دانیار محەمەد: سیاسەت و ئیرادە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیرادەبوون مرۆڤ دەسەلمێنێت، چونکە توانای مرۆڤ نیشان دەدا بۆ جێبەجێ کردنی بیر و بۆچوونەکانی و ئامانجەکانیان، ئیرادە سەرەتاکەی لەخەیاڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێ واتە مرۆڤ خەیاڵەکانی لەڕێگای ئیرادەوە جێبەجێ دەکات، لێرەدا مەبەستمە باس لە ئیرادەی سیاسی بکەین، چیە و چۆن خەیاڵەکان و ئامانجە سیاسییەکان بە ئیرادەوە جێبەجێ بکەین و، ئەو ئیرادەیەش لەڕێگای دەستە بژێرێکی داپەروەرەوە کە ئاراستەی پرۆسەی نوێبوونەوە بونیادنان بکات بۆ بوونی ئیرادە.
چۆن لە مرۆڤدا چاکە و خراپە ھەیە (ئیرادەی ئەرێنی و ئیرادەی نەرێنی) بەھەمان شێوە لەبیر و بۆچوونە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکانیشدا ھەیە، ئیرادەی ئەرێنی لە سیاسەتدا و لە پرۆسەی فەرمانڕەوایشدا ھەیە، جەوھەری ئیرادەی ئەرێنی لە سیاسەتدا ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە ڕێکخستنی ئیرادە دژ بە یەکەکان و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان، واتە ئیرادەی سیاسی ئەرێنی پێمان دەڵی سیاسەت دەبێت ( دیالۆگی ڕۆژانە بێت و بەردەوام بێت لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەڕێگای گفتوگۆوە، بەڵام ئەگەر تەنھا لە جەنگ لەسەر دەسەڵات بکرێتەوە ئەمە دەبێتە دابڕان لە فیکر دەبێتە ئیرادەی نەرێنی ) لێرەوە تەنھا یەک ئامانج لەیەک گۆشە نیگاوە بۆ ژیان دەڕوانین ئەمەش دەبێتە خود ئەڤینی و خودپەرستی، ھەر کۆمەڵگایەکیش تەنھا لەیەک گۆشە نیگاوە لە سیاسەت بڕوانێ ئەوە کۆمەڵگایەکی نا تەندروستە.
لێرەوە جیاوازییەکان لە گفتوگۆوە دەگۆڕێت بۆ ئینکاریکردن و دەچێتە دۆخی تەنھا خۆبەڕاستزانین و گەوجاندن و چەقبەستویی لە ھەموو کایەکانی ژیاندا، دەگێڕنەوە لە گوندێکدا پیاوێکی ئاقڵ دەبێ بۆ سەردەمی خۆی لە گوندەکەدا پیاوێکی ئینکار پەیدا دەبێ دەڵێ من دەتوانم ئەو پیاوەی ئێوە پێی دەڵێن ئاقڵ لە گفتوگۆدا بیبەزێنم پێی دەڵێن چۆن دەتوانی ئەمە بکەیت؟ ئەویش دەڵێ ھەرچی ئەو وتی من دەڵێم وانییە و ئیتر لەم دۆخەدا ئینکاری زاڵ دەبێ و ئەقڵ دەوەستێ و توانای بیرکردنەوە نامێنێت، چونکە زەمینە بۆ مەعریفە نامێنێ و زیندویەتی نامێنێت.
جرجانی لەکتێبی پێناسەکاندا وتویانە ئیرادە سیفەتی زیندوویەتی یە ھەروەھا لە دیدی مارکسییەکانەوە ئیرادە بەرھەمی مەعریفە و ئەزموون و پەروەردەیە، بەڵام کاتێک سیاسەت دەبێ بە ئینکاری ھیچ شتێ وەک خۆی نامێنێت، ئەگەر سەیری پرۆسەی سیاسی بکەین لە کوردستان زۆر جار جیاوازییەکان لە گفتوگۆ و ئەرگۆمێنت سازییەوە دەگۆڕێت بۆ ئینکاری، سەیری کردەوەی ھەندێک ھێز بکەی کردار و گوفتاریان دژ بەیەکییە و ز ئەم جۆرەش لە ئیرادە کۆمەڵگای توشی سەر لێشێوان کردووە.
بۆ دەربازبوون لەم دۆخی ئینکارییە پێویستە ھەر لایەک بیر بکاتەوە و تێبگات کە ئیرادەی سیاسی ئینکاری نییە و سیاسەت ھونەرە و بە ئینکاری ھیچ ئەنجامێک نادات بە دەستەوە و ئەو کات گفتوگۆکان دەچێتەوە دۆخێکی تەندروست، ئەمەش بەو شێوەیە دەبێت جیاوازییەکان لەڕێگای گفتووگۆوە وەک ئەوەی کە ھەیە یەکلایی بکەینەوە نەک وەک ئەوەی کە لایەنێک حەزی لێیە، ئەگینا ئەم جۆرە لە ئینکاری کردنە لەسیاسەتدا سەری پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەخوات و کات چاوەڕێی ئێمە ناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت