عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی نۆهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەمێک دواکەوتم, داواى لێ بوردن دەکەم. ئەوە چەند ڕۆژێکە پشت ئێشەیەک بەرۆکی گرتووم تا ڕادەیەک بڕستی لێ بڕیوم, بەڵام ئێوە سەلامەت بن و قیڕوسیا لەمن. زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە کورتە نامەو کۆمێنتیان ناردووە و لوتفبارانیان کردووم و پێم وانییە بتوانم بە سوپاس کردن چاکەیان بدەمەوە و لەئاستی گەورەییتان دەست بە سینگمەوە دەگرم.
دۆستێکی زۆر خۆشەویست و قوربانیدەر دەستی خۆش بێ ئاماژەی بۆ سووکە ڕەخنەیەک کردبوو کە من گوتوومە با سەرێک لە هێمن خوار کەینەوە و کەچی باسی خۆمم کردووە. بەو برا زۆر خۆشەویستە دەڵێم: من کەباسی چوونە بەغدای خۆمم کردووە وەکو دەروازەیەکە بۆ سەر خوارکردنەوە لە هێمن, چونکە ئەگەر باسی ئەوەم نەکردایە ئەى چۆن بمگوتایە هێمنم بینی و لەگەڵی دانیشتم؟. لە هەموو بارێکدا سوپاسی ئەو دۆستە خۆشەویستە شاعیرە جوانبێژە دەکەم بۆ تێ بینییەکەى.
لە ڕاستیدا ئەو چەند ڕۆژە چەند بە دەست ئازاری پشتمەوە دەمناڵاند, زۆر لەوە زیاتر لە ناخ و دڵەوە ئازارم هەبوو و بۆ ئەو هەموو کۆچکردووانە دەگریام, بۆ ئەو منداڵانەی لە سەرمان ڕەق بوونەوە, بۆ ئەو خەڵکە بێ دەرەتانەی سەرما کەسیرەی کردوون و نانیان دەست ناکەوێ و بیلاڕوسیاش پاڵیان پێوە دەنێ بۆ گوشار خستنە سەر پۆڵۆنیا و پۆڵۆنیاش بە تەلدڕووی فرەچین سنووری گرتووە. ئەو ژن و مندالە بێ دەرەتانانە سەرماو برسێتی زۆری یۆ هێناون و لەو چۆڵەوانییە داڵدەیەکیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەیانە دەڵێ بشمرم ناگەڕێمەوە بۆ کوردستان. سەرەڕای ئەوەش لای خۆمان ئەوانەی دەنگیان لە تێرییەوە دێ هەر یەکە قسەیەک دەکات. بۆ نموونە دیندار زێباری دەڵێ: ئەو کۆچکردنە دەستێکی لە پشتەوەیە, ئەوەیانی ڕاستە و ڕەنگە دەستى حکوومەتی هەرێمی لە پشتەوە بێ. یان دەڵێ کۆچکردووەکان ئەوەى دەیڵێن لەبارەی حکوومەتی هەرێمەوە ڕاست ناکەن قاچاخچییەکان بەکاریان دێنن و بۆ ئەوەیانە مافی پەنابەری وەدەست بێنن. یەکێکی دیکە دەڵێ ئەو هەموو خەڵکە کە ڕۆیشتوون گوشاری سیاسی و ترسی زیندانی کردنیان لەسەر نەبووە. برا ئەوە تۆ دەڵێی چی, ئەوان بۆیە ڕۆیشتوون، چونکە وڵاتەکەیان لێ بووە بە زیندانێکی گەورە. گوناحە پیاو بە دووچاوی ساغەوە ئەو هەموو ناهەقی و بێ دادییە نەبینێ و بڕوام پێ بکەن مادامەکێ ئەو زوڵمە نابینێ, نابینا بێ باشترەو ئەو دوو چاوەی لێ زیادە.
دەڵێن پەکەکە هۆکاری ئەو کۆچکردنە بە کۆمەڵەیە لەو ناوچانەی دەسەڵاتی ئەوانی تێدایە ڕوو دەدات. باشە ئەى خەڵکى ئەو ناوچانەی سوپای تورکی فریشتە داگیری کردوون بۆ دەڕۆن؟ زۆر ناوچە هەیە پەکەکەشی لی نییە, بەڵام خەڵکەکە بێزارن و سەرى خۆیان هەڵدەگرن و رێی هاتونەهات دەگرنە بەر. دەڵێن کۆچ کردن دیاردەیەکی جیهانییە و لە شوێنی دیکەش خەڵکی کۆچ دەکەن. ڕاستە, ئەوانیش ئەگەر ژیان و گوزەرانیان لە وڵاتی خۆیان باش بوایە کۆچیان نەدەکرد. کۆچکردنەکە لە هەموو لا یەک لە ترسان و لە برسانە. کورد دەڵێ: ( سەگ لە کولێرە ڕاناکا ). هەموو تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی کۆچکردووەکان خۆیان و دەسەڵات هیچ گوناحێکی نییە. لێرە چیڕۆکێم بیر دێتەوە کە مامۆستا سەجادیی نەمر لە ڕشتەى مرواری بۆمان دەگێڕێتەو. جاران لە هەموو شارێک خان هەبوو بۆ وڵاخ. ئەو لادێییانەی دەچوون یۆ شار وڵاغەکانیان دەردە ئەو خانانە و دەیانبەستنەوە و ئاویان دەدەن و توورەکەی ئالیکیان بەسەریانەوە دەکرد و دەچوون بۆ راهی کردنی کارەکانیان. دوای شت کڕین و جێ بەجێ کردنی ئیش و کارەکانیان دەگەڕانەوە. پیاوێک لەو گوندانەی هەڵەبجە دەچێ بۆ هەڵەبجەو کەرەکەی لەخان دەبەستێتەوە و دەچێ بۆ بازار بۆ کەلوپەڵ و کڕین و پێویستی ناو ماڵ. کە دەگەڕێتەوە سەیر دەکا کەرەکەیان دزیوە. یەخەی خانچییەکە دەگرێ کە چۆن ئاگای لێ نەبووە. خەڵک گرد دەبنەوە و هەریەکە قسەیەک دەکا, یەکێک دەڵێ تاوانی خۆی بووە باشی نەبەستۆتەوە, یەکێکی دیکە ئالیکی نەداوەتێ. ئەوی دیکەیان دەڵێ ئاوی نەداوە. ئیدی هەر یەکە قسەیەک دەکات، خاوەن کەر لە ڕقان دەڵێ: باشە هەمووى خەتاى منە, ئەى دزەکە بێ تاوانە.
کەمێک ویژدانتان بێ. توخوا ئەگەر خەڵکی ژیان و گوزەرانی باش بێ, وڵاتی خۆی جێ دەهێڵێ؟ ئەوەى سەری خۆی هەڵدەگرێ هەمووى لە ناچارییە. ئەوانەی شەکریان شکاندووە بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە هیچ کەس لە جیهاندا نییە هەموو کاروکردەوەو قسەیەکی ڕاست بێت هەڵە نەکات. هەموو ئادەمیزادێک هەڵە دەکات, بە قسەیان کردەوە یان بە هەردووکیان و هەر خواى میهرەبان هەڵە ناکات, هەر کەسێک لافی ئەوە لێ بدات کە هەڵە ناکات, یان نەیکردووە, گەورەترین هەڵە دەکات. هەندێک کەس هەڵەی ئەوتۆیان کردووە لە سنووری تاوانیش تێدەپەڕێ و کەس باسی ناکا. خۆتان بە چاوی خۆتان دەبینن بە چ حاڵێک مووچە بە کارمەندانی وڵات دەدرێ. قسەی ئەو منداڵەم دێتەوە بیر کە بە باوکی گوت. گوتی: بابە ئیمە دوو شت ماڵی وێران کردووین. باوکو سەری سوڕما و گوتی: ئەو دوو شتە چین؟ کوڕەکە گوتی: ( بەرپرس و نەوت ).
دەوری پێنج ساڵ پێش ئیستا, لە گەرمەی شەپۆلی کۆچ کردندا شیعرێکم گوتووە دووبارە کردنەوەی ڕەنگە بێ سوود نەبێ.

بۆ هەموو ئەوجەنابانەی پشتیان لە میللەت کردووە

جەناب خۆت ناچارت کردم ئەوەی لە دڵمایە بیڵێم
جەناب تۆ خۆت بوویە هۆکار پێ بە جەرگی خۆمدا بنێم
بلێم جەناب تۆ نازانی چەند هیوا و ئومێدم پێت بوو
گلێنەی چاو بۆ هاتوچۆت فەرشی رێت بوو هى بەر پێت بوو
وام دەزانی گەر تۆم هەبێ خۆشی وەک بارانی بەهار
بەسەر خۆم و خێزانمدا بەخۆڕ دادەکا و دێتە خوار
وام دانابوو هەتا دەمرم گوێڕایەڵی فەرمانت بم
وام دانا بوو سوپەرت بم , سەنگەرت بم قوربانت بم
وام دانابوو لە پێناوتدا بجەنگم هەتاکو هەم
دەمویست گەورەم لە پێناوتا سەرو گیانم گشت بەخت کەم
وام دەزانی پایەو سامان لای تۆ بێ نرخ و بێ بەهان
کەچی جەناب وا دەرنەچووى , ئەو بڕوایەت هەموو دۆڕان
توخوا جەناب بۆچی وات کرد قەت بیرت لێ کردۆتەوە
یاخود لەبەر کورسی و سامان ئیمەت هەموو بیرچۆتەوە ؟
کاتێک پارووی گەرم و نەرم لەسەرخۆ نۆشی گیان دەکەی
بیزت لەخۆت دەبێتەوە یان هەست بە خۆشیی ژیان دەکەی ؟
دەتەوێ بۆ پایەى بەرزت سینگم بە گوللـەوە بنێم
منداڵیشم برسییان بێت , هێشتا دەتەوێ هیچ نەڵێم ؟!
جەناب تیکەی چەور و گۆشتی قەڵەو بۆ تۆ باشن
بۆ ئێمەش نان و دروشم چییان تێ ناچێ و بەلاشن
توخوا جەناب دە پێم بڵێ تۆ چیت لەمن زیاترە
بۆ تۆ هەردەم ئاسوودەیت و جێگاى منیش نێو ئاگرە ؟
کوردستان چۆن نیشتمانمە , ئاواش نیشتمانی تۆیە
بۆ بۆ تۆ سەماو هەڵپەڕکێ و لەبۆ منیش ڕۆڵەڕۆیە ؟
بۆ دەتەوێ دەم و زار ودەستی چەورت بلێسمەوە
بۆ بەو تەشیی خەڵەتاندنەت وەکو جاران بیرێسمەوە ؟
دەنگێک لە دوورڕا هات گوتی نەزان بەدوای چیدا وێڵی
چیدی خۆی بۆ ماندوو مەکە , ئەگەر بیکەی شیتی , گێلی
چی بلێم تفی سەر بەرەوژوور , تەنیا ڕووی خۆم دەگرێتەوە
ئەگەر ڕاستیش بلێم دەرگای دۆزەخم بۆ دەکرێتەوە
نابێ بیڵێم چونکە زیانی بۆ دین و ئیمانم هەیە
نابێ بیڵێم چونکە زیانی بۆ ژیان و مانم هەیە
بەڵام جەناب بڕوا بکە بڕیارم داوە هەر دەیڵێم
سوڕدەزانم بەم قسانە لەو ڕ ێگەیە سەر دادەنێم
دەڵیم جەناب کەس لە وڵات و زیدی پیرۆز حاشا ناکا
پەندی کوردیی خۆمان دەڵێ : سەگ لە کولێرە ڕاناکا
خەڵک ئەگەر ناچار نەبێ ناگرێ ڕێی هاتونەهات
ئەگەر تینی بۆ نەهاتبێ هەرگیز جێ ناهێڵێ وڵات
ئەگەر تینی نەگەیبێتێ خۆی ناخاتە گێژاوەوە
خۆی ناخاتە بەر شەپۆلی زۆر بێ ئامانی ئاوەوە
پێم بڵی ئاخر کێ هەیە واز لە جگەرگۆشەى بێنێ
کەست دیوە بە دەستی خۆی گیانی شیرینی دەرێنی؟
کوردستان جگەرگۆشەیە و هەمیشە گیانی شیرینە
ئەم وڵاتەى گەندەڵستان ساڕێژکەری زام و برینە
چی بکەم لە وڵاتی منی قوڕبەسەرو سەر لێ شێواو
خەڵک ناچارن کۆچ دەکەن ولات جێ دێڵن بە لێشاو
کۆچی ناچاریی ئەو خەڵکە هەمووی لە ئەستۆی ئێوەیە
لەبەر نادادیی ئێوەیە خەڵک دەڕوا بەوشێوەیە
دەڵێم هەستن بێ پەروا بن داوای ئازادی و نان بکەن
داواى مافی زەوت کراو , داوای خۆشیی ژیان بکەن
دەڵێم جەنابەکان بەسە , حەڵکتان هەموو کوشت لە برسان
دەڵێم ڕابن برسییەکان , چ دادێکتان نادا ترسان
دەڵێم جەناب خەباتتان کرد , بەڵام داوای کرێکەی دەکەن
بۆیە ئەوەی کەوتە دەستتان هەر هەمووی بە تاڵان دەبەن
دەڵێم جەناب باش سەیرکە ئەوانەی پێش خۆت ببینە
ئەوەی بردیان سێ گەز خام و تەنیا چەند بستێک زەمینە
بەخوا هى تۆش هەر وا دەبێ , دیارە کفن بێ گیرفانە
ئەوەی لەدوات جێ نامێنێ( یادى باش و ناوی جوانە )
مێژوو ڕەحم بەکەس ناکا , چۆن بوویت ئاوا باست دەکا
بە کردەوەی ناشیرینت لە گۆڕەکەش کاست دەکا
سلێمانی/ 5- 1- 2021

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت