دانا مەنمی: پارتی و شێواندنی ڕاستییەکان لە ناو بونیادی مێژووییدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد لە خەباتی شاخ و شاردا نەیتوانیوە بارتەقای خەباتەکەی ژیانی خۆی ئەرشیف بکات، زۆرینەی ئەو سەرکردانەیشی بیرەوەری و بەشێک لە مێژوویان نوسیووەتەوە نەیانتوانیوە بێلایەن بن، بێلایەنانە ڕاستی بونیادە مێژووەکە بسەلمێنن. تێگەیشتن لە مێژوو کورد گرفتی قوڵی هەیە و حیکایەتەکانی پارتی لەناو گەمەی نوسینەوەی مێژوودا و كۆی ئەو بەلاڕێدا بردنانەی پارتی لەبواری نوسینەوەی مێژوودا دەشێ‌ لە بەرژەوەندیی حیزب و ئەجێندای حیزبی و خێزانی لە پشتەوە بێت.
میللەتانی هوشیارو بەئاگا کاتێک بۆیان دەردەکەوێت وێستگەیەک لە وێستەگەکانی ژیانی سەرکردەکانیان شەرمهێنەر بووە بوێرانە ڕووبەڕووی دەبنەوە ئیتر با ئەو سەرکردەیە سەدان ساڵیش ڕەمزو سیمبول بوبێت.
کریستۆفەر کۆڵۆمبۆس کەئێستا گۆڕەکەی لە سیڤیلیایە، یەکێک بووە لە گەڕیدەکان (1451- 1506) سەرباری ئەوەی چەندین دورگە و وڵاتی دۆزییەوە لە ساڵی (1492) توانی ئەمریکا بدۆزێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەڵگەنامە مێژوویەکان دەریان خست، کۆڵۆمبوس، کەسێکی تاڵانکەر و مرۆڤکوژ بووە و قەتڵوعامی هندییە سورەکانی کردووە لە کەنەدا، پەیکەرەکانی ( کۆڵۆمبوس) یان لە زۆرێک لە وڵاتانی هەردوو کیشوەرەکەی باشورو باکوری ئەمریکا ڕووخێنران و سووتێنران، لە کەنەداش پەیکەری دامەزرێنەرو یەکەم سەرۆکوەزیرانی کەنەدا “جۆن ماکدۆناڵد ” 1815- 1891بە هەمان دەردی کۆڵۆمبوس چوو پەیکەرەکەیان شکاند. لە بەریتانیاش پەیکەری شاژنە ڤیکتۆر لەبەردەم پەڕلەمان لابرا و بەریتانیان هێنایە خوارەوەو کڵێسای ئینگلتەرا یاسایەکی بە ناوی “یاسایی پەشیمانی” دەرکردو داوای لێبوردنی لە هەموو ئەو گوناهە مێژووییانە کرد کە لە بەریتانیا لەسەدەی یازدەدا لە جووەکان کراوە.
دەکرێ ئەمانە وانەیەک بن کە میللەتی کورد و مێژوونوسان و حیزبەکان و بەتایبەتی پارتی لێوەی فێربن و ڕاستگۆیانە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەنەوە، ڕاستییەکانی ناو مێژوو ئاوەژۆ نەکەن لە خەڵکی کوردستان و فێر بن لەپاڵ ڕاستگۆیی ئەم بابەتەدا قبوڵکردنی ئەوانی تر و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەشێک بن لە رەگەزەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، پارتی لە هەر هێزێکی تر زیاتر پێویستی بەوە هەیە زۆر راشکاوانە ئەو چیرۆکانەی لە مێژوودا هۆنیویەتیەوە ڕاستبکاتەوە و ئەو شەرمە مێژووییە باس بکات و دانی پێدابنێت و داوای لێبوردنی لەخەڵک بکات، وە پاڵپشتی ئێمەمانان بێت کە مێژووی هەم پارتی و هەمیش مێژووی مەلا مستەفایان بۆ ڕاست دەکەینەوە کە هەر وەک ئیبنو کەسیر ئەیفەرموو:(إن أحب الناس إليّ من أهدى إليّ عيوبي) واتە: خۆشەویستترین کەس بەلامەوە ئەو کەسەیە، خەوش و نەنگیەکانم بە دیاری بۆ دەنێرێتەوە.
ماندێلا دەڵێت گەر دەتەوێ تورک بناسیت ئەوا بۆ رۆژێک ببە بە کورد. منیش دەڵێم گەر دەتەوێ پارتی بناسیت وەیان ویژدانێک کە پارتیمان پێ بناسێنێت خودی ئەو مێژووەیە کە پارتی بەزۆر تەفسیری خۆی بەسەردا دەسەپێنێت و پارتییەکان ناچار بە ملکەچکردنی مێژووی دەکات، لەناو ئەم مێژووەدا پارتی سەرقاڵی پیرۆزکردن و بەدەستهێنانی شەرعییەتی مێژووییە بۆ خێزانی ئالبارزانیەکان، پارتی دەیەوێت بە شەرعییەتی مێژووی خۆی لەو ئەکتە مێژووییە شەرمهێنەرە ڕزگار بکات کە بووەتە قسەو باسی جدی ڕۆشنبیران و نوسەران، خۆدزینەوەی پارتی لەو مێژووە شەرمهێنەرە بۆ ئەوەیە شانی خۆیان پاک بکەنەوە نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو دونیاو مێژووە ناشیرینەی کە پێویستی بە لێبوردن هەیە لەبەردەم خەلکدا، میشێڵ فۆکۆ لە کتێبی (ووشەکان و شتەکاندا ) باس لە شۆڕشێک دەکات لە نوسینەوەی مێژوودا. کە پێم وایە بە پلەی یەکەم پارتی بە کوێرانە نوسینەوەی مێژووی شاخ ڕزگاری ناکات لە هەڵەو کەموکوڕی و خەوشەکان خۆ ئەگەر لەو مێژووەی خەباتی شاخیش ڕزگاری ببێت ئەوا لە مێژووی خەباتی شاردا ڕزگاری نابێت و مێژووەیەکی شەرمهێنەرتری لەوەی شاخ بۆ خۆی تۆمار کردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت