ئامانج نەقشبەندی: جارێکی دیکە و گاڵتەجاڕی پەیوەندیەکانی کورد و ئیسرائیل.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە پێشتریش سەبارەت بە ئەم بابەتە قسەم کردوە و ڕاوبۆچوونی خۆمم بڵاوکردۆتەوە چ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک یاخود لە ڕێگەی چەندین ووتارەوە کە لە چەندین پێگەدا دابەزیوە، زۆر بە ڕاشکاوی ئاماژەم بەوە کردووە کە هیچکات هیچ جۆرە هیوایەک نایەتەدی لە ئەگەری هەبوونی پەیوەندی لە نێوان کورد و دەوڵەتی عیبریدا، ئەم بۆچوونە چەسپاوەم لە خوێندنەوەی مێژوەوە سەرچاوە دەگرێت بەو جۆرەی کە دەبێت بخوێنرێتەوە، دوور لە بابەتی ڕەخنەی بەردەوامم بۆ ئەدای دەسەڵاتی کوردی و شکستی لە ئیدارەدانی کاروباری ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی و تەنانەت دوور لە بڕوا و قەناعەتی بابەتی ئاینیی و تەنها لە سۆنگەی مرۆڤایەتیەوە ئەو دەوڵەتە داگیرکاریە لە ناشرینترین شێوەدا، سیستمێکی ئاپارتایتی نالەبار و نادادپەروەرە.
دوور لە موزایەداتی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە زۆربەی زۆریان پەیوەندی بتەوی سیاسی و ئابووری و عەسکەری و هەواڵگریان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل، جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە و دەینوسم و باوەڕی تەواوم پێی هەیە. ئاخۆ بۆچی دراوسێکانی کورد ئەو پەیوەندیە بۆخۆیان حەڵاڵ و ڕەوایە و لە ئێمەی حەرام دەکەن ؟ سەرەتا لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە ژمارەی هاوڵاتیانی جولەکە تیایدا بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت و بەوپەڕی ئازادی سروت و ئەرکە ئاینیەکانیان ئەنجام دەدەن بە پاڵپشت و ئاسانکاری خاوەن عەمامەکان و لە ناوجەرگەی تاراندا چەندین کەنیس و سەنتەری ئاینی جووەکان بوونی هەیە، ئەگەر ئەوەش بزانین کە تاوەکو ئەم ساتە دروستکردنی مزگەوتێک لە تاراندا بۆ ئەهلی سوننەت و جەماعەت ڕێگەی پێنەدراوە و نادرێت؟!.
پەیوەندی نێوان ووڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیلیش شتێکی شاراوە نییە و قسە و باس زۆر هەڵدەگرێت، هەندێک لەو وێنانەش کە دامانناون ئەرزشی هەزار و یەک ووشەیان هەیە.
لەو ساتەدا کە تەماشای هەواڵەکانم دەکرد کۆمەڵێک پرسیارم لا دروست بوو سەبارەت بە ڕۆکێتبارانی پایتەختی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە کە تاران بە ئاشکرا ئەنجامدانی ئەو دەستدرێژیەی گرتە ئەستۆ بە بیانووی بە ئامانج گرتنی نوسینگە و بنکەی هەواڵگری ئیسرائیل لەو شارەدا؟! هەمان تۆمەتی بێ مانا وهەمان درۆی شاخدار و هەمان شریتی سواو کە پیاوانی ئێران لەناو عێراقدا ساڵانێکە دەیڵێن و دەیڵێنەوە. دەپرسین ئاخۆ ئەگەر بابەتەکە ڕاگەیاندنی دوژمنایەتی و جەنگە لە لایەن ئێرانەوە لە لایەن ئێرانەوە، چەندین ساڵە ئێران وەک خۆیان دەڵێن لە خاکی سوریا و لوبنانەوە دراوسێی ئیسرائیل نین؟ بۆ تەنها جارێک توانیویانە وەڵامێکی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بدەنەوە ؟ توانیویانە تەنانەت یەک فیشەک ئاراستەی سنووری ئیسرائیل بکەن؟.
ئاخۆ تورکیا هێندە دوورە لە ئێرانەوە؟ ئەو تورکیایەی کە ئەردۆگان بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی بارگرژی نێوان هەردوو وڵات پێشوازی لە لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیل دەکات (ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی بارگرژیەوە) ، یاخود بابەتەکە هەر ڕق و کینەیە بەرامبەر بە میللەتی کورد و تیری دوژمن لە هەموو لایەکەوە ڕووی لە سنگی ئەوە؟..
بەڵام بۆ مێژوو پێویستە ئەوە بڵێین کاتێک سەردێڕ و مانشێتەکانم خوێندەوە سەبارەت بە سەردانی لەناکاوی بەڕێز مصطفی کاظمی بۆ هەولێر و چاوپێکەوتنی لەگەڵ مسعود بارزانی کە تیایدا دەنگۆی ئەوە هەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی سەرپێچی دەستووریی کردبێت لە لایەن سەرانی حکومەتی هەرێمەوە سەبارەت بە هەبوونی بنکەی هەواڵگری دەوڵەتی ئیسرائیل .. ئیدی لەوساتەدا مرۆڤ نازانێت چی بڵێت و چی بکات ؟ ئاخۆ سەرانی عێراقی نوێ چۆن و بەکام لۆژیک بیردەکەنەوە ؟ یان هەر دەزانن بیرکردنەوە واتە چی ؟ شتێک هەیە بەناوی سەروەری و دەوڵەت ؟ ئاخۆ دەزانن لەم جیهانەدا چی دەگوزەرێت ، ئاخۆ سەرانی عێراق لە دۆڵێکدا نین و هەموو جیهان لە دۆڵێکی دیکە؟.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت