردن سامانی ئەم وڵاتە نابێت و بۆ گەلیش وا لێکدراوەتەوە کە تەنانەت لە بواری کۆمەڵگابونیشیانەوە نەگەشتون بەوەی کە کۆتیزێکی سەرجەم گوزارشتەکانی حەقیقەتیان ببینن و یۆتۆپیاکان و ھیوای ئاییندەیان ئەرێنی بێت. بەڵام پێویستە ھەمومان ھەمیشە ئەوەمان لە ھزر و ئیرادەماندا بێت ھەر سەرکەوتنێک بە بەرزاییدا بەرفراوانتر بونی ئاسۆ ئەھێنێت بۆیە بە ھەوڵ و دڵسۆزی کەسانی خاوەن بیر و کرداری جوان ئەکرێ ئەمڕۆ بێت یا سبەی بگەین بە خۆ نوێکردنەوە و نوێکردنەوەی ھێز و ژیانمان و کۆتایی بە مانیفێستی قەیرانەکان بھێنین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت