زاهیر باهیر: دووڕویی و نیفاق و بێ مۆراڵی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و حیزبە موعاریزەکانیان  بە ڕاست و چەپیانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە بەردەوامی تورکیا خەڵک دەگرێت و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باکور و دێهاتەکانی سەر سنوری باشوریش وێران دەکات ئەی ئەم دیمۆکراتخواز، ئەم مرۆڤە دڵسۆز شیوەنکەرانە بۆ مافی مرۆڤ لە کوێ بوون؟ ئەی کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد بۆچی یەکێکیان زەلەیەکیان بەرانبەر بە تورکیا نەکرد؟ نەك هەر ئەوەش کاتێك کە ئێمە لە بەرانبەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی ئێرە, بریتانیا، بۆ دوو هەفتە پرۆتێستمان دەکرد، ئەو ڕۆاژانە بوو کە ئەردۆگان هات بۆ ئێرە بۆ دڵنیابوونی بریتانیا لە هاوپشتی تورکیا و کڕینی چەك  و تەقەمەنی.   بۆ بەخێرهاتن و پێشوازی لە ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێرە، ترێزە مەی, لە تی ڤی دا وتی ” کوردە تیرۆریستەکان” هەموومانی کرد بە تیرۆریست.  ئەمە هەڵویستی حکومەتی ئێرە بوو.

لە لایەکی دیکەوە ئەو هەموو منداڵ و گەنجە لە فەلەستین دەکوژرێت هیچ دەوڵەتێك، هیچ حیزبێکی موعاریز کە لە جاوەڕوانی دەسەڵات گرتنەدەستدایە، نەیانتوانی سەر زەنشتێکی ئیسرائیل بکەن.  هەر ئاواش هەمان شت لە بەرانبەر حکومەتی سعودییە کە لە کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانەدا کە هەر لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەکی ئێکجار زۆری منداڵ کوژران بەرپرسیارە، ئایا کەس لە دەسەڵاتداران سیسیاسییە دەسەڵاتخوازەکان هێچیان وت؟

دوێنێ شەو ، 10/03، نەدیم زەهاوی دەڵاڵی نەوت و گەندەڵێکی حیزبی موحافیزین کە وەزیری پەرەوەردە و ڕۆشبیریی بریتانیایە  و کە ڕەنگە خۆشی کاندید بکات بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا کەی جێگایان  بە بۆریس جۆنسۆن لەق کرد، لە دیمانەیەکی چەناڵ فۆڕ، 4 ی  ئێرەدا بەرگری لە پەنابەرەکانی ئۆکرانیا دەکرد بەزەیی بەواندا دەهاتەوە و دەەیوت دەبێت دەرگایان بۆ بکەینەوە، کەچی ئەم کابرایە کە خۆی کوردە ئەو هەمو کوردە دەربەدەر دەبێت ئاو نوقمی دەکات و قاچاخچی دەیانکوژێت و دەستیاندەبڕێت و پۆلیسی سەر سنورەکان تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن نقەی لێوە نەهات!! هاوکاتیش حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکات تا ڕادەی ئەوەی کە هەر ئۆکرانییەك لێرە تەنانەت ڤیزەی موەقەتیشی هەبێت دەتوانێت خێزانەکەی و کەسە هەرە نزیکەکانی بگەیەنێتە ئێرە . ئەمڕۆ هاوکاری پەنابەرانی ئۆکرانیا زیاتر بوو. حکومەت بڕیاری دا ئەوانەشی کە خوێندکارن لێرە یاخود ڤیزەی موەقەتیان هەیە و کاردەکەن دەتوانن کەس و کاریان بهێنن بۆ ئێرە، لەوەش زیاتر هەموو هاووڵاتییەکی بریتانی کە پەساپۆرتی بریتانی هەبێت دەتوانێت داوەتی ئۆکرانیان بکات و بیگەیەننێتە ئێرە تەنانەت گەر پەساپۆرتیشی لە سەر سنورەکانی پۆڵۆنیا و فەرەنسا بێت و پەساپۆرتیشی نەبێت.

حکومەتەکانی ئێرە بە لەیبەر و موحافیزین و لیبراڵەوە، لەگەڵ میدیای ئەم وڵاتەدا هەڵوێستێکی زۆر باشیان نەبووە دەربارەی پەنابەرانی ناسپیپێست، واتە بۆر و قاوەیی و ڕەش و ئەسمەر. با لێرەدا چەند نمونەیەك بهێنمەوە :  یەکێك لە پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین پێشنیاری بۆ مارگرێت تاچەری کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیا، کرد ” خەڵکی ئێرە بەڕاستی دەترسێت کە ئەم وڵاتە، ڕەنگە بە خەڵکانێك غەرق بێت کە کولتوری جیاوازیان هەیە” لە دانیشتنێکی پەڕلەماندا دەیڤد کامیرۆنی کۆنە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی جێرمی کۆربنی سەرکردەی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] لەگەڵ وەزیری دارایی کە سێبەری وەزیری دارایی بوو، تاکو لەبەرچاوی خەڵکیان بخات وتی ” وتی ئەمان کۆمەڵێك کۆچبەریان لە بەندەری کالیس دیوە… کە دەتوانن بێن بۆ بریتانیا”.  ئەمانەش هەندێك لە تایتڵی یەکەم پەیجی ڕۆژنامەکانی بریتانیا بوون “ سیاسەتی نەهێڵانی پەنابەران لە  ئێستا  توند ڕاگرن “… سوپا بنێرن بۆ کالیس “

ئیڤێت کوپەر کە پێش هاتنی حیزبی موحافزین بۆ حوکم وەزیری ناوخۆ بوو ، بەڵام لە ساڵی 2015 دا کە سێبەری وەزیری ناوخۆ بوو لاینگری ئەوە نەبوو کە پەنابەران بە ڤیزە بگەنە بریتانیا، هاوکاتیش کاتێک کە بانگەشەی نەدانی بیمەکان بۆ پەنابەران کرا و دواتر جێبەجێ کرا  ئەو ئەمەی لا ئاسایی بوو .  لە ئێستاشدا حیزبی لەیبەر بە ڕابەری نوێیانەوە کیری ستارمە، Keir Starmer پێشنیاری ئەوەی بۆ کراوە کە” قوتابخانەکان لە منداڵانی بێیانە کە ئینگلیزی قسە ناکەن غەرق بوون” ئەمە بانگەشەی هەوڵی مەنعکردنی منداڵانی پەنابەران و کۆچبەرانە لە قوتابخانەکاندا.

دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە ڕوسیا ڕسوا دەکەن لەبەر ئەوەی چەکی گەرمیی [ حەراری] بەکارهێناوە و لە غەم و مەترسی ئەوەدان کە ڕوسیا ڕەنگە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت،  بەڵام هەر ئەم دەوڵەتە ئاشتیخواز و دیمۆکراتییانە بە دەیەها جار تورکیا چەکی کیمیاوی بەرانبەر بە گەریلاکانی قەندیل و  شوێنەکانی دیکە بەکارهێناوە و چەندەها بەڵگە هەیە، تەنانەت چەکی کیمیاوی منداڵانیشی گرتەوە، کەچی ئەمان خۆیان نابینا و کەڕ کرد و هەر ئامادەش نین کە باسی بکەن چجای سزادانی تورکیا.

لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا لە سەرێکەوە سەرەکۆنەی ڕوسیا دەکات بۆ شەڕەکە و لە سەرەکەی دیکەشەوە ئامادەش نییە پەیوەندی ئابووریانە لەگەڵیدا ببچڕێنێت. ئەردۆگانیش دەیەوێت خۆی بکاتە کەسێكی ئاشتیخواز و موسڵیح بە ناوبژیکردنیان و داوەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو لایانی بو وتوو وێژی لە تورکیا کردووە.  سیاسەت چ قەشمەرە و سیاسسیەکان چ قەشمەرجاڕێکن.

من پێشوازی لە هەموو ئەم وڵاتانە دەکەم بۆ کردنەوەی سنور و دەرگایان بۆ پەنابەران و لێقەوماوانی ئۆکرانیا بەڵام دەبوایە دووڕوو نەبوونایە هەر ئاوا هەڵوێستێکیان هەبوایە و هەبێت لە بەرانبەر مرۆڤە پەنابەرە بۆر و ڕەش و قاوەییەکانیشدا، بەڵام جێگای داخە کەئەمە هەڵوێسییان نییە و بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە وەرگرتنی ئۆکرانییەکان لەبەر ” جاوی شینیان و پرچی زەردیان و سپیپێستیان  و هەڵگری دینی مەسییحییان  ئەوروپییبوونیانەوەیە کە  دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت”

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت