ئەحمەد ڕەزا: خۆشەویستیی ئالوودە/ گرفتاریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 الحب المرضي
obsessive love disorder/ شپرزەیی خۆشەویستیی بەدەستهێنان
lamour maladif/ نەخۆشی خۆشەویستیی.
ئالوودە بوون بە خۆشەویستیی لە لایەنێکەوە، نەخۆشییەکی دەروونییەو پێویستیی بە چارەسەر هەیە.. ڕەنگە چارەسەرەکەی بۆ کەسێکی ئاسایی و نەخۆشییەکەی نەبێت ئاسان بێت، بەڵام وەک عەرەب ئەڵێت: بۆ کەسی نەخۆش ” سهل الممتنع” ـە، واتە وێڕای ئاسانییەکەی ڕێگە لێگیراویشە، بەوەی کەسی نەخۆش باوەڕ بە هیچ جۆرە چارەسەرێک ناهێنێ و ئەسڵەن بە نەخۆشیی نابینێ.
خۆشەویستیی لە بنەڕەتدا چێژو هێور بوونەوەو دڵخۆشیی و دابینبوونی سۆزدارییە، بەدەرە لە هەموو هەستێکی نێگەتیف))، بەڵام هەرکاتێک بووە مایەی کێشە خوڵقاندن و خەمۆکیی و شپرزەیی دەروونیی و لێکدانەوەی زۆر، لە هەمان کاتیشدا کەسی گرفتار تاک لایەنە لە خۆشەویستییەکەی بەبەردەوامیی مایەوەو هەوڵی چارەسەرکردنیدا، مانای وایە ئالوودە بووە بەو خۆشەویستییە.
ئالوودەیی سۆزداریی چییە؟
جۆرێکە لە ئیدمان بە خۆشەویستیی کەسێک و ئالوودەبوونە بە کەسی بەرامبەرەوە، بە بێ هیچ سنورێک.. هەموو کردەوەیەک لەو خۆشویستنەدا بە ڕێگەپێدراو ئەبینێت تا ئەندازەی سووکایەتیی بەخۆ کردن و خۆ زەلیل کردنیش.. ئەبێتە مایەی سەرێشە بۆ خۆی و کەسی خۆشویستراوی بەرامبەریشی، بە جۆرێک خۆی لە ژیانی ئاسایی ئەچێتە دەرەوە. تا ئالوودە بوونەکە زیاتر بخایەنێت، نەخۆشییەکە زیاتر پەرە ئەسێنێت و چارەسەریشی پێویستیی بە کات و هەوڵی زیاترە، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێ لەگەڵ چارەسەری وازهێنان لە بەنگکێشان، یان دەسهەڵگرتن لە جگەرە کێشان.
نەخۆشی دەروونیی ئامانجەکانی لە ژیاندا ئەگۆڕێت، هەموو ئامانجێکی ڕووەو کەسی خۆشەویست ئاراستە ئەکات، هەر کارو کردەوەیەک بکات کەسی خۆشویستراو ئامانجەو بۆ ڕازیکردنی زیاتری ئەوە لە خۆی.. کەسی هاوشێوەی ئەو نابینێتەوە، بە مەزن و پاکژترینی ئەبینێت، هیچ تێبینییەکی نێگەتیفی دەربارەی ئەو لا دروست نابێت، لە هەموو ڕوویەکەوە بە کەسێکی موتەکامیل و پڕی ئەبینێت، هەر کارو کردەوەیەک کەسی خۆشەویستراو بیکات، نەخۆشەکە بە باشترین و جوانترین و نایابترین کارێک ئەیبینێتەوە. خۆشویستنەکەی بە ئەندازەیەکە، کەسی خۆشویستراو تا ڕادەیەک بێزار ئەکات و نەخۆشەکەی لا بچووک ئەبێتەوەو هەست بە نەخۆشکەوتنی ئەکات.
کەسی نەخۆش بەختەوەریی خۆی بە کەسی خۆشویستراوەوە ئەبەستێتەوە، بە دەرکەوتن و بینینی تووشی شلەژان و دڵ لێدانی خێرا ئەبێت، وا تێ ئەگات سەرچاوەی هەموو بەختەوەرییەکان و دڵخۆشبوونی لەودا کۆبووەتەوە.. هەر کاتێکیش خۆشویستراو بە ژیانی ئاسایی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، نەخۆش بێتاقەت و بێهوودە ئەکات، بەردەوام چاودێریی ئەکات، بە کورتیی ئەیەوێت کۆنترۆڵی بکات و ببێت بە یەکێک لە شتەکانی خۆی، واتە غەریزەی بە موڵکداریی بوونی زیاتر تەشەنە ئەکات و ئەو بە موڵکی خۆی ئەزانێت.
کەسی نەخۆش بەردەوام لە چاوەڕوانیدایە، تەنانەت ئەوکاتانەی پێکەوەن، لەبەرئەوەی ئەو بڕیاردەری ژیان و بەختەوەرییەکانیەتی.. کەسی نەخۆش غەریزەی سێکسیی زۆر لاوازە لەگەڵ خۆشویستراودا، تەنها لە کاتی پێویستدا نەبێت. واتە هەوڵە چڕەکانی لە غەریزەی موڵکدارێتیدا خۆی ئەبینێتەوە، نەک لە سێکسدا.
کەسی نەخۆش بەردەوام ئازارو ئەندێشە/ معاناة ی هەیە، ئاسوودە نییە، هیچ هۆکارێکی ئاشکرا لە خۆشویستنەکەیدا نابینرێتەوە، لە حاڵەتە سەرەتاییەکاندا نەبێت، وەک سەرسامبوون/ اعجاب، یان تەنیایی، یان هۆکاری ماددیی.. خۆشویستراو بەردەوام بە تاوانبارێکی بێ تاوان ئەزانێت.. ڕقی لە هەموو ئەو کەسانەیە ئەو ڕقی لێیەتی و هەموو ئەوانەی خۆش ئەوێ ئەو خۆشی ئەوێن، لە هەموو کاتێکدا لە بیری ئەودایەو زۆرتین بیرۆکەی بۆ دێت بۆ خۆ پێگەیاندنی، ژیانی ئاسایی خۆی فەرامۆش ئەکات و نیمچە گۆشەگیر ئەبێت.. هەرچیەک لە توانایدا بێت بە زیادەوە بۆ کەسی خۆشویستراوی ئەکات و بەردەوام بیری ئەچێتەوە شتێکی بۆ کردبێت، بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوە ئەدات شتێکی بۆ بکات.. نەخۆش گرفت و کێشەو زیانەکانی زیاتر بۆ خۆیەتی، تەنها ئەو زیانە بە بەرامبەری ئەگەیەنێت کە وەڕسی ئەکات.
تەنها کردەیەک وا لە نەخۆش ئەکات چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە، ئەویش هەستکردنیەتی بەوەی خۆشویستراو گرنگی زۆر بە کەسێکیتر ئەدات،، هەوڵی تەواو ئەدات بۆ دوورخستنەوەی کەسەکە لێی، بە هێمنیی لە مەبەستی کەسەکەی ئاگادار ئەکاتەوەو گەر خۆشویستراو گوێی پێ نەدا، چاو بەخۆدا خشاندنەوەکە زیاتر ئەبێت. لەوکاتەدا نەخۆش توشی شپرزە بوونێکی گەورەی دەروونیی ئەبێت، لە دیارترین بارەکدا ئەوەیە بە مەبەستی کشانەوە وەزیفە ئۆرگانیکیەکانیشی تووشی شپرزەیی و شڵەژان ئەبن و ئەگەری زۆری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تیا سەرهەڵئەدات، وەک شەکرەو فشاری خوێن و دڵ، لە هەندێک باردا کەنسر.
بۆ ناسینی ئەم نەخۆشییە لە هەرکەسێکدا، پزیشکی تایبەت ئەم سێ پرسیارە لە نەخۆشەکە ئەکات:
1- ئایا پەیوەندێیەکەت لە ژیانی خۆت زیاتر لا مەبەستە؟
2- ئەو باجەی بۆ پەیوەندییەکە ئەیدەیت، زۆرەو کاری لە باری دەروونیت کردووە؟
3- تەنها خۆت ئەو هەموو هەوڵە ئەدەیت و تێئەکۆشیت بۆ ئەوەی ئەو ڕازیی بکەیت؟

چارەسەر:
* هەرکەسێک هەستی بە گرفتاربوونی کرد بەم نەخۆشییە، پێویستە سەرەتا میکانیزمێکی دەروونیی بگرێتە بەر، بۆ هێور کردنەوەی دۆخەکەی و دوواتر کشانەوە لە کەسی بەرامبەر، بەوجۆرەش کەسی خۆشویستراو وەک پەیکەرێکی وەهمیی لە خەیاڵدا ئەمێنێتەوەو لە واقعدا ئەو جەدوایەی نامێنێت.
* ڕاگرتنی هەموو جۆرە خۆشویستن و ڕق لێبوونەوەیەک لە کەسی بەرامبەر، بەوجۆرەش ئەبێتە کەسێکی ئاسایی و لە ڕق و ڕەشیی دەروونیی خۆی ئەپارێزێت.. ئەوەندە هەیە وەک یادگارییەک جێ بمێنێت.
* ناوبەناو هەوڵبدرێت بۆ نەبینینی کەسی بەرامبەر، تا ئەگاتە ئەوەی بە یەکجاریی نەبینرێت.
* وزەی دەروونیی و خۆ بەهێز کردن زۆر گرنگەو مرۆڤی پێگەییو لە توانایدا هەیە ئەوە بکات.
* ئەگەر چارەسەر نەبوو، ئەوا سآدەترین و باوترین چارەسەر، خۆ گەیاندنە بە پزیشکی دەروونیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت